قاسم ئەمین 

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-03-31-14:34:00 - کۆدی بابەت: 773
قاسم ئەمین 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

قاسم ئەمین (بە عەرەبی: قاسم امین) نووسەر و بیرمەندی ئازادیخوازی میسڕی، هەروەها ڕابەر و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، لە ساڵی 1863 لە خێزانێکی خانەدانی ناودار لەدایکبووە، بەپێی چەند سەرچاوەیەک ڕەچەڵەکی بنەماڵەکەی کورد بووە و باوکی محەمەد ئەمین بەگ فەرمانڕەوای عوسمانییەکان بووە و دایکی بە ڕەچەڵەک میسڕی بووە، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم خێزانەکەی لەگەڵ عوسمانییەکان فەرمانڕەوایی کوردستانیان کردوە، پاشان کۆچیان کردووە بۆ شاری ئەسکەندەرییەی وڵاتی میسڕ و قاسم هەر لەوێ لەدایکبووە.
لە تەمەنی 18 ساڵی بڕوانامەی دیبلۆمی لە بواری یاسادا بەدەسهێناوە، پاشان سەربازیی خوێندووە و پلەی بەرزی تێدا بەدەسهێناوە، بۆ تەواوکردنی خوێندنی یاسا لەڕێگەی شاندێکی حکوومەتەوە چووەتە پاریسی فەڕەنسا و لە زانکۆی مۆنبیلێیە پلەی باڵای لە یاسا بەدەستهێناوە، لە فەڕەنسا بیر و هزری قاسم ئەمین تەواو بەڕووی زانست و کولتوورە جیاوازەکان واڵا بووە، ئەزموونی خوێندنی لەو وڵاتە بووە بنەما بۆ بەرەوپێشچوونی ژیانی، بەهۆیەوە پێشکەوتنی سەردەمی لەلا پەسەند بووە و دژی دابوونەریتی دواکەوتویی و کۆنەپەرستی بووە، لە ساڵی 1885 گەڕاوەتەوە میسڕ و کاری پارێزەی و دادوەری کردووە. 

بیر و بۆچوونەکانی قاسم ئەمین

قاسم ئەمین نوێخواز و زانستخواز بووە، کەسایەتییەکی میانڕەو و ئازاد بووە و دژی کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی بووە، هەمیشە ئارەزووی چاکسازیی کۆمەڵگەی میسڕیی کردووە و وەکوو پیاوێک لەو سەردەمەدا داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی ژنان بووە، دژایەتی جیاکاریی و دەستڕۆشتوویی پیاوی کردووە بەسەر ژناندا، هەمیشە بانگەشەی بۆ خوێندن و کارکردن و ئازادیی ژنان کردووە، داوایکردووە ژنان هاوبەشی و هاوشانی پیاوان بن لە کارکردن و یەکسان بن لە مافەکانیان، قاسم ئەمین مافە سەرەتاییەکانی ژنانی لەو سەردەمەدا کرد بە بابەتی ڕۆژ و خستییه بەرباس، ئەو پێی وابوو کە ڕۆشنبیرکردنی ژنان خۆیان و ئاشنا کردنیان بە مافەکانیان بنەما و سەرەتایە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان، بۆیە ناوەڕۆکی کتێب و نووسراوەکانی هەر لەو بوارەدا بوونە و دژایەتییەکی زۆر کراوە و نەیارانی زۆر بوونە.
شێوازی نووسین و خستنەڕووی بۆچوونەکانی هێمنانە بووە، بەڵگەی ئایینیشی بۆ هەموو وتەکانی هێناوەتەوە، قاسم ئەمین گرنگییەکی زۆری ده‌دا به شێواز و كردار و ناوەڕۆکی شتەکان به‌ڵام گوێینه‌داوه‌ته ڕواڵه‌ت و ڕووکەشیان.

ئەزموونی نووسین و بەرهەمەکانی

لە سەرەتای ئەزموونی نووسینیدا لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک کاری کردووە، لە کاتی خوێندنی لە فەڕەنسا وەکوو وەرگێڕ کاری کردووە، قاسم ئەمین وه‌ك یاساناسێک، هاوكات وەکوو نووسه‌ر و ڕۆشنبیرێكی بێهاوتا و توێژه‌ری چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی چەندان بەرهەمی هەبووە، گرنگترین بەرهەمەکانی بریتین لە:
ـ "کتێبی میسڕییەکان - المصريون": ئەم کتێبەی بە زمانی فەڕەنسی نووسی بوو، لەم کتێبەدا بەرپەرچی نووسەرێکی فەڕەنسی دەدایەوە کە لە کتێبێکیدا بە ناوی "میسڕ و میسڕییەکان" ڕەخنەی توندی لە ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و میسڕ بە تایبەت گرتبوو، بۆیە قاسم ئەمین لە کتێبەکەیدا بە بەڵگەی باوەڕپێهێنەرەوە دەیسەلماند کە وڵاتی میسڕ و میسڕییەکان بەهۆی ئیسلامەوە دوانەکەوتوون بەڵکوو پێشکەوتوون و پەرەیانسەندووە. 
ـ کتێبی "ئازادکردنی ژنان - تحریر المراة": لە ساڵی 1899 ئەم کتێبەی بڵاوکردەوە و بە یەکێک لە باشترین کتێبەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت لەسەر مافەکانی ژنان، کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خویدا هێنا، چونکە لەسەر چەند چەمکێکی ئایینی هەستیار نموونەی "حیجاب و سەرپۆش"، "تەڵاق و جیابوونەوە"، فرەژنی و  چەند بابەتێکی تر قسەیکردووە، هەندێک دژایەتیان دەکرد و پێیان وابوو پێچەوانەی بنەماکانی ئایین و دابوونەریتە و قاسمیان بە بێگانەپەرست و لایەنگیری ڕۆژئاوا و ئینگلیزەکان دادەنا و بە توندی دژایەتیان دەکرد، بەڵام هەندێکیش پێیان وابوو ڕێچکەشکێن و نوێکاری لە نەریتە باوەکانی میسڕ کردووە و پاڵپشتیان لێدەکرد، زۆرێک لە نووسەرە ناودارەکانی تری میسڕ لە ڕێگەی کتێبەوە وەڵامیاندایەوە و لە چەند ناوچەیەک کتێبەکە قەدەغەکرا و لەناوبرا، لە بەرامبەردا ئەم کتێبە زۆر ناودار بوو وەرگێڕانی چەندان زمانی بۆ کرا و بە هەموو جیهاندا بڵاوکرایەوە.
ـ کتێبی "ژنی سەردەم - المرٲة الجدیدة": ئەم کتێبەی لە ساڵی 1906 بڵاوکردەوە، کە وەکوو بەرپەرچدانەوە و وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ئەو کەسانەی کە دژایەتی کتێبی یەکەمیان کرد و نموونەی توێژینەوە و بەڵگەی تەواو بوو بۆ وتەکانی و مکوڕ بوو لەسەر بۆچوونەکانی. 

باری سۆزداری

لە کاتی خوێندنی لە فەڕەنسا عاشقی کچێکی فەڕەنسی بووە، بەڵام هاوسەرگیرییان ئەنجام نەداوە، لە پاش گەڕانەوەی بۆ میسڕ هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێک بە ناوی "زەینەب ئەمین پاشا" کردووە و بوونەتە خاوەنی دوو کچ بە ناوکانی "سەیدە"و "گوڵسەن"

کۆچی دوایی

لە 22ـی نیسانی ساڵی 1908، لە تەمەنی 45 ساڵیدا لە قاهیرە کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



1547 بینین