میتانییەکانی کوردستان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-29-03:03:00 - کۆدی بابەت: 3892
میتانییەکانی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

میتانییەکان

هەزارەی دووەمی پێش زاین کۆچی نەتەوە هیندۆ ئەوروپییەکانی بەرەو دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کرد، ئەم نەتەوانە لە کوردستان و ئێران و ئاسیای بچووک بڵاوبوونەتەوە، لەگەڵ دانیشتوان تێکەڵ بوون، لەگەڵ خۆیان چەندین دیاردەی شارستانیان هێناوە، کە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتیان لەو دەڤەرانە یارمەتیان داون. لە گرنگترین ئەو دیاردانە وەکو بەکارهێنانی ئەسپ و گالیسکە بە ڕەوڕەوەی بازنەیی و شمشێری و کەوانەیی. چەندین قەوارەی سیاسی پەیدا بوو، لە هەموویان دیارتر دەوڵەتی میتانی بووە. ئەو دەوڵەتە لە ڕۆژئاوای کوردستان دامەزرا و پایتەختەیەک (واشوکانی) کە مەزەندە دەکرێت کە دەکەوێتە نزیکی شاری رأس العین (سەروکانی) ئێستای ڕۆژئاوای کوردستانی سوریاوە. ئەم دەوڵەتە توانی هەموو سوریا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. هەروەها ئاشوورییەکانیش بۆ ماوەی زیار لە سەدەیەک کەوتنە بن دەستیانەوە، لە ڕۆژهەڵاتیش دەسەڵاتیان گەیشتە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، لەوانەش نوزی و ئەرابخا.

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

میتانییەکان ڕۆڵیان هەبووە لە گۆڕینی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتدا، ئەمەش بووە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری و تەبایی لە جێگەی جەنگ و دوژمنکاری، لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە دبلۆماسییەکان لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا هاتە ئاراوە. پاشاکانی میتانی پەیوەندی باشیان بە پاشاکانی میسرەوە هەبووە، نامە و دیاری لە نێوان پاشاکانی میتانی و فیرعەونەکانی میسر ئاڵوگۆڕ کراوە، ئەو نامانە بە زمانی ئەکەدی و بزماری نوسراون، یەکێکیان بە زمانی خوری بووە. فیرعەونی میسر ئامنحوتبی سێیەم (١٤٠٥-١٣٦٧ پ.ز) خاتوو تیدوخیبا یاخود تاشواتە میسرییەکان پێیان وتووە نەفرتیتی بە واتای ئافرەتی جوان دێت میتانی هێناوە، پاش مردنی ئامنحوتبی سێیەم مێردی بە فیرعەونی ئەمنحوتبی چوارەم (ئەخناتون ١٣٥٧-١٣٥٠ پ.ز) کردووە. ئەوەی ئەو نامانەی کە لە گردی ئەلعەمارنە پایخەختی ئەخناتون فیرعەونی میسر دۆزرایەوە دەخوێنێتەوە، دەرک بە پێشکەونی پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو سەردەمە دەکات کە بەهۆی میتانییەکانەوە هاتۆتە ئاراوە، ئەمەش لەو نامە و دیاریانەدا دەردەکەوێت کە لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ کراوە، هەروەها مەسەلەی ژن و ژنخوازیش لە نێوان پاشاکانی ئەو سەردەمە جۆرێکی تری پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بوو. پاش دوو سەدە لە حوکمڕانی، دەوڵەتی میتانییەکان بەرەو لاوازی دەڕوات، بەهۆی پەلاماردانی لە لایەن ئاشوورییەکان و پاشاکانی حیپیەکان لە ئاسیای بچووک بۆیە ڕۆڵێ سیاسیان کۆتایی پێ دێت.


سەرچاوەکان



881 بینین