تۆماس ئەدیسۆن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-07-20:06:00 - کۆدی بابەت: 1165
تۆماس ئەدیسۆن

ناوه‌ڕۆك

تۆماس ئەدیسۆن ١٨٤٧-١٩٣١ز 

تۆماس ئەلفا ئەدیسۆن باوکی داھێنەران و سەرقافڵەی مرۆڤپەروەرانی گێتی، ئەو کەسەی ھەموو خەڵكی جیھان خۆشیان دەوێت و ڕێز لە خۆی و داھێنانە مەزنەکەی دەگرن. نێوبانگ و پایەی مەزنی ئەو، ڕێکەوت نییە، بەڵکو بۆ ئەو ھەموو بەرھەم و داھێنانەی دەگەڕێتەوە. کە بە نێوی خۆی تۆماری کردوون، ھێندێکیان تایبەت بە خۆی بوون، بەشێکیشیان لەگەڵ ھاوڕێکانی وەدی ھێنابوون. 

ئەدیسۆن کارگەری کیمیایی لە ماڵەکەی خۆیدا دانابوو. ئەودەم تەمەنی دە ساڵان بوو، بەڵام چونکە پێویستی بە پارەی زیاتر بوو، دەستی بە ڕۆژنامە فرۆشتن کرد. لە تەمەنی دوانزەساڵیدا کارگەو چاپخانەیەک دادەنێت، بەم بۆنەشەوە خۆی فێری زۆر شت دەکات، لە فرۆشتنی توێژینەوەکانی، پارەیەکی باشی دەست دەکەوێت.
گەر زاناکانی دیکە داھێنانەکانیان تەنیا لە چوارچێوەی کۆمەڵە خەڵکێکدا خولابنەوە، ئەوە داھێنانەکانی ئەدیسۆن بۆ ھەموو مرۆڤایەتی بوون، بەبێ ھیچ جیاوازییەک. مرۆڤ ئەمڕۆ لە سەدەی بیست و یەکدا لە نێو خۆشگوزەرانیدا ژیان دەگوزەرێنن، نابێ لە یادی بچێت ئەمە ھەموو فەزڵ و بەھرە و شەوبێداریی زانایانی کۆنە، ئەوان بونە مۆم و ڕووناکی و خۆشنودیان بۆ ئێمە ڕەوان کرد . 
کاتێک دەچنە ژوورێکی تاریک تەنێ بیرمان لەسەر ئەوەیە دەست لەسەر پلاکێک دانێین و ئەو ناوە ڕوناک بکەینەوە، بەڵام ئایا ڕۆژێک لە کاتی پێکردنی کارەبادا بیرمان لەوە کردۆتەوە ئەم شاکارە گەورەیە ھونەری کێیە؟ باوەڕناکەم! وەلێ گەر پرسیارت لێ بکەم بێ لاموجیم پێم دەڵێیت: (تۆماس ئەدیسۆن). 
ئەدیسۆن زانای بلیمەت، سەرباری ئەو ھەموو ناسۆر و ناخۆشییانەی دووچاری ھاتن ، وێڕای ئەوەی کە مامۆستاکانی بە تەمبەڵ و کەودەن تۆمەتباریان دەکرد. ئەو لەسەر کاری خۆی سورتر بوو ، نەک ئەمە و بەس . بەڵکە ئەو بە جوانترین دیاری وەڵامی مامۆستاکانی دایەوە و ئەوانیش لە ئاستیدا شەرمنانە چۆکیان دادا. تۆماس ئەلفا ئەدیسۆن لە یازدەی فیبرایەری ساڵی ١٨٤٧زاینیی لە شاری میلانۆی سەر بە ویلایەتی میلان ئۆھایۆی ئەمریکا لە دایک بووە. دایکی مامۆستا بو زیاتر گرنگی بە خوێندنەوە دەدا، ئەدیسۆن خرایە قوتابخانەیەکی سەرەتایی، بەڵام لەبەر لاوازی زاکیرەی و زیھن خراپی، سەرکەوتنی بە دەست نەھێنا، دوای سێ مانگ بۆ مامۆستاکان دەرکەوت کەسێکی تەمبەڵ و بێ سودە، بەردەوام پرسیاری لە شتێک دەکرد پەیوەندی بە بابەتەکەوە نەبوو، ئەمە وای کرد کە مامۆستاکانی بە قوتابیەکی فاشیل لە قەڵەمی بدەن و پێی بڵێن تۆ ئەو کێڵگەیە نیت کە زانست تێیدا سەوز بێت، پزیشکەکانیش پێیان وابوو دووچاری نەخۆشی بووە.
وتەیەکی بەناوبانگ ھەیە دەڵێ: ( لە پشت ھەموو پیاوێکی مەزن ، ژنێکی مەزن ھەیە.) ئەم وتەیە بە تەواوی بەسەر ژیانی ئەدیسۆندا جێبەجێ دەبێت. دایکی ھاندەر و ھەڵنەرێکی زۆر گەورەی ئەدیسۆن بوو، لە پێناو ئەودا ئازاری زۆر چەشت ، لە ماڵی خۆیدا فێری خوێنەواری دەکرد، کتێبخانەیەکی گەورەی بۆ دانابوو، تا وایلێھات شەیدای کتێب بوو ، لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا کۆمەڵە کتێبێکی لە بواری کیمیا و فیزیا و زانستەکانی دیکە خوێندەوە. ئەو ھەر لە منداڵییەوە بە دوای بنەماکانی زانستی فیزیادا دەگەڕا و کاری لەسەر بیرۆکەی (نیوتن) دەکرد . 
ئەدیسۆن لە بارەی دایکیەوە دەڵێت: ( دایکم منی دروست کرد، ڕێزی دەگرتم و متمانەی پێ دەکردم، ھەستێکی وای بۆ دروست کردم کە من گرنگترین مرۆڤم لە بوونەوەردا ، بۆیە بونی من پڕ بایەخ بوو، لەبەر ئەمە بڕیارمدا ھەرگیز خەجاڵەتباری نەکەم، ھەر وەک چۆن منی شەرمازار نەکرد.) ئەدیسۆن زۆر ئازاری بە گوێگرانییەوە دەبینی، بەڵام ئەمە وای لێ نەکرد ساردبێتەوە ، ئەو ھەمیشە خۆی بۆ تاقیکردنەوەی نوێ ئامادە دەکرد.
ئەدیسۆن وەک کەسێکی عەوداڵ، بۆ گەڕان بە دوای زانست و تاقیکردنەوەدا وچانی نەدا.
بەم شێوە ئەدیسۆن بەدەیان داھێنانی گەوەر و مەزنی بۆ مرۆڤایەتی خستە ڕوو . ھەتا دنیا دنیایە، مرۆڤایەتی شانازی بەم زانایەوە دەکات. 
ڕۆژێک دایکی توشی نەخۆشی توند دێت، پزیشک بڕیاردەدات نەشتەرگەری بۆ بکات. بەڵام چونکە شەو بەسەردا دێت، لەبەر نەبوونی ڕووناکیی نەشتەرگەریەکە بۆ بەیانی دواخرا، بە ناچاری تاکوو بەیانی چاوەڕوان دەبن. ئەدیسۆن کەوتە بیرکردنەوە کە چۆن شەوی تاریک ڕووناک بکاتەوە؟ دەستی کرد بە تاقیکردنەوە. بەردەوام بیرۆکەکانی دەخستە ئەزمونکاری، زیاتر لە ٩٠٠ جار تاقیکردنەوەی کرد، بەڵام نەگەیشتە ھیچ ئەنجامێک. ئەو بێھیوا بونی نەدەناسی، بەوپەڕی ورە بەرزییەوە ھەوڵەکانی دەستپێدەکردەوە. دوای دۆزێنەوەی ڕووناکی لە ساڵی ١٨٨٧زاینی. ھەموو ماندووبون و ناخۆشییەکان ماڵئاواییان لێ کرد. 
تۆماس کۆمپانیایەکی بە ناوی ( کۆمپانیای ئەدیسۆن بۆ ڕوناککردنەوە) دامەزراند . 
یەک ملیۆن گڵۆپی لەم کۆمپانیا بەرھەم ھێنا، ئەو کۆمپانیا شوێنەکی زۆر باش بوو بۆ پەرەدان بە توانای کارمەندەکان، ژمارەیەکی زانا لەژێر دەستی تۆماس پێگەیشتن، یەکێک لەوانە داھێنەر( نیکۆڵاس تێسلا) بوو. ئەدیسۆن لە ئەمریکا، ئینگلتەرا، چیک، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا چەندان وێستگەی دروست کرد، ھەر لە وڵاتی ئەمریکا (١٢١) وێستگەی دامەزراند.
پەیمانگای زانستی سوید بڕیار دەدات خەڵاتی نۆبڵ لە بواری فیزیادا ببەخشێتە ھەردوو زانای بلیمەت : ( تۆماس ئەدیسۆن و نیکۆڵاس تێسلا )، بەڵام تێسلا ڕازی نابێت کە ناوی لە پاڵ تۆماسی ھاوڕێی بێت و لەگەڵ ئەو خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، بۆیە خەڵاتەکە بە ھیچیان نادرێت . 


کۆچی دوای تۆماس ئەدیسۆن

ئەدیسۆن لە ئاخیر و ئۆخری ژیانی توشی نەخۆشی شەکرەبوو، دواتر نەخۆشیەکانی دیکەشی لێ ئاڵان، ڕۆژ بە ڕۆژ باری تەندروستی خراپتر دەبوو . لە ١٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٣١ بە تەواوی حاڵی تێکچوو، ئاخیر ڕستەی لە ژیانیدا ئەمەبوو : ( وای چاند سامناکە، ھەموو شتێک لێرەوە دەست پێدەکات ! ). ھیچ کەسێک نەیزانی مەبەستی ئەدیسۆن لەمەدا چی بوو؟ ئایا ڕۆژی دوایی بوو، کە مردنە؟ یان شتێکی دیکە بوو؟ ڕۆژی دواتر واتە ١٨ی ئۆکتۆبەر زانای گەورەی ھەموو مرۆڤایەتی، ڕۆشناییکەرەی ھەموو جیھان، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. وتەیەکی بەناوبانگی ئەدیسۆن ھەیە ، دەڵێ : (٪‏٢ لە مرۆڤدا بەھرەیە، ٪‏٩٨ ھەوڵ و تێکۆشان و ئەرەق ڕشتنە). پێویستە خاوەن ئاوەز و دڵ وشیاران ئەم وتەیە بە ھەند ھەڵگرن و بیکەنە مەشخەڵی داھێنانەکانیان. 

بەشێک لە داھێنراوەکانی 

گڵۆپی کارەبایی .
ئامێری تەلەگراف .
ئامێری فۆنۆگراف .


سەرچاوەکان



7285 بینین