هۆکارەکانی دروست بوونی خاك

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2020-12-29-23:57:00 - کۆدی بابەت: 961
هۆکارەکانی دروست بوونی خاك

ناوه‌ڕۆك

هۆکارەکانی دروست بوونی خاک

لە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری سروشتیەوە خاک دروست دەبێت، کە بریتین لە:

ماددەی سەرەتایی(بەرد)

بریتییە لە ماددەی سەرەکی (بنەڕەتی) خاک، کە بەردەکان ورد دەبن و پاشان دەبن بە خاک و تایبەتمەندی ئەو بەردە وەردەگرن کە لەسەری دروست بوون، وە دەکرێت خاک لە یەک چین (جۆر) بەرد یان کۆمەڵێک بەردی جۆراوجۆر دروست ببێت، ئەمەش  وادەکات لە باری یەکەمدا خاکی بنچینەیی و لە باری دووەمدا خاکی گوازراوە دروست بێت.

بارودۆخی ئاو و هەوا

بارودۆخی ئاو و هەوا بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداریدەکات لە دروست بوونی خاکدا، گرنگترین ئەو ڕەگەزە ئاو و هەواییانەی کە کاریگەریان هەیە لەسەر خاک بریتین لە (باران-گەرمی-بەهەڵم بوون-با) دابارینی باران وە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی بە ڕووی بەردەکان، کاریگەری هەیە لەسەر لاواز کردنی بەردەکنا و ئامادەکردنی بۆ هۆکارەکانی دیکە، ئاوی باران دوای دابارینی دەست دەکات بە ڕۆشتن و دەبێتە هۆی لێکخشاندنی لە بەردەکان و ڕاماڵینیان، وە پلەی گەرمی کاریگەری هەیە لە زیاتر چالاک کردنی کرداری کەشکاری کیمیاوی، لە ڕێگەی کشان و هاتنەوەیەکی بەردەکانەوە، لە ئەنجامی زیادکردن و کەمکردن (بەرز بونەوە و نزم بونەوە) ـی گەرمی ڕۆژانە و ساڵانە بەردەکان درز و کەلێنیان تێدا دروست دەبێت، بەڵام کەشکاری کیمیاوی بەهۆی بونی شێ و گەرمیەوە لەگەڵ ئاودا ڕوو دەدات.
  وە (با) ڕۆڵێکی میکانیکی هەیە لە دروست بونی خاکدا، لەبەر ئەوەی لە کاتی هەڵکردنیدا ئەو خاک و لمەی کە هەڵی گرتووە بەر بەردەکان دەکەوێت و کرداری داتاشین زیاد دەکات و خاک دروست دەبێت.

هۆکاری زیندەگی

کاریگەری ئەم هۆکارە دەکرێت بە دوو بەشەوە:

ڕۆڵی ڕووەکەکان لە وردکردنی بەردەکاندا

ڕووەکەکان لە ماوەی سەوز بوون و گەشەکردنیاندا دەبنە هۆی شکان (ورد بوون) و شیبونەوەی بەردەکان و ئامادەی دەکەن بۆ کاریگەری هۆکارەکانی دیکە.

 ڕۆڵی ئاژەڵەکان لە دروست بوونی خاکدا

ڕۆڵی ئاژەڵ لە دروست بوونی خاکدا لە ڕێگەی ئەنجامدانی کەشکاری کیمیاوی و فیزیاییەوەیە، بە شێوەیەک ئاژەڵەکان لە کاتی ڕۆشتن (جوڵە کردن) لەسەر زەوی و هەڵکۆڵینی بەردەکان (بەهۆی ئاژەڵە کرتێنەرەکانەوە) کەشکاری فیزیایی ئەنجام دەدەن، بەڵام کەشکاری کیمیاویە بەهۆی ئاژەڵەکانەوە لە کاتێکدایە کە پاشماوەکانیان فڕێدەدەن، ئەم پاشماوانەش یارمەتی زوو شیبونەوەی خاک دەدەن بە ڕێگەی کیمیاوی.

هۆکاری بەرز و نزمی

کاریگەری هۆکاری بەرز و نزمی خۆی لە پلەی لێژیدا دەبینێتەوە، بە جۆرێک کرداری ڕاماڵین لە ناوچە (ڕووە) لێژەکاندا زۆرتر ڕوودەدات بە بەراورد  لەگەڵ ناوچە (ڕووە) تەختەکان، کەواتە پەیوەندی نێوان ئەستوری خاک و پلەی لێژی پەیوەندیەکی پێچەوانەیە، بۆیە ئەستوری خاک بە کەمبونەوەی لێژی زیاد دەکات، وە هەرچەندە لێژی زیاتر بێت ئەستوری خاک کەم دەکات.

 کات

خاک وەک هۆکارێکی ژینگەیی پێویستی بە کات و ماوەیەکی زۆر هەیە تا دروست بێت و قۆناغەکانی خاک (گەنجی- پێگەشتویی- پیری) تێبپەڕێنێت و توانای بەرهەم هێنانی زیاد بکات، خاکی دەشتاییەکان خاکێکی تەمەن درێژ و گەشە سەندوە وە توانای بەرهەم هێنانی زۆرە، بەڵام خاکی نوێ خاکێکی گەشە سەندو نیە و توانای بەرهەم هێنانی وەک خاکی دەشتاییەکان نییە، وەک دەشتی لافاو کردی ڕووبارەکان و دۆڵە فراوان و گەورەکان.

مرۆڤ

ئەم هۆکارە لە دروست بوونی خاکدا گرنگیەکی کەمی هەیە، بەڵام کاریگەری ئەم هۆکارە دوای دروست بوونی خاک دەست پێدەکات، وە کاریگەریەکەشی بە گشتی خراپە، ئەمە لە کاتێکدا مرۆڤ هەڵدەستێ بە بڕینی دار و درەختی دارستانەکان و بەمەش کرداری ڕاماڵی و داخزانی خاک زیاد دەکات، هەروەها کرداری لەوەڕاندنی بێ سەرپەرشتی (لەوەڕاندنی زیادەڕۆ) دەبێتە هۆی لاواز کردنی توانا زیندەگیەکانی خاک و زیادکرنی کرداری ڕاماڵینی خاک بەهۆی با و ئاوەوە، بەڵام کردارەکانی دروست کردنی ڕێگا و بان و  کێڵانی ناتەندروست دەبنە هۆی ئەوەی کە خاک بە خێرایی توسی گرفت ببێت و ئامێرەکانیش هۆکارن بۆ لەناوچونی خاک لە ماوەیەکی کەمدا، کە دروست بونەوەی (ئەو خاکەی کە ڕاماڵراوە و لەناوچووە) پێویستی بە ملیۆنان ساڵ هەیە.


سەرچاوەکان

530 بینین