بەرگری لە منداڵ زیاد لە سنووری پێویستی خۆی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-09-02:01:00 - کۆدی بابەت: 2113
بەرگری لە منداڵ زیاد لە سنووری پێویستی خۆی

ناوه‌ڕۆك

زیاد لە سنوور بەرگری کردن لە منداڵ

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکانی دەمارگیر ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە زیاد لە حەد بەرگری کردن لە منداڵ، واتە هەندێ دایک و باوک، بێ ئەندازە بەرگری لە منداڵەکانیان دەکەن، تەنانەت ئەگەر منداڵەکانیان لەسەر هەقیش نەبن یاخود هەڵەشیان ئەنجام دەبێت یان بە هەڵەشدا چووبن و تێوەگلابن، ئەوان وەک پارێزەرێک بەرگری لە منداڵەکانیان دەکەن، ئەمەش بۆ جەند هۆکارێکی جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • ئەم جۆرە دایک و باوکانە کەسانی بیرتەسک و دەمارگیرن، بۆیە هەمیشە منداڵی خۆیان پێ ڕاستترە لە منداڵی خەڵکی، تەنانەت ئەگەر منداڵی خەڵکی ڕاست و هەقیش بێت!
  • ئەم جۆرە دایک و باوکانە، کورتبین و ناواقع بینن، بە باشی بیر لە بەرژەوەندی منداڵ ناکەنەوە.
  • ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری ئەم جۆرە دایک و باوکانە نزمە.
  • لە خێزانێکی داخراودا گەورەبوون و ئینتیمایەکی بەهێزیان بۆ ئەندامانی خیزان هەیە.
  • زوو زوو بڕیار لەسەر کێشە و گرفتەکان دەدەن، پێش ئەوەی ڕاستییەکان بزانن.
  • منداڵەکانی خۆیان بە ناز پەروەردەکردووە.
  • ئەوەی بۆ خۆیان خۆش دەوێت، بۆ ئەوانی دیکە خۆش ناوێت.
  • ئاشنا نین بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • ئارام و دان بەخۆداگر نین و زوو زوو هەڵدەچن.
  • کێشە و گرفتی خێزانییان هەیە.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

ئەگەر ئەم جۆرە دایک و باوکانە لەسەر ئەو ڕێڕەوە بەردەوام بن و هەڵەی خۆیان ڕاست نەکەنەوە، زیانێکی زۆر بە منداڵەکانیان دەگەیەنن، کە لەم چەند خاڵەدا چڕ دەکەینەوە:

  • منداڵ وا هەست دەکات هەمیشە لەسەر هەق و ڕاستییە، ئەمەش ڕووبەڕووی کێشە و گرفتێکی زۆری دەکاتەوە و ناتوانێ ئەم بارە قورسە هەڵگرێ.
  • منداڵ ناتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێ و هەمیشە چاوی لە دایک و باوکی، یان ئەم و ئەو دەبێت، بۆ ئەوەی بێن بەرگری لێ بکەن.
  • منداڵ دەبێتە کەسیکی سەرەڕۆ و لاسار و پڕدەداتە ئەم و ئەو.
  • منداڵ ناتوانێ خۆی لەگەڵ هاوڕێ و هاوسێ و دەوروبەر و خەڵکدا بگونجێنێ، بە پێچەوانەوە هەمیشە لەگەڵیاندا لە بگرە و بەردە و کێشمەکێشمدا دەبێت.
  • منداڵ لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێت.
  • منداڵ دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز.
  • دایک و  باوک هەمیشە بە دەست کێشەی ئەم جۆرە منداڵانەوە دەناڵێنن و قوربانییەکی زۆری ماددی و مەعنەوی دەدەن.
  • کۆمەڵگە، لە بوونی ئەم جۆرە کەسە لاسار و سەرەڕۆیان زیانمەند دەبێت و ناتوانێ سوود لە توانا و بەهرەکانیان وەربگرێت و بخاتە ڕاژەی خۆیەوە.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایکان و باوکان بێ ئەندازە و زیاد لە پێویست بەرگری لە منداڵەکانیان نەکەن و ئەم کارە بەسەریاندا نەشكێتەوە و زیان بە بەرژەوەندی خۆیان و منداڵەکانیان نەگەیەنێت، پێویستە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • نابێ کەسانی بیرتەسک و دەمارگیر بن.
  • نابێ منداڵەکانیان بە ناز پەروەردە بکەن.
  • نابێ زوو قەزاوەت بکەن و زوو بڕیار بدەن، تا ڕاستی و ناڕاستی لێک جیا بکەنەوە.
  • دەبێ ئاشنا بن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • دەبێ لە کاتی پێویست سەردانی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بکەن.
  • نابێ منداڵەکانیان بەڕەڵا بکەن.
  • دەبێ ڕۆژانە چاودێر بن بەسەر کاری منداڵەکانیانەوە.
  • دەبێ بە هەڵەی منداڵ بڵێن هەڵە، بۆ ئەوەی لەو سنوورە بوەستێت و دووبارە و چەندبارەی نەکەنەوە.
  • نابێ دایک و باوک بە شێوەیەکی کوێرانە بەرگری لە هەڵەی منداڵ بکەن.
  • لە کاتی ئەنجامدانی کاری خراپ و ناشیاو، نابێ منداڵ لە لایەن دایک و باوکییەوە پاڵپشتی و پشتیوانی بکرێت.
  • دەبێ سینە فراوان و ئارامگر و دانبەخۆداگر بن.
  • دەبێ پێش ڕووداوەکان نەکەون و بە شێوەیەکی زانستییانە و بابەتیانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
  • دەبێ خۆیان لە کێشە و بەربەرەکانێ و ململانێ بپارێزن.
  • دەبێ هەمیشە بەشێک بن لە چارەسەر، بەشێک نەبن لە كێشە.
  •  


سەرچاوەکان



645 بینین