ئەنجوومەنی بڕیاردانی عێراق

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-20-00:09:00 - کۆدی بابەت: 6363
ئەنجوومەنی بڕیاردانی عێراق

ناوه‌ڕۆك

مەجلیسی حوکم

ئەنجوومەنی بڕیاردان یان مەجلیسی حوکم دووەمین دامەزراوەی بەڕێوبردنی وڵات بوو لەدوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ساڵی ٢٠٠٣، چونکە لەدوای داگیرکردنی عێراق دەسەڵاتی هاوپەیمانی یەکگرتووی کاتی بە سەرۆکایەتی پۆل بریمەر دەسەڵاتی عێراقی گرتە ئەستۆ.

دروستبوون

لە ١٢/٧/٢٠٠٣ مەجلیسی حوکم دامەزرا لەلایەن دەسەڵاتی هاوپەیمانی یەکگرتووی کاتیـەوە و هەندێک لە دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردنی عێراقیان پێدرا، بەڵام هەموو کردە سەربازی و داگیرکارییەکان لەلایەن دەسەڵاتی هاوپەیمانی یەکگرتووی کاتییەوە بەڕێوەدەبرا و بڕیاری لەسەر دەدرا کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دانی پێدانرابوو، دەسەڵاتی مەجلیسی حوکم لە ساتی دروستبوویەوە لە ١٢/٧/٢٠٠٣ هەتاوەکوو ١/٦/٢٠٠٤ بەردەوام بوو، دوای ئەو بەروارە حکوومەتی کاتی عێراق جێگای ئەنجوومەنەکەی گرتەوە.

پێکهاتە

ئەنجوومەنی بڕیاردان لەو کەسانە پێکهاتبوون کە پێشووتر ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی بەعس و سەدام حوسێن بوون، هەموو ئەوانەش کەسایەتی سیاسی بوون، ژمارەی ئەندامان ٢٥ کەس بوو و هەر یەکێکیان بۆ ماوەی مانگێک سەرۆک دەبوو بەپێی ڕیزبەندی ئەلفوبێ، لەم ٢٥ کەسەش سێ کەسیان ژن بوون.

هەرچەندە زۆرێک لە وڵاتان دواتر دانیان بە ئەنجوومەنەکەدا نا و پەسەندیان کردبوو، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی و گشتی عێراق لەدەستی پۆل بریمەر و ئەمریکادا بوو.

یەکێک لەو بڕیارانەی کە بووە جێگای باس و خواس و قسەی زۆر گۆڕینی یاسای باری کەسی بوو بۆ یاسایەکی نوێ کە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام یەکبگرێتەوە، کە لەلایەن ئافرەتان و هەندێک لە خەڵکییەوە تانەی لێدرا، یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان بڕیاری دانانی ڕۆژی داگیرکردنی بەغداد (٩/٤) وەک جەژنی نیشتمانی عێراق بوو، هەروەها گۆڕینی ئاڵای عێراق و لابردنی ئەستێرەکانی.

ئەندامەکان

ئەندامەکان پیشە
ئیبراهیم جەعفەری  شیعە، پزیشک و توێژەری ئیسلامی، وتەبێژی حیزبی دەعوەی ئیسلامی
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین کورد، سەرۆکی حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
جەلال تاڵەبانی کورد، دامەزرێنەر و سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
مەسعوود بارزانی کورد، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەحمەد شەیاع براک شیعە، پارێزەر و سەرۆکی ڕابیتەی مافی مرۆڤ لە بابل
ئەحمەد چەلەبی شیعە، سەرۆکی بانک، سەرۆکی حیزبی کۆنگرەی نەتەوەیی عێراقی
ئەیاد عەلاوی شیعە، پزیشک، سەرۆکی حیزبی ویفاقی نیشتمانی عێراق
حەمید مەجید موسا چەپ-عیلمانی، سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق
دارا نورەدین کورد، دادوەر
عەبدولکەریم محەمداوی شیعە، سەرۆکی حیزبوڵای عێراق
عەدنان باچەچی سوننە، سەرۆکی کۆبوونەوەی دیموکراتە سەربەخۆکان
عەقیلە هاشمی شیعە، یاساناس
سەلامە خەفاجی شیعە، پزیشکی ددان
غازی مەشعەل عەجیل یاوەر سوننە، ئەندازیار
موحسن عەبدولحەمید سوننە، سەرۆکی حیزبی ئیسلامی عێراق
محەمەد بەحرولعلوم زانای ئایینی شیعە و سەرۆکی ڕێکخراوی ئەهلی بەیتی خێرخوازی لە لەندەن
مەحمود عوسمان سیاسیەکی کوردی سەربەخۆ، پزیشک 
موەفەق ڕەبیعی شیعە، پزیشک
نەسیڕ چادرچی سوننە، سەرۆکی حیزبی نیشتمانی دیموکراتی عێراق
وائل عەبدولەتیف شیعە، دادوەر
یونادم کنا مەسیحی، سەرۆکی بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشووری
ڕەجاء حەبیب خەزاعی شیعە، سەرۆکی نەخۆشخانە
سەمیر شاکر مەحموود سوننە، بازرگان
سۆندول چاپوک تورکمان، چالاکوانێکی بواری ژنان 
عیزەدین سەلیم شیعە، سەرۆکی حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە بەسڕە
عەبدولعەزیز حەکیم شیعە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق

 


سەرچاوەکان



927 بینین