تینوێتی

له‌لایه‌ن: سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-21-14:32:00 - کۆدی بابەت: 5981
تینوێتی

ناوه‌ڕۆك

تینوێتی چییە؟

تینوێتی ڕێگایەکە جەستە بەکاری دەهێنێت بۆ هەواڵدانی لە کەمی بڕی ئاو تێیدا، جەستە پێویستی بە ئاوە تاکوو بە باشی کاری خۆی بکات، بۆیە ئاساییە جەستە هەست بە تینوێتی بکات کاتێک لەش گەرم دەبێت یان پاش کاردکردنێکی زۆر و چڕ، بەڵام پاش خواردنەوەی ئاو بە بەردەوامی بەبێ ئەوەی تینوێتی کەم بکات، ئەمە دەکرێت نیشانەی کێشەیەکی تەندروستی بێت. 

تیونێتی بەردەوام جۆرێکە لە تینوێتی کە کە چەند ڕۆژ یان هەفتە یان ماوەیەکی زیاتر دەمێنێتەوە بەپێی هۆکاری ڕوودانی، هەروەها هەرچەند شلەمەنی بخورێتەوە تینوێتییەکە هەر دەمێنێت، زۆربەی ئەو کەسانەی کێشەی تیونێتی بەردەوامیان هەیە ڕۆژانە شەش لیتر یان زیاتر شلەمەنی دەخۆنەوە، خودی خۆی بە نەخۆشی دانانرێت، بەڵکو نیشانەیە بۆ نەخۆشی تر، وەکوو شەکرە بە نموونە.

هۆکارەکانی تینوێتی

ئاساییە کەسێک هەست بە تینوێتی بکات لەکاتی گەرمی کەشوهەوا یان لە کاتی ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی قورس، بەڵام هەندێک جار دەکرێت تینوێتی نیشانەی توشبوون بە نەخۆشی بێت، لە گرنگترین هۆکارەکانی تینوێتیش بریتین لە: 

وشکبوونەوە

وشکبوونەوەی جەستە نیشانەی ئەوەیە کە جەستە بڕی پێویستی ئاوی نییە بۆ ئەنجامدانی چالاکییە ئاساییەکانی، هەروەها تینوێتی نیشانەی سەرەکی ئەو حاڵەتەیە، دەکرێت بە چەندین هۆکار ڕوو بدات وەکوو: ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشی، سکچوون و ڕشانەوە، ئارەقەکردنەوەی زۆر، وێڕای حەز بە خواردنەوەی ئاو وشکبوونەوە چەند نیشانەیەکی تری هەیە وەکوو: میزی ڕەنگ تاریک، پێویستی بۆ زۆر میزکردن، وشکبوونەوەی دەم و پێست، هەست بە هیلاکی و سەرگێژخواردن و سەرئێشە، بەڵام ئەو منداڵانەی توشی وشکبوونەوە بوون چەند نیشانەیەکی تریان تێدا دەردەکەوێت وەکوو: کەمی فرمێسک لەکاتی گریاندا، وشکبوونی دەم و لێو، کەم ویستی میزکردن، وشکی دایبییەکانیان و باری دەروونیان. 

نەخۆشی شەکرە

تینوێتی یەکێکە لە نیشانەکانی شەکرە، لەکاتی توشبوون بەم نەخۆشییە لەش توانای بەرهەمهێنانی بڕی پێویستی ئەنسۆلینی نییە یان بە شێوەیەکی باش بەکاری ناهێنێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی بڕێکی زۆری گلوکۆز لە خوێندا، گلوکۆزی ناو میز بڕێکی زیاتری ئاو ڕادەکێشێت بۆ خۆی و ئەمەش هۆکاری زۆر میزکردنی نەخۆشانی شەکرە ڕووندەکاتەوە، کە دەبێتە هۆی تینوێتی زۆر، لە نیشانەکانی تری شەکرەش بریتین لە ناڕوونی بینین و هەست بە هیلاکی زۆر و هەست بە برسێتی و درەنگ ساڕێژبوونی برینەکان. 

نەخۆشی شەکرەی درۆینە

وێڕای ئەوەی ناوەکەی شەکرەیە، بەڵام ئەم نەخۆشییە هیچ پەیوەندی بە شەکرەوە نییە، کە ڕوودەدات کاتێک جەستە بڕی پێویستی ئەو هۆڕمۆنانە بەرهەم ناهێنێت کە یارمەتی گورچیلە دەدەن لە ڕێکخستنی بڕی ئاوی لەش، تیونێتی زۆریش یەکێکە لە نیشانە سەرەکییەکانی ئەم نەخۆشییە، وێڕای وشکبوونەوە و ویستی میزکردن و زۆر چوونە سەرئاو. 

وشکبوونی دەم

لەکاتی وشکبوونی دەمدا دەکرێت کەسەکە هەست بە تینوێتی بکات، کە زۆرجار هۆکاری ئەمە کەم بەرهەمهێنانی لیکە لە ئەنجامی بەکارهێنانی هەندێک دەرمان، یان ئەو چارەسەرانەی بۆ نەخۆشی تر بەکاردێن وەکوو شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی وەکوو: کۆنیشانەی شوگرن، یان لەکارکەوتنی دەمارەکانی سەر و مل، یان بەکارهێنانی توتن، ئەگەر کەسەکە بڕی پێویستی لیک بەرهەم نەهێنێت بەدەست چەند نیشانەیەکی ترەوە دەناڵێنێت وەکوو: بۆنی ناخۆشی دەم، گۆڕانی حاڵەتی تامکردن، هاندراوی کەپوو، زیادبوونی لینجی لیکەکە و کێشەی جوین.

کەمخوێنی

واتای کەمخوێنی ئەوەیە کە جەستە بڕی پێویستی خڕۆکە سوری ساغی نییە، هەندێک کەس لە لەدایکبوونەوە کەمخوێنییان هەیە، هەندێکی تریش پاش تەمەنێک توشی دەبن، چەندین هۆکار هەیە کە دەبنە هۆی کەمخوێنی و لە نێویشیاندا هەندێک نەخۆشی، هەروەها خراپی سیستمی خۆراکی، یان ڕوودانی خوینبەربوونی توند، بە زۆری کەمخوێنییەکی سووک نابێتە هۆی تینوێتی، لە نیشانەکانی تریشی وەکوو سەرگێژخواردن و هەست بە هیلاکی و لاوازی و زەردووی پێست و خێرا لێدانی دڵ و ئارەق کردنەوە. 

دووگیانی

هەستکردن بە تینوێتی و پێویستی زۆر میزکردن لە نیشانە بڵاوەکانی دووگیانین، زۆرجار پێویست بە خۆ شڵەژاندن ناکات، بەڵام هەندێک حاڵەتی تر ڕەنگە نیشانە بێت بۆ توشبوون بە شەکرەی دووگیانی، کە ئەویش نەخۆشییەکی شەکرەیە توشی ئافرەتی دووگیان دەبێت، پشکنینی شەکرەی خوێنیش بە پشکنینی ڕۆتینی دەبیت لەکاتی دووگیانیدا، بەتایبەت گەر ئافرەتەکە مەترسییەکانی توشبوون بە شەکرەی تێدا دەرکەوتبێت. 

بەکارهێنانی هەندێک دەرمان

دەکرێت تیونێتی زۆر لە ئەنجامی وەرگرتنی هەندێک دەرمانەوە دەربکەوێت وەکوو کاریگەری لاوەکی دەرمانەکە، لەو دەرمانانەش کە دەبنە هۆی بریتین لە لیسیۆم و هەندێک دژە دەروونییەکان و میزپێکەرەکان، ئەگەر ئەوە هۆکاری تینوێتییەکە بوو دەکرێت دەرمانەکەی بۆ بگۆڕدرێت بە دەرمانێک کە نەبێتە هۆی ئەو نیشانانە یان کەمکردنەوەی بڕەکەی، بەڵام پێویستە سەردانی پزیشک بکرێتەوە.

سیستمی خۆراکی

دەکرێت لە هەندێک حاڵەتدا هۆکاری تینوێتی خواردنی خۆراکی سوێر یان بەهارات بێت کە دەبێتە هۆی هەستکردنی لەناکاو بە تینوێتی، بە جۆرێک کە خوێ ئاو لە خانەکانەوە ڕادەکرێشێت و کە ئەمەش جەستە ناچار دەکات بە پێی توانا ئاو گلبدەنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە تینوێتی زۆر. 

مەترسییەکانی تینوێتی

لەکاتی هەوڵدان بۆ چارەسەری تینوێتی ڕەنگە کەسەکە بڕێکی زۆر شلەمەنی بخواتەوە، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی شلەمەنییەکانی لەش، ئەم حاڵەتەش بە زیادەڕەوی شلەمەنییەکان ناسراوە، وە دەکرێت توشبوو توشی تێکچوونی جگەر و گورچیلە و دڵ ببێت، کە ڕوودانی ئەوەش هۆکارە بۆ دابەزینی ئاستی سۆدیۆمی خوێن، کە دەبێتە هۆی شپرزەیی و ڕوودانی کەشەنگبوون، بەتایبەت گەر خێرا ڕوو بدات. 

کۆتایی هێنان بە تینوێتی 

خواردنەوەی بڕیکی زیاتری ئاو وەکوو چارەسەری سەرەتایی تینوێتی بە شتێکی باش دادەنرێت، بەڵام گەر نەیتوانی بڕی پێویستی لەش دابین بکات ئەوکات پێویستی بە ڕێنمایی پزیشکە،  هەروەها بۆ مانەوەی جەستە بە تەندروستییەکی باش پێویستە بە درێژایی ڕۆژ ئاو بخورێتەوە، هەروەها دەکرێت ئاوی خواردنەوەی بڕی شلەکان زیاد بکرێت بە خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ئاو، لەو خواردنانەش شووتی و تەماتە و پرتەقاڵ و کەرەوز و کاڵەک

هەروەها پێویستە ڕینمایی لە پزیشک وەربگیرێت کە هەندێک حاڵەتی تینوێتی، وەکوو: 

  • تینوێتی زۆر زۆر و ڕووننەکراوە. 
  • هاوشانبوونی تینوێتی لەگەڵ هەندێک نیشانەی تری ڕووننەکراوە وەکوو: هەست بە ماندوێتی و لێڵی چاو. 
  • بەرهەمهێنانی زیاتر لە ٤,٧٣ لیتر میز لە ڕۆژێکدا. 


سەرچاوەکان

22 بینین