ڕووگرژی دایک و باوک لە ماڵەوە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-10-19:49:00 - کۆدی بابەت: 2132
ڕووگرژی دایک و باوک لە ماڵەوە

ناوه‌ڕۆك

تووڕەیی و ڕووگرژی دایک و باوک لە ماڵەوە

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایک و باوکان، دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە تووڕەیی و ڕووگرژی دایک و باوک لە ماڵەوە، ئەو تووڕەیی و ڕووگرژییەی دایک و باوکیش لە ماڵەوە بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • دایک و باوک لە ناو ژینگەیەکی ناتەندروست و پڕ لە تەنگژە و بگرە و بەردە و کێشە پەروەردە کراون.
  • هەبوونی ناکۆکی و بگرە و بەردە و دەمەقاڵی لە نێوان دایک و باوکی منداڵ.
  • جیاوازی و ناهاوسەنگی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوکەکان.
  • نەبوونی و هەژاری و هەبوونی کێشەی دارایی و باری سەختی ژیان!
  • دەستوەردانی کەسوکاری ئەو جۆرە دایک و باوکانە لە کاروباری ژیانی تایبەتی ئەوان.
  • خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی.
  • بێباکی و کەمتەرخەمی.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
  • پێکنەهێنانی پڕۆسەی هاوسەرگیری لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی و لێکتێگەیشتن و یەکتری خۆشویستن.
  • نادیدە گرتنی ماف و بەرژەوەندییەکانی منداڵ و ئەندامانی دیکەی خێزان.
  • هەبوونی نەخۆشی جەستەیی و دەروونی  و بۆماوەیی.
  • نزمی ئاستی ڕۆشنبیری دایک و باوک.

زیانەکانی ئەم هەڵەیە

ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوکەکان بەردەوام لە ماڵەوە تووڕە و ڕووگرژ بن و هیچ کاتێ خەندە و بزە لەسەر لێوەکانیان نەبینرێت، نەک هەر خۆیان، بگرە منداڵەکانیشیان زەرەرمەند دەبن، کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن؛

  • ئەو ماڵە هەمیشە پڕ کێشە و پێکدادان دەبێت.
  • خۆشەویستی و سۆز و ڤیان لە نێوان دایک و باوک و منداڵەکانیان نامێنێت.
  • هەموو ئەندامەکانی خێزانی هەست بە بێزاری دەکەن.
  • ژیان لەو ماڵەدا دەبێت بە ژان.
  • منداڵ، هەست بە نیگەرانی و دڵتەنگی دەکات و حەز ناکات بێتەوە ماڵەوە، بۆیە زۆربەی کاتەکانی خۆی لەگەڵ هاوڕێ و دۆستانیدا بەسەر دەبات و زۆرجار دووچاری لاساری و سەرپێچی و کاری خراپ دەبێت
  • دایک وباوکەکان کۆنترۆڵیان بەسەر منداڵەکانیان نامێنێت، چونکە وتراوە: (باشترین دەسەڵات، ئەو دەسەڵاتەیە کە مرۆڤ بەسەر دڵەکاندا زاڵ بێت، نەک جەستەکاندا).
  • ئەندامانی خێزان دووچاری چەندین نەخۆشی دەبن، وەک: دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و بێئومێدی و ڕەشبینی و ...تاد.
  • کارەکانی خێزان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەڕێوە ناچن و جۆرە فەوزایەک تێیدا بەرپا دەبێت.
  • کێشەکان قووڵ دەبنەوە و لەسەر یەکتری کەڵەکە دەبن، تا سەردەکێشێ بۆ جیابوونەوە و ماڵجیایی دایک و باوک لە لایەک و، دایک و باوک و منداڵەکانیان لە لایەکی دیکەوە.
  • لە لایەنی خەڵکانی دیکەوە دەست لە کاروباریان وەردەدرێت.
  • تەبایی و یەکڕیزی و هاوسەنگی نێوان ئەندامانی ئەو ماڵە تێکدەچێت.
  • منداڵ لە زۆر ماف بێبەش دەبێت.
  • منداڵ دووچاری لادان و لاساری و یاخیبوون دەبێت.
  • خەڵک وەک پێویست هاموشۆی ئەو جۆرە ماڵ و خیزانانە ناکات! چونکە حەزی لە دەم و چاوی ڕووگرژ نییە! بۆیە دووچاری دابڕان و گۆشەگیری دەبن.
  • ئەو جۆرە ماڵانە، لە هاوکاری و یارمەتیی خەڵک بێبەش دەبن.
  • ڕووگرژی و تووڕەیی دایک و باوک، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هەست و سۆز و دەروونی منداڵ جێدێڵێ، بە تایبەتی لە ئایندەدا، وا دەکات منداڵ ببێتە کەسێکی تووڕە و ڕووگرژ و هەڵچوو و ناتوانێ وەک پێویستی خۆی لەگەڵ خەڵک و واقع بگونجێنێ و تووشی پێکدادان و بەریەککەوتن دەبێت.
  • تووڕیی و ڕووگرژی دەبنە سەرچاوەی سەرەکی زۆرێک لە کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان.

چارەسەری ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی خێزان لە کەش و هەوایەکی لەباردا ژیانی خۆی بگوزەرێنێت و هەمووان، بە تایبەتی مندال تێیدا هەست بە خۆشی و دڵئاسوودەیی بکات، دەبێ دایک و باوکەکان ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

  • پێویستە پەیوەندییەکانی دایک و باوک و منداڵ لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی و یەکتر قبووڵکردن و هاوکاری و هەماهەنگی دامەزرابێت.
  • پێویستە دایک و باوک هەمیشە ڕووخۆش و کراوە بن، بە تایبەتی بە ڕووی منداڵەکانیان و خەڵکیدا.
  • دەبێ ناکۆکییەکانی دایک و باوک، نەبن بە هۆکارێک بۆ لەباربردنی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی و دڵنیایی ئەندامانی دیکەی خێزان.
  • پێویستە کێشە کەسۆکییەکان لە ناو ژیانی خێزاندا ڕەنگ نەداتەوە، واتە، تێکەڵ بە ژیانی خێزان نەکرێت.
  • پێویستە کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی نەهێڵنەوە، بۆ ئەوەی چارەسەرکردنیان ئاسان بێت.
  • دەبێ دایک و باوک درک بەو ڕاستییە بکەن کە تووڕەیی و ڕووگرژی لە ناو خێزاندا، دەبێتە هۆی لەباربردنی هەنگوینی شیرینی خۆشەویستی!
  • بۆ ڕێگرتن لە سەرهەڵدانی نەخۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان، دەبێت دایک و باوک و ئەندامانی دیکەی خێزان، لەو گوفتار و ڕەفتار و هەڵسوکەوت و کردارانە دوورکەونوە، کە دەبنە هۆی تووڕەیی و سەرهەڵدانی تەنگژەی خێزانی.
  • دایک و باوک بەرپرسن لە دابینکردنی بەختەوەری و ئاسوودەیی دەروونی منداڵەکانیان، بۆیە دەبێ هەموو ئەو ڕێکار و هۆکارانە بگرنە بەر کە دەبنە هۆی کامەرانی و بەختەوەری خێزان.
  • خێزان پێوستی بە کەش و هەوایەکی ئارام و لەبار هەیە بۆ ئەوەی بەها بەرزەکانی وەک: خۆشەویستی و هاوکاری و هەرەوەزی و تەبایی و یەکڕیزی و هەماهەنگی و ئەمانەتداری و دڵسۆزی و وەفاداری و دڵپاکی و نیازپاکی و متمانە تێیدا گەشە بکات و جوانی بە ڤیان و ژیان ببەخشێت!
  •  


سەرچاوەکان



714 بینین