بۆچی دەتوانین لە هێرۆشیما بژین بەڵام لە چێرنۆبڵ نا؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-21-00:40:00 - کۆدی بابەت: 5974
بۆچی دەتوانین لە هێرۆشیما بژین بەڵام لە چێرنۆبڵ نا؟

ناوه‌ڕۆك

جیاوازی چێرنۆبڵ و ژاپۆن

هەریەک لە یەکێتی سۆڤیەت و ژاپۆن تەقینەوەی ناوکی ئەتۆمییان بەخۆیانەوە بینیووە لە ماوەی یەک سەدەدا، بەڵام بە دوو شێوەی جیاواز، لەگەڵ ئەوەی هێرۆشیما هێرشی کرایە سەر و بە ئەنقەست ویستی وێرانکردنی هەبوو، بەڵام لە دوای ماوەیەکی کەم خەڵکی گەڕانەوە بۆ شارەکە و دووبارە تێیدا ژیان، بەڵام وێستگەی چێرنۆبڵ لەگەڵ ئەوەی بە هەڵە تەقییەوە و جگە لە بینای ڕیئاکتەرەکە هیچ بینایەکی دیکەی وێران نەکرد، بەڵام بۆ ماوەی سەد ساڵ نابێت هیچ کەسێکی تێدا بژی، ئەم جیاوازییە سەیرە چەند هۆکارێکی تایبەتی هەیە.

هێرشی هێرۆشیما

لە ٦/٨/١٩٤٥ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بۆمبی ناوەکی هێرشی کردە سەر ژاپۆن و مووشەککێکی ئەتۆمی بە ناوی "کوڕی بچووک"، کە مووشەکێکی وزەبەخشراو بە یۆرانیۆم بوو و بەرزییەکەی ١٠ پێ و پانییەکەی ٢ پێ بوو، لە ١٤٠ پاوەند یۆرانیۆم پێکهاتبوو و کێشەکەی ١٠ هەزار پاوەند بوو، لە کاتی تەقینەوەی لە شارەکەدا لە دووری ٢٠٠٠ پێ لە ئاسمانی شارەکە تەقییەوە، لەگەڵ ئەوەش بووە هۆی کوشتنی ٧٠ هەزار کەس و %٧٠ـی باڵەخانەکانی وێرانکرد، هەموو ئەمەش بە تەقینەوەی ١٦ کیلۆتەن هێزی تەقینەوەوە بوو.

تەقینەوەی چێرنۆبڵ

ساڵی ١٩٨٦ ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا لە چێرنۆبڵ ڕوویدا و لە كاتژمێر 12:05ـی بەیانی 26ـی مانگ، گەرمی ڕیئاكتەرەكە كە دەبوایە 700 بۆ 1000 بوایە، نزمبوویەوە بۆ 720، بەهۆی بەرهەمهێنانی زینۆنی 135 بۆ دووكەرتبوون، كە توخمێكی نیۆترۆنی چالاكە.

وزەی ناوكەكە بەردەوام بوو لە دابەزین، لە نەبوونی كارپێكەرەكەدا ڕووداوێك ڕوویدا كە پێی دەوترێت (ژەهراوی بوونی ڕیئاكتەر)، لە كاتی داگیرساندنی حاڵەتی جێگیر و باری ئاسایی، ڕێگری لەم كارە دەكرێت چونكە زینۆن 135 بەخێرایی دەسوتێت كاتێك دروست دەبێت بەهۆی شیبوونەوەی یۆد 135 لە ڕێگای وەرگرتنی نیۆترۆنەكان لە چالاكییە بەردەوامەكەدا، بۆ ئەوەی زینۆن 135 لە بەرزترین ئاستی جێگیری بێت.

بە كەمبوونەوەی هێزی ڕیئاكتەرەكە، ڕێژەیەكی زیاتر لە یۆدی 135 شیبوویەوە كە پێشتر بەرهەمهاتبوو بەمەش هێزێكی زیاتری دایە زینۆن 135 بۆ ئەوەی بسوتێت.

بۆ وەستاندنی ئەم حاڵەتەش دەست برا بۆ دوگمەی وەستاندن، بەڵام ئەوە بووە هۆی ترازانی گرافیت لە ناوكەكە و بەرزكردنەوەی چالاكی و  دروستكردنی هەڵمێكی زۆر كە پەستانی خستە سەر پلێتەكە و بووە هۆی تەقاندنەوەی و دواتریش گڕگرتنی ناوكەكە و تەقینەوەی بیناكە.

بەهۆی تەقینەوەكە 31 كرێكار و ئەندازیار و ئاگركوژێنەوە، ئەمەش بەپێی ئاماری یەكێتی سۆڤیەت، بەڵام نەتەوە یەكگرتووەكان ئامارەكە بە 4 هەزار كەس دەخەمڵێنێت، دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیاش دەڵێن هەشت هەزار كەسی تێپەڕاندووە، ڕێكخراوەكانیش بە 10 بۆ 70 هەزار كەسی دادەنێن كە بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەستداوە، تا ئێستاش زیاتر لە دوو ملیۆن كەس بەهۆكاری جیاجیا دەناڵێنن بەدەست كارەساتەكەوە، و زیاتر لە 1،4 هێكتار زەوی ئۆكرانیا و ڕووسیاش تووشی تیشكدان بووەتەوە و زیانی هەیە بۆ تەندروستی.

دوای ڕووداوەكەش چەندین هێكتار زەوی پاككرایەوە بە بڕینەوەی درەختەكانی و هەڵگێڕانەوەی خاكەكەی، دواتریش كۆكردنەوەی گیاندارەكانی و كوشتنیان، دارستانەكەشی ناونرا بە (دارستانی سوور) چونكە ڕەنگی درەختان گۆڕابوو بۆ ڕەنگی زەنجەبیلی ڕوون، ئەو كەسانەشی مردن خرانە نێو چەند چینێك چیمەنتۆوە و دواتر نێژران.

چی وادەکات بتوانین لە هێرۆشیما بژین بەڵام لە چێرنۆبڵ نا؟

پیسبوون و تیشکدانەوە

زانایان باوەڕیان وایە کە ناوچەی سنووردارکراو و قەدەغەکراوی چێرنۆبڵ کە ٣٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە بە شێوەیەکی مەترسیداری سەرسوڕهێنەر تووشی تیشکدانەوە بووە بە سیزیۆم-١٣٧ و سترۆنتیۆم-١٣١ و یۆدی ١٣١، بەهۆی ئەمانەشەوە هەرگیز شوێنێکی پارێزراو نییە بۆ مرۆڤ، بەڵام هەریەک لە ناکازاکی و هێرۆشیما بەمشێوەیە نین، ئەمەش بەهۆی سێ هۆکارەوە:

  • وێستگەی چێرنۆبڵ سووتەمەنییەکی زیاتری ئەتۆمی لەخۆگرتبوو
  • ڕێژەیەکی زۆری سووتەمەنی بەکاردەهێنا لەکاتی کارکردن
  • هەموو تەقینەوەکە لەسەر زەوی بوو و لە ئاسماندا نەتەقیبووەوە

 بڕی تەقینەوە

تەقینەوەی هێرۆشیما ١٤٠ پاوەند یۆرانیۆمی لەخۆگرتبوو، لەکاتێکدا وێستگەی ژمارەی چواری چێرنۆبڵ ١٨٠ تەن سووتەمەنی ئەتۆمی تێدابوو.

توانای کارلێککردن

لەو بڕە زۆرەی هێرۆشیما تەنیا ٢ پاوەند کارلێکی کردووە کە بووەتە هۆی ئەو تەقینەوەیە، لە چێرنۆبڵ لانی کەم حەوت تەن لە سووتەمەنی ئەتۆمی بە جارێک تەقیوەتەوە و بیناکەی بە ئاسماندا بردووە، دواتریش بەهۆی هاتنە خوارەوەی تیشکدانەوەکە و شلبوونەوەی ناوکەکەوە %١٠٠ـی بڕی زینۆن و کریپتۆن بڵاوبوونەتەوە، هاوکات لەگەڵ بڕی %٥٠ یۆد و %٢٠-٤٠ لە سیزیۆم.

ناوچەکە

هەریەک لە تەقینەوەکانی ناکازاکی و هێرۆشیما لە ئاسماندا بوون لە دووری دەیان پێ لە زەوییەوە، هەروەها ئەو دوو شارە ناوچەیەکی دەشتایین، بەهۆی ئەوەشەوە بڵاوبوونەوەی یۆرانیۆم بە شێوەیەکی ئاسۆیی دوورمەودا بووە بە درێژایی لایەکانی تەقینەوە لەجێی ئەوەی ناخی زەوییەکە ببڕێت، بەڵام کاتێک ناوکی وێستگەی چێرنۆبڵ دەتوێتەوە لەگەڵ نیۆترۆنی زەوی کارلێکی کردووە و وزەکەی چەندان جار بەهێزتر کردووە بۆ بڵاوبوونەوە و تیشکدانێکی زیاتر.


سەرچاوەکان

719 بینین