بیروڕا هزری و فەلسەفییەکان لە میزۆپۆتامیا

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-27-22:14:00 - کۆدی بابەت: 3788
بیروڕا هزری و فەلسەفییەکان لە میزۆپۆتامیا

ناوه‌ڕۆك

بیروڕا لە میزۆپۆتامییا

بیرکردنەوە لە میزۆپۆتامییا دەگەڕێتەوە بۆ چاخە بەردینەکان، شارستانێتی سۆمەرییەکان بە کۆنترین شارستانێتی ناوچەکە دادەنرێت و سۆمەرییەکان لە باکوری میزۆپۆتامییا (کوردستانی ئەمڕۆ) کۆچیان کرد بۆ بآشووری میزۆپۆتامییا و شارستانێتی سۆمەرییەکانیان دامەزراند. شارستانێتی سۆمەرییەکان بەرهەمی ئاو خاكە. ئەم دوو توخمە (ئاو و خاک) پێویستییەکانی کشتوکاڵی لە خاکی لەبار و خانوو لە قوڕ (گڵ) و سواڵەت و خشتی نەخش و نیگار و نووسینی بۆ دانیشتوانی نێوان دیجلە و فوڕات سازدابوو، چونکە سۆمەرییەکان وایان بە بیردا دەهات، کە مرۆڤ لە ئاو و گڵ دروستکراوە. لە پاشان خێل و نەتەوەکانی کە لە دوورگەی عەرەبەوە هاتن، وەک ئەکەدییەکان و ئامووریەکان و هی دیکە لە میزۆپۆتامییا و وڵاتی شام و میسر نیشتەجێبوون و شارستانێتی هەموو لایەک ئاوێتەی یەکتربوون. حامووڕابی (١٧٩٨-١٧٥٠ پ.ز) شەشەم پاشای دەوڵەتی بابلی یەکەم، لە هەموو پاشاکانی دیکە زیاتر بایەخی بە یاسا و دانانی دەستوور و دادپەروەری داوە ئەوە شوێنەوار و پاشماوە کۆنانەی کە لەناو جەرگەی زەویدا دۆزراونەتەوە، هەموویان ئەو بیرە فەلسەفیانە دەخەنە ڕوو، کە لەبارەی بوون (گەردوون) و ژیان (مرۆڤ) دەسووڕێنەوە، وەک لە چیرۆکی (ئافریدە-خالق) و داستانی (گلگامێش) و چەندان دەقی دیکەدا لە زمانە کۆنە ڕەسەنەکان بە دەردەکەوێ.

بەشەكان

ئێمە دەتوانین ئەم بیر و ڕایانە بکەین بە دوو بەشەوە:

هزرە فەلسەفییە گەردوونی و سروشتییەکان

دەرکەوتنی بیری فەلسەفی لە میزۆپۆتامییا بە هەنگاوە یەکەمەکانی زانستە سروشتییەکانی وەک گەردوونناسی و بیرکاری لە لایەکەوە، و بە ئەفسانەوە لەلایەکی دیکەوە بەسترابۆوە. فەلسەفە بە واتا رێک و تایبەتمەندییەکەی وەک شێوەیەکی جیا لە شێوەکانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی مرۆڤایەتی هێشتا دەرنەکەوتبوو. پەرەسەندنی کشتوکاڵ و ئاودێری و بیناسازی پێویستی بە فراوانکردنی زانیارییە زانستییەکان بوو بۆ بەکارهێنانیان لە ژیانی کرداریدا، پێویستییەکانی ژیان، پێویستی بە دانانی ڕۆژمێرێکی رێک بوو بۆ چاودێری مانگ و خۆر و ئەستێرەکان، کە ئەمەش ڕۆڵی هەبوو لە پێشکەووتنی زانستەکان. بابلییەکان بنچینەکانی جەبر و ئەندازەیان دانا، ڕێبازێکی نزیک بە ڕەگی دووجایان دۆزییەوە و چۆنێتی شیکارکردنی هاوکێشەی پلە دوویان خستەڕوو، هەروەها بابلییەکان سیستەمی (شەستی)ـییان لە ژمیرکاریدا داهێنا کە تاکو ئیمڕۆکە لە هەموو لایەکی جیهاندا بەکاردەهێندرێت (١ کاتژمێر=٦٠ خوولەک و ١ خوولەکیش=٦٠ چرکە). ڕامانە فەلسەفیە یەکەمینەکان بە یەکەم هەوڵدانی بیرمەندە کۆنەکانی دانیشتوانی میزۆپۆتامییا دادەنرێ، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندی بە تێگەیشتنی دیاردەکانی گەردوون و دەربڕینی خەم و تێڕوانینەکانی مرۆڤەوە هەیە. ئەو بیرکردنەوە سەرەتاییانە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پەیدابوون و سەرهەڵدانی بیری (هزری) فەلسەفی لە نێو دانیشتوانی میزۆپۆتامییا و ئەفسانەکان بەرە بەرە گۆڕان بۆ بیروباوەڕی بیری و فەلسەفەی سەبارەت بە نەژاد و بنج و بنەوانی جیهان و دەرکەوتنی بوونەوەرەکان یەک لە دوای یەک. لەبەر ئەوە دەبینین ئەدەبییات لە میزۆپۆتامییا پڕە لە چیرۆکی (ئافریدە-خەلیقە) و چیرۆکی گەڕان بە دوای نەمری و بەدوای ژیان دا. لێرەدا تەنیا وێنەیەکی سەرتاپاگیریتان بۆ دەهێنینەوە دەربارەی ئافریدە-خەلیقەت. باوەڕە کۆنەکانی میزۆپۆتامییا (ئاو) بەسەرچاوەی هەموو بوونەوەرەکانی دیکە دادەنێت، بەڵام گەڕان بەدوای ژیان و نەمری، ئەوا لە داستانە بەناوبانگەکەی گلگامێش ئاماژەی پێدراوە. ئەم داستانە بۆمان بەدەردەخات کە چۆن گلگامێش بە مردنی (ئەنکیدۆ)ـی هاوڕێی پەرێشان بووە و حەپەساوە و بەدوا ئەودا گەڕاوە، چۆن زیندووی بکاتەوە، مەرهەمێ دابهێنی یان بدۆزێتەوە مرۆڤ لە چنگ مەرگ ڕزگار بکات. ‌هێماکانی داستانەکە ئەماژە بۆ بیرە فەسەفییە قوڵ و بەرزەکان دەکات گەرچی بەلۆژیک و دارشتنی فەلسەفی گوزارشتی لێناکات. گەورەترین شتێ کە شارستانێتە کۆنەکانمان پێشکەش بە مرۆڤایەتییەکان کردووە دۆزینەوەی نووسین و تۆمارکردن و سەرکەوتنیان بووە لە بواری گواستنەوەی بیروڕاکان بۆ ‌هێما، پاراستمی ئەمانە لە سەر تاتەقوڕی سوورەکراوە بووە کە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەم بیر و هزرانە، هەوڵییان داوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە: بنچینەی بوون چییە و هۆی پەیدابوونی چییە، چۆن شتەکان دۆزراونەتەوە؟

سەرچاوە کۆنەکانی میزۆپۆتامییا لەسەر ڕاستی گەردوون و وەها پێکهاتوون کە دەڵێن: هەموو بونەوەرەکان (موجودات) بە مرۆڤیشەوە، بە لە دایکبوون هاتوونەتە کایەوە، هیچ شتێ لە دوو هۆکار بەدەر نییە: (دایک و باوک) واتە نێر و مێ. بۆیە سەرچاوەی یەکەمی پەیدابوون و بنەڕەتی بوونەوەریش (ئاوە) ئاوی پیرۆز کە لە دوو توخمی نێر و مێ کارلێک دەکەن، واتە پەیدادەبن بەهۆی هێزێکی نادیار کەلە ئاوەکەدا هەیە، دەتوانێ ئەم  ئاوە ژیان بکاتە بەر بوونەوەرەکان و هێزی بووژانەوەی ژیان و پێکهاتەی بوونیان پێ ببەخشێت، بۆیە دەبینین هەموو بوونەوەرێ پێویستی بە ئاو هەیە و ناتوانێ بێ ئاو ژیان بگوزەرێنێ، نە مرۆڤ نە گیاندار نە ڕووەک بەبی ئاو ناژی. ئاو شتێ نەبووە کە چی لە ئاو هەرچی زیندەوەر و گیانلەبەرە دروستبووە، و هیچییان ئەمانە بێ ئاو هەڵناکەن. ئەمەش لە قورئانی پیرۆزدا بە ڕاشکاوی هاتووە  و خوای مەزن دەفەرموێ (هەموو شتێکی زیندوومان لە ئاو دروستکردوە و گیانمان کردووە بە بەریدا)، (وجعلنا من الماع کل شيء و حي) (سورەتی الانبیاء-ئایەتی ٣٠)، هەروەها لە دەقە کۆن و پیرۆزەکانیشدا هاتووە کە (مرۆڤ لە ڕوحی قور دروستکراوە حەو قورەی کەلە ناخی دەریا قوڵەکاندا دەهێندراوە، چونکە ئەو جۆرە قوڕە زۆر پاک و خاوێنە) بۆیە دەگوترێ، مرۆڤ بە خاوێنی دروستکراوە و سروشتی پاکە و لە هەموو پیسییەک بەدوورە، لەم بوارەدا بیروڕای جۆرراوجۆر هەیە. پوختەی لێکدانەوە گەردوونی میزۆپۆتامییادا (لەدوای لایە داستانییەکەی) پێمان دەڵی، کە ئەم گەردوونە بازنەکەیەکی رێک و پێکە و زیندەگی و چالاکی پێوە دیار دەبێ و هەموو شتێ لە پێناوی (ئامانج)ـێک دا دێت و دەچێ، واتە بە دەوری ئامانجێکدا خول دەخوات. ئەو ئامانجەش گوێڕایەڵی خواوەندە بۆ گەیشتن بە بەختیاری مرۆڤ ئەوەی کە لەسەر زەوی ڕوودەدات (نیوەی خوارووەی گۆێ زەوی، بوونی تەواوە) دەگەڕیتەوە بۆ هۆیەکانی بوون لە ئاسماندا (نیوەی سەرووی گۆی زەوی) لە بازنەی بووندا. لەسەر ئەم بنچینەیە سیفەتی تەواویان داوە بە بوون، چونکە باوەڕیان وا بووە کە بازنە تەواوترین شێوەکانی ئاندازەیە و کۆی پلەکانی دەکاتە (٣٦٠) پلە بە چوار گۆشە واستاوەکەیوە، کە هاوتان لەگەڵ یەکدیدا لە خاڵی مەرکەزی (ناوەڕاست) و ماوەیەکی وەک یەک دوورن (تیرەکان  و نیوە تیرەکانی ئەندازەیی). 

بیری و هزرە ڕەوشتی و کۆمەڵایەتییەکان

بەڵام مەسەلەی چاکە و خراپە و دادپەروەری و شتی ڕەواو نا ڕەواو بەختیاری و کوێرەوەری، کە شوێنەوارەکانی عێراقی کۆن لێی دەدوێن، وەک (ئارامگەی ئەیوب) و (یاساکانی میلەکەی حامووڕابی) و (چاکسازی ئۆرکاجینا) و (پەندی ئەحیقار) و (دوورگەی بەختیاری و نەمری دلمون) ئەمانە هەموویان بابەتی (فەلسەفەی رەوشتنین) لە زاراوەی هاوچەرخدا، چونکە بیرمەندە کۆنەکانی میزۆپۆتامییا، باوەڕیان بە سروشتی چاکە  هەبووە و لە هەمان کاتدا باوەڕیشیان بە خراپە هەبووە لە مرۆڤدا، لەهەمان کاتدا دیسان باوەڕییان بەوە هەبووە کەلە دوا دیاردەکانی زۆرداری و کوێرەوەرییەوە شتی دیکە هەیە، ئەم بیروڕایانە دابەش دەکڕێن بەسەر دوو جۆر بۆچوون:

  • یەکەم: گووتراوە لە مرۆڤدا، ئارەزووی چاکە و ئارەزووی  خراپەش هەیە، چوونکە بەم شێوەیە دروستبووە. 
  • دووەم: دەگوترێ، مرۆڤ چاکەی لە سروشتدا هەیە، چونکە لە قۆڕێکی پاک دروستکراوە، بەڵام خراپەکاری (شەرانگێزی) لە ژینگە کۆمەڵاییەتییەکەدا دەرگای پێگرتووە و کاری تێکردووە بە چاک و خراپە کاردەکاتە سەر باروودۆخی گشتی و ئەو ژینگەی مرۆڤ و کۆمەڵی تێدا دەژی.

بیرمەندە کۆنەکانی میزۆپۆتامییا بە بیر و هۆش و دووربینی خۆیان و ئەزموونەکانیان لە ژیاندا درکیان بەوە کردووە کە مرۆڤ گیاندارێکە و چارەنووسی رۆژێ لە رۆژان هەر (مردن)ـە. ئینجا  بۆ ئەوەی لە مەرگ نەسلەمێتەوە و نەترسێ هاتووە رووی کردۆتە کارکردن و دروستکردنی خانوو بۆ خۆی و دەستکەوتی گەورەی بەرهەمهێناوە بۆ خزمەت کردنی مرۆڤ، بۆ ئەوەی بیروباوەڕ و کاری جوان لە پاش خۆی بەجێ بهێڵێ. کارێکی وەها بکات خەڵکی لەیادی نەکەن و مێژووش هەرگیز توانست و هێز و وزەی ژیری و توانای جەستەیی لەبیر ناکات، کە بۆ خزمەتکردنی هاوڕەگەزەکانی ئەنجامی داوە و بەرە و پێش و بەرزبوونەوە پاڵی پێوەناوە هەتا بەرەو پلەی شارستان پێشکەوتن بردوویەتی، ئەم سەرکەوتن و شارستانیەش تەنیا بە خۆدورخستنەوە لە زوڵم و زۆرداری و هۆیەکانی و ئەنجامەکانی نەبێت، بە تاک، یان بە کۆمەڵ، پێک نایەت و مرۆڤ لە ساییەدا ناحەوێتەوە. ئینجا لە پێناوی (بەربەستکردن)ـی پاڵنەرە خراپەکارییەکان لە هەندێ دڵا و دەروونی نەزان. دەسەڵاتی سەرکووتکەر- بە هەموو شێوەکانیەوە (کۆمەڵایەتی، ئاینی، سیاسی) هێنرایە کایەوە بۆ پاراستنی لاوازەکان لەدەست زوڵمی بەهێزەکان (پارەدارەکان، خانەوادەکان، دەرەبەگەکان و دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان). هەروەها (یاسا) دانرا بۆ پاراستن و چاودێری (ئازادی خەڵکی و ئاسایش و مافی ژیان بەسەربەستی و دوور لە زەبر و زەنگ). هەروەها یاساش دانراوە بۆ دانانی سنووری  پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵ و دەزگاو دامەزرێنراوەکان. ئەمەیە ئامانجە هاوبەشەکانی بیرمەندەکان (مفکرین) لە شارستانی میزۆپۆتامییای کۆن. هەروەها کۆنترین چاکسازی مرۆڤایەتی، کە پێمان گەیشتووە (چاکسازییەکانی ئۆرکاجینا)ـیە (٤٢ سەدە پێش زایین). کە لە (ئازادی) دەدوێ و لە پێناوی هەژارەکان. بەخۆشی بژین  لە پاڵا دەوڵەمەندەکان دا پێکەوە یاریدەدەری یەکتر بکەن لە کار و باری دنیایان، لە چوارچێوەیەکی پتەوی یەک گرتوودا بژین  و بەڕێوە بچن  و نەهێڵن دوژمن و بێگانە، ئەو یەک گرتنە پچڕ پچڕ بکات لە کاتی شاڵاو ‌‌هێنانە سەرییان. بەڵام لە داستانی (گلگامێش)ـدا ئەو شانازییە بۆ بیرمەدەکانی شارستانی میزۆپۆتامییای کۆن، کە هەرچی بابەتی فەلسەفەی مرۆڤایەتی هەیە وەریان گرتووە و لێیان کۆڵیوەتەوە و بە شێوازێک سازاندوویانە لەگەڵ شارستانی بگونجێت و بۆمانیان بەجێهێشتووە بە داڕژاوی. هەروەها لە نرخەکانی رەوشتیش دواون بۆیە دەبینین سەرەتای ئەم داستانە نەمرە بە هەڵوێستێکی فەلسەفیانەی ڕوون دەست پێدەکات و لە ئاوەدانکاری و پەند دەدەێ و بە مرۆڤەکانی هەموو سەدە و چەرخەکان ٤٤ سەدە لەمەوبەر دەڵێت: 
• ئەو هەموو شتێکی دیوە، گۆرانی بە یادی وڵاتەکەی گوتووە.
• ئەو هەموو شتێکی زانیوە، سوودی لە پەند و ئەزموونەکان وەرگرتووە.
• ئەو دانا و هۆشمەند بووە بە هەموو شتێ، بۆ ئەوەی کۆتایی بهێنێ، بە نمایشەکانی و کوێرەوەرییەکانی مرۆڤ. لە ناوچوون  و شاڕانگێری و بەرەنگاربوونەوەی کارە گران و قورسەکان. هەتا جاڕدانی ئەم ئەنجامانە خوارەوە:

یەکەم: سەرکەتن بەسەر ترس و ڕآڕایی  و لاوازی و تاکپەرستی خراپ و بەدکار.

دووەم: گەشبیین بە ژیان و دواڕۆژەوە، لە تەک ئەوەش دا مەرک بەرەو چاومانەوە دێت و دەچێت، بەڵام بە مرۆڤ، دەگووترێ ئازابە و لە مەرگ مەترسە، ئەویشی بە کاری چاکە و یاریدەدان و ئاخاوتنی بە سوود و کاری باش و کردەوەی پەسەند و دژ بە شەر و ناتەواوی و زوڵم بوەستە و ڕەتیانبکەوە مە‌هێڵە لە دڵ و دەروونتا جێی خۆیان بکەنەوە، تۆ بەم کردەوانەت هەمیشە تا هەتایە بە ئازایی و نەبەردی دەژیت، هەر وەک لە داستانەکەدا لەسەر زاری (گلگامێش)ـەوە هاتووە ئەو کەسە کەسێکی  ئازا و قارەمانە و ناوی لە نێو ناوە نەمرەکاندا تۆمار دەکرێ، بەمە داستانەکە کۆتایی بە گیروگرفتی چارەنووس دە‌هێنێ بە شێوەیەکی ئەرێنی (ایجابی). کە بە مرۆڤی ڕاگەیاندووە، دەتوانێت بە نەمری بێنێتەوە ئەگەر خزمەتێکی باش بێشکەش بە کەسانێکی دیکە بکەیت. یادکردنەوەی چاکە لەسەرزاری خەڵکییەوە لە دوای مەرگی مرۆڤ و لەناوچوونی لاشەکەی، ناوی بە نەمری لە مێژوودا دەهێڵنەوە و نەوەکان یەک لە دوای یەک بە چاکە ناوی دەهێنن. بەڵآم بیردۆزەی (دادپەروەری) و تێکۆشانی مرۆڤ لە پێناویدا ئەوە بوو یاساکانی میزۆپۆتامییای کۆن رێکی خستووە، یاسای  (ئۆرنەمۆ) (٢٢ سەدە پ.ز) دا ئەمەیان تۆمار کردووە، هەروەها (لەبت عەشتار)ـیش لە سەدەی (٤٠ـی پ.ز)ـدا بە پێی دەستوورەکەی خۆی تۆماری کردووە، هەتا دەگاتە سەر میلەکەی حامووڕابی (١٧٥٠ پ.ز) ئەم دەستوورە بەهۆی دادپەروەری دادوەران و قازی بە ویژدان و مرۆڤی هۆشمەند بەدیهێناوە و بڵاوبۆتەوە، کە کۆمەڵهەی بەختیار ئامانجی خواوەندەکان و مرۆڤ بووە.


سەرچاوەکان

107 بینین