ئارام گرتن لەسەر مردنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-25-11:03:00 - کۆدی بابەت: 2640
ئارام گرتن لەسەر مردنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ئارام گرتن لەسەر مردنی منداڵ

لەکاتێکدا مسوڵمان دەگاتە پلە و پایەیەکی بەرز لە ئیمان و، یەقین بەدەست دێنێ و، بەڕاستی بڕوای بە قەزا و قەدەری خوای گەورە بە چاک و خراپییەوە، ڕووداوەکانی بەلاوە بچوک دەبن و بەڵا و ناخۆشیەکانی لەبەرچاو ئاسان دەبێت، خۆی تەسلیمی خوا دەکات، لە هەموو کار و بارێکدا ملکەچی خوا دەبێ، دەگەڕێتەوە بۆ لای و تەوبە دەکا، دڵی هەست بە حەوانەوە و ئارامی دەکا، زەمیری خۆشحاڵ دەبێ، چونکە ئارامی گرتووە لەسەر بەڵا و ناخۆشیەکان، ڕازی بووە بە بڕیار و فەرمانەکانی خوا، گەردنکەچی قەدەرەکانی پەروەردگاری جیهانیان بووە. لەم بارەیەوە پێغەمبەری خوا (د.خ) هەواڵی ئەوەی داوە کاتێک بەندەیەک منداڵی دەمرێت ئارام بگرێ و، بڵێ: (إنا للە و إنا إلیە راجعون) واتە: هەموومان لای خواوە هاتوین و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە، خوای گەورە دەفەرموێ: کۆشک و تەلارێکی بۆ دروست بکەن لە بەهەشتدا و ناوی بنێن کۆشکی سوپاس گوزاری..
ئەبو موسای ئەشعەری گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (إذا مات ولد العبد، قال الله لملائكته: قبضتم ولد عبدي؟ فيقولون: نعم، فيقول: قبضتم ثمرة فؤاده؟ فيقولون: نعم، فيقول: فماذا قال عبدي؟ فيقولون: حمدك، واسترجع، فيقول الله تعالى: ابنوا لعبدي بيتًا في الجنة، وسموه: بيت الحمد) واتە: کاتێک بەندەیەک منداڵی دەمرێت خوای گەورە بە مەلائیکەکانی دەفەرموێت: ڕۆحی منداڵی بەندەی منتان کێشا؟ ئەڵێن بەڵێ، ئەفەرموێ: گیانی جگەرگۆشەکەیتان کێشا کە بەرهەمی دڵی بوو؟ ئەڵێن: بەڵێ دەفەرموێ: ئەی بەندەکەم چی گوت؟ ئەڵێن: سوپاس و ستایشی خوای کرد و وتی: (إنا للە و إنا إلیە راجعون) هەموومان لای خواوە هاتوین و هەر بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە. خوای گەورە ئەفەرموێ: کۆشک و تەلارێکی بۆ دروست بکەن لە بەهەشتدا و ناوی بنێن کۆشکی سوپاس گوزاری.
ئەم ئارامی و خۆڕاگریە بەرهەمی زۆری هەیە، ئەو کەسەی بە ڕاستی خۆڕاگرە بەرهەمەکە دەچنێتەوە، لە ڕۆژێکدا کە ماڵ و سامان و منداڵ و نەوە هیچ سود ناگەیەنن.
لە بەرهەمەکانی ڕێگای چوونە بەهەشتەوە، بەربەستە لە ئاگری دۆزەخ.. ئەبو سەعیدی خودری گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا جارێکیان بە ئافرەتان فەرموو: (مَا مِنْكُنَّ امْرَأَةٌ تُقَدِّمُ بَيْنَ يَدَيْهَا مِنْ وَلَدِهَا ثَلاَثَةً إِلاَّ كَانَ لَهَا حِجَابًا مِنْ النَّار فقالت امرأة د\و اثنان؟ فقال رسول اللە صلی اللە علیە وسلم و اثنان)
واتە: هەر ئافرەتێک لە ئێوە سێ منداڵی بمرێ، ئەبنە بەربەست و پەرژین بۆی و ئەیپارێزن لە ئاگری دۆزەخ. ئافرەتێ وتی: ئەی ئەگەر دوان بن؟ فەرمووی: با دوانیش بن.
جابر گێڕایەوە و فەرمووی: بیستم لە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمووی: (من مات لە ثلاثة من الولد دخل الجنة قال قلنا یا رسول اللە و اثنان قال و اثنان) واتە: هەر مسوڵمانێک سێ منداڵی بمرێ ئارام بگرێ لەسەریان ئەچێتە بەهەشتەوە، وتی: ئەی پێغەمبەری خوا! ئەی ئەگەر دوان بن، فەرمووی: با دوانیش بن. یەکێک لە ڕاویەکان بە جابری وت: ئەگەر بتان گوتایە یەکێکیش، ئەیفەرموو: با یەکێکیش بێ، جابر وتی: منیش وای بۆ دەچم.
خۆڕاگری لەسەر مردنی منداڵ دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو منداڵە تکا بکات بۆ دایک و باوکی لە قیامەتدا، حەبیبە لای عائیشە بوو ڕەزای خوایان لێ بێ پێغەمبەری خوا (د.خ) هاتە ژوورەوە بۆلایان فەرمووی: (ما من مسلمين يموت لهما ثلاثة من الولد لم يبلغوا الحنث إلا أدخلهما الله بفضل رحمە إیاهم الجنة قال یقال لهم ادخلوا الجنة فیقولون حتی یدخل اباؤنا فیقال ادخلوا الجنة أنتم و اباؤکم) واتە: هەر مسوڵمانێک سێ منداڵی بمرێ نەگەیشتبنە تەمەنی باڵغ بوون و تەکلیفیان لەسەر نەبێ، لە ڕۆژی قیامەتدا ئەیانهێنن لە بەردەم دەرگای بەهەشتدا ئەیان وەستێنن و پێیان دەڵێن: بچنە بەهەشتەوە، ئەڵێن: ناچین تا دایک و باوکمان لەگەڵمان نەیەن. پێیان ئەڵێن: بچنە بەهەشتەوە خۆتان و دایک و باوکتان.
ئیمام موسلیم لە ئەبو حەسانەوە ڕەزای خوای لێ بێ دەیگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: دوو کوڕی من وەفاتیان کرد ئەوە بوو منیش بە ئەبو هورەیرەم گوت: هیچ فەرموودەیەکت بیستووە لە پێغەمبەرەوە (د.خ) لەبارەی منداڵ مردنەوە تا دڵمان لەبارەی مردووەکانمانەوە خۆش ببێ؟ فەرمووی: بەڵێ: (صِغَارُهُمْ دَعَامِيصُ الْجَنَّةِ يَتَلَقَّى أَحَدُهُمْ أَبَاهُ  أَوْ قَالَ أَبَوَيْهِ، فَيَأْخُذُ ببناحیة ثَوْبِهِ  أَوْ بِيَدِهِ، كَمَا آخُذُ أَنَا بِصَنِفَةِ ثَوْبِكَ هَذَا، فَلَا يَفارقە حتی  يُدْخِلَهُ اللهُ وَأَبَاهُ الْجَنَّةَ) واتە: منداڵە بچوکەکانتان دەبن بە پەروانەی بەهەشت، یەکێکیان دەگات بە باوک و دایکی و پۆشاکەکەیان یان دەستیان دەگرن، وەک چۆن من پۆشاکەکەت تۆ دەگرم، ئەو منداڵانە لە دایک و باوکیان جیا نابنەوە، هەتا خوای گەورە هەموویان دەخاتە بەهەشتەوە.
یەکێ لەو هەڵوێستە مەردانە و ئیمانیانەی کە ئافرەتانی هاوەڵان ڕەزای خوای لێبێ بێ نواندویانە بەڵگەیە لەسەر خۆڕاگری و ڕازی بوون و ئیمانداری لەکاتی مردنی منداڵدا، هەڵوێستە جوامێرەکەی ئوم سولەیمە ڕەزای خوای لێ بێ کە ئەنەسی کوڕی مالیک ڕەزای خوای لێ بێ فەرمووی: ئەبو تەڵحە کوڕێکی هەبوو زۆرنەخۆش بوو، ئەبو تەڵحە لە ماڵ دەرچوو لەپاش دەرچوونی کوڕەکە مرد، کاتێ گەڕایەوە وتی: کوڕەکەمان چۆنە؟ ئوم سولەیمە گوتی" زۆر باشە و ئارامە مەبەستی ئەوە بوو مردووە، بەڵام ئەو وا تێگەیشت کە چاک بووەتەوە و خەوتووە، نانی بۆ ئامادەکرد و تێری خوارد، خۆی بۆ ڕازاندەوە لە جاران چاکتر، ئەویش جوتبوو لەگەڵی، کاتێک ئوم سولەیمە سەیری کرد تێری خوارد و کاری جووت بوونی ئەنجامدا پێی وت: ئەی ئەبو تەڵحە ئەگەر یەکێ ئەمانەتی لای تۆ دابنێ پاشان داوای بکاتەوە تۆ ڕێگری لێ دەکەیت؟ وتی نەخێر، وتی: دەی ئارام بگرە منداڵەکەت مردووە بچۆ ئەسپەردەی بکە و بیشارەوە، داوای پاداشت لەخوا گەورە بکە، ئەبو تەڵحە زویر بوو وتی: هەواڵت پێ نەدام تا لەشم قورس بوو، لە ماڵ دەرچوو ڕۆشت بۆ لای پێغەمبەری خوا (د.خ) هەواڵەکەی بۆ گێڕایەوە، ئویش فەرمووی: (أعرستم اللیلة) ئەمشەوتان کرد بە شایی و زەماوەند؟، ئەبو توڵحە وتی بەڵێ، پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمووی: (بارک اللە لیلتکما) خوایە فەڕ و بەرەکەتی خۆتیان بۆ بنێری، ئوم سولەیم کوڕێکی تری بوو پێغەمبەری خوا (د.خ) ناوی نا عبداللە، پیاوێک لە ئەنصار وتی: حەوت منداڵم بینی لە کوڕانی ئەم (عبداللە)یە قورئانیان ئەخوێند، ئەویش تەنها لەبەر ئەو پاڕانەوەیەی پێغەمبەری خواوە بوو (د.خ) فەرمووی: خوایە فەڕ و بەرەکەتی خۆتیان بۆ بنێری.
گومانی تێدا نییە ئیمان بەخوا ئەگەر جێگیر بوو لە دڵی ئیمانداردا شتی سەرسووڕهێنەر دروست دەکات لەبەر ئەوە لە لاوازیەوە دەیبات بەرەو بەهێزی، لە ترسنۆکیەوە بۆ ئازایەتی و مەردایەتی، لە رژدی و بەخیلییەوە بۆ بەخشندەیی و سەخاوەت، لە نائارامی و ترسانەوە بۆ خۆڕاگری و گونجاوی..
چەندە جێگای خۆیەتی باوکان و دایکان یەکلایی ببنەوە بۆ ئیمان، خۆیان پڕ چەک بکەن بە یەقین و دڵنیایی تاکو ئەگەر توشی هەر بەڵاو نەهامەتیەک هاتن و منداڵیان مرد ئارامیان لەبەر نەبڕێ و خۆڕاگربن، لەو کاتەدا ئەمە وتەیان بێ: (إن للە ما أخذ، ولە ما أعطی، وکل شيء عندە بأجل مسمی، فلتصبر ولتحتسب) واتە: بێگومان خوای گەورە خۆی ئەیبەخشێ و هەر خۆیشی ئەیباتەوە، هەموو شتێک لای خوای گەورە دیاریکراوە، ئارام بگرێ و ڕازی بێ بەبەشی خوا و بڵێ: (حسبنا اللە ونعم الوکیل) واتە: هەر خوامان بەسە، چەند پشت پێ بەسراوێکی چاکە، تاکو پاداشتی خێر و چاکەی دەسکەوێت لەلایەن کەسێکەوە کە بڕیار و حوکم و فەرماندان تایبەتی ئەوە.
خودایە بەڵا و نەهامەتیەکانی دنیا سوک و ئاسان بکە لەسەرمان، ڕازیمان بکە بە قەزا و قەدەری خۆت، وە پشتمان بگرە لە دنیا و دواڕۆژدا چونکە تەنها تۆ چاکترین پشتیوانی ئەی پەروەردگاری جیهانیان.
    
 


سەرچاوەکان



1470 بینین