ڕۆبێرت گۆدارد

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-08-23:27:00 - کۆدی بابەت: 1197
ڕۆبێرت گۆدارد

ناوه‌ڕۆك

رۆبێرت گۆدارد ١٨٨٢-١٩٤٥ز

گۆدارد دەڵێت: زانست ئەوەی سەلماند کە خەونی دوێنێ ئومێدی ئەمڕۆ و ھەقیقەتی بەیانییە. گۆدارد لە بواری دروست کردنی (موشەک)دا پێشەنگ بوو، بۆچوون و تێزەکانی ئەو، ڕێگەی چونە سەر مانگیان ئاسان کرد.ئەو، تەمەنێکی ھێندە درێژی نەبوو. تاکوو بەرھەمە زانستییەکانی لە مەیدانی جەنگدا ببینێت. 
گۆدارد لە ساڵی ١٩١١ز، لە زانستگەی (کلارک) دکتۆرا وەردەگرێت، لە ساڵی ١٩١٤ز، وەک مامۆستایەک لەوێ دەستبەکار دەبێت. ھەر لەو کاتەدا بیردۆزی بە گەڕخستنی مووشەک بە شێوەیەکی سەرکەوتوو خستەڕوو.

ئەزمونێکی سەرکەوتووی مووشەک

ئەزموونەکانی ئەو دەریانخست کە ئەو مووشەکەی بە سووتەمەنیی خەست کار دەکات نەک تەنیا لە فەزا کاری خۆی دەکات، بەڵکە لە ھەر بوارێکی دیکەیش، دەشێ بە ھەمان کارامەییەوە بخرێتە کار. ئەو، زۆرینەی ئەزموونەکانی لەسەر پارەی تەیبەتیی خۆی جێبەجێ کردوون. گۆدارد لە جەنگی جیھانی یەکەم پارەیەکی زۆری بە مووشەکی سەربازی دا، دوای کۆتای ھاتنی جەنگ، مووشەکەکانیش بە سەرکەوتووی بەرھەم ھاتن، بەڵام مووشەکی(بازۆکا)، لە جەنگی دووەمی جیھانی بەرھەم ھات.
لە ساڵی ١٩١٩ز، توێژینەوەیەکی گۆدارد لە ژێر نێوی ( وەسیلەیەک بۆنگەیشتن بە بەرزاییەکان) بڵاوکرایەوە. لەو توێژینەوەیەدا پێشنیازی ئەوەی کردبوو، کە بۆ سەر ھەیڤ بنێردرێت، بەڵام ئایا گەردوونناسان چۆن دەتوانن مووشەکێک لە کاتی ھەڵداندا بۆ ئاسمان بنێرن و چاودێری بکەن!؟ چۆن بزانن سەرکەوتووبووە یان نا؟ بۆ ئەو مەبەستە پارەیەكی زۆری خۆی سەرف کرد.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٢٠ز، گۆدارد وازی لە سوتەمەنی خەست و ڕەق ھێنا و دەستی بە بەکارھێنانی سوتەمەنی شل کرد. یەکەم موشەکێک کە بە سوتەمەنی شل کاری دەکرد، لە ساڵی ١٩٢٦ز، خرایە کار . مووشەکەکە بۆ مەودای ١٢,٥ مەتر بەرزبووەوە. دواتر لە دووریی ٢٧ مەتر، بە خێرای ٦٠میل لە دەمژمێرێکدا نیشتەوە.
پێش ھەڵسانی جەنگی دووەمی جیھانی، گۆدارد زیاتر پەرەی بە کارەکەی دا، چەندان بیردۆزەی دیکەی خستەڕوو. مزەخە و تەبریدی مەکینە و مووشەکی جۆراوجۆری دروست کردن. 
لە جەنگدا نازییەکان دەستیان بەسەر بیرۆکەی توێژینەوەکانیدا گرت و مووشەکی ف٢ دروست کرد. لە ساڵی ١٩٦٠ز ، حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەک ملیۆن دۆلاری بەخشییە دامەزراوەی (جوجنھیم) و ھاوبەشەکەی. ھەڵبەت ئەمەیش لەبەرامبەر سوودوەرگرتنی لە پرۆگرامێکی تایبەتی ئەوان. 
لە ساڵی ١٩٦٢ز، بەڕێوەبەرایەتی گەل بۆ توێژینەوەی گەردوونی، ناوەندێکی بە نێوی: گۆدارد بۆ فڕین لە فەزای گرێندلاند لە ویلایەتی ماریلاند، کردەوە.

پوختەیەک لە ژیانی گۆدارد

 • لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دایک بووە.
 • ساڵی ١٩٠٨ز، لە زانستگەی (کلارک) وانەی فیزیای خوێندووە.
 • لە ساڵی ١٩١٥ز، چەندان تاقیکردنەوەی لە چۆنیەتیی ھەڵدانی مووشەک بۆ ئاسمان کردووە.
 • لە ساڵی ١٩٣٠ز، موشەکێکی تیژڕەو دروست دەکات.


سەرچاوەکان



474 بینین