میرنشینی سۆران

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-26-11:25:00 - کۆدی بابەت: 6406
میرنشینی سۆران

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی میرنشینی سۆران

میرنشینی سۆران یەکێک بوو لە میرنشینە کۆنە کوردییەکان و بەپێی وتەی مێژوونووسان لە ساڵی ١٣٩٩ دا لەسەر دەستی میر کەڵۆس دامەزراوە لە گوندی هاودیان لە ناوچەی ڕەواندز، ئەو گوندەش ئیستاکەش ژیانی تێدا بەردەوامە لە کاتی خۆی سەر بە ناحیەی ئاوان بووە کە ئەمرۆ بە ناوچەی (دۆڵەمەڕ) ناو دەبرێت، لە نووسینەکانی دکتۆر جەمال نەبەزدا ئاماژە بەوە کراوە کەڵۆس بە ڕەگەز دەچێتە سەر بنەماڵەی سەڵاحەدینی ئەیوبی، پاش مردنی سێ کوڕی ناوداری بۆ خزمەتی کورد و میرنشینەکەی جێهێشتووە کە (عیسا و ئیبراهیم و شێخ وەیس)ـن، عیسا بە مرۆڤێکی ئازا و زیرەک و خزمەتگوزاری هەژار و دۆست ناوی داوە و دواتریش زۆربەی میرەکانی سۆران لە نەوەی ئەون، لەم میرنشینەدا نزیکەی (٢٤) میر فەرمانڕەواییان کردووە، کە لەوانە یەکێکیان ژن بووە بەناوی (خانزاد) کە بە خانزادی میری سۆران بەناوبانگە.

ئەم میرنشینە بەهۆی بارودۆخی جیاوازی جیاجیا و سەربازییەوە چەند پایتەختێکی لە کاتی جیاجیادا هەبووە، وەک (هاودیان، دوین، هەولێر، شەقڵاوە، هەریر، خەلیفان) پاشان بۆ دواجار شاری ڕەواندز دوا پایتەختی ئەم میرنشینە بووە، ناوچەی ڕەواندز دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێرەوە و نزیک سنووری ئێرانە، بەو پێیە ئەم میرنشینە لە باشوورەوە هاوسنووری میرنشینی بابان بووە (دوای دامەزراندنی) و لە باکوورەوە هاوسنووری میرنشینی هەکاری، لە ڕۆژهەڵاتەوە ئیمپڕاتۆریەتی فارس و دواتریش دەوڵەتی سەفەوی، لە ڕۆژئاواوە ناوچەی جزیرە و مەمالیکەکان، ئەم میرنشینە سەرەتا لە ناوچەی ڕەواندز و گوندەکانی بووە بەڵام دواتر بەهەنگاو و لە سەردەستی فەرمانڕواكانی فراوانبووە، ناوچەیەكی زۆری كەوتە ژێردەستی ئەم میرنشینە كە بریتیبوون لە (هاودیان، تاشان، دۆڵەمیر، سیدەکان، پیرەسانی، هاوكۆرک، سۆران، باپشتیان، ڕەواندز، تەكۆیان، بەڵەكان، ئاڵتون كۆپری، ڕانیە، پردێ، دەشتی هەولێر).

جاروباریش هه‌وڵی فراوانكردن بووەتە هۆی ئەوەی میرنشینە کوردییەکان لەنێوان خۆیاندا هەوڵی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سنووری یه‌كتریان داوه‌، میرنشینه‌كان په‌لاماری میرنشیی دراوسێی داوه‌ و شه‌ڕ و ماڵوێرانی زۆریان چه‌شتووه‌ و خوێنی یه‌كتریان ڕژاندووه‌، ئه‌و ململانێیه‌ زۆر جار به‌ قازانجی دوژمن و ناحه‌زان ته‌واو بووه‌ و ئه‌وانیش ده‌ستیان خستۆته‌ نێو كاروباری میرنشینه‌كانیان، 

میرنشینی سۆران یه‌كێکە له‌و میرنشینه‌ ناسراو و گه‌وره‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بووه‌، به‌تایبه‌تی بۆ سه‌رده‌می زێڕینی پاشای گه‌وره‌، كه‌ ته‌ختی ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی و سەفەوی هێناوه‌ته‌ له‌رزین.

میرە بەناوبانگەکان

بەپێی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، بنەچەی میر و پاشایانی ڕواندز لە میركەلۆسەوە دەست پێدەكات، ئەمەی خوارەوەش ناوی بەشێک لە نەوەکانی میر کەلۆسە:

- میر پیربۆداغی کوڕی میر عیسای کوڕی میر کەڵۆس

- میر عیسا و حسێن و عەلی کوڕی میر پیربۆداغ.

- میر سلێمان بەگ کوڕی قولی بەگ

- میر عەلی بەگ کوڕی سلێمان بەگ

- میر ئۆغز بەگی گەورە كوڕی عەلی بەگ، میر ئۆغز بەگی گەورە كوڕی عەلی بەگی كوڕی سلێمان بەگە، سلێمان بەگ لە هەریر دانیشتووە و ئێستاش گۆڕەكەی لەوێ‌ هەر ماوە و ناوی لە سەر كێلەكەی نووسراوە، عەلی بەگی كوڕیشی لە ئاوەدانكردنەوە و چاككردنەوەی ڕێگاوبان و پردەكانی کردووە، هەرچی میر ئۆغز بەگە پایتەختی میرنشینی سۆرانی لە هەریرەوە گواستووەتەوە بۆ ڕەواندز

- میر ئەحمەد كوڕی ئۆغز بەگ.

- میر ئۆغز بەگی بچووك كوڕی میر ئەحمەد

- میر مستەفا بەگ كوڕی ئۆغز بەگ و باوكی محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز.

- میر محەمەد پاشای گەورە.

- میر محەمەد (پاشای گەورە)، لە ساڵی ١٧٨٤ ی زایینی لە ڕواندز چاوی بە دنیا هەڵێناوە، ماوەیەک لە گوندی دێلەژەی ناوجەی باڵەک لای مەلا ئەحمەد دێلێژەیی خوێندووییەتی، مەلا ئەحمەد مرۆڤێکی داناو زیرەک و دنیا دیدە بووە، زانیویەتی ئەگەر بێت ئەو (میر محەمەدە)ـه بە شێوەیەکی زانایانە پەروەردە بکرێت ئەوا بە مرۆڤێکی ناوداری کورد دەردەچێت، بۆیە لای خۆیەوە بایەخێکی زۆر بە فێرکردنی خوێندەواری پێ گەیاندنی دەدات، فێری هەموو مەرجەکانی ئاینی ئیسلام و خوێندەوارییەکی چاکی دەکات، مستەفا بەگ باوکی میر محەمەدیش بۆ پاداشت دانەوەی مەلا ئەحمەد دێلێژەیی مزگەوت و قوتابخانەیەکی ئایینی لەدەرەوەی قەڵای ڕەواندز بۆ مەلا ئەحمەد درووست دەکات، شوێنەوارەکانی دیوارەکانی ئەم مزگەوت و زانستگایە لە باشووری قیبلەی (قەراتیلۆکان) تا ئەم دوا ساڵانەش هەرمابوو.

میری محەمەد كه‌ به‌میری‌ گه‌وره‌ی‌ ڕەواندز ناسراوه له‌ ساڵی‌ ١٨٢٦ دا دەبێتە میری‌ میرنشینی‌ سۆران، لە میرە هەرە بەناوبانگەکانی ئەم میرنشینە بوو کە لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورددا دەورێکی گرنگ و کاریگەری هەبووە، میر محەمەد بە میری گەورەی ڕەواندز یاخود بە پاشای گەورە، یاخود کۆرە ناسراوە، پایتەختەکەی ڕەواندز بووە کە تا سەردەمی میر محەممەد میرنشینەکە پاشای وا بەهێزی بەخۆیەوە نەدیوە.

ئەم میرە هەر زوو خولیای سەربەخۆیی میرنشینەکەی کەوتووەتە مێشکەوە، ویستوویەتی لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دەری بکات و سەربەخۆ ببێت، هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە فەرمانڕەواییدا دەستیکرد بە دامەزراندنی چەند لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتی کاروباری ئیداری میرنشینەکە، وەکوو دامەرزاندنی ئەنجوومەنی سەرەوەری، کە پاشای گەورە خۆی سەرۆکی بوو، هەروەها لیژنەی سەربازی کە ئەحمەد بەگی برای سەرۆکایەتی دەکرد و پێکهێنانی لیژنەی زانایان بۆ دانانی یاسا مەدەنییەکان و ئاینییەکان و سەرپەرشتیکردنی حوکمەکانی شەریعەت و لیژنەی بنیاتنان و دروستکردن بۆ سەرپەرشتی دروستکردنی قەڵا و شوورە و سەنگەر و پرد و لیژنەی بارزگانی دامەزراند بۆ سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەچوونی کاروباری بازرگانی و بازاڕ.

هەروەها یەکێکی تر لە ئیشە گرنگەکانی کە لە دەوڵەتی سەربەخۆ چووە و دەیسەلمێنێت کە ئەم میرە چەند بە تەنگ سەربەخۆیی و سەربەستی میرنشینەکەیەوە بووە، بریتی بووە لە لێدانی (سکە) واتە پارەی تایبەت بە میرنشینەکەی دەرکردووە و کە لە یەکێک لە ڕووەکانی پارەکە مۆری میری سەرکەوتوو محەمەد بەگی لێ دراوە و لە دیوەکەی تری نووسراوە "لە ڕەواندز لێ دراوە" کە ئەمەش وەکوو باسکرا بەڵگەیەکی ڕوونە و دەیسەلمێنێ کە میرنشینەکەی پاشای گەورەی ڕەواندز میر محەمەد سەربەخۆ بووە و میر بەمەشەوە نەوەستاوە و لایەنی سەربازیشی پشتگوێ نەخستووە، بەڵکوو توانیویەتی سوپایەکی بەهێز دابمەزرێنێ کە پیادە و سوارە و تۆپخانەی هەبووە کارگەیەکی بۆ دروستکردنی تۆپ و دەمانچە و تفەنگ و خەنجەر و بارووت دامەزراندووە، هەروەها سنوورێکی بۆ دزی و تاڵانکردن دانا و سزای بۆ تاوانباران و ئەنجامدەرانی دیاری کرد، میری سۆران توانیویەتی پەیوەندی دروست بکات لە نێوان خۆی و ئیبراهیم پاشای کوڕی محەممەد عەلی پاشای میسڕ بۆ یەکخستنی هەوڵەکانیان دژی دەوڵەتی عوسمانی.

میرمحەمەد بۆ بەڕێوەبردنی میرنشینەکەی خۆی سیستمێکی دانا، لە سیستمەکەیدا خەزێنەیەکی سێ بەشی پێکھێنا:

  • بەشی ماڵوموڵکی تایبەتیی میر.
  • بەشی داھات و باج.
  • بەشی دارایی و فەرمانڕەوایی و شارەکان.

پاشا گەورە بەهۆی بەهێزی سوپاکەی کە ژمارەی لە پەنجا هەزار زیاتر دەبوو توانیویەتی جووڵانەوەیەکی سەربەخۆ خوازی لە ساڵی (١٨٢٦) دا بە دەست بهێنێ و بڕیار لەسەر ڕزگاربوونی کوردستان بدات، ئەویش دوای یەکخستنی میرنشنەکانی دراوسێی ئینجا دەستی بە جووڵانەوە ڕزگاریخوازییەکەی کرد، هێزەکانی میر محەممەد پاشا ناوچەکانی شێروان و برادۆست، سوورچی، خۆشناوەتی، هەریر، هەولێر، پردێ، کۆیە و ڕانیەیان ڕزگار کرد و پاشان ناوچەی بادینان و شەنگال و دەورووبەری موسڵ و جزیرەی خستە سەر میرنشینەکەی.

لەو کاتە دەوڵەتی عوسمانی بەرامبەر بەو کردەوانەی میری سۆران و پەلهاویشتنی نیگەران بوو، بۆیە سوپایەکی گەورەی ئامادە کرد بۆ بەربەرەکانێ کردنی میری سۆران بە سەرکردایەتی ڕەشید پاشا (سەدری ئەعزەمی) پێشووی عوسمانی، پاشان لە دوو لاوە پەلاماری میرنشینی سۆران درا، یەکێکیان لە موسڵەوە و ئەویتریشیان لە بەغداوە، سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتی عوسمانی واتە سوڵتان بە والی موسڵ و بەغدادی ڕاگەیاندبوو کە دەبێ ملکەچی ڕەشید پاشا بن و هەرچییەکی دەوێ بۆی دابین بکەن.

دوای چەند شەڕێکی خوێناوی هێزەکانی عوسمانی و میرنشینی سۆران، لەم کاتەشدا قاجاڕیە داگیرکەرەکانیش (دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی ئێران کە لە بنەماڵەیەکی بە ڕەگەز تورک بوون و لە ساڵی ١٧٩٤ دا حوکمی ئێرانیان گرتبووە دەست) هێزەکانی خۆیان کۆ کردەوە بۆ گەمارۆدانی میرنشینی سۆران لە دیوەکەی دیکەیدا واتا بەشی ڕۆژهەڵاتی میرنشینەکە.

هێزەکانی عوسمانی گەیشتە دەشتی هەریر و نامەیان بۆ میری سۆران نارد تا ڕازی بکەن بەرگری نەکات و گوایە لە پێناوی پاراستنی خوێنی موسڵماناندا خۆی بداتە دەستەوە، بەڵام میر خۆی ئامادە کرد بۆ بەگریکردن لە میرنشینەکەی و پایتەختەکەی، بەڵام دواتر لەپێناو میرنشینەکە و خەڵکەکە خۆیدا بەدەستەوە و لە ساڵی ١٨٣٦ دا عوسمانیەکان بە ھاوکاری چەند لایەنێک، ڕەواندز داگیردەکەن و ئەم پاشایە گەورەیە بە دیل دەگرن و بەناوی گفتوگۆ دەیبەنە ئەستەنبوڵ لە ڕێگای گەڕانەوەی ھەر لەلایەن عوسمانیەکانەوە شەھید دەکرێت.

- خانزادی میری سۆران، یه‌كێكه‌ له‌ ژنه‌ ناسراوه‌كانی دیرۆكی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هەرچەندە  تا ئێستاش به‌ڕوونی له‌سه‌ر ژیان و كاره‌كانی ئه‌م ژنه‌ سه‌ركرده‌یه‌ی كورد لێكۆڵینه‌وه‌ نه‌كراوه‌ و نه‌نووسراوه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌چه‌ند نامیلكه‌ و وتارێكدا باس له‌ هه‌ندێك لایه‌نی ژیانی خانزاد كراوه‌ و له‌ كه‌لێنی چه‌ند په‌رتووكێكیشدا ناوی خانزاد هاتووە‌، كه‌ هه‌موو ئه‌و په‌رتووكانه‌ و ئه‌و وتارانه‌ی له‌سه‌ر خانزاد نووسراون له‌ په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕنابن، جگه‌ له‌وه‌ی له‌چه‌ند به‌یت و هۆنراوه‌ی فۆلكلۆری كوردی ناوی خانزاد باسکراوە.

ژیان و تێكۆشانی خانزاده‌ خانی میری سۆران كه‌ تا ئه‌مڕۆش قه‌ڵا و شوێنه‌واره‌كانی له‌ كوردستان ماون، پێویستی به ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوان و زانستی هه‌یه‌، خانزاد كچی شاقولی به‌گی سوله‌یمان به‌گی میر سه‌یدی به‌گی سۆرانه‌، له‌ ساڵه‌كانی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی ١٦ ی زایینی له‌دایكبووه‌ و له‌ كۆتایی هه‌مان سه‌ده‌ و له‌ ساڵی ١٥٩٧ ماڵئاوایی له‌ ژیان كردووه‌، دوای ئه‌وه‌ی میر سلێمان به‌گی برای خانزاد له‌ ساڵی ١٥٩٠ دا به‌ پیلانێكی سه‌رفه‌رماندار "له‌شكری'' له‌ ڕێگای به‌غدا له‌نێو بردراوه‌، خانزاده‌ خاتوون بۆخۆی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی میرنشنی سۆرانی لە ئه‌ستۆ گرتووه‌ و كاروباری میرنشینه‌كه‌ی ڕاپه‌ڕاندووه‌، خانزاد له‌ماوه‌ی حه‌وت ساڵی ده‌سه‌ڵاتیدا تا كۆچی دوایی له‌ ساڵی ١٥٩٧ دا چه‌ندین قه‌ڵا و قوتابخانە و مزگه‌وت له‌سه‌ر فه‌رمان و بڕیاری ئه‌و دروستكراون، كه‌ تا ئێستاش شوێنه‌واری به‌شێكیان ماون، دیارترینیان گه‌لی خانزاد، كۆنه‌ دیوار و وێنه‌كه‌ی چیای هه‌ریر، قوڵغه‌ سوپاییه‌كان له‌ ناوچه‌ی هه‌ریر و قه‌ڵای خانزاده‌ له‌نێوان پیرمام و شاری هه‌ولێردا.

ئاڵای میرنشینی سۆران

ده‌رباره‌ی هه‌بوونی ئاڵای میرنشیی سۆران،  ئاماژه‌ به‌ هه‌بوونی ئاڵای پاشای گه‌وره‌ کراوە و ده‌ڵێن: میرنشینی بۆتان و میرنشینی سۆران، دووان له‌ میرنشینه‌ به‌هێز و ناسراوه‌كانی مێژووی كوردستانن كه‌ شوێنگه‌ی دیرۆكی و جوگرافیان كه‌وتۆته‌ ناو ئینساکلۆپیدیا و ئه‌تڵە‌سه‌ كۆنه‌كانی جیهانه‌وه‌، میرنشینی سۆران له‌ سه‌رده‌می پاشای گه‌وره‌ خاوه‌ن ئاڵایه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆی بوو، كه‌ له‌ دوو ڕەنگی ڕه‌ش و سپی پێكهاتبوو‌، ڕه‌نگی ڕه‌ش له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی و ڕه‌نگی سپی له‌ خواره‌وه‌ی ئاڵاكه‌یدا بوو، ئه‌م ئاڵا هه‌ڵكردنه‌ بۆ سه‌رده‌می پاشای گه‌وره‌ ده‌گه‌ڕێتەوه‌، پێشتر دیار نه‌بووه‌ یان‌ زانیاری له‌ به‌رده‌ستدا نییه‌ کە ئاڵای کورد هەڵکرابێ، واته‌ هه‌ڵكردن و په‌یداكردنه‌كه‌ بۆ سه‌رده‌می زێڕینی ئه‌و میره‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌، له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی عه‌ره‌بیدا كه‌ تایبەتە بە گرنگی به‌ ئاڵا و مێژووی كۆن و به‌تایبه‌تی هۆز و نه‌ته‌وه‌ و وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان، تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر ئاڵای پاشای گه‌وره‌، به‌م شێوه‌یه‌ باسی ئاڵاکە هاتووە "ئه‌و كاته‌ی كه‌ هۆزی سۆران كه‌ هۆزێكی كوردییه‌ و گه‌شه‌ی كردووە له‌ سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مدا له‌ باشوور كه‌ ڕەواندز پایته‌خته‌كه‌ی بووه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌رده‌وامی تا ساڵی ١٨٣٧‌ شكستی هێنا له‌ سه‌ر ده‌ستی عوسمانییه‌كان، یه‌كه‌م ئاڵای كوردی بووە کە به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی به‌رزكرابێتە‌وه‌ له‌ نێوان ساڵانی (١٨١٦ بۆ ١٨٣٦) ڕەنگەکەی ڕە‌ش و سپی بووه‌، ڕه‌نگی ڕه‌ش نیشانه‌ی ده‌سه‌ڵاتە‌ واته‌ ده‌سە‌ڵاتداری و ڕه‌نگی سپیش نیشانه‌ی پاكی و ئاشتییه".

هۆکارەکانی ڕووخاندنی

هۆکارە ناوخۆییەکان

١- ناکۆکی و دووبەرەکی نێوان ئەندامانی بنەماڵەی میری سۆران خۆیان لە لایەک و ناکۆکی نێوان میرنشینی سۆران و میرنشینە کوردییەکانی تر لە لایەکی ترەوە.

٢- زەبر و زەنگ و توندوتیژی زۆری پاشای گەورە وایکرد کە ناحەزی لە ناوخۆیدا زیاتر بێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە میری سۆران خستبوونییە سەر میرنشینەکەی وەک (شەنگال و ئامێدی).

٣- هەژاری و ڕەشوڕووتی خەڵکی میرنشینی سۆران، بەهۆی هەڕەشە زۆرەکانی پاشای گەورە، سەرەڕای بەخێوکردنی سوپا گەورەکەشی کە لەسەر شانی خەڵکی میرنشینەکە بوو، کە ئەمەش باری سەر شانی خەڵکی میرنشینەکەی گرانتر کردبوو.

هۆکارە دەرەکییەکان:

١- دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر کاتێک هەستی بە هەوڵ و پەلهاویشتنەکانی میری سۆران کرد، کەوتە پیلاندانان بۆ لەناوبردنی میرنشینەکە.

٢- لەو کاتەدا میری سۆران هۆشیاری زۆری لە سیاسەت کردندا نەبوو، چونکە لە کاتێکدا کە هێزەکانی عوسمانی داگیرکەر خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر میرنشینی سۆران ئامادە کردبوو، کەچی پاشای گەورە پەلاماری چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی قاجاڕییەکانیدا، بەمەش قاجاڕەکانی کردە دوژمنی خۆی.

٣- میری سۆران بە ئاسانی بڕوای بە بەڵێنەکانی ئینگلیز و عوسمانی کرد و خۆیدا بە دەستەوە.

٤- ئینگلیز ئەو کاتەدا بە باشی نەدەزانی کە عوسمانییە داگیرکەرەکان لەوە زیاتر لاواز بن، بۆیە وەک چۆن دژی دەسەڵاتەکەی محەممەد عەلی لە میسڕدا وەستا، ئاواش دژی میرنشینی سۆران وەستایەوە، سەرەڕای ئەوەی کە هانی عوسمانی و قاجاڕەکانی دەدا کە تا بەیەکەوە پەلاماری میرنشینی سۆران بدەن.

٥- سەرەڕای ئەوەی ڕووسیای قەیسەریش بۆ لەناوبردنی ئەم میرنشینە گەورەیە لە هەوڵداندا بوون، بەوەی لە لایەکروە یارمەتی عوسمانی و ئینگلیزی دەدا و لە لایەکی تریشەوە یارمەتی قاجاڕەکانی دەدا.

بەم شێوەیە میرنشینی سۆران لاواز بوو بە تایبەتی وەک باسکرا دوای خۆ بە دەستەوەدانی میری سۆران لە ساڵی (١٨٣٦) و پاشان لە ساڵی ١٨٤٧ دا بە یەکجاری کۆتایی بە دەسەڵاتی میرنشینی سۆران هات، بەتایبەتی دوای مۆرکردنی ڕێککەوتن نامەی ئەرزەڕۆمی دووەم کە لە ساڵی ١٨٤٧ دا لە نێوان دوو دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی و قاجاڕیدا مۆرکرا و زۆرنەی میرنشینە کوردییەکانی هەڵوەشاندەوە.


سەرچاوەکان

4868 بینین