بورجی خەلیفە

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-05-03:27:00 - کۆدی بابەت: 5167
بورجی خەلیفە

ناوه‌ڕۆك

باڵەخانە هەوربڕەکان

هەوربڕەکان باڵەخانەی زۆر بەرزن کە لانی کەم 100 قات دەبن، زۆربەی هەوربڕەکان لە لوتکەکەیاندا تاوەرێک دانراوە بۆ زیاد کردنی بەرزی، لە بەناوبانگترین هەوربڕەکان بریتین لە تاوەری سیزەر لە شیکاگۆ کە بەرزییەکەی دەگاتە 443 مەتر، هەروەها باڵەخانەی ئیمپایەر ستەیت لە نیویۆرک کە بەرزییەکەی دەگاتە 373 مەتر جگە لەو تاوەرەی لە لوتکەکەیدا هەیە کە 70 مەتر زیاد دەکاتە سەر بەرزییەکەی، نزیکەی 25 باڵەخانە لە جیهاندا هەن کە بەرزییەکەیان لە 300 مەتر زیاترن، ئامانجی دروستکردنی ئەم هەوربڕانە ڕاکێشانی سەرنج و هاندانی گەشت و گوزارە لە ناوچەکەدا، لە درێژترین باڵەخانە هەوربڕەکان لە جیهاندا بورجی خەلیفەیە.

زانیاری دەربارەی بورجی خەلیفە

بورجی خەلیفە لە شاری دوبەییە لە وڵاتی ئیماڕاتی عەرەبیی یەکگرتوو، بە هەوربڕێکی فرە بەکارهێنان دادەنرێت، هەروەها بە درێژترین بینا دادەنرێت کە لە جیهاندا و لە کتێبی گینسدا تۆمار کرابێت، ناونانی ئەم تاوەرە وەک ڕێزلێنانێک بووە بۆ سەرۆکی میرنشینی دوبەی ''ابو ظبي الشیخ خلیفة بن زاید آل نهیان''، لە سەرەتای دروستکردنیدا پێی دەوترا تاوەری دوبەی، کردنەوەی تاوەرەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە چواری یەنایەری ساڵی 2010ز بوو، ئەمە لە کاتێکدا بوو کارەکانی ناوەوەی تاوەرەکە بە تەواوەتی کۆتاییان پێ نەهاتبوو، بەرزیی بورجی خەلیفە دەگاتە 828 مەتر، هەروەها لە 162 قات پێکدێت، ڕووبەری ستوونیی ئەم تاوەرە هێندە زۆرە کە بەشی چەندین پڕۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوون دەکات، کۆمپانیای ئەندازیاری تەلارسازی ''سکیدمۆر'' کە لە شیکاگۆیە کاری دیزاین کردنی بۆ ئەم تاوەرە کردووە، ''ئادریان سمیث'' وەک ئەندازیارێکی تەلارسازی و ''ویلیام بەیکەر'' وەک ئەندازیارێکی دروستکردن سەرپەرشتی نزیکەی 12،000 کرێکاریان کردووە بۆ تەواو کردنی ئەم تاوەرە.

 

تاوەری خەلیفە شێوەی گوڵی هیمینۆکالیسی هەیە کە لەو ناوچەیەدا هەیە و پێکهاتووە لە سێ گەڵا یاخود لەسەر شێوەی پیتی Y ـە، ئەم شێوەیە یارمەتی کەمکردنەوەی کاریگەری هێزی با دەکات لەسەر تاوەرەکە، بە جۆرێک چەقەکانی ناوەوە لەسەر شێوەیەکی شەشی دەبێت کە بەهۆی چەند باڵێکەوە پاڵپشتی دەکرێت کە لە کۆنکرێت دروست کراون، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تاوەرەکەدا باڵەکان بە شێوەیەکی لوولپێچی کەم دەبنەوە، بەم شێوەیە شێوەی تاوەرەکە بەپێی هەر پلەیەک لە قاتەکان دەگۆڕێت، بەم شێوەیەش کاریگەری با لەسەر تاوەرەکە دەست پێدەکات، لەسەر لوتکەی تاوەرەکەدا دڵی ناوەندی هەیە کە بە شێوەیەکی بازنەیی دەجووڵێت، بەرزیی ئەم بەشە دەگاتە زیاتر لە 200 مەتر، کە بە بەکارهێنانی داینەمۆیەکی هایدرۆلیکی دەجووڵێنرێت، پایەکانی تاوەرەکە بە کۆنکرێتێکی ئەستوور پاڵپشتی کراوە کە ئەستوورییەکەی دەگاتە 4 مەتر، ڕووبەری نهۆمی زەمینی دەگاتە نزیکەی 186،000 مەتر بە نزیکەیی، تاوەرەکە لە ڕووی دەرەوە بە لەوحی لە ئەلەمنیۆم و پۆڵا ڕووپۆشکراو داپۆشراوە کە ژەنگ ناهێنن، زیاتر لە 28،000 پارچەی شووشەیی هەن کە دانە بە دانە بە دەست بڕدراون، هەروەها قاتێک تایبەت کراوە بۆ چآودێری کردنی گشتی باڵەخانەکە لە نهۆمی 124ـدا.

ناوەندی تایپێی دارایی لە تایوان بەرزترین هەوربڕ بوو لە ساڵی 2004ـەوە هەتا ساڵی 2010 کە بەرزییەکەی 509 مەتر دەبوو، لەگەڵ کۆتایی هاتنی بورجی خەلیفە و ڕاگەیاندنی بە شێوەیەکی فەرمی لە ساڵی 2010ـدا بوو بە بەرزترین تاوەر لە جیهاندا.

چەندین شوێنی تایبەت و جیاواز لە چواردەوری بورجی خەلیفە هەیە، کە دەکرێت سەردانیان بکرێت و چێژ لە دیمەنە جوانەکانیان ببینرێت، ئەم شوێنانە سەر بە بورجی خەلیفەن لە ڕووی گرنگیپێدان و چاککردنەوە و کارکردن لەسەریان.

تایبەتمەندییەکانی بورجی خەلیفە

  • تێچووی بنیاتنانی تاوەرەکە گەیشتە 1.5 ملیار دۆلار، بەشێک بوو لە پڕۆسەی دووبارە پێشخستنی شاری دوبەی کە کۆی گشتی بودجەی پڕۆژەی پێشخستنەکە 20 ملیار دۆلار بوو.
  • تاوەرەکە لە 21ـی سێپتەمبەری 2004ـەوە دەستی پێکرد.
  • تاوەرەکە جێگەی زیاتر لە 12.000 کەسی تێدا دەبێتەوە، ڕووبەرگی شتیی پڕۆژەکە دەگاتە نزیکەی 6 ملیۆن پێ چوارگۆشە.
  • ژمارەی یەکەی نیشتەجێبوونەکانی تاوەرەکە دەگاتە 1،044 یەکە.
  • چەندین یانە و شوێنی تایبەتی تێدا کراوەتەوە، وەک یانەی لەشجوانی و یانەی جگەرە، هەروەها لە نهۆمی 158ـدا مزگەوتێک هەیە کە بەرزترین مزگەوتی جیهانە.
  • تاوەرەکە لە نهۆمی 74ـدا مەلەوانگەیەکی تێدایە.
  • ڕێژەی بەکاربردنی ئاو لە بورجی خەلیفەدا ڕۆژانە دەگاتە 946،000 لیتر.
  • ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا لە تاوەرەکەدا دەگاتە ئاستی کارپێکردنی 500،000 گڵۆپ لە یەک کاتدا.
  • تاوەرەکە 54 بەرزکەرەوەی کارەبایی تێدایە، خێراییان دەگاتە 65 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
  • تاوەرەکە 3000 شوێنی پارک کردنی ئۆتۆمبێلی تێدایە لە ژێرزەمیندا.
  • تاوەرەکە لە ڕێگەی کۆمپانیای ئیعمار ـەوە پەرەیپێدراوە کە بارەگایان لە دوبەیە.

چالاکییەکانی بورجی خەلیفە

فوارەی دوبەی

فوارەی دوبەی بە تێچووی 800 ملیۆن درهەمی ئیماڕاتی دیزاین کراوە، 6600 گڵۆپی تێدایە و 50 ئامێری ڕەنگکردنیشی تێخراوە، توانای فڕێدانی ئاوی هەیە بۆ بەرزیی 150 مەتر لە هەوادا بەپێی دەنگە مۆسیقییەکان، بە دووەم گەورەترین فوارە دادەنرێت لە جیهاندا.

ستەیجی چاودێریکردنی دەرەوە

لە نهۆمی 124ـی تاوەرەکەیە، تەلەسکۆپی ئەلیکترۆنی تێدایە کە سەردانیکەران دەتوانن لە ڕێگەیەوە سەیری دیمەنەکانی دوبەی بکەن بە ڕاستەوخۆ، بۆ چوونە ئەو شوێنە دەبێت گەشتیار بلیتێک بە نرخی 135 درهەمی ئیماراتی ببڕێت.

چالاکییەکانی ڕەمەزان

لە قاتی 80 و بەرەو سەرەوە دەکرێت خۆر ببینرێت تەنانەت دوای 3 خولەک لە خۆرئاوابوون لەسەر ڕووی زەوی، لەبەر ئەمە ئەو کەسانەی کە لەو نهۆمانەدا دەژین دەبێت 3 خولەک زیاتر چآوەڕێ بکەن لە دوای بانگی ئێوارە لە ڕەمەزاندا بۆ ئەوەی بەربانگ بکەنەوە.

خەڵاتەکانی بورجی خەلیفە

بورجی خەلیفە چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەستهێناوە، بووەتە خاوەنی خەڵاتی باشترین تاوەری بەرزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە ساڵی 2010ـدا لەلایەن ئەنجومەنی باڵەخانە بەرزەکانەوە، هەروەها بووەتە خاوەنی خەڵاتی باشترین پڕۆژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەرواری 28ـی سێپتەمبەری 2010، هەروەها تاوەرەکە ناونراوە بە دروستکراوی سەدە. چەندین خەڵاتی دیکە وەک:

  • خەڵاتی ئەندازیاری تەلارسازی جیهانی لە ساڵی 2010.
  • خەڵاتی ئینجازی عەرەبی لە ساڵی 2010.
  • خەڵاتی ئەندازیاری تەلارسازیی ناوەوە لە شیکاگۆ لە ساڵی 2011ز.
  • خەڵاتی باڵەخانەی جیاواز.
  • خەڵاتی جیاوازی لە دیزاین.
  • خەڵاتی جیاوازی لە ئەندازیاری بۆ ئەندازیارانی گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە لە لایەن کۆمەڵەی ئەمریکی.
  • خەڵاتی هەیکەلی جیاواز.
  • خەڵاتی بیناسازی بۆ ناوچە عەرەبییەکان لە لایەن عەقاراتی عەرەبی.
  • مەدالیای زیوین بۆ باڵەخانە هەوربڕەکان لە لایەن ئیمبۆریسەوە.
  • خەڵاتی هەیکەلی بازرگانی لە لایەن کۆلێژی ئەندازیارە بیناسازەکان.


سەرچاوەکان



3280 بینین