جوگرافیای دەشتەكانی كوردستان

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-14-01:19:00 - کۆدی بابەت: 2236
جوگرافیای دەشتەكانی كوردستان

ناوه‌ڕۆك

جوگرافیای دەشتەکانی کوردستان

دەشتەکانی کوردستان وەکو سەلمێندراون، بە زۆری لە پێچاوپێچی چەماوە پێک هاتوون، هەندێکیشیان وەکوو بیری لێ دەکریتەوە، هەر لە بنەڕەتدا دۆڵ بوون، لە پاشاندا بەرە بەرە بە مەتریاڵی نیشتووی ڕووبارەکان پڕ بوونەتەوە.
ڕێژەی دەشتاییەکان بە لە ١٥٪ی گشت ڕووبەری خاکی کوردستان دادەنرێت. هەندێ لەو دەشتاییانەی کوردستان ئەمانەن:

ئەمیر ئاباد

ڕووبەرەکەی بە دەیان کچک دەبێ و دەکەوێتە نێوچەی کامێرانەوە. تێکڕای بەرزایی لە ڕووی زەریاوە، ١٦٠٠ مەتر دەبێت. ڕووباری ئەمیر ئابادی بە نێودا تێپەڕ دەبێت و تەنیا ڕووباریشە کە بە درێژایی ساڵ وشک ناکات، ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەک لە شیو و دۆڵی تێدەکەوێ، کە بە زستانان و بەهاران ئاویان تێدا ڕادەوەستێ.

ئیغدیر

یەکێکە لە دەشتە بەپیت و بڕشتەکانی کوردستان، بەرزاییەکەی لە ڕۆژهەڵاتەوە لە نێوان ٧٠٠-٨٠٠ مەتر دەبێت. ئەم بەرزاییە زیاد دەکات، هەتا بەرەو ڕۆژئاوا بڕۆین، تا دەگاتە ١٢٠٠ مەتر لە ڕووی زەریاوە.

بیجاڕ

تێکڕای بەرزایی دەشتی بیجاڕ، لەسەر ئاستی زەریا لە دەورووبەری ١٧٥٠ مەتر دایە. ڕووبەرەکەی دەکاتە ١٤ کچگ.

تاڵ

دەکەوێتە نێوچەی بانەوە. بەرزاییەکەی لە ڕووی زەریاوە، لە نێوان ١٤٠٠ - ١٤٥٠ مەتردایە، ڕووبەرەکەی چەندیک کچگ دەبێ.

جیزرە

سنووری ئەم دەشتە، بە شێوەیەکی گشتی، لە باکوورەوە بەرەو باشوورە. بەرزاییەکەی لە ڕووی زەریاوە ٣٥٠ مەترە. سەمتی جزیرە لە نێوچەی دەریک لە باکووری ڕۆژهەڵات بەرەو باکووری ڕۆژئاوایە، بە نیشانەی ئەوەی کە ئاوەکانی نێوچەی دەریک، ڕوو لە ڕووباری خابور دەکەن. سەمتی ئەم دەشتە، لە نێوچەی ماردین و قەرەچوغ لە باکووری ڕۆژئاوا، بەرەو باشووری ڕۆژهەڵاتە، بەڵگەش بۆ ئەمە، ڕووبارەکان بەرەو ڕووباری دیجلە دەڕوات.

حەویجە

دەشتێکی فراوانە و دەکەوێتە نێوان زێی گەورە و ئاوی سیروان. لێژاییەکەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو باشووری ڕۆژئاوایە، واتا بەرەو ڕووباری زەغەیتون دەڕوا.
خاکەکەی لە قوڕ پێک هاتووە.

ڕانیە

لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا درێژ دەبێتەوە، درێژاییەکەی ٣٠ کم دەبێت. ڕووبەرەکەی لە نێوان ٢٠ - ٣٠ کچگ دایە. ڕووباری سیروان بە ناویدا تێپەڕ دەبێت و دەیکات بە دوو بەشەوە. بەشی ڕۆژهەڵاتی بە دەشتی پشدەر بەناوبانگە، بەشەکەی ڕۆژئاواشی بە دەشتی بتوێن ناودەبرێ، بەرزایی دەشتی ڕانییە، بە شێوەیەکی گشتی، لە نێوان ٥٠٠ - ٦٠٠ مەتردایە.

شەنگار

ئەم دەشتە لە ئەستێڵکێکی گەورە پێک هاتووە. ڕووی زەوییەکەی لەبەر پرۆسێسی ڕووتاندنەوەی زەوی، هەمووی دادراوە. دەشتی شەنگار لەگەڵ چیای شەنگار، بەرەو نێوچەی دەریک درێژ دەبێتەوە. ڕووبەرەکەی لە دەوروبەری ١٨٠ کچگ دایە. لە نێو ئەم دەشتەدا، کۆمەڵێ شیو هەن، کۆمەڵێ چەمیشی پێدا تێپەڕ دەبێت، کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات درێژ دەبنەوە، هەمووشیان دەڕژێنە ڕووباری دیجلەوە.

ساحب 

دەکەوێتە نێوچەی سەقزەوە، ڕووبەرەکەی لە نێوان ٣٠٠ - ٤٠٠ هێکتار دایە. لەم دەشتەدا، چەندین جۆر دەغڵ و دانی لێ دەچێندرێ، بە تایبەتی گەنم و جۆ.

سلێمانی

درێژاییەکەی لە دەورووبەری ٦٥ کم دایە. پاناییەکەی لە نزیک شاری سلێمانییەوە، ١٥ کم دەبێ. بڵندی لە ڕووی زەریاوە، بە سەدان مەتر دەبێت. لای باشووری نزمە و زەلکاوییە. ڕووباری تانجەڕۆ لەگەڵ چەندین ڕووباری دیکەدا، بە نێو ئەم دەشتەدا تێدەپەڕن، دەشتی سلێمانی لەگەڵ دەشتی شارەزوور، پێک دەگەنەوە.

سندی

پانایی دەشتی سندی (زاخۆ)، لە دەورووبەری ٦ کم دایە. درێژاییەکەی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا ٦٠ کم دەبێت. تێکڕای بەرزایی لە ڕووی زەریاوە، لە نێوان ٤٠٠-٦٠٠ مەتردایە، چیای بەرواری باڵا (مەتینە)، دەکەوێتە  باکووری و چیای بەرواری درێژیش (گارە)، لە باشووریەوە هەڵ کەوتووە. ڕووباری خابور ئەم دەشتە ئاو دەدات.

شارەزوور

چیای چوارتا لە باکووری دەشتی شارەزوور هەڵکەوتووە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە چیای هەورامان دەورە دراوە، لە باشوورەوە چیای باڵامبۆ هەیە، درێژاییەکەی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، نزیکەی ٤٥کم دەبێت. ڕووبەرەکەی لە نێوان ١٥-٢٥ کچگ دەبێت. تێکڕای بەرزایی لە نێوان ٤٥٠-٦٠٠ مەتر دەبێت.
دەشتی شارەزوور، بە بۆچوونی هەنێک لە شآرەزایان، چەماوەیەکی دەرپەڕیوە. بە بڕوای دەستەیەکی دیکەش چەماوەیەکی قوپاوە، کە لە دواتردا پڕ بووە لە مەتیریاڵی ڕووبارەکان. ئەم دەشتە زۆر بەپیت و بڕشتە، چەندین ڕووباری بەنێودا تێپەڕ دەبێت، لە هەموویان گرنگتر ڕووباری تانجەڕۆیە، باشووری ئەم دەشتە، لەبەر نزمی لە زستانان و بەهاراندا، دەبێتە زەلکاو.

شوی

دەکەوێتە نێوچەی بانەوە. ڕووبەرەکەی لە نێوان ١٥٠٠-٣٠٠٠ هێکتاریدایە. بەرزاییەکەی لە ڕووی زەریاوە، لە دەورووبەری ١٤٥٠ مەتردایە، ڕووبارەکانی شوی و نژو، بە نێو ئەم دەشتەدا تێپدەپەڕن و کەڵکی زۆریان بۆ ئاودانی دەغڵ و دانی لێ وەردەگیرێ، وەکوو گەنم و جۆر و چەوەندەر و نۆک و تووتن.

قەراج

لە بەڕەتدا نوشتاوەیەکی قوپاو بووە، لە دواییدا بە زیخ و تەفەڵ پڕ بووەتەوە، کە ئاوەڕۆکان لە بەرزایی چیاکانەوە، لەگەڵ خۆیان هێناویانن، بەرزاییەکەی لە نێوان ١٨٠ مەتر لە ڕووی زەریاوەیە، چەمی شۆڕ بە نێویدا تێپەڕ دەبێت.

کەنینداوە

ئەم دەشتە درێژاییەکەی ٨٠کم و پانتاییەکەی ١٦ کم دەبێت. بەرزاییەکەی لە ڕووی زەریاوە ٢٧٥ مەترە. دەشتی کەندیناوە لە نێوان زورگەزرا و چیای قەرەچوغدا هەڵ کەوتووە. لێژایی لای باکووری ڕۆژئاوای، بەرەو زێێ گەورەیە و ئەوەی لای باشووری ڕۆژئاواشی بەرەو زێی گچکەیە.

کامیاران

بەرزاییەکەی لە ڕووی زەریاوە، خۆی لە ١٤٠٠ مەتر دەدات. ڕووبەرەکەی لە دەوروبەری ١٨ هەزار کچگ دەبێت. دەشتێکی بەپیت و بڕشتە، چەندین جۆر بەرهەمی لێ دەچێندرێ، بە تایبەتی گەنم و جۆ. هەروەها لەوەڕگەیەکی زۆریشی لێ هەیە.

ماردین

ئەم دەشتە لە باشووری شاری ماردین دایە، درێژاییەکەی لە باکوورەوە بۆ باشوور، لە دەوروبەری ٢٥کم دایە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، ٣٠ کم دەبێت. گردی ماردین کە بەرزاییەکەی لە ڕووی زەریاوە، ١٠٠ مەتر دەبێت، کەوتۆتە باکووری ئەم دەشتەوە، بەرزایی دەشتی ماردین لە باکوورەوە ٦٠٠ مەترە و لە ناوەڕاستەوە ٥٠٠ مەترە و لە باشوورەوە ٥٤٠ مەترە.

مەریوان

لە باکووری دەشتی مەریوان، پشتە چیاکانی پشت شەهیدان هەڵکەوتووە، لە باشوور و ڕۆژئاواوە، کێوەکانی وەیسە و میرحاج، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە گردەکانی ڕووباری گارانە. تێکڕآی بەرزایی لە ڕووی زەریاوە، لە نێوان ١٢٦٠ - ١٣٥٠ مەتر دایە.

هەولێر

درێژایی دەشتی هەولێر، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە هەتاکوو باکووری ڕۆژئاوای، لە دەورووبەری ٣٠ کم دایە، پانییەکەشی نزیکەی ٤٢ کم دەبێت. ئەم دەشتە لە بنەڕەتەوە، چەماوەیەکی قوپاو بووە، لە دوایدا بە مەتریاڵی نیشتووی ڕووبارەکان پڕ بۆتەوە، کە لەگەڵ خۆیان ڕایانداوە. ڕووبەرەکەی بەرز و نزم هەڵکەوتووە و چەندین دۆڵی تێدایە، کە لەو ڕێگایانەوە، ئاوەکەی دەڕژێتە نێو زێێ گچکە و گەورەوە.
بەرزاییەکەی لە ڕووی زەریاوە، لە لای ڕۆژهەڵاتییەوە خۆی ل ە٤٦٠ مەتر دەدات، لە هەندێ شوێنیشدا بۆ ٥٥٠ مەتر بەرز دەبێتەوە، بەڵام بەرزایی ڕۆژئاوای لە ٣٠٠ مەتر زیاتر نابێ، چیای دیدەوان لە ڕۆژئاوای و زوورگەزراو لە باشووری هەڵکەوتوون.

ئۆرفە

ئەم دەشتە دەکەوێتە باشووری شاری ئۆرفەوە، درێژاییەکەی لە باکوورەوە بۆ باشوور، نزیکەی ٥٠کم دەبێت، پاناییەکەی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا ٣٠کم دەبێت. تێکڕای بەرزایی لە ڕووی زەریاوە، لە نێوان ٦٠٠-٧٠٠ مەتردایە. بەڵام لای ڕۆژهەڵاتی لە تێکڕای بەرزیی گشتی کەمێک نزمترە و لە نێوان ٥٠٠-٦٠٠ مەتردایە.
دەشتاییەکانی نێوان بەرزاییەکانی ئەڵوەند لە ڕۆژهەڵات و چیای بیدسورخ و سەحەنە پانایی ئەو دەشتە، نزیکەی ٥٥ کچگ دەبێت. لە باکوورەوە بەرزە، لەبەر ئەوە هاتوچۆی خۆش نییە. بەڵام لای بآسووری بە تەواوی ئاوەڵە و ڕێکە، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە، ڕێگای نێوان قەزای نەهاوەند و تویسرکان بەم لایەدا کێشراوە. ئەم دەشتە بەپیتە و کشتوکاڵی جۆراوجۆری تێدا دەکرێ.

دەشتی نێوان سەحنە و کرماشان

ئەو دەشتە لە بن پای بەرزاییەکانی بید سورخەوە دەست پێ دەکات و بە بەرزاییەکانی نەعلشکن کۆتایی پێ دێت، پانتایی نزیکەی ٩٠ کیلۆمەترە و بەرزاییەکانی پەررۆ و شاهۆ کەوتوونەتە باکوورییەوە. دەشتی ناوبراو بەپیتە و چەندین ڕووباریشی پێدا تێدەپەڕێ، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕووبارەکان قوڵن، ناتوانرێ هەروا بە ئاسانی ئاوەکانیان بگەیەندرێتە ڕۆخی زەوییە کشتوکاڵییەکان، لەبەر ئەوە، ئەم کەرتە ئابوورییە لەو دەشتەدا، زۆر سەرکەوتوو نییە.

دەشتی ماهی دەشت

ڕۆژهەڵاتی ئەم دەشتە بەرزاییەکانی نەعلشکن و ڕۆژئاوای بەرزاییەکانی حەسەن ئاباد و چەهار زەربەر دەریدەیە. پاناییەکەی نزیکەی ٢٥ کیلۆمەتر دەبێت و لە دوو لاوە کراوەیە. لەبەر ئەوەی ئەم دەشتە ئاوی زۆرە و خاکەکەشی بەپیتە، لە نێوچەی کرماشاندا، بە یەکێ لە دەشتە سەرەکییەکانی کشتوکاڵ دادەنرێت.

دەشتاییەکانی ئیسلام ئاباد و کەرەند

ئەم دەشتانە لە ڕۆژهەڵاتەوە بە چیاکانی داڵاهۆ و فەرح دەورەیان گیراوە. دامێنی لایەنەکانی بە دار داپۆشراون و خاکەکەی بۆ کشتوکاڵ بەپیتە. دەشتی ئیسلام ئاباد، پاناییەکەی نزیکەی ٤٥ هێکتار دەبێت و دەشتی کەرەندیش نزیکەی ١٠ هەزار هێکتارە.

دەشتی نێوان بەرزاییەکانی پاناق و خەسەروی

پانایی ئەم دەشتە، لە نێوان ٢٠-٧٠ کیلۆمەتردایە، بەرزاییەکەی لە ڕووی زەریاوە کەمە و ئاووهەواشی گەرمە.


سەرچاوەکان

218 بینین