لاربینی

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-24-21:31:00 - کۆدی بابەت: 896
لاربینی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لاربینی (بە ئینگلیزی: Astigmatism، بە عەرەبی: الاستجماتيزم یان اللابُؤْرِيَّة) جۆرێکی باوی هەڵەی شکاندنەوەی ڕووناکییە. ئەمە واتای ئەوەیە بەشێکی چاو (یان کۆڕنیە یان هاوێنەکان) زیاتر چەماونەتەوە وەک لەوەی پێویستە ئەم شێوە گۆڕاوەی چاو وا دەکات بینین تێکبچێت. زۆربەی حاڵەتەکانی لاربینی دەتوانرێت بە هاوێنەی ڕاستکردنەوە چارەسەر بکرێت وەک چاویلکە یان هاوێنەی بەرکەوتن (عەدەسە).

لاربینی چییە؟

لاربینی یان ئەستیگماتیزم (Astigmatism) دەستەواژەیەکی پزیشکییە کە مانای ئەوەیە شێوەی چاو چەماوەترە لەوەی کە پێویستە. ئەمە جۆرێکە لە هەڵەی شکاندنەوەی ڕووناکی لە چاو (refractive error)، نەخۆشییەکی زۆر باوە کە دەبێتە هۆی تێکچوونی بینین.

زۆربەی کات چاوەکە دەخولێتەوە، وەک تۆپی پێ. ئەگەر لاربینیت هەیە، چاوەکان شێوەیان وەک تۆپی پێ یان پشتی کەوچکێکە. ئەمەش وا لە ڕووناکی دەکات کاتێککە دەچێتە ناو چاوەوە بە شێوەیەکی نایەکسان بچەمێتەوە و کاریگەری لەسەر بینین هەبێت لە هەموو دوورییەکاندا. سەردانی پسپۆڕێکی چاودێری چاو بکە هەر کاتێک تێبینی هەر گۆڕانکارییەک لە چاوەکاندا بکەیت یان هەست بەوە بکەیت کە بینینت وەک جاران ڕوون نییە.

لاربینی چی لە بینینت دەکات؟

بەشەکانی چاو بەیەکەوە کار دەکەن وەک تیمێکی ڕاگەیاندن بۆ تێپەڕاندنی ڕووناکی کە دەچێتە ناو چاو بە درێژایی ڕێگایەک بەرەو دەماخ. ڕووناکی بەناو کۆرنیەدا تێدەپەڕێت، بەشە ڕوونەکەی پێشەوەی چاوەکان. کۆرنیە ئەو ڕووناکییە لە ڕێگەی هاوێنەوە تیشک دەداتەوە بۆ ئاماژەیەک کە لە تۆڕەی چاوەکان دەکەوێت، چینێکە لە پشتەوەی چاوەکان.

تۆڕەی چاوەکان ئەو ڕووناکیە دەگۆڕێت بۆ ئاماژەی کارەبایی کە ڕاگەیاندنە بینایی دەنێرێت بۆ دەماخ. دواتر دەماخ ئەو نیشانانە بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی ئەو وێنانەی دەیبینیت

ئەگەر لاربینیت هەبێت، ئەو ڕووناکییەی کە دەچێتە ناو چاوت زیاتر لار دەبێتەوه. لەم کاتەدا ڕووناکی ناتوانێت بە شێوەیەکی دروست تیشک بخاتە سەر تۆڕە. ئەمە بەو مانایە دێت کە تەنها بەشێک لەو شتەی کە تۆ سەیری دەکەیت تیشک دەخاتە سەر تۆڕە و لێیەوە ڕاگەیاندن دروست دەبێت. ئەم تەرکیزە نایەکسانە وا لە شتەکان دەکات کە بە شێوەیەکی ڵێڵ و ناڕوون یان شەپۆلی دەربکەون. لاربینی دەکرێت کاریگەری لەسەر بینینت هەبێت لە هەر دوو مەودای دوور و نزیک. لەوانەیە تووشی فشاری چاو بیت، وەک ئەوەی چاوەکانت بەردەوام زۆر بە سەختی کار بکەن بۆ ئەوەی ببینیت.

جۆرەکانی لاربینی چین؟

بە شێوەیەکی گشتی بەهۆی کۆڕنیەوە دروست دەبێت کە شێوەیەکی ناڕێکی هەیە. پسپۆڕانی چاودێری چاو بە ئەمە دەڵێن لاربینی کۆرنیە. هەروەها دەکرێت لاربینی هاوێنەیی هەبێت، کە هاوێنەی ناو چاوەکان شێوەیەکی ناڕێکی دەبێت. لاربینی هاوێنەی زۆرجار بەهۆی ئاوی سپییەوە دروست دەبێت. هەندێک کەس هەردوو لاربینی کۆرنیە و لاربینی هاوێنەیی هەیە.

کێ تووشی لاربینی دەبێت؟

هەموو کەسێک دەتوانێت ئەزموونی لاربینی بکات. دەکرێت لە هەر قۆناغێکی ژیاندا دووچاری ببیت. هەندێک کەس لەگەڵ نەخۆشی لاربینی لە دایک دەبن، کە ئەمە پێی دەوترێت زگماکی. ئەوانی تر لاربینی تیایاندا گەشە ناکات هەتا گەورە دەبن. لەوانەیە بە تێپەڕبوونی کات باشتر یان خراپتریان بکات. لاربینی یەکێکە لە کێشە باوەکانی تەندروستی چاوەکان و بە جۆرێک لە سێ کەس کەسێک دووچاری لاربینی دەبێتەوە.

نیشانەکانی لاربینی چین؟

  • ڵێڵ بینی یان بینی ناڕوون باوترین نیشانەی لاربینییە. هەروەها زەحمەتی دروست دەکات بۆ بینینی وردەکارییەکان لەسەر شتەکان، وەک ئەو وشانەی کە چاپکراون لەسەر لیستێک لەبەردەمت، یان پەیامەکان لەسەر نیشانەی ڕێگاکان کە دوورن.

نیشانەکانی تری لاربینی بریتین لە:

  • بینینی درەوشانەوە یان پەرشبوون لە دەوری ڕووناکی
  • خێل بوونی چاو و نەبینینی شتەکان بە ڕوونی
  • سەرئێشە
  • ماندوویەتی
  • فشاری چاو

هەندێک لە منداڵان نازانن هیچ شتێکی هەڵە لە بینینیاندا هەیە، تەنانەت ئەگەر نیشانەکانیشیان هەبێت. سەردانی پسپۆڕێکی چاودێری چاو بکە ئەگەر تێبینی ئەوەت کرد کە منداڵەکەت چاوەکانی خێل بوون یان زۆر چاوی دەخورێنێت یانیش سەرئێشەی زۆری هەیە.

هۆکاری لاربینی چییە؟

لاربینی بەزۆری بۆماوەییە، واتە ئەوە حاڵەتێکە کە دایک و باوکی بایۆلۆجی بۆ منداڵەکانیان دەیگوازنەوە. هەروەها دەکرێت بەهۆی ئەوەوە بێت کە چاوەکان فشارێکی زۆر لەسەر کۆرنیە دروست دەکەن. بەگشتی بەهۆی حاڵەتە تەندروستییەکانەوە نییە. بەڵام هەندێک مەرج و کێشە کە دەکرێت ببنە هۆی لاربینی بریتین لە:

  • برینی چاو
  • قووچەکی بوونی کۆڕنیە (Keratoconus)
  • ئاڵۆزییەکانی دوای نەشتەرکاری چاو

چۆن لاربینی دەستنیشان دەکرێت؟

پسپۆڕێکی چاودێری چاو بە پشکنینی چاو دەستنیشانی لاربینی دەکات. کە لە کاتی پشکنینی چاو سەیری چاوەکان و ناوەوەی دەکات. پسپۆڕی چاودێری چاو لەوانەیە چەند پشکنینێک بەکاربهێنێت بۆ دەستنیشانکردنی لاربینی، لەوانە:

پشکنینی تیژی بینراو: پشکنینی تیژی بینراو پشکنینێکە کە بینین دەپشکنێت. پشکنینی تیژی بینراوت ئەنجامداوە ئەگەر سەیری نەخشەی دیواری پیت یان هێمات کردبێت لە کاتی پشکنینی چاو.

پشکنینی شکانەوەی چاو: پسپۆڕی چاودێری چاو پێوانەی ئەوە دەکات کە ڕووناکی چەند تیشک دەخاتە سەر چاو و چەنێک دەچەمێتەوە کاتێک دەچێتە ناو چاوەوە.

پشکنینی پێوانی چەمانەوەی کۆڕنیە: پشکنینێکە پێوانەی بەشە چەماوەکەی کۆڕنیە دەکات.

پشکنینی گڵۆپی بڕاو: گڵۆپێکی بڕاو جۆرە مایکرۆسکۆپێکی تایبەتە لەگەڵ ڕووناکیەکی گەش کە پسپۆڕی چاودێری چاو لە چاوەکاندا دەیدرەوشێنێتەوە. ئەوان ڕووناکی و ئەستووری ڕووناکیەکە ڕێکدەخەن بۆ بینینی چین و بەشە جیاوازەکانی چاو.

چۆن چارەسەری لاربینی دەکرێت؟

زۆربەی ئەو کەسانەی کە لاربینیان هەیە پێویستیان بە هاوێنەی ڕاستکردنەوە هەیە. پسپۆڕی چاودێری چاو پێشنیاری چاویلکە یان هاوێنەی چاو (عەدەسە) دەکات بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات بە ڕوونی ببینیت.

ئەگەر لاربینی زۆر کەم بێت (و کاریگەری لەسەر بینینت نەبێت)، لەوانەیە پێویست بە چاویلکە یان هاوێنەی بەرکەوتن نەبێت. پسپۆڕی چاودێری چاو هەر گۆڕانکارییەک لە چاوەکاندا پێوانە دەکات لە کاتی پشکنینەکانی داهاتوودا. لاربینی دەکرێت بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕێت و خراپتر بێت، بۆیە لەوانەیە پێویست بە چاویلکە یان هاوێنەی بەرکەوتن بکات لە کۆتاییدا، تەنانەت ئەگەر لە سەرەتادا پێویست نەبووبێت.

ئەکرێت لاربینی ڕێک بکرێتەوە؟

بەکارهێنانی چاویلکە یان هاوێنەی بەرکەوتن دەبێتە هۆی ڕاستکردنەوەی بینین، بەڵام شێوەی چاو ناگۆڕێت. نەشتەرکارییەکانی ڕاستکردنەوەی بینین (لەوانە نەشتەرکاری چاوی لاسکیک و نەشتەرکاری لابردنی کۆڕنیەی چاوی فۆتۆفریاکتیڤ یان نەشتەرکاری چاوی PRK) لەیزەر بەکاردێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بینین. پزیشکێکی چاو کە بە شێوەیەکی تایبەت ڕاهێنراوە ئەم ڕێوشوێنانە ئەنجام دەدات بۆ گۆڕینی شێوەی کۆرنیە بۆ ئەوەی ڕووناکی بە شێوەیەکی دروست بە تۆڕەی چاوەکان بدات.

ئەو کەسانەی کە ئاوی سپی و لاربینییان هەیە دەتوانن لە هەمان کاتدا لە کاتی نەشتەرکاریدا چارەسەریان بۆ بکرێت. ئەم نەشتەرکارییانە لاربینی کەم دەکاتەوە و بینین باشتر دەکات. قسە لەگەڵ پسپۆڕی چاودێری چاو بکە ئەگەر حەز دەکەیت نەشتەرکاری ڕاستکردنەوەی بینین بکەیت

چۆن دەتوانم ڕێگری لە لاربینی بکەم؟

ناتوانیت ڕێگری لە لاربینی بکەیت زۆربەی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی لاربینییان هەیە لەگەڵ ئەوەدا لەدایک دەبن واتا حاڵەتەکەیان زگماکییە. هەندێکی دیکە حاڵەتەکەیان بۆ دروست دەبێت کاتێک چاوەکانیان گەشە دەکەن و دەگۆڕێن بە درێژایی ژیانیان. ئەگەر تۆ نەخۆشی لاربینی یان جۆرێکی دیکەی هەڵەی شکانەوەت هەیە، ئەگەری ئەوە هەیە کە منداڵەکانت بە هەمان شێوە ئەو کێشەیەیان هەبێت.

کەی پێویستە پشکنین بۆ چاوەکانم بکەم؟

پشکنینی چاو و بینین بە شێوەیەکی بەردەوام دەتوانێت یارمەتی پسپۆڕێکی چاودێری چاو بدات لە دۆزینەوەی کێشەکان. ئەوەی چەند جار پێویستە چاوەکانت پشکنین بکەیت کە بە شێوەیەکی ئاسایی پشت دەبەستێت بە تەمەن.

  • منداڵان؛ پێویستە پزیشکێکی منداڵان چاوی منداڵ بپشکنێت تەنانەت ئەگەر تەندروستی چاوەکانی منداڵەکە زۆریش باش بێت تا ئەو کاتەی تەمەنی تەواو دەبێت بۆ ئەوەی دەست بە قوتابخانە بکات، پاشان هەر ساڵێک بۆ دوو ساڵ جارێک.
  • ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ٤٠ ساڵ کەمترە: هەر پێنج بۆ دە ساڵ جارێک
  • گەورەکان لە نێوان ۴۰ بۆ ۵۴ ساڵ: هەر دوو بۆ چوار ساڵ جارێک.
  • ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ٥٥ ساڵەوە بێت: هەر یەک بۆ سێ ساڵ جارێک.

لەوانەیە پێویستت بە پشکنینی چاوەکانت بێت زیاتر لەمە ئەگەر چاویلکە و هاوێنەی بەرکەوتنت بۆ دانراوە یان پێویستت بە جۆرێکی تر لە یارمەتی بینراو بێت. هەروەها ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە پێویستیان بە پشکنینی چاوەکانیان زیاترە لەوەی کە لێرەدا ئاماژەی پێکراوە. لە پسپۆڕێکی چاودێری چاو بپرسە کە چەند جار پێویست بە پشکنینی چاو هەیە بە گوێرەی تەمەن و دۆخی تەندروستیت.

دەتوانم چاوەڕوانی چی بکەم ئەگەر لاربینیم هەبێت؟

ئەگەر ڕێژەیەکی بچووک لە لاربینیت هەبێت کە کاریگەری لەسەر بینینت نەبێت، لەوانەیە پێویستت بە هیچ چارەسەرێک نەبێت. ئەگەر لاربینییەکی دیارت هەیە کە وا دەکات بە ڕوونی نەبینیت، چەندین ڕێگا هەیە کە پسپۆڕی چاودێری چاو دەتوانێت چارەسەری بکات. زۆربەی ئەو کەسانەی کە لاربینیان هەیە تەنها پێویستیان بە چاویلکە یان هاوێنەی بەرکەوتن هەیە.

زۆربەی ئەو کەسانەی نەشتەرکاری چاککردنەوەی بینایی دەکەن بە شێوەیەکی هەمیشەیی بیناییان باشتر کردووە. هەندێک کەس پێویستیان بە نەشتەرکارییەکی باشتر هەیە کاتێک بە تەمەنتر دەبن. ئەم پرۆسەیە هەر گۆڕانکارییەک ڕاست دەکاتەوە لە لاربینیدا کە ڕوودەدات دوای ئەوەی چاوەکان بە شێوەیەکی سروشتی شێوەیان دەگۆڕێت لەگەڵ تەمەندا.

ژیانکردن لەگەڵ لاربینی

کەی پێویستە سەردانی پسپۆڕی چاودێری چاو بکەم؟

سەردانی پسپۆڕێکی چاودێری چاو بکە هەر کاتێک تێبینی هەر گۆڕانکارییەک لە چاوەکانتدا دەکەیت بەتایبەتی ئەگەر بینینت بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر یان لێڵ دەبێت. نیشانەکانی لاربینی بە زۆری لە شەودا بەرچاون، یان کاتێک باران دەبارێت یان کاتێک سەیری ڕووناکی دەکەیت.

پێویستە چ پرسیارێک لە پسپۆڕی چاودێری چاو بکەم؟

  • چ جۆرە لاربینییەکم هەیە؟
  • پێویستم بە هاوێنەی ڕاستکردنەوە هەیە؟
  • ئایا چاویلکە یان هەوێنە (عەدەسە) باشترە بۆ چاوەکانم؟
  • ئایا من پاڵێوراوێکی باشم بۆ نەشتەرکاری ڕاستکردنەوەی بینین؟
  • چەند جار پێویستە چاوەکانم پشکنینیان بۆ بکرێت؟

لە کۆتاییدا

لاربینی حاڵەتێکی باوە کە وا دەکات شێوەی چاو چەماوەتر بێت لەوەی کە پێویستە. لاربینی دەکرێت بێزارکەر بێت و بەشداریکردن لە ڕۆتینی ڕۆژانە قورس بکات. خۆشبەختانە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە لاربینییان هەیە تەنها پێویستیان بە چاویلکە یان هاوێنەی بەرکەوتن هەیە بۆ ئەوەی بە ڕوونی ببینن. قسە لەگەڵ پسپۆڕی چاودێری چاو بکە ئەگەر دەتەوێت نەشتەرکاری ڕاستکردنەوەی بینین بکەیت.

لەوانەیە منداڵە بچووکەکان نەتوانن تێبگەن یان پێت بڵێن کە بینینەکەیان خراپترە. سەردانی پسپۆڕێکی چاودێری چاو بکە ئەگەر تێبینی ئەوەت کرد کە منداڵەکەت زۆر چاوی لێک دەنێت واتا دەتروکێنێت یان سەرئێشەی زۆر و بەردەوامی هەیە.


سەرچاوەکان



1068 بینین