ناوهڕۆك
ئاو لە هەوادا چۆنە؟
کەش بریتییە لە بارودۆخی بەرگە هەوا لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا، بارودۆخی بەرگە هەواش بەندە بە بڕی ئاو لە هەوادا، بۆ ئەوەی لە کەش تێبگەین پێویستە پێزانینمان هەبێت دەربارەی سووڕی ئاو لە بەرگە هەوای زەویدا.
سووڕی ئاو
دۆخەکانی ئاو ئەمانەن: دۆخی شلی، دۆخی ڕەقی، دۆخی گازی کە بەبەردەوام لە سووڕانەوەدان، سوڕی ئاو بریتییە لە جووڵەی بەردەوامی ئاو لە سەرچاوەکانی ڕووی زەوی واتە لە دەریاچە و دەریا و زەریاکان و لە ڕووەکەکانەوە بۆ ناو هەوا ئینجا بۆ سەر وشکانی و پاشان بۆ ناخی زەوی و دووبارە بۆ ڕووی زەوی. سووڕەکانی ئاو بەم شێوەیە:
• ڕووە ڕەوین یان (ڕووەڕۆگە) واتە ئاوەکانی دابارین بەسەر ڕووی زەویدا دەخزن و ڕێڕەوی رۆگەی خۆیان دەدۆزنەوە و ڕوودەکەنە جۆگە و لقەزی و ڕووبارەکان و پاشانن دەڕژێنە ناو دەریا و زەریاکان.
• بەهەڵم بوون ڕوودەدات لەو کاتەی ئاوی شل دەگۆڕێ بۆ هەڵمی ئاو یان گاز.
• چڕبوونەوە ڕوودەدات لەو کاتەی هەڵمی ئاو سارد دەبێتەوە و لە دۆخی گازییەوە دەگۆڕێ بۆ دۆخی شلی بەمەش هەور پەیدا دەبێت.
• دابارین ڕوودەدات کاتێک بەفر یان تەرزە یان باران پێکەوە لە هەورەکانەوە دەکەونە سەر زەوی.
ئەم سووڕە دووبارە بەردەوام دەبێتەوە.