کشانی گەردوون

له‌لایه‌ن: ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-01-20-00:29:00 - کۆدی بابەت: 1450
کشانی گەردوون

ناوه‌ڕۆك

کشانی گەردوون

کشانی گەردوون یان فراوان بوونی بۆشایی ئاسمان چیە؟
بۆچی بەهۆی ئەم دیاردەیە خۆر و هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر لە یەکتر دوورناکەونەوە؟

کشانی گەدوون بریتیەن لە فراوان بوونی بۆشای ئاسمانی نێوان گەلە ئەستێرەکان، بە گێڕانەوەی کات بەرەو دواوە هەروەکو لە چاودێری کردنەکانی گەردوون لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو دەرکەوتووە کە ئەم کشانە لە ساتی یەکەمی دوای تەقینەوە گەورەکە بەهۆی تەوژمی تەقینەوەکە دەستی پێ کردووە کە گەردوونی لێ دروست بووە، ئەم فراوان بوون و کشانەش تاوەکو ئێستا هەر بەدەوامە، هەروەها دەرکەوتووە بە تێپەڕبوونی کات تاودانی ئەم کشان و فراوان بوونە لە هەڵکشاندایە.

بۆ ئەوەی وێنەیەک لە ئەندێشەی ئێوە دروست بکەم سەبارەت بە فراوان بوونی بۆشایی ئاسمان یان کشانی گەردوون ئەم نموونەیەتان بۆ دێنمەوە:
ئەگەر میزەڵانێک بێنین و هەندێک هەوای تێبکەین، دوایی بە پێنوسێک سەدەها خاڵ لەسەر ڕووەکای نیشان بکەین، کاتێک هەوایی زیاتر لە میزەڵانەکە بکەین خاڵەکان لە یەک کاتدا هەموویان لە یەکتر دوور دەکەونەوە، تا خاڵەکانی سەر میزەڵانەکە لە یەکتر دوور بن زیاتر لە یەکتر دوور دەکەونەوە، گەلە ئەستێرەکانی گەردوونیش بەهەمان شێوەی خاڵەکانی سەر ئەم میزەڵانە بە بەردەوامی لە یەکتر دوور دەکەونەوە، کاتێک ئەم فراوان بوونە دەپێورێت دەردەکەوێت ڕێژە و خێراییەکەی وەکو یەکە لە هەموو شوێنەکان بۆ دووریەکی دیاری کراو،تا دووریەکە زۆرتر بێت خێراییەکەش زۆرتر دەبێت، ئەو خێراییەش بریتیە لە نزیکەی ٦٨ کیلۆمەتر لە چرکەیەکدا بۆ دووری ٣.٣ ملیۆن ساڵی تیشکی، واتە ئەگەر گەلە ئەستێرەیەک ٣٣ ملیۆن ساڵی تیشکی دووربێت خێرایی فراوان بوونی بۆشایی ئاسمان نێوان ئێمە و ئەو گەلە ئەستێرەیە بریتیە لە ٦٨٠ کیلۆمەتر لە چرکەیەک.
ئەم پێوانەیە پێمان دەڵێت ئەگەر گەلە ئەستێرەیەک هەبێت لە دووری ١٤.٦ ملیار ساڵی تیشکی یان زیاتر ئەوا بە خێراییەک دووردەکەوێتەوە لە ئێمە کە یەکسانە بە خێرای تیشک یان زیاتر، واتە مەحاڵە بتوانین ئەو گەلە ئەستێرانە ببینین کە دوورترن لە ١٤.٦ ملیار ساڵی تیشکی چونکە هەرگیز تیشکی دەرچوو لەو گەلە ئەستێرانە بە ئێمە ناگات.

لەگەڵ ئەوەی بە پێی دۆزینەوەکان تەمەنی گەردوون ١٣.٧ ملیار ساڵە بەڵام لە داهاتوودا دوای ئەوەی گەردوون فراوانتر دەبێت، ئەو تیشکانەی کە لە دووری زیاتر لە ١٤.٦ ملیار ساڵی تیشکیەوە دێن ناتوانرێت ببینرێن یان چاودێری بکرێن، لەبەر ئەم هۆکارە هەرگیز لەوانەیە قەبارەی ڕاستەقینەی گەردوونمان بۆ ڕوون نەبێتەوە، هەروەها هەرگیز ناتوانین بزانین یان ببینین چی لە دەرەوەی سنوری گەردوون هەیە.

لە هەمان کاتدا هێزی کێشکردن ئەگەر تا ڕادەیەک زۆر بێت بەر ئەنجامەکانی زاڵ دەبێت بەسەر هێزی کشان و فراوان بوونی گەردوون، بۆ نمونە نێوان گەلە ئەستێرە نزیکەکان وەکو ڕێی کاکێشان و ئەندرۆمیدا کە بە هۆی کاریگەری هێزی کێشکردنی نێوانیان بەرەو یەکتر دێن و لە یەکتر نزیک دەبنەوە لە جیاتی دوورکەوتنەوە لە یەکتر.
هەروەها لە ناو کۆمەڵەی خۆر کە هۆی زۆری هێزی کێشکردن لە نێوان خۆر و هەسارەکان دیاردەی فراوان بوونی بۆشایی ئاسمان لە نێوان تەنەکانی ناو کۆمەڵەی خۆر هیچ هەستی پێ ناکرێت.

دیاردەی کشانی گەردوون لەسەر دەستی فیزیاناسانی ئەمەریکی (ئێدوین هابڵ) لە ساڵی ١٩٢٩ دۆزرایەوە، ئەمە بە یەکێک لە گەرەترین دۆزینەوە دادەنرێت لە بواری گەردوون ناسی، ئەم دۆزینەوەیە تێگەیشتنی مرۆڤی بە تەواوی گۆڕی سەبارەت بە گەردوون.

گەردوون ناسان ئێستا بە شەیداییەوە چاوەڕێی جێگیر کردنی تەلەسکۆپی (جێمس وێب) دەکەن کە ئاژانسی ناسا لە بەرنامەیدایە لە ساڵی ٢٠١٩ هەڵی بدات بۆ بۆشایی ئاسمان لە خولگەیەک کە دووریەکەی پتر لە سێ ئەوەندەی دووری مانگ دەبێت لە گۆی زەوی، تەلەسکۆپی جێمس وێب پتر لە ١٠٠ جار بەهێزتر و هەستیار ترە لە تەلەسکۆپی هابڵ، نوێترین تەکنەلۆژیا بەکارهێنراوە لە دروستکردنی، چاوەڕوان دەکرێت (جێمس وێب) وەڵامی گەلێک لەو پرسیارانە بداتەوە کە تەلەسکۆپی هابڵ ووروژاندی، بە تایبەتی دەبارەی سنوری گەردوون، هەروەها دۆخی گەردوون لە دوای تەقینەوە گەورەکە.


سەرچاوەکان

52 بینین