خەمۆکیی دوای منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-03-22:54:00 - کۆدی بابەت: 4122
خەمۆکیی دوای منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

خەمۆکی دوای منداڵبوون

جۆرێکی خەمۆکی ئەگەری هەیە دوای لەدایکبوونی منداڵ لەهەندێک لە دایکەکاندا ڕووبدات، بەمە دەوترێت خەمۆکی دوای منداڵبوون، ئەم جۆرە خەمۆکییە بە گشتی لە چەند مانگی سەرەتادا دوای لەدایکبوونی منداڵ پەیدا دەبێت، لە حاڵەتێکدا ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەکرێت تا ماوەی ساڵێک درێژە بکێشێت، بەڵام لەکاتی چارەسەرکردنیدا دەکرێت چاکبوونەوەی نەخۆشەکە زیاتر ببێت.

هۆکارەکانی خەمۆکی دوای منداڵبوون

بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینانەوەی کە کراوە، خەمۆکی دوای منداڵبوون هۆکارەکەی گۆڕانی هۆڕمۆناتی ئافرەتەکەیە، لێکۆڵەران لەو باوەڕەدان کە گۆڕانی لەناکاوی هۆڕمۆنەکان دوای منداڵبوون دەتوانێت خراپتر بێت بۆ ژنانێک کە زۆر کاریگەرترن بە گۆڕانی هەردوو هۆڕمۆنی (ئیستڕۆجین و پڕۆجیسترۆن)
بە گشتی خەمۆکی دوای منداڵبوون هۆکارەکەی جوان کارنەکردنی هۆڕمۆنەکان، هۆکاری ژینگەیی، بۆماوەیی کە زۆرێک لەمانە لەدەست تۆدا نییە
هەندێک لە ژنان ئەگەری هەیە وا هەست بکەن کە هۆکاری خەمۆکی دوای منداڵبوونن، بەڵام خەمۆکی بە هۆکاری ئەوە ڕوونادات کە تۆ کارێک بکەیت یاخود کارێک نەکەیت هەروەها ئەگەر لەماوەی دووگیانیدا خەمۆکی یاخود قەلەقیت هەبوو یان ئەگەر پێشتر بۆ سکێکی ترت دووچاری خەمۆکی دوای منداڵبوون بویت ئەوا ئەگەری زیاترە کە لەکاتی منداڵبووندا توشی خەمۆکی دوای منداڵبوون ببیت، هۆکارێکی تریش بریتییە لە ماندوویەتی دوای منداڵبوون و خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەوەی بووی بە دایک و ئیتر خۆ گرتنەوە لە خواردن و خەو نەمانی ڕۆژانی ئاسایی.

نیشانەکانی خەمۆکی دوای منداڵبوون

ئەگەر پێنج دانە لەم نیشانانەی خوارەوە یاخود زیاترتان تێبینی کرد لە ڕۆژێکدا یاخود بە درێژای ڕۆژەکە ئەوە ئەگەری هەیە دووچاری خەمۆکی دوای منداڵبوون بوبیتەوە:

١- هەستی خەم و پەژارەی توند، هەست کرد بە هیچبوون یاخود بێ هیوایی

٢- هەستی شپرزەیی و توڕەیی

٣- گریانی بەردەوام یان زۆرینەی کاتەکان دڵت پڕە و ئامادەیت بۆ گریان

٤- بێ هەستی یاخود چێژ وەرنەگرتن لەو شتانەی ڕۆژانی تر زۆر چێژت لێ دەبینی

٥- کێشەت لە کاتی خەوتندا بە شەودا بەوەی بە هیچ خەوت لێناکەوێت و هەروەها بە درێژایی ڕۆژ حەز دەکەیت بخەویت

٦- لەدەستدانی حەزی خواردن یاخود خواردنی زیاد لە سنووری خۆی.

٧- هەستکردن بە تاوانبارییەکی زۆر

٨- هەستکردن بەوەی کە ژیان بێ مانایە

٩- هەستی ئەوەی کە ئامادە نیت بۆ هیچ شتێک کە ڕووبەڕوت ببێتەوە

١٠- هەبوونی هەستی نەرێنی دەربارەی خۆتان

١١- ترس لەوەی بە تەنها بمێنیتەوە لەگەڵ منداڵەکەت

١٢- ترسان بە بێ هۆکار و لە کۆنترۆڵ دەرچێت

١٣- وەسواسی زۆر

١٤- مێشک پەرتەوازەیی

١٥- بوونی هەندێک خەیاڵ لەبارەی زیان گەیاندن بە کۆرپەکەت

١٦- هەبوونی کێشە لە تەرکیزکردن یاخود بڕیارداندا

١٧- دوورکەوتنەوە لە هاوڕێیان و خێزانەکەت

١٨- گوێنەدان بە منداڵەکەت

١٩- نەتوانینی چاودێریکردنی منداڵەکەت

٢٠- هەست بە ماندوویەتیەکی زۆر 

ئەگەر هەر یەکە لەم خاڵانەتان لە خۆتاندا بەدی کرد پێویستە خێرا بە هاوسەرەکەتان یاخود کەسێکی نزیکت لە خێزانەکەت بڵێیت و بتباتە لای پزیشکی پسپۆڕ

چارەسەری خەمۆکی

خەمۆکی چارەسەرنەکراو دەکرێت ناخۆش و تەنانەت ترسناکیش بێت و بارودۆخی نەخۆشەکە خراپتر بکات، پێویستە بزانیت کە خەمۆکی بەڕێژەیەکی زۆر دەرمان دەکرێت، هەر بۆیە پێویست ناکات کە بترسیت یان دڵەڕاوکێیەکی زۆرت هەبێت، چارەسەر ڕێگا دەگرێت لەوەی کە زیاتر قوڵ ببیتەوە لەناو خەمۆکیدا و بەرەو ڕێگایەکی مەترسیدار و خراپتر بڕوات، هەروەها قسەکردن و دەردەدڵکردن لەگەڵ پزیشک شتێکی زۆر باشە دەتوانێت یارمەتیت بدات کە کەمتر هەست بە تەنهای بکەیت، بە چارەسەرکردنی خەمۆکی باشتر دەتوانیت پەیوەندیت لەگەڵ کۆرپەکەت هەبێت و زیاتر ئاگات لێی بێت، هەر بۆیە بە هەبوونی هەر نیشانەیەکی خەمۆکی سەردانی پزیشکەکەت بکەرەوە بۆ ئەوەی چارەسەر ئاسان بێت.

ئەگەر نیشانەی کەمی خەمۆکیت هەیە، ئەگەری هەیە کە پزیشکەکە بڵێت بە بەردەوامی سەردانم بکەرەوە ئەگەر خەمۆکیەکەت توند و قورس بێت بۆی هەیە پزیشک چاودێری دەروونی و دەرمانی تایبەت بە خەمۆکیت بۆ بنوسێت، و هەروەها تێکەڵی و قسەکردن لەگەڵ کەسە ئازیزەکانت چ هاوسەرەکەت یاخود کەسی نزیکی خێزانەکەت بێت

دەرمانی دژە خەمۆکی، ماددەی کیمیایین مێشک هاوسەنگ دەکەن و دەبێتە ڕێکخەری ڕەفتار و خوی ئێوە، ئەگەر بە پێویستی بزانێت لە هەندێک کاتدا دەرمانی دژە خەمۆکی بەکار دەهێنێت، دوای بە کارهێنانی دەرمانەکە لەماوەی سێ بۆ چوار هەفتەدا بە ئەگەری زۆرەوە باش دەبیتەوە، دەرمانی دژە خەمۆکی لەوانەیە نیشانەی تر بۆ نەخۆشەکە دروست بکەن بەڵام زۆرینەیان دوای ماوەیەکی کەم لادەچن، ئەگەر دووچاری هەندێک نیشانەی ناخۆش بوویتەوە کە کاریگەری هەبوو لەسەر ژیانت یان خەمۆکیەکەت خراپتر بوو خێرا پەیوەندی بە پزیشکەتەوە بکە.

بەکارهێنانی دەرمانی دژە خەمۆکی لەماوەی شیرداندا

بەکارهێنانی دەرمانەکە لەکاتی شیرداندا کێشەی نییە و بێ زیانە، هەرچەند دەرمانەکان بە شیردا تێپەڕ دەبن و دەگوازرێنەوە بۆ منداڵەکە، بەڵام ڕێژەی کاریگەریەکەیان زۆر کەمە، دەرمانێکی وەک (serotonin) سیرۆتۆنین سەلامەتترینە و زۆرینەی ژنان بۆ خەمۆکی دوای منداڵبوون ئەمە بەکار دەهێنن.

لەسەر بنەمای هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان، ئەو دایکانەی کە دەرمانی دژە خەمۆکیان بەکارهێناوە و بە شیریاندا تێپەڕبووە و منداڵەکەش دەرمانەکەی پێ گەشتووە ئەگەری هەیە کاتی خەو و خۆراکیان تێکبچێت و هەر بۆیە منداڵەکەش دووچاری هەمان کێشەی تێکچوونی خەو و خۆراک دەبێتەوە، ئەگەر پێت وایە ئەو تێکچوونی خەو و خۆراکە پەیوەندی بەو دەرمانانەوە نییە و خۆت وات لێهاتووە ئەوا پەیوەندی بە پزیشکەکەتەوە بکە و بەردەوام بە لەسەر دەرمانەکان ئەگەر بڕیاریدا بوەستێنرێت دەرمانەکە ئەوکاتە بەکاری مەهێنە

ڕووبەڕوبوونەوە لەگەڵ خەمۆکیدا

لەگەڵ ئەوەی کە باشترین ڕێگا بۆ چارەسەری خەمۆکی، یارمەتی وەرگرتنە لە پزیشکێکی تایبەت و بەڵام جگە لەوەش ڕێگایەکی گرنگ هەیە ئەویش چاودێریکردنی خۆتە و ئەمەش زۆر گرنگە لە چارەسەرکردنی خەمۆکیدا کە باشترە بەوانە ئاشنا ببیت:

١- لەگەڵ خۆتاندا میهرەبان بن

٢- چاوەڕێی زیاد لە سنوور لە خۆتان مەکەن

٣- یارمەتی لە کەسانی ترەوە وەربگرن

٤- هەستەکانی خۆتان دەرببڕن

٥- بەخۆتان ڕابگەن

٦- کەمێک پشوو بدەن

٧- لەماڵ بچنە دەرەوە

٨- کەمێک خۆتان ئاسوودە و ئازاد بکەن

٩- لەگەڵ هاوڕێکانتاندا کۆببنەوە و چاوپێکەونن دابنێن


سەرچاوەکان



17706 بینین