چاندنی داری میوەی ئەژدیها

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-11-25-20:40:00 - کۆدی بابەت: 10449
چاندنی داری میوەی ئەژدیها

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی داری میوەی ئەژدیها (بە ئینگلیزی: Planting dragon fruit tree، بە عەرەبی: زراعة شجرة فاکهة التنین)، نشینگە بنەڕەتییەکەی ئەمریکای باشوور و ئەمریکای ناوەڕاستە، پێویستی بە جێگەی گەرم و شێدارە، هەروەها لە ناوچە خولگەییەکان و ئاووهەوا مامناوەندەکانیشدا دەچێنرێت، درەختێکە لە خێزانی ڕووەکە سوبێرەکاندا (کاکتۆس) کە توانای سەرکەوتنی هەیە و خۆی هەڵدەواسێت و درێژدەبێت.  

ئەم ڕووەکە گوڵێک دەگرێت کە هێندەی پێیەک درێژە و بۆندارە، پاشان دەبێتە میوەیەک کە بەهای خۆراکی گرنگی تێدایە و شیاوی خواردنە، ڕەنگی بەرگەکەشی نزیکە لە پەمەییەوە، میوەکەی جگە لە ئەژدیها چەندین ناوی جیاوازی تریشی هەیە وەک، میوەی سوبێر، هەرمێی شلک، جوانی شەو یاخود سوبێری ڕووناکی مانگ، بەگوێرەی ناوەکەی خەڵکی هەست دەکەن کە تایبەتمەندییەکی هەیە لە شەودا، کە ئەویش کرانەوەی گوڵەکە سپییە سەرەتاییەکەیەتی لە شەودا.

لە ماوەی شەوی مانگەکانی ٧-٩ گوڵەکەی دەکرێتەوە دواتر لە بەیانیاندا دادەخرێنەوە، ماوەی کرانەوەی هەر گوڵێک تەنها یەک شەوە دواتر نامێنێت کە بۆنێکی خۆشیشی هەیە، بەڵام هۆکاری ئەوەی کە زیاتر بە ئەژدیها ناودەبرێت ئەوەیە بەرگەکەی درێژەوەبووی وەک دڕکی هەیە، کە خەڵکی دەکرێت سڵ لە خواردنی بکەن، بەڵام تامێکی کەمێک شیرینی هەیە و هاوشێوەی کیوی ناوکی ڕەشی تێدا بڵاوبووەتەوە.  

هەنگاوەکانی چاندن بە تۆو

  • هەڵبژاردنی جێگەی گونجاو.
  • دەرهێنانی تۆو لە میوەیەکی ئەژدیها.
  • پاشان شۆردنی تۆوەکە و وشککردنەوەی بۆ ماوەی شەوێک.
  • چاندنی لە گۆزەیەکدا بەڵام نەخرێتە قووڵاییەوە بەڵکو لەسەر ڕووی خۆڵەکە نزیکبێت.
  • داپۆشینی سەری گۆزەکە بە بەرگێک بۆ ئەوەی بە شێداری بمێنێتەوە.
  • دواتر پێویستە چاوەڕێبکرێت و لەماوەی ١٠-١٥ ڕۆژدا تۆوەکە چەکەرە دەکات.
  • دوای ئەوەی گەڵا دەکات دەکرێت بگوازرێتەوە و لە خاکدا بچێنرێت.

شێوازی گرنگیپێدان

ئەم جۆرە ڕووەکە پێویستی بە جێگەیەکە کە بڕێکی زۆرخۆری بەربکەوێت واتە بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە شەش کاتژمێر خۆری هەبێت، جیاواز لە زۆربەی جۆرەکانی تری سوبێر ئەم ڕووەکە ئارەزوو دەکات خاکەکەی کەمێک شێداربێت، پێویستە خاکەکەی بەتەواوتی وشکببێتەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی ئارەزووی سەرکەوتن دەکات ئەوا پێویستی بە پاڵپشتێکە هەتاکوو بەسەریدا سەربکەوێت، بۆ بەپیتکردنیش تەنها لە هاویندا خاکەکەی بەپیتدەکرێت دواتر لە زستاندا بەپیتکردن نەهێڵرێت.  

جێگەکەی تایبەتە بە کەشوهەوا گەرمەکان و لەهەندێک ناوچەی دیاریکراودا دەکرێت بەدرێژایی ساڵ بمێنێتەوە، یاخود خەڵکی دەتوانن لە گۆزەی گەورەدا بیچێنن و بە هاتنی وەرزی زستان بیبەنە ماڵەوە، ڕووەکەکە خۆی دەپیتێنێت و تەنها یەک دانە بەسە بۆ ئەوەی میوە بەرهەمبهێنێت، بەڵام هەبوونی زیاتر لە بنجێک دەبێتە هۆی زیادکردنی قەبارەی بەرهەمەکەی، هەندێکیشیان پێویستیان بە شەمشەمەکوێرە و مۆرانە هەیە بۆ ئەوەی بیپیتێنێت.

هەرچەندە بەرگرتنی ئەم ڕووەکە پێویستی بە چەند ساڵێک دەبێت، بەڵام لە پاش چاندنی بە تۆو لە نێوان ٦-٨ مانگدا گوڵ دەگرێت، هەروەها کاتێک تەمەنی دارەکە زۆر گەورە دەبێت و دەگاتە ٢٠-٣٠ ساڵ ئەوا لە هەر ساڵێکدا ٤-٦ جار بەردەگرێت، کاتێک بەردەگرێت پێویستە چاوەڕێ بکرێت هەتاکوو ڕەنگی بەرگەکەی دەگۆڕێت بۆ پەمەیی، چونکە ئەم میوەیەش هاوشێوەی شلیک لەدوای لێکردنەوەی ناتوانێت بەردەوامبێت لە پێگەشتن، هەروەها پێویستەکا ئاگاداری بکرێت لە نەخۆشی مێروویی و میکرۆبی، جگە لە ئەم بوونەوەرە قەبارە بچووکانەش باڵندە و شەمشەمەکوێرەکانیش ئارەزووی میوەکەی دەکەن و پێویستە بپارێزرێت، دواتر لە وەرزی پاییزدا کاتی هەڵپاچینییەتی و پێویستە هەموو لقە لاواز و کورتەکانی لێبکرێتەوە.  


سەرچاوەکان



553 بینین