هەڵبژاردنی ناوێکی خراپ و بێ واتا بۆ منداڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-12:14:00 - کۆدی بابەت: 1967
هەڵبژاردنی ناوێکی خراپ و بێ واتا بۆ منداڵ

ناوه‌ڕۆك

هەڵبژاردنی ناوێکی خراپ و بێ واتا بۆ منداڵ

ناو بۆ هەر کەسێک، دەبێتە ناسنامە و شوناس، بۆەی ئەرکی دایک و باوکەکانە ناوێکی خۆش و جوان و واتادار بۆ منداڵ هەڵبژێرن، ئەڵبەتە ئەم کارە بۆ دایک و باوکی منداڵ دەبێتە ئەرک، بەڵام بۆ خودی منداڵەکە دەبێتە ماف، چونکە منداڵ مافی خۆیەتی ناوێکی خۆش و جوان و واتاداری هەبێت و لە ئایندەدا شانازیی پێوە بکات و نەبێتە هۆکارێک بۆئەوەی لە ناو هاوڕێ و دۆست و خزم و کەسەکانیدا لەکەدار بێت و هەست بە شەرمەزاری بکات.
بەداخەوە هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان دەیکەن، هەڵبژاردنی ناوێکی ناخۆش و ڕەشبین و بێ واتایە بۆ منداڵ، لە سەرەتای لەدایک بوونیدا، وەک ناوی نەزان، خەمبار، بێوار، چیچۆ، مشکۆ، جگەرخوێن، دڵبرین، کۆڤان، و جەنگی و شەڤین و نەشاد و ... تاد.

ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:  

  • ناوشیاری و بێئاگایی.
  • نەزانین و کەم ئەزموونی.
  • خەمساردی و بێباکی.
  • چاولێگەری و لاساییکردنەوەی ئەوانی دیکە.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی و ... تاد.
  • خۆسەپاندن و تاکڕەوی.
  • ئاشنا نەبوون بە مافەکانی منداڵ.
  • پێشێلکردنی مافەکانی منداڵ.

ئەڵبەتە هەڵبژاردنی ناوێکی ناخۆش بەهەر پاساوێک بێت، هەڵەیەکی کوشندەیە، دەبێ دایکان و باوکان خۆیان لە ئەنجامدانی ئەو هەڵەیە بپارێزن چونکە بە بەڵگەی زانستی سەلمێندراوە کە ناوی ناخۆش و بێ واتا و ناشرین، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر دڵ و دەروون و کەسایەتی منداڵ دروست دەکات، بە تایبەتی لە ناو ڕەفیق و هەڤاڵانیدا، هەر لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەوە بگرە، تا کۆڵان و شوێنە گشتییەکان و گۆڕەپانەکانی یاری و ناو کۆڕ و کۆبوونەوە و خەڵک و کۆمەڵگە و ...تاد، گرنگترین ئەو زیان و کاریگەرییە نەرێنییانەش لە چەند خاڵێکدا چڕ دەکەینەوە:

  • منداڵ هەست بە نائاسوودەیی دەروونی دەکات.
  • شەرم لە ناوی خۆی دەکاتەوە.
  • بڕوا و متمانەی بە خۆی نابێت.
  • مرۆڤێکی ڕەشبین دەبێت.
  • خەڵک و کۆمەڵگە بە گشتی، بە چاوێکی سووک سەیری دەکەن.
  • زۆرجار ڕق و قینە دروست دەکات.
  • هاندەرێکە بۆ کاری خراپ.
  • هۆکاریکی بۆ گۆشەگیری و دوورەپەرێزی.
  • فاکتەرێکە بۆ تووڕەیی و هەڵچوون.
  • هەست بە کەموکوڕی دەکات.
  • کەسێکی ورە ڕووخاو دەردەچێت.
  • بە هەستیارییەوە دەڕوانێتە قسەی ڕەفیقەکانی و خەڵک.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

پێویستە باوان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن و ئەم مافە ڕەوایە، کە مافی (ناولێنان)ـە و، خودای دلۆڤان بە منداڵی بەخشیوە، پێشێلی نەکەن و ناوێک لە منداڵ بنێن، کە لە ئایندەدا سەری پێ بەرز بێتەوە و نەبێتە لەکەیەکی ڕەش بە نێوچەوانی خۆی و دایک و باوکییەوە، چونکە ناوی خۆش و واتادار ئەم سوود و قازانجانەی بۆ منداڵ هەیە:

  • منداڵ شانازی بە ناوی خۆیەوە دەکات و لە ناو هەڤاڵ و هاوڕێکانیدا سەری بەرزە.
  • کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ناخ و دەروونی جێدێڵێت.
  • ڕووبەری گاڵتەپێکردن نابێتەوە.
  • بەهۆی ناوەکەیەوە دوورەپەرێز و گۆشەگیر نابێت.
  • کەسێکی هەستیار نابێت و سینەفراوان دەبێت.
  • کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی منداڵ و دایکان و باوکان جێدێڵێت.
  • کەسیکی گەشبین و خۆشبین دەبێت.


سەرچاوەکان



1082 بینین