چۆن تەندرووستیمان بپارێزین لە مانگی ڕەمەزاندا؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-19-05:14:00 - کۆدی بابەت: 3451
چۆن تەندرووستیمان بپارێزین لە مانگی ڕەمەزاندا؟

ناوه‌ڕۆك

تەندروستی ڕۆژووەوان لە ڕەمەزان

زۆربەمان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دووچاری هەندێك كیشەی تەندروستی دەبینەوە بەتایبەتی لە كۆئەندامە هەرسدا، كە زۆرجار هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیادەخۆری لەدوای ڕۆژوو شكاندن و نانی ئێوارە، لێرەدا باسی چەند خاڵێك دەكەین بۆ پاراستنی تەندرووستیمان لە مانگی ڕەمەزاندا.

  • پێویستە لە پارشێودا نان بخۆین چونكە بە یەكەم خواردنی ڕۆژەكە دادەنرێت، نەخواردنی دەبێتە هۆی هێواشكردنەوەی مێتابۆلیزم، هەروەها زۆر خۆری لەكاتی نانی ئێوارەدا.
  • هەندێك وەرزشی ئاساییی بكەین وەك پیاسەكردن دوای بەربانگ كردنەوە و پارشێو بۆ ئەوەی بە چالاكی بمێنینەوە و پارێزگاری لە كۆئەندانی هەرسمان بكەین.
  • هەتا دەتوانیت لە خواردنی خواردنە سووركراوەكان و شیرینییەكان دووربكەوە، هەوڵبدە سەوزە و میوەكان بخۆیت.
  • لە هەفتەیەكدا یەك جار ئەو خواردنانە بخۆ كە ڕێژەیەكی زۆر لە كالۆریان تێدایە.
  • ئەو خواردنانە بخۆ كە كابۆهیدراتی ئاڵۆزیان تێدایە وەك: دانەوێڵە، جۆ، شۆفان و پاقلەمەنییەكان، هەروەها ئەو خواردنانەی كە ڕیشاڵی خۆراكییان تێدایە وەك: سەوزە و میوەكان.
  • پاش نیوەڕوان كەمێك بخەوە (سەرخەوێك بشكێنە) چونكە دەبێتە هۆی وزە بەخشینەوە بە لەش.
  • ڕێژەیەكی باش ئاو بخۆرەوە بۆ ئەوەی لەشت بە تەڕی بهێڵیتەوە و وشك نەبێتەوە.
  • دووربكەوە لە زۆرخۆری لەكاتی نانی پارشێو و بەربانگ كردنەوە، چونكە لەشت ئەو هەموو خواردنەی پێ هەزم ناكرێت و كیشەت بۆ دروست دەكات.

كێشە تەندروستییەكان و ڕۆژووگرتن

سەرئێشە: پێشنیار دەكرێت كە ئەو كەسانەی كە تووشی سەرئێشە دەبن خواردنەكانیان بەشێوەیەكی ڕێك بخۆن و نانی پارشێو پشتگوێ نەخەن، هەوەها هەوڵبدەن لە تیشكی خۆر بەدووربن.

شەكرە: ئەو كە سانەی كە نەخۆشی شەكرەیان هەیە دەبێت پێش مانگی ڕەمەزان سەردانی پزیشك بكەن بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی كە دەتوانن بەڕۆژووببن یان نا، هەروەها دەبێت پزیشك كات بۆ خواردنی دەرمانەكانی دیاری بكات، زۆر گرنگە نەخۆشەكە لە ماڵی خۆیدا پشكنینی ڕێژەی شەكر بكات بۆ ئاگادار بوون لە نزمبوونەوە ڕێژەی شەكرەكەی.

نەخۆشییەكانی گورچیلە و پەستانی خوێن و ڕەبۆ: ئەو كەسانەی ئەم نەخۆشییانەیان هەیە دەبێت سەردانی پزیشك بكەن بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی كە دەتوانن بەڕۆژوو ببن یان نا، هەروەها پێشنیاردەكرێت دووربكەونەوە لەو خواردنانەی كە ڕێژەی چەورییان بەرزە.

قەبزی: پێشنیار دەكرێت ئەو كەسانەی كە تووشی قەبزی دەبن خواردنە شلەمەنی و تەندروستەكان بخۆن، هەروەها خواردنی سەوزە و میوەكان زیاد بكەن.


سەرچاوەکان



786 بینین