ئەحمەد موختار جاف 

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-14-04:12:00 - کۆدی بابەت: 3254
ئەحمەد موختار جاف 

ناوه‌ڕۆك

ژیانی ئەحمەد موختار جاف 

ئەحمەد موختار کوڕی وەسمان پاشای گەورەی عەشیرەتی (جاف)ە. لە ساڵی ١٨٩٨ لە شاری هەڵەبجە لە دایکبووە، دایکیشی (خانمی وەسمان پاشا) یەکێک بووە لە ژنە ناودار و هەڵکوتووەکانی کورد، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەخرێتە بەر خوێندن، لە ساڵانی (١٩١٩-١٩٢٤)ز قایمقامی قەزای هەڵەبجە بووە، پاشان بووە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
ئەحمەد موختار دۆست و هەڤاڵی زۆربەی شاعیر و ڕۆشنبیرەکانی سەردەمی خۆی بووە، وەک: (بێکەس، گۆران، سەلام، عەبدولواحید نوری و زۆری تر)، لە هۆنراوەکانیدا ڕێچکەی نیشتیمانپەروەری و ئەڤینی گرتووە. سەرەڕای هۆنراوەش، چیرۆکێکی هەیە بە ناوی (مەسەلەی ویژدان)، کە لە ساڵی ١٩٧٠ز لە بەغداد چاپ و بڵاوکراوەتەوە، لە ڕۆژی (٦)ی مانگی شوباتی ساڵی (١٩٣٥)ز لە سەر ڕوباری سیروان شەهید کراوە و چۆتە ڕیزی نەمرانەوە.

نمونەیەک لە هۆنراوەکانی

لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە
هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە
دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیبیی بێکەس و مەزڵووم
بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورە وا لەبەرتانە
بخوێنن چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
بەخۆڕایی لە دەستی بەرمەدەن ئەم خاکە مەحبووبە
کە تۆزی وەک جەواهیرسورمە و کوحلی بەسەرتانە
بەسەر خاکا ئەگەر نازیش بکەن حەقتانە کوردینە
تەماشای سێبەری ئەو شاخ و کێوەی وا لەسەرتانە
بە بێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی بگرن
گوڵاڵەسوورەی ئەم سەحرایە خوێناوی جگەرتانە
دەمێکە ئەم وڵاتە وا ئەسیری پەنجەیی جەهلە
لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆبەی زەفەرتانە
زوبانی حاڵی (ئەحمەد) هەر ئەڵێ وریا بن ئەی میللەت
بزانن بەردی ئەم شاخانە ئەڵماس و گوهەرتانە


سەرچاوەکان



5078 بینین