شۆڤان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-25-03:21:00 - کۆدی بابەت: 4841
شۆڤان

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی شۆفان

بەشی بەکارهاتووی دەنکەکەییەتی، مێژووی سەرچاوەکەیشی لە کۆنەوە لە ناوچەی دەریای سپی ناوەڕاست ناسراوە و ٢٥ جۆری هەیە. نازاندرێ کەی گەیشتۆتە ئەوروپا و ئینگلتەرا. بڕی وزە و توانای خۆراکی کەمترە لە دانەوێڵەکانی تر.

پێکهاتەی شۆڤان

  • نیشاستەی زۆر و شەکری ٢.٥٪ و گلۆتین و ئەلبۆمینی تیایە.
  • پڕۆتینەکانی تر ١٢٪.
  • چەوری ٥٪.
  • کانزای زۆری وەک فۆسفۆڕ و مەگنیسیۆم و کالیسیۆم.
  • ترشی ئەمینی و هەندێ ئینزایم.
  • هۆرمۆنی جینسی وەک ئیسترۆجین.
  • ڤیتامینی وەک (ئەی و بی١ و بی٢ و بی٦ و ڤیتامینی ئی) تیایە.
  • ماددەی (پڕۆتیز ئینهیبتر) تیایە کە بەرگری لە سەرهەڵدانی شێرپەنجە دەکات بە تایبەتی ئەوانەی گۆشت زۆر دەخۆن.

بەکارهێنان و سوودەکانی شۆڤان

  • سەرچاوەیەکی باشە بۆ ڤیتامین (بی٦).
  • سەرچاوەیەکی چاکە بۆ ڤیتامین (ئی) کە ئەویش بەسوودە بۆ شەهوەی جینسی و ڕوونی پێست و بەرگری لە چرچ و لۆچ بوونەوەی.
  • کۆلیسترۆڵ کەم دەکاتەوە لە خوێن.
  • چونکە ڕیشاڵی زۆرە بۆیە باشە بۆ قەبزی و جوڵەی ڕیخۆڵە.
  • ڕێژەی چەوری کەمە بۆیە زۆر خواردنی زیانی نییە.
  • زۆر جار لەگەڵ زەیت و ئارد تێکەڵ دەکرا و دەکرا بە خواردنی بەیانیان.
  • بۆ کەم کردنەوەی باوبژ و ژانی ڕیخۆڵە بەسوودە.
  • هەرسکردنی سووکە بۆیە باشە بۆ دابەزینی تا و بەرگری لە هەوکردن.
  • لە دوای لە دایکبوونیش بەکاردێت وەک خۆراک.
  • گیراوەی شۆفان چالاکی دەمارە خانەکان زیاد دەکات بۆیە بۆ چارەسەری پشێوی باشە و ماندوبوون و شەکەتی کەم دەکاتەوە.
  • ئازاری ئێسقان و جومگە کەم دەکاتەوە بە تایبەتی ئازاری پێیەکان بۆیە وەک ئازار دامرکێنەرەوە بەکاردێت.
  • بۆ نەخۆشی شاهانە بەکاردێت.
  • بۆ چارەسەری زیادە هەستیاری پێست بەکاردێت.
  • کەم کەرەوەی ئاستی شەکر و چەوری خوێنە.
  • هاوکارە بۆ وازهێنان لە خوی جگەرە کێشان.
  • توێکڵەکەی بۆ مەیاسیری بەکاردێت پاش وشک کردنەوەی، هەروەها بۆ لابردنی ئازاری قاچ.
  • دووبارە بەکاردێت وەک هێمنکەرەوەی مێشک و دەمارەکان چونکە کانزای زۆری تیایە.
  • بۆ بەرگری لە شێرپەنجە باشە چونکە ماددەی (Protease inhibitors) تیایە.

کوتراوی شۆفان

لە ساڵی ١٩٨٠ لە لێکۆڵینەوەیەک دەرکەوت کەوا شۆفان ڕیشاڵی تواوەی زۆر تیایە بۆیە بۆ دابەزینی کۆلیسترۆڵ زۆر باشە بەڕێژەی ١٢٪. ڕیشاڵی تواوە هەیە لە سێو و شۆفان و برۆکلی.

بەڵام ڕیشاڵی نەتواوە هەیە لە کەرەوز و توێکڵی گەنم و فاسۆلیا ئەوانەش باشن بۆ بەرگری لە شێرپەنجەی کۆڵۆن و مەمک و ملی منداڵدان و هەندێ نەخۆشی تری گەدە و ڕیخۆڵە وەک قەبزی و کیسەی کۆڵۆن (Diverticulosis).

ئەم جۆرە خۆراکە لە ڕۆژئاوا بەکارناهێندرێت بۆیە لەو ووڵاتانە شێرپەنجەی کۆڵۆن زۆرە. ڕێژەی ئەو نەخۆشییە لە سینیگال و لە ئەفەریقا دەگاتە ٠.٦ لە پیاوان و ٠.٧ لە ئافرەتان ١٠٠٠٠٠ کەس چونکە شۆفان بەکاردەهێنن، بەڵام لە ڕۆژئاوا زۆرە بۆ نمونە لە (کناکتیکت) دەگاتە ٣٢.٣٪ لە پیاوان و ٢٦.٤٪ لە ئافرەتان.

تاوەکو ئێستا زانایان نەیان توانیووە بزانن بە شێوەیەکی زانستیانە هۆی چییە ئەو جۆرە خواردنانە بەرگری لە شێرپەنجە دەکەن، بەڵام دەڵێن گوایە ئەمانە ڕیشاڵ و کازایان زۆر تیایە و ڕێژەی چەوریشیان زۆر کەمە.

لە ساڵی ١٩٩٠ یەکێ لە لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکات کەوا کاریگەری شۆفان لەسەر کەم کردنەوەی چەوری ناو خوێن هەروەک کەریگەری گەنم وایە بۆیە بەکارهێنانی کەم بۆوە، ئەم لێکۆڵینەوە لە گۆڤاری (Journal of the American Medical Association) بڵاو کرایەوە، بەڵام هەر لە ئەمەریکا لە زانکۆی (میناسۆتا) لێکۆڵینەوە کراوە و دەریخستووە کەوا شۆفان زۆر زیاتر لە گەنم کۆلیسترۆڵ دادەبەزێنێ.

خواردنی تەنها ٣ گرام لە شۆفان ڕۆژانە وا دەکات چەوری دابەزێنێ و ڕیژەی ١٢٪ نەخۆشی دڵ کەم بکاتەوە.
لە لێکۆڵینەوەیەکی تر کە لە زانکۆی (کنتکی) کراوە لەسەر ٢٠ کەس کە نەخۆشی بەرزی کۆلیسترۆڵیان هەبوو، بڕیکی زۆریان لە پەلکی شۆفان پێدان بۆ ماوەیەک و کۆمەڵێکی تر لەو نەخۆشانە گەنمیان پێدان دەرکەوت ئەوانەی شۆفانیان وەرگرتبوو ڕیژەی کۆلیسترۆڵیان دابەزی بە ١٢.١٪ بەڵام کۆمەڵەکەی تر کە گەنمیان وەرگرتبوو ڕێژەی چەوریان دانەبەزی.

توێکڵی شۆفان ماددەی وای تیایە وەک (Phytates) کەوا ناهێڵێت ئەو هۆرمۆنانەی هاوکاری دروست بوونی شێرپەنجەن زیاد بکات بۆیە وەک بەرگرییەک لە پێش توشبوون بە شێرپەنجە دادەنرێت.

ئەوەی گرنگە نابێت شۆفان بە بڕێکی زۆر بخورێت لە یەک کاتدا بەڵکو پێویستە بە بڕی کەم بخورێت و لەسەرخۆ بڕەکەی زیاد بکرێت چونکە دەبێتە هۆی قورسی گەدە و دروست بوونی باوبژ و ئازار.


سەرچاوەکان



2169 بینین