زۆر میزکردن لەکاتی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-13-01:11:00 - کۆدی بابەت: 5308
زۆر میزکردن لەکاتی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

ئایا زۆر میزکردن لەکاتی دووگیانیدا ئاساییە؟

ئەگەر دووگیانیەکەت دووگیانیەکی ئاسایی بێت و کێشەیەکی تایبەتی نەبێت، زۆر میزکردن ئاساییە و بە زیادبوونی مانگەکانی دووگیانیش دەگۆڕێت.

هەندێک جار میزکردنت هەر وەک جارانە و هەندێک جاریش میزکردنت زۆر دەبێت، لە سێ مانگی سەرەتای دووگیانیدا بەهۆی گەورەبوونی منداڵدانەوە هەستکردنت بە میز زیاد دەکات و زوو زوو میز دەکەیت، بە گەورەبوونی سک ئەم حاڵەتە کەمتر دەبێتە بەڵام دووبارە لە سێ مانگی کۆتایدا لەبەرئەوەی کە منداڵەکە هاتۆتە ناوچەی حەوز و پەستان دەخاتە سەر میزەڵدان دایکەکەش زیاتر میز دەکات.

هۆڕمۆنەکانی دووگیانی وەک (hcg) ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە زیادبوونی جارەکانی میز کردن، زۆر میز کردن دوای ماوەیەکی کورت دوای منداڵبوون نامێنێت، چەند ڕۆژێک دوای منداڵبوون میزکردن زۆر دەبێت چونکە جەستە لە حاڵەتی دەرکردنی شلەمەنی زیادەیە کە بە درێژایی ماوەی دووگیانی لە جەستەدا کۆبووەتەوە، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک بارودۆخت وەک کاتی پێش دووگیانی لێ دێتەوە.

چۆن بزانم کە هەوکردنی میزم هەیە یان نا؟

ئەگەر زۆر میز کردن لەم ماوەیەدا ئەم نیشانانەی لەگەڵ بوو (ئازاری خوارەوەی سک، ئازاری ڕانەکان و ئازار و سوتانەوە لەکاتی میز کردندا) ئەمانە ئاسایی نین و دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت.

هەوکردنی میز بەربڵاوترین جۆری هەوکردنی بەکتریاییە لە خانمانی دووگیاندا ئەگەر چارەسەر نەبوو ئەوا لەوانەیە هۆکارەکەی هەوکردنی گورچیلە یان منداڵبوونی پێش وەختە بێت، پزیشک دەتوانێت چارەسەرت بۆ بکات دوای پشکنینی میز و زانینی هۆکارەکەی.

چی بکەین بۆ کەمکردنەوەی زۆر میز کردن؟

کاریگەری خواردن بۆ سەر جەستە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، ئەستەمە بە کۆمەڵێک خەڵک بوترێت کە چ خواردنێک بخۆن و چ خواردنێک مەخۆن، دەتوانیت دوای خواردنی شتێک سەرنج بخەیتە سەر جەستەت بەم شێوەیە دەزانیت کە چ خواردنێکت پێ دەکەوێت و چیت پێ ناکەوێت.

لەگەڵ پزیشک قسە بکە بۆ خواردنەوەی شلەمەنی

ئەگەر زۆر ئاو و شلەمەنی نەخۆیتەوە ئەوا جەستەت وشک دەبێتەوە و لەلایەکیشەوە ئەگەر زۆر بخۆیتەوە دەبێتە کێشە بۆت، لەم حاڵەتەدا تەنانەت خواردنەوەی ٦ تا ٨ پەرداخ ئاو لە ڕۆژێکدا کە پێویستە هەموو کەسێک ڕۆژانە ئەوەندە ئاو بخواتەوە، ئەگەر ئەوەندە ئاو بخۆیتەوە زوو میزەڵدانت پڕ دەبێت و دەبێت زوو زوو میز بکەیت، پرس بە پزیشک بکە تا پێت بڵێت بە پێی جەستەت چەند ئاو گونجاوە بیخۆیتەوە، لەدوای کاتژمێر چواری ئێوارەوە خۆت بە دوور بگرە لە خواردنەوەی زۆری شلەمەنی و دەرمانی میزپێکەر و هەر ٢ بۆ ٣ کاتژمێرێکیش بڕۆ بۆ تەوالێت.

ڕاهێنانی (Kegel) لەبیر مەکە

ڕێگایەکی ترە کە دەتوانێت یارمەتیت بدات لە کۆنتڕۆڵکردنی میزکردنی زۆردا، ئەم ڕاهێنانە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ماسولکاکانی ناوچەی حەوز کاری ناوچەی میز و کۆم ئاسان دەکات، لە تەوالێت دانیشە و دەست بکە بە میز کردن و دوای ئەوە لەنیوەی میزەکەدا میزکردنەکە بوەستێنە و ئەو ماسولکانەی کە ڕێگری دەکەن لە هاتنە خوارەوەی میز ماسولکەی( Kegel)ـن.

بۆ ئەنجامدانی ڕاهێنانی (Kegel) دەبێت ماسولکەکانی سک و ڕان و ئەندامەکانی ترت خاوبکەیتەوە، و ماسولکەکانی ناوچەی حەوز گرژ بکەیت، ماسولکەکانت ڕاگرە هەتاکوو تا ژمارە دە دەژمێریت، ئەم ڕاهێنانە دەتوانیت لە بەیانی و دوای نیوەڕۆ و شەودا ئەنجامی بدەیت، لە هەموو کاتێکدا دەتوانیت ئەنجامی بدەیت کاتی شۆفێری یان دانیشتن لەسەر مێز

دوورکەوە لە خواردنی ئەو ماددانەی کە کافاینیان تێدایە

دوورکەوە لە خواردنەوەی قاوە و چا، شوکولاتێکی قاوە بە ئەندازەی یەک لەسەر چواری یەک کوپ قاوە ماددەی کافاینی تێدایە، واباشترە کە شوکولاتەی سپی یان شوکولاتەی تاڵ بخۆیت تا بتوانیت وردە وردە حەزی شوکولاتە خواردنەوەت کەمتر ببێت، ساردی گازدار، تەنانەت ئەو قاوانەشی کە لێی نوسراوە بەبێ کافاینە هەر بڕێک کافاینی تێدایە، کافاین وادەکات کە کەسەکە زۆر بچێتە تەوالێت و زۆر میز بکات و وا لە جەستە دەکات کە شلەمەنی سەرف بکات.

دوورکەوە لە خواردنی خۆراکی پڕ بەهارات

وا باشترە دوورکەویتەوە لەو خواردنانەی بڕێکی زۆری بەهاراتی تێدەکرێت، خواردنی پڕ بەهارات دەبێتە هۆی وروژاندنی میزەڵدان و قورسە کە هەموو بەهاراتەکان بسڕیتەوە و نەیخۆیت، هەوڵبدە تاقیانبکەیتەوە و بزانە کامیان بە جەستەی تۆ ناکەوێت و زیاتر کارت تێدەکات ئەوەیان بەکارمەهێنە، هەروەها پیازیش وەک خواردنی پڕ بەهارات کاریگەری هەیە.

خواردنەوەی خواردنەوە مزرەمەنی و ترشەکان

میوە بەشێکی گرنگە بۆ تەندروستیت بەڵام باشترە کە میوەی وەک مۆز و سێو بخۆیت کە کەمتر ماددەی ئەسیدی تیایە، هەرچەنە بەپێی جەستەی خۆت میوەیەک بۆ میوەیەکی تر دەگۆڕدرێت بەڵام بە گشتی میوە مزرەمەنیەکانی وەک، پڕتەقاڵ، تەماتە، لیمۆ، سندی کاریگەریان هەیە.

دوورکەوتنەوە لە خواردی شیرینی

لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە شیرینی چ هی دەرەوە و چ دروستکراوی ماڵەوە دەتوانێت پەستان بخاتە سەر میزەڵدان و میزکردن زۆر بکات، وە هەموو ئەمانە پێویست ناکات کە بە تەواوی وازی لێبهێنیت بەڵام تا کەمتر بیخۆیت بۆ خۆت باشتر دەبێت.

خواردنە خێراکانی دەرەوە مەخۆ

ئەم جۆرە خواردنانە بڕێکی زۆر ماددەی پاراستن و ڕەنگی تێکراوە و هیچ سەلامەت نییە کە دەتوانێت کاریگەری بکاتە سەر میزەڵدانت، هەمیشە هەوڵ بدە خواردنی ماڵەوە و هەروەها پڕ سەوزە و میوە بخۆیت،


سەرچاوەکان



23771 بینین