سوس

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-22-01:52:00 - کۆدی بابەت: 4734
سوس
گوڵ و گیا

مێژوو و سەرچاوەکەی: دەگەڕێتەوە بۆ هەمان خێزانی ڕووەکی فاسۆلیا و پاقلە و بەزالیا و نۆک (loguminose).

ناوه‌ڕۆك

سوس چییە؟

بەشی بەکارهاتوو: ڕەگەکەی (الجذور - Rhizomes).

مێژوو و سەرچاوەکەی: دەگەڕێتەوە بۆ هەمان خێزانی ڕووەکی فاسۆلیا و پاقلە و بەزالیا و نۆک (loguminose).

ئێستا لە پیشەسازی بنێشت و جگەرە و شیرەمەنی و گیراوە گازیەکان و مەعجونی ددان و سابون و شامپۆ بەکاردێت. بە زۆری لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕوسیا و ئیسپانیا و تورکیا و یۆنان و هیندستان و ئیتاڵیا و عێراق دەچێنرێ. شوێنی گەرمی دەوێت و ١٠٠٠ مەتر کەمتر بەرز بێت.

سوس لە کاتی فەرمانڕەوایی پاشای چینی (ساینگ شن نونگ) کە ٣٠٠٠ ساڵ پێش زاین بووە بەکارهاتووە و بە ڕووەکە بەناوبانگەکە ناسراوە و مێژوونووس (بان تسۆ شینگ) بەناوی ڕووەکە پلە نایابەکە ناوی بردووە. زانایانی شوێنەوارناسی یەک دەسکیان لەو ڕووەکە لەناو گۆڕی (توت ئامون)ی پاشای میسڕ دۆزیەوە.

لە سەردەمی ئەگریکەکانیش پزیشک (ئەبۆکرات) بەکاریهێناوە بۆ کۆکە و هەناسەتەنگی و لە یۆنان ناونرا ڕەگە شیرینەکە (glukos riza)، هەر بۆیە ناوی زانستی بووە (glycyrrhiza). دوایی ڕۆمەکان ئەو ناوەیان گۆڕی بە لیکۆریتا، ئێستا ناوە بیانیەکەی بووەتە (لیکۆریس - licorice). پلینی زانای ڕووەکناسی دەڵێت: سوس ناسراوە بە بەڵغەم لابەر و هێمنکەرەوەی گەدە. زانا دیسقۆردیس سوسی بەکارهێناوە بۆ نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە و هەرسکردن. پزیشکی هیندی کۆن سوسیان بەکارهێناوە بۆ لابەری بەڵغەم و زیادکردنی میز و زیادکردنی چالاکی سوڕی مانگانەی ژنان. لە سەدەی دوازدەوە تاکە سەدەی پازدە سوس بەکارهاتووە لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانی سییەکان و گەدە و دڵ. لە سەدەی حەڤدەهەمیش زانای ئینگلیزی (نیکۆلاس کولبابر) سوسی بەکارهێناوە بۆ چارەسەری کۆکە و دەنگ کەوتن و هەناسە تەنگی و سیل و سووتانەوەی میز و نەخۆشی مەمک.

کاتێک ئەوروپیەکان گەیشتنە ئەمریکا بینیان کەوا خەڵکە سەرەکیەکە چایەک دەخۆنەوە لە سوس ئامادەکرابوو بۆ نەخۆشیەکانی سیەکان و قەبزی و ئازاری گوێچکە. لە سەدەی نۆزدەهەمەوە ئەوروپیەکان سوسیان بەکارهێنا بۆ نەخۆشی (هیستریای ئافرەتان) کە لە کاتی کەوتن لە سوڕی مانگانە تووشی دەبن و نیشانەی زۆری هەیە وەک لەش گەرمی و سووربوونەوەی دەم و چاو و پشێوی و خەمۆکی و شتی تر. هەروەها چینیەکان بەکاریان هێناوە بۆ شێرپەنجە و هاوسەنگی مێشک و دەروون. بەکاردێت بۆ زیادکردنی ڕژێنەی سەر گورچیلە (adrenal gland) و چارەسەری نەخۆشی (ئەدیسۆن - addisons disease).

سوس هۆرمۆنی ئافرەتان زیاد دەکات بەمەش کەوتن لە سوڕی مانگانە دوادەخات و چالاکی هێلکەدانیش زیاد دەکات بۆ هێلکە دروستکردن. پزیشکە عەرەبەکانیش وەک (ئیبن سینا) سوسیان زۆر بەکارهێناوە وەک زانایانی تر و بە زیادەوەش وەک چارەسەری شێرپەنجە و هەوکردن و برین و سووتانەوە و کەڕی و نەخۆشیەکانی چاو. هەروەها زانای عەرەب (داود ئەنتاکی) لە کتێبەکەیدا (تذکرة أولي الألباب و الجامع للعجب العجاج) باس لە بەکارهێنانی سوسی کردووە بۆ زیادکردنی چالاکی هێلکەدانی ئافرەت و هەناسە تەنگی و ئازاری جگەر دەکات، بەڵام لە لایەکی ترەوە زیانی هەیە بۆ ئاوی پیاو  و کرداری ڕەقبوونی ئۆرگانی نێرینە.

 

پێکهاتەکەی

- شەکری جۆراوجۆر.
- ماددەی قەبزی.
- گلایسریریزین.
- ترشی گلیسیرزتینک.
- هۆرمۆنی ئیسترۆجینی ڕووەکی.

سوودەکانی پزیشکی

١- هەروەک لە ناوە یۆنانیەکەیەوە هاتووە کەوا بریتیە لە (ڕەگی شیرین)، سوس ٥٠ جار لە شەکر شیرینترە بۆیە بەکاردێت بۆ تامخۆش کردنی زۆربەی گیراوە و مەعجونی ددان و شیرەمەنیەکان و خۆراک و شیرەمەنی (الالبان) و سابون.
٢- بۆ چارەسەری کۆکەی وشک و هەڵامەت باشە چونکە ترشی گلیسیرزتینکی تیایە.
٣- بۆ برین و قورحەی گەدە باشە بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کراوە لە هۆڵەندا و ئەمریکا و لە گۆڤارەکانی پزیشکی بڵاوکراوەتۆ.
بەراوردی گیراوەی سوس و حەبی تەگامیت کرا بۆ چارەسەری برین و قورحەی گەدە و دوانزەگرێ دەرکەوت حەبی تەگامیت باشترە بۆ چارەسەری گەدە و گیراوەی سوسیش باشترە بۆ ئەوەی دوانزە گرێ. پاش لابردنی مادەی گلایسریریزین دەرکەوتووە کەوا گیراوەی سوس لە سمتدین باشترە بۆ برینی گەدە و ڕیخۆڵە بە گشتی پاش ئەوەی تاقیانکردەوە لەسەر ٨٧٤ نەخۆش بۆماوەی ١٢ هەفتە. پاش ئەوەی کە دەرکەوت کەوا برین و قورحەی گەدە هۆیەکەی بەکتریایەکە بەناوی (هەلیکۆباکتەر) زانایانی ئەمریکی چیتر سوسیان بەکارنەهێنا بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشیانە بەڵام لە ئەوروپا تاوەکو ئێستا بەکاردێت لەگەڵ هەندێک دەرمانی تر.

٤- بۆ چارەسەری نەخۆشی ڕۆماتیزم و ئازاری جومگە بەکاردێت چونکە ترشی گلسیرینی تیایە.

٥- بۆ چارەسەر و هەوکردنی برینی ناو دەم، پاش بەکارهێنانی بۆ ماوەی ٢-٣ ڕۆژ. ئەم لێکۆڵینەوەش کرا لە هیندستان و دەرکەوت کەوا ٧٥٪ی نەخۆشەکان سوود دەبینن.

٦- بۆ چارەسەری هەوکردنی ڤایرۆسی (هیرپس - herpes simplex) باشە ئەویش لە ڕێگەی دەردانی مادەی (ئینترفیرۆن - interferon) کە توشی ئۆرگانەکانی زاوزێ دەبێت و زیانی بۆ کۆرپەلەش هەیە (ئەم نەخۆشیە لە ئەوروپا زۆرە).

٧- بۆ چارەسەری نەخۆشی (هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری سی - hepatitis) باشە. ئەم لێکۆڵینەوە لە ژاپۆن کرا لەسەر ٤٥٣ نەخۆش کە ١٠٠ س س گیراوەی سوسیان وەرگرت لە یەک ڕۆژدا بۆ ماوەی ٢ مانگ، پاشان هەفتەی دوو جار بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دەرکەوت کەوا ئەوانەی سوسیان وەردەگرت تەنها ١٢٪ توشی نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر بوون و ئەوانەی سوسیان وەرنەگرت ٢٥٪ توشی شێرپەنجەی جگەر بوون. لە هیندستان هەمان جۆر لێکۆڵینەوە کرا لەسەر بەکارهێنانسی سوس بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشیە دەرکەوت ئەوانەی سوس وەردەگرن بە ڕێگەی خۆیان (iv) بە بڕی ٤٠ سیسی ڕۆژانە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ، دوایی ١٠٠ سیسی هەر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا بۆ ماوەی ٢ مانگ، ئەوانەی سوسیان وەرگرتبوو ڕێژەی مانەوە تیایاندا گەیشتە ٧٢٪، بەڵام ئەو کۆمەڵە سوسیان وەرنەگرتبوو وەک چارەسەر ڕێژەی مانەوە تیایاندا ٣١٪ بوو. ئەو دەرزیەی بەکارهات بۆ لێکۆڵینەوە بریتی بوو لە (stronger neomicrophagen C).

لەو لێکۆڵینەوانە دەرکەوت کەوا سوس زۆر بەهێزە لە کوشتنی ڤایرۆس بۆیە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر چارەسەرکردنی نەخۆشی ئایدز و ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر.

٨- زۆر لە لێکۆڵینەوەکانیش دەریان خستووە کەوا سوس بۆ هەوکردنی بەکتریا باشە بەتایبەتی دژی (streptococci & staphelococci)، هەروەها دژی کەڕوو بەتایبەتی ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر ئەندامی زاوزێی مێینە، بۆ پاککردنەوەی برینیش باشە.

٩- بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەمانی سوڕی مانگانە بەکاردێت و لێکۆڵینەوە لە پۆڵەندا و ئەمریکا کراوە لەسەر ئەم بابەتە دەرکەوتووە ئەوانەی گیراوەیەکی تێکەڵاو لە سوس و ڕەگی پەتاتەی شێرینی کێوی (wild yamrot) و گیای فریشتەی چینی (chiness angelica) و گیای دایک (mothers wort) ڕۆژی ٣ جار بۆ ماوەی ٦ مانگ نیشانەی ئەو نەخۆشیەیان نەماوە ١٠٠٪.

١٠- لەبەر بوونی هۆرمۆنی (فایتۆئیسترۆجین) تیایدا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی زاوزێ لە ئافرەت و کەمکردنەوەی نیشانەکانی لە سوڕی مانگانە کەوتن و گەنجکردنەوەی ئافرەت باشە.

١١- لێکۆڵینەوە نوێیەکان دەریان خستووە کەوا سوس مادەی (کۆمارین - coumarins) بۆیە خوێن شل دەکاتەوە و دژی جەڵتە و مەینی خوێنە و بۆ نەخۆشی دڵ و ئیفلیجی مێشک باشە. ئەو مادەیە لە کەرەوز و لیمۆشدا هەیە.

١٢- ترشی گلیسیرین قەبارەی شێرپەنجە کەم دەکاتەوە لە مێشکدا.

١٣- گەشەی شێرپەنجە ڕادەگرێت بەهۆی بوونی مادەی (تایترپینۆد - Titerpenoids) چونکە هۆرمۆنی ستیرۆیدەکان تێکدەشکێنێ کە هۆکارێکی توشبوونی شێرپەنجەیە.

١٤- مادەی فینۆلی تیایە بۆ چارەسەری زۆ نەخۆشی بەکاردێت، هەروەها بۆ بەرگری لە ڕەشبوونی ددان بەکاردێت.

زیانەکانی زۆر بەکارهێنانی سوس

گێڕانەوەی ئاو بۆ ناو لەش (چونکە کاریگەری هۆرمۆنی ئەلدۆستیرۆنی) هەیە، بەمەش پەستانی خوێن زیاد دەکات و قاچەکان دەئاوسێن و پەستانی ناو چاویش زیاد دەکات بۆیە بۆ ئەوانەی شەکرە و پەستانی خوێن و نەخۆشی دڵ و دووگیانی ئافرەتی شیردەر باش نییە. بەڵام زانایان توانیویانە کەوا ئەو مادەی گلایسریریزینەی وا دەکات ئاو کۆبێتەوە لە لەش لایبەرن و ماکە خراپەکەی نەمێنێت.


سەرچاوەکان



816 بینین