بورجی میلاد

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-31-02:10:00 - کۆدی بابەت: 6452
بورجی میلاد

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی بورجی میلاد

بورجی میلاد کە ناسراویشە بە بورجی تاران، بورجێکی پەیوەندی و گەشتیاری و هونەری شاری تارانە و یەکێک لە بورجە گرنگەکانی شاری تاران و سەرانسەری جیهانیش، بەرزی بورجەکە ٤٣٥ مەتر دەبێت و بەمەش بەرزترین تاوەری وڵاتی ئێران و شەشەم بەرزترین بورجی جیهانە، لەگەڵ ئەوەشدا بیستوچوارەمین بەرزترین باڵەخانەی ئەندازیاری جیهانە.

بورجەکە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای شاری تارانەوە و لە باکوورییەوە شەقامی شەهید هیمەت هەیە، لە ڕۆژهەڵاتییەوە شەقامی شەهید چەمران، لە باشوورەوە ڕێی حەکیم و ڕۆژئاواشەوە شەقامی شێخ فەیزوڵا نوری هەڵکەوتووە، بورجەکە دەکەوێتە سەر گردێکی بەرز و بەهۆی بەرزی خۆشیەوە لە زۆربەی جێیەکانی تارانەوە دەبینرێت.

زانیاری گشتی

ناو بورجی میلاد
شوێن تارانی پایتەختی ئێران
ساڵی دەستپێکردن ٢٠٠٠
ساڵی تەواوبوون ٢٠٠٨
کردنەوە ٧ـی تشریینی یەکەمی ٢٠٠٨
بەرزی گشتی ٤٣٥ مەتر
بەرزی تا سەقفی بەرزترین نهۆمەکان ٣١٥ مەتر
بەرزی تا بەرزترین نهۆمی ٣١٢ مەتر
ژمارەی نهۆم ١٢ 
ڕووبەری هەر نهۆمێک ١٥٤ هەزار مەتر چوارگۆشە
ژمارەی ئەسانسۆرەکان ٧ دانە
ئەندازیاری دروستکردن محەمەد ڕەزا حافزی

مێژوو

مێژووی بورجی میلاد و بیری درووسترکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشاکانی پەهلەوی، کە ڕێگای جۆربەجۆریان بەکارهێنابوو بۆ پێشکەوتن و درووستکردنی جێگای جوان و سەرنجڕاکێش، دیزاینی درووستکردنی بورجەکە لە ساڵی ١٩٧٠ دا داندرا بەڵام دەست بە درووستکردنی نەکرا بەهۆی چەندەها هۆکار و بارودۆخی ئەو سەردەمەوە لە نێویاندا جەنگی ٨ ساڵەی عێراق و ئێران کە لە ساڵی ١٩٨٠ دا دەستیپێکرد و زۆر پێشکەوتنی هەردوو وڵاتی ڕاگرت, دوای هەوڵی نێودەوڵەتی پڕۆژەکە درا بە کۆمپانیایەکی بیانی بەناوی دایڤس، وە پڕۆژەکە دەستیپێکرد لە ١٩ـی مانگی ئابی ساڵی ١٩٧٥ دا لەژێر چاودێری محەمەد ڕەزا شای ئەوکاتی ئێران و سەرۆک شارەوانی و سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئێران غوڵامڕەزا نیکپای بەردی بناغەکەیان دانا کە لە دواتردا بووە تابلۆیەک بۆ بورجەکە و دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دا حکومەت هەوڵیدا بگەڕێت و جێیەکی گونجاو بۆ درووستکردنی بورجێکی وەها گرنگ بدۆزێتەوە، حکومەتی نوێی ئێران ویستی هێما و ڕەمزێکی تر بۆ جێگرتنەوەی بورجی ئازادی تاران درووستبکات کە هێما بوو بۆ فەرمانڕەوایەتیی سەردەمی پەهلەوییەکان و حکومەتیش داوای بەرگێکی نوێی دەکرد بۆ حکومڕانییەکەی خۆی.

درووستکردن و کردنەوە

نزیکەی سێ ساڵ لە ١٩٩٧ وە تا درووستکردنەکەی لە سەرەتای ٢٠٠٠ دا بە کاتی هەوڵدان بۆ درووستکردن و تەواوکردنی پلان و نەخشە و جێگاکە دادەنرێت، لە ساڵی ٢٠٠٨ دا بورجەکە تەواوکرا، سەرەتا ناوێکی بۆ داندرابوو کە (ناوەندی پەیوەندی نێودەوڵەتی تاران) بوو بەڵام لە ساڵی ٢٠٠١ دا و لە یادی ١٠٠ ساڵەی خومەینیدا ناوەکە بە پێشنیاری ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی شاری تاران گۆڕدرا و کرا بە میلاد.

کردنەوەی بورجەکە دوای ١١ ساڵ و لە ٧ ی تشریینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٨ دا بوو، لەم کردنەوەیەدا هەریەکە لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی و محەمەد باقر سەرۆک شارەوانی ئەوکاتی ئێران ئامادەبوون کە ئەم کەسە دەستێکی باڵای هەبوو لە ساڵانی کۆتاییدا و بورجەکە لەژێر سەرپەرشتی ئەودا بە زوویی تەواوکرا، کردنەوەکە لەژێر درووشمی "ئاسمان نزیکە" بوو کە ئاماژە بوو بە بەرزی بورجەکە، لەم ڕێوڕەسمەدا زیاتر لە ٢٥٠ پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسی جیهانی و ئێرانی ڕاستەوخۆ کۆبوونەوەکەین دەگواستەوە.

بورجەکە شوێنێکی تایبەتە و بۆتە هێمای شاری تاران، لەم بورجەدا چەندین شتی جۆربەجۆر دەبینرێت لە نهۆمە جیاوازەکانی بورجەکەدا لەوانە بوونی چەندەها چێشتخانە و کافتریا بۆ کەسانێک کە سەردانی دەکەن یاخود گەشتیارن، هەبوونی مۆزەخانە و شوێنی هونەری بۆ پێشکەشکردنی تابلۆ و چەندین کاری تری هونەری، لە بەشی خوارەوەی بورجەکەدا شوێنی تایبەت بە سێرک و ڕاهێنانی دۆلفین و پێشکەشکردنی هونەری ئاوی و زیرەکی گیاندارانی ئاوی، بەشی سەرەوەی زۆرکات دەبێتە جێگای پیشاندانی بەرهەمە سینەمایی و فێستیڤاڵەکان لەناویدا گەورەترین خەڵاتی سینەمایی وڵاتی ئێران کە ئەویش فێستیڤاڵی فیلمی فەجر و بەخشینی سیمورغی بلورینە کە ساڵانە لە بورجی میلاد بەڕێوەدەچێت.

لە بەشێکی بورجەکەدا وێنە و ئاسەواری کۆنی سەردەمانی پێشووی ئێران هەڵگیراوە کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی قاجار و سەفەوی و دواتریش پاشاکانی پەهلەوی ئێران، هەروەها بوونی بورجە بەرزەکانی جیهان بە بچووککراوەیی لەناو بورجەکەدا لەگەڵ بەراورد و بەرزی هەریەک لە بورجەکان.


سەرچاوەکان

563 بینین