گەر مرۆڤ لەسەر زەوی نەمێنێت چی دەبێت؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-30-16:59:00 - کۆدی بابەت: 6113
گەر مرۆڤ لەسەر زەوی نەمێنێت چی دەبێت؟

ناوه‌ڕۆك

ژیان بەبێ مرۆڤ

یەکێک لەو شتانەی مرۆڤ بیری لێ کردووەتەوە لە ژیانیدا نەبوونی تەواوی جۆری خۆیەتی، بۆ ئەمەش زانایان توێژنەوەیان دەربارەی کردووە و بە چەند ئەنجامێک گەیشتوون.

لە ماوەی کەرەنتینەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ و نەهاتنەدەرەوەی خەڵکی و داخرانی هەندێک لە کارگەکان و ڕاوەستانیان لە کارکردن بۆ ماوەی زۆر، گۆی زەوی بووژانەوەی بە خۆیەوە بینی و چەندین ئاژەڵ گەڕانەوە بۆ ناو شارەکان، لەگەڵ ئەمانەشدا ڕێژەی کونەکانی چینی ئۆزۆن بەرەو کەمبوونەوە ڕۆشتن لە جەمسەری باکوور.

گەر مرۆڤ نەمێنێت چی ڕوودەدات؟

بەپێی ماڵپەڕی Live Scienceـی ئەمریکی، پێش هەموو شتێک گەر ئەو کرێکارانەی ئاوی زیادەی شارەکان لە سەرەنجامی بارانی زۆرەوە دەردەکەن و بەکاری دەهێنن نەمێنن، لە ماوەی چەند کاتژمێر یان ڕۆژێکدا زۆرێک لە شارە گەورەکان لەناو دەچن، وەک نیویۆرک و لەندەن، هەروەها کەمتر لە ٣٦ کاتژمێری پێویستە تاوەکوو زۆرێک لە ژێرزەمینەکانی ڕێگای میترۆ بە ئاو پڕببنەوە.

تیشک

لەگەڵ نەبوونی مرۆڤ و نەبوونی ڕێگری لە دروستبوون و بەرهەمهێنانی ڕێژەی دیاریکراوی زۆرێک لە سامانە سروشتی و وزە ناوەکییەکان، زەوی تووشی چەندین تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی گەورەی وێستگەکان دەبێت و لەوانەیە چەندین تەقینەوەی ناوەکی ڕووبدەن و زەوی تووشی تیشکدانێکی زۆر ببێتەوە.

پیسایی و پاشەڕۆ

چەندین تۆپەڵی پلاستیک و پاشەڕۆی مرۆڤ کۆدەبنەوە و دەگەنێن، لافاوی زێراب و پاشەڕۆکان هەڵدەستێت و تێکەڵی ئاوە سازگارەکان و ئاوی دەریاکان دەبێت و تووشی پیسبوونی دەکات.

چەندین پاشەڕۆی پاڵاوگەکانی نەوت دەڕژێن و لەلایەن زیندەوەری ورد و ڕووەکەکانەوە بەکاردەهێنرێنەوە و ئەمەش چەندین سەدەی پێویستە.

ڕووباری شەقامەکان و بیناکان

ئاوی ژێرزەوی بەبێ چاودێری دەبێتە هۆی لەناوچوونی بناغە گەورەکانی شارەکان و شەقامەکان و ئاو هەموو شوێنێک دەگرێتەوە و لەوانەیە زۆرێک لە شەقامەکان ببنە ڕووبار.

بەهۆی بارینی بەفر و تەرزە و سەرمای زۆری چەندین زستان لەدوای یەک و نەبوونی مرۆڤ بۆ پاککردنەوەیان، شۆستە و ڕێگاکان تووشی تەقین دەبن و لەناودەچن و ڕێگا خۆشدەکەن بۆ سەرهەڵدانی تۆو و ڕووەکەکان بۆ ئەوەی ژینگەیەکی نوێیان بۆ پەیدا ببێت.

 تەنیا چەند سەد ساڵێکیش پێویستە بۆ لەناچوونی پردە گەورەکان کە زۆرینەی کات بەهۆی ڕەگی درەختەکانەوە زیانیان بەردەکەوێت و بناغە و پایەکانیان تووشی مەترسی دەبن بەڵام مرۆڤەکان لەوە ڕێگرن، بەبێ مرۆڤ درەختەکان سەردەکەون بەسەر پردەکاندا.

لەگەڵ ڕووخانی چەندین باڵەخانەی نوێ و کۆن کە بەبێ چاککردنەوەی بەردەوامی مرۆڤ زۆر نامێننەوە، بەتایبەت شووشەکان، بەڵام ئەو باڵەخانانەی لە بلۆک و بەرد دروست کراون بۆ ماوەیەکی زیاتر بە شێوەی ئەندازەیی خۆیان دەمێننەوە.

ئاژەڵان

ئەو گیاندارانەی تووشی لەناوچوون دەبنەوە وەک -هەندێک لە پڵنگەکان و فیلەکان و ورچەکان- کە مرۆڤەکان ڕاویان دەکەن و بۆ بازرگانی بەکاریان دەهێنن، بەبێ بوونی مرۆڤ جارێکی دیکە دەژیێنەوە و زیاد دەبن، بەڵام ئەو دۆخەی لەناوچوون کە بۆ هەندێک لە گیانداران دروستبووە چەندین ملیۆن ساڵی دەوێت تاوەکوو ڕێژەیەکی جێگیر پەیدا ببێت لە هەمان جۆر.

کارەبا و خزمەتگوزاری

بە نەمانی لەناکاوی مرۆڤەکان، هەموو ئۆتۆمبێلە چالاکەکان لەکاردەکەون و چەندین ڕووداوی هاتووچۆ ڕوودەدات، فڕۆکەکان دەکەونە خوارەوە و بە یەکجاری سەردەمی فڕۆکە و فڕینی مرۆڤ کۆتایی دێت، کارەبا نامێنێت و زەوی بە یەکجاری خامۆش دەبێت، تا ئەوەی کۆمپیوتەری خزمەتگوزارییەکانیش پاترییان تەواو دەبێت و هیچ تۆڕ و ئینتەرنێتێکیش نامێنێت.

شوێن پێی مرۆڤ

دوای ٥٠٠ ساڵ زۆرینەی زەوی سەوزپۆش دەبێت و دەبێتە دارستان، چەندین شوێنەواری مرۆڤ لەناودەچێت، بەڵام ئەوانەی دەمێننەوە شوێنەوارە گەورەکانیەتی کە هەریەک لە تاوەری ئیڤڵ و پەیکەری ئازادی یەکێکن لەو نیشانانە.

لەوانەیە بە چەند هەزار ساڵێک بەهۆی بەستەڵەکەوە هیچ یەکێک لەوانەش بوونی نەمێنێت.


سەرچاوەکان



1117 بینین