تە‌لە‌فزیۆن و كاریگەرییەكانی

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2020-12-25-23:29:00 - کۆدی بابەت: 861
تە‌لە‌فزیۆن و كاریگەرییەكانی

ناوه‌ڕۆك

تە‌لە‌فزیۆن

بە‌داخە‌وە‌ بە‌شێكی زۆر لە‌ خێزانە‌كان لە‌ كۆمە‌ڵگە‌ی ئێمە‌دا زیاد لە‌ تە‌لە‌فزیۆنێك لە‌ ماڵە‌كانیاندا ھە‌یە‌، بە‌ جۆرێك وایلێھاتووە‌ ھە‌ر ژوورە‌ و تە‌نانە‌ت ڕاڕە‌وە‌كانیش تیڤی لێدادە‌نرێت.
ھە‌ریە‌ك بە‌ كە‌ناڵێك سە‌رقاڵ دە‌بێت، دە‌رە‌ئە‌نجام پە‌یوە‌ندییە كۆمە‌ڵایە‌تی و سۆزداریە‌كانی نێو خێزان كە‌مبۆتە‌وە‌، كاڵبوونە‌وە‌ی ئە‌م پە‌یوە‌ندییانە‌ حاڵە‌تێكی دە‌روونی لای ھە‌رزە‌كارانمان خوڵقاندووە‌ كە‌ لە‌ زانستی سایكۆلۆژیدا ناودە‌برێت بە‌ نامۆبوون (الاغتراب).
 ئە‌و خوێندكارانە‌ی ئێوە‌ مامە‌ڵە‌یان لە‌گە‌ڵ دە‌كە‌ن ئێستا لە‌ قۆناغی ھە‌رزە‌كاریدان، ئە‌م قۆناغە‌ زۆر ھە‌ستیار و ناسكە‌، یە‌كێك لە‌ پێداویستییە‌ دە‌روونیە‌كانی ئە‌م قۆناغە‌ سۆز و خۆشە‌ویستی وە‌رگرتن و بە‌خشینە‌، كاتێك دایك و باوك خۆیان سە‌رقاڵی تە‌ماشاكردنی كە‌ناڵە‌كانی تیڤی بن بۆ ماوە‌ی درێژ بە‌ تایبە‌تی لە‌ شە‌ودا (بە‌ تایبە‌تی چاودێریكردنی زنجیرە‌ دۆبلاژكراوە‌كان كە‌ خێزانی وا ھە‌یە‌ لە‌ شە‌وێكدا لە‌ سێ یان چوار كە‌ناڵ چاودێری دە‌كات و تە‌واوی كاتە‌كانی بە‌ بینینی تیڤی دە‌باتە‌ سە‌ر)، ئیدی چۆن كاتیان دە‌بێت بۆ تێكە‌ڵ بوون لە‌گە‌ڵ جگە‌رگۆشە‌كانیانداو سۆز و خۆشە‌ویستیان وە‌ك پێویست پێدە‌بە‌خشن؟ نوسە‌ر و ڕوناك بیر (ڕە‌سولی ھە‌مزە‌تۆف) دە‌ڵێت :(ئە‌و كە‌سانە‌ی لە‌ناو ماڵە‌كانیاندا خۆشە‌ویستیان دە‌ستناكە‌وێت، لە‌سە‌ر شە‌قام و دە‌رە‌وە‌ی خێزان بادوای خۆشە‌ویستیدا دە‌گە‌ڕێن). بۆیە‌ دە‌بینین زۆر جار  بە‌ھۆی ئە‌م حاڵە‌تە‌وە‌ ھە‌رزە‌كارانمان لە‌م قۆناغە‌دا دە‌كە‌ونە‌ كێشە‌و گرفت لە‌م بوارە‌دا و پە‌نا بۆ لە‌بیر خستن دە‌بە‌ن و لە‌لایە‌ن ڕە‌گە‌زی بە‌رامبە‌رە‌وە‌ ئیستیغلال دە‌كرێن، كە‌ دواجار ھە‌رزە‌كاران دە‌بنە‌ قوربانی كە‌متە‌رخە‌می خێزان و لە‌ڕووی دەروونی و كۆمە‌ڵایە‌تیشە‌وە‌ خێزان بارگران دە‌بێت. بە‌داخە‌وە‌ بە‌شێك لە‌ خێزانە‌كان بە‌ ناوی ئازادی خوازی و ڕێزگرتن لە‌ جگە‌رگۆشە‌كانیان دە‌چن تیڤی تایبە‌ت (تە‌نانە‌ت سە‌تە‌لایتیش) بۆ جگە‌رگۆشە‌ ھە‌رزە‌كارە‌كانیان دادە‌نێن لە‌ ژووری تایبە‌تی خۆیان، ئە‌م ڕە‌فتارە‌ بە‌ تە‌واوی پێچە‌وانە‌ی پرەنسیپە‌ پە‌روە‌ردە‌ییە‌كانە‌ چونكە‌ نابێت تیڤی لە‌ ژووری تایبە‌تی منداڵ و ھە‌رزە‌كاراندا دابنرێت، دە‌بێت منداڵان و ھە‌رزەكاران لە‌ژێر چاودێری خێزان تە‌ماشای تیڤی بكە‌ن و كاتیان بۆ دابنرێت و ئازاد نە‌كرێن لە‌ بینینی ھە‌ر كاناڵێك ئەوان دە‌یخوازن.
یە‌كێك لە‌ توێژینە‌وە‌ ئاكادیمییە‌ نوێیە‌كان لە‌م بوارە‌دا، بریتییە‌ لە‌و توێژینە‌وە‌ی كۆمە‌ڵێك پسپۆر و توێژە‌ر لە‌ زانكۆ (میسیسیپی) لە‌ وڵاتە‌ یە‌كگرتوە‌كانی ئە‌مریكا ئە‌نجامیداوە‌، دە‌ركە‌وتووە‌ كە‌ ئە‌و منداڵان لە‌ تە‌مە‌نی سێ ساڵیدا ئە‌گە‌ر ڕۆژانە‌ بۆ ماوە‌ی دوو كاتژمێر سە‌یری تیڤی بكات ئە‌وا زیاتر دووچاری مە‌ترسی توشبوون بە‌ تێكچونی تە‌ركیز و ئاگایی (التركیز و الانتباە‌) دە‌بن كاتێك دە‌گە‌نە تە‌مە‌نی حە‌وت ساڵان، بە‌ڕێژە‌ی (٢٠٪‏) زیاتر لە‌چاو ئە‌و منداڵانە‌ی تە‌ماشە‌ی تیڤی ناكە‌ن. 
ئە‌م پسپۆرانە‌ لە‌و توێژینە‌وە‌یە‌دا بۆیان دە‌ركە‌وت بۆ ھە‌ر كاتژمێرێك زیاتر تە‌ماشاكردنی تیڤی ڕێژە‌كە‌ (١٠٪‏) زیاد دە‌كات، واتە‌ ئە‌و منداڵانە‌ی پێنج كاتژمێر بە‌دیار تیڤییە‌وە‌ دادە‌نیشن (٥٠٪‏) زیاتر تووشی گرفتە‌كانی تە‌ركیز و ئاگایی دە‌بن لە‌چاو منداڵانی تردا، بۆیە‌ كاتێك منداڵ پێدە‌نێتە‌ قوتابخانە‌ ڕوبە‌ڕوی ئە‌م گرفتانە‌ دە‌بنە‌وە‌ لە‌ خوێندندا، ئە‌وجا قوتابخانە‌ و خێزان گیردە‌خۆن لە‌م گرفتە‌ی منداڵدا.
توێژینە‌وە‌كانی تر سە‌لماندویانە‌ كە‌ ئە‌و منداڵ و ھە‌رزە‌كارانە‌ی زۆر تە‌ماشای تیڤی دە‌كە‌ن شە‌ڕە‌نگێزترن لە‌چاو ھاوە‌ڵە‌كانیاندا، ھە‌روە‌ھا بۆ منداڵان گە‌شە‌ی فیكریان دوادە‌كە‌وێت. وێڕای ئە‌وە‌ی زۆر دانیشتن بە‌دیار تیڤییە‌وە‌ دە‌بێتە‌ ھۆی قە‌ڵە‌وی منداڵ و ھە‌رزە‌كار چونكە‌ كە‌م دە‌جوڵێت و زۆر جار بە‌دیار تیڤییە‌وە‌ خواردنێكی زۆر دە‌خوات و كە‌متر وزە‌ خە‌رج دە‌كات. بێگومان نابێت ئە‌وە‌ش لە‌ یاد بكە‌ین ئە‌و ئە‌و شە‌پۆلە‌ كارۆموگناتیسییانە‌ی تیڤی ئە‌یداتە‌وە‌ كاریگە‌ری نێگە‌تیڤی ھە‌یە‌ بۆ سە‌ر تە‌ندروستی مرۆڤ.


سەرچاوەکان

273 بینین