ولیەم هارڤی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-03-11:56:00 - کۆدی بابەت: 1076
ولیەم هارڤی

ناوه‌ڕۆك

ولیەم هارڤی ١٥٧٨ - ١٦٥٧ ز

ولیەم هارڤی پزیشکە بەنێوبانگەکەی ئینگلیز، بە یەکەم کەس دادەنرێت کە سووڕی خوێنی دۆزیوەتەوە. بە بەڵگەوە دەری خستووە کە سووڕی خوێن لە نێو جستەی مرۆڤدا بە نێو دڵدا تێپەڕ دەبێت، دڵ وەک مزەخەیەکی بایۆلۆژیی وایە.

بیردۆزێکی نوێ

گەرچی ئێمە ئەمڕۆ دەزانین خوێن لە تەمناندا دێت و دەچێت، بەڵام ئەمە پێشتر لای زیندەوەرناسەکان نەزانراو بووە، چەندان بۆچوون و تێڕوانینی هەڵە لەوبارە هەبوون، بە نموونە:
- خوێن لە خوێنبەر و خوێنهێنەرەکانەوە دەکەوێتە هەڵکشان و داکشان.
- دڵ وا لە خوێن دەکات بەردەوام گەرم بێت.
- خوێنبەرەکان تژی لە هەوا.
- خۆراک لە دڵدا دەبێتە خوێن.
- دڵ خوێن دروست دەکات.
هەرچەند زانا و پزیشکانی کۆن هەوڵ و کۆششێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی لەم باسەدا بگەنە ئەنجام، بەڵام نەیانتوانیوە. گالینۆس پێی وابوو گورچیلە خوێن دروست دەکات. دوای ئەو، ڤاسیلۆسیش کەمێک زانیاری لەسەر بیردۆزی گالینۆس زیاد دەکات. هەموو ئەوانە ڕێگەیان بۆ توێژینەوەی بەرفراوانی هارڤی لە بارەی سەلماندنی سووڕی خوێن، وەک بیردۆزێکی تایبەت، خۆش کرد. (هەرچەند پێش چەند سەدەیەک لەو، ئیبن نەفیس ئەمەی چەسپاندبوو، کە بە ڕێکەوت لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ئاشکرابوو.)
هارڤی بۆ ئەو مەبەستە چەندان تاقیکردنەوە و توێژینەوەی لەسەر ئاژەڵان ئەنجام داوە، حەوت ساڵ خەریکی ئەو کارە بووە، دواتر گەیوەتە ئەو ئەنجامە کە دڵ خوێن بۆ هەموو ئەندامەکانی جەستە دەنێریت، پاشان جارێکی دیکە خوێنەکە لە ئەندامەکانەوە دەگەڕێتەوە دڵ. هەروەها دەڵێت: خوێنبەرەکان دەتوانن خوێن لە دڵ دوور بخەنەوە. لەو کات کە میکرۆسۆب هە ناویشی نەبوو، ئەو سووربووە لەسەر هەبوونی دەزوولە لە خوێنهێنەکان، ئەمەیش تەواو پێچەوانەی بیردۆزەکانی گالینۆس بوو، هارڤی گوتی: هەڵینجانی خوێن، وەزیفەی دڵە.
هارڤی کتێبێکی بە ناوی: ''تێڕامانێکی توێکاری دەربارەی جووڵەی دڵ و خوێن لە گیانەوەراندا''، پزیشکان ئەم کتێبەیان بە باشترین کتێب لە مێژووی فسیۆلۆژیی داناوە. ئەم کتێبە نزیکەی ٧٢ز لاپەڕە دەبێت، لە ساڵی ١٦٢٨ز، لە پێشەنگای کتێبی فرانکفۆرت، بڵاوکرایەوە.
هارڤی دە ساڵ بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە، واتا ساڵی ١٦١٦ز، چەندان موحازەرە لەسەر سووڕی خوێن، پێشکەش دەکات.
هارڤی کتێبێکی دیکەی هەیە بە نیوی (چەند وتارێک دەربارەی زاووزێی ئاژەڵان). لەم کتێبەدا باسی ڕەگەزی مێیینە دەکات. دەڵێت: خودان هێلکۆکەکەن، کە ئاوێتەی سپێرمی نێرینە دەبن، بەڵام بەم مانایەی ئەمڕۆ زانراوە، نایەتە سەر باسی پیتاندنی هێلکۆکە. هارڤی هەو ئەودەم گوتوویەتی هێلکۆکە بنچینەی سەرەکیی ژیانە.
هەرچەند بەشێک لە زانستگە و پەیمانگە ئەکادیمییەکان ئەو کتێبەیان بەرز هەڵسەنگاند و بە پەڕاوێکی زانستیی لە قەڵەمیان دا، بەڵام هێندێک لە پەیمانگەکانی دیکە گاڵتەیان پێ کرد و ڕەتیان کردەوە.
بەداخەوە هارڤی نەیتوانی ئەوەی چاندی بیدروێتەوە، بە چاوی خۆی  بەکارهێنانی بیردۆزەکانی ببینێت.
نەیارانی هێرشێکی زۆۆر توند و دژواریان دەکردە سەر و بە سەدان شێوە تۆمەتباریان دەکرد. خۆشبەختانە بەر لە مردنی توانی بەرپەچی هەموو ئەو ڕەخنە و هات و هاوارانە بداتەوە و پووچەڵیان بکاتەوە، لە کن خەڵکیش بەرە بەرە خۆشەویست و پەسند بێت.

کورتەیەک لە ژیانی

- لە ساڵی ١٦٠٩ز، وەک نوژدارێک لە خەستەخانەی (پارسۆلۆمیو)ـی لەندەن دەستبەکار بووە.
- لە ساڵی ١٦١٨ز، کاری لەگەڵ شا (جێمس)ـی یەکەمدا کردووە.


سەرچاوەکان



1567 بینین