ترسی نائاسایی منداڵ لە تەمەنە جیاوازەکاندا

له‌لایه‌ن: - مونا رزگار - به‌روار: 2021-09-05-18:10:00 - کۆدی بابەت: 6507
ترسی نائاسایی منداڵ لە تەمەنە جیاوازەکاندا

ناوه‌ڕۆك

ترسی نائاسایی منداڵ

هەموو منداڵێک لە هەموو تەمەنێکدا دووچاری ترس و تۆقین دەبێتەوە، کە بە بەشێکی ئاسایی گەشەی ئەوان دەناسرێت، بەڵام ئەگەر هات و ترس بە شێوەیەکی بەردەوام بوو و مێشکی منداڵەکەی بە تەواوی مەشغوڵ کردبوو، ئەوا کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر منداڵەکە و تووشی چەندین نەخۆشی دەروونی و جەستەیی دەکاتەوە.

جۆرەکانی ترسی نائاسایی منداڵ لە تەمەنە جیاوازەکاندا

ترسی منداڵی تازە لەدایکبوو

ترسی منداڵی تازە لەدایکبوو بە هۆی دەنگی بەرز و ڕاچڵەکینەوە دروست دەبێت، بە گریانی زۆر و جوڵەی زۆری دەست و قاچ و ڕاچڵەکینیان دەزانیت کە منداڵەکەت ترساوە و ئەم ترسا وردە وردە بە تێپەڕبوونی کات نامێنێت.

ترسی ئاسایی منداڵ

منداڵ لە تەمەنی ٦ بۆ ٨ مانگیدا لە کەسی نەناسراو دەترسێت و ئەم ترسه بەردەوام دەبێت تاکوو تەمەنی ١٨ مانگی، بەڵام بە زیادبوونی تەمەنی منداڵەکە ئەم جۆرە ترسانە نامێنن و لادەچن، لە نێوان تەمەنی ٢ بۆ ٥ ساڵیدا، منداڵان ترسییان هەیە لە تاریکی و تەنهایی و ئاژەڵەکان.

ترسی هەرزەکار

بە هۆی گۆڕانکاری دەروونی و جەستەیی لە تەمەنی هەرزەکاریدا، ترسی جۆراوجۆر دروست دەبێت بۆ نموونە ترس لە جنۆکە، بومەلەرزە و شتی نەبینراو.

کاریگەری ترسی نائاسایی لەسەر منداڵ

- ترسی بەردەوام منداڵ بە هەر هۆکارێک بێت کاریگەری دەخاتە سەر جەستە و دەروونی منداڵەکە، دەبێتە هۆکارێک تاکوو منداڵ چێژ نەبینێت لە ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی.

- ئەو منداڵانەی بەردەوام دەترسن گەشەی مێشکیان سنووردار دەبێت و توانای مێشکیان لاوازە و توانای تەرکیز کردن و فێربوونیان کەمتر دەبێتەوە.

- ترس هەندێک جار دەبێتە هۆی خەمۆکی، شەرم و گۆشەگیری منداڵەکە.

- خراپترین کاریگەری بریتییە لەوەی کە منداڵەکە کەسایەتی خۆی لە دەست دەدات و وەک جارانی لێنایەتەوە.

- منداڵی ترسنۆک لە هیچ کارێکدا سەرکەوتوو نابێت هەموو وزەی خۆی لەوەدا بەکاردەهێنێت کە ئەو هۆکارەی لێ دەترسێت دووبارە نەیتەوە ڕێگایی، بەمەش کاتی نابێت بیر لە کاری دیکە بکاتەوه.

- ترس وادەکات کە منداڵ فێری درۆکردن ببێت

- خراپترین کاریگەری ترس لەسەر مێشکی منداڵ دروست دەبێت و مێشک وەک جاران بە باشی کارەکانی خۆی ئەنجام نادات و بەم شێوەیە لەوانەیە منداڵەکە تووشی لەبیرچوونەوەی قسەکردن ببێت و شەوانە میز بکات بە خۆیدا.

ڕێگاکانی چارەسەری ترسی نائاسایی لە منداڵدا

ڕێخۆشکەر مەبە بۆ ترسی منداڵەکەت

هیچ کاتێک جۆرە یارییەک بۆ منداڵەکەت مەکڕە کە جیاواز بێت و ترسناک بێت، ئەگەریش لێی ترسا بە خێرایی لێی دوورخەرەوە، هەروەها ئەگەر منداڵەکەت لە سەگ دەترسێت هەوڵبدە دووریبخەیتەوە لە شوێنێک کە سەگی تێدایە، هامیشە هاوڵبدە منداڵەکەت دووربخەیتەوە لە هۆکاری ترسەکەی.

پێمەکەنە بە ترسی منداڵەکەت 

ئەو هۆکارەی کەوای کردووە منداڵەکەت بترسێت بۆ ئەو زۆر کاریگەرە و جدییە، بۆیە هەرگیز بە شتێک پێمەکەنە کە لەلای ئەو زۆر گرنگ بێت، خۆت لە شوێنی منداڵەکەت دابنێ لەوانەیە لەلای تۆ ئەو هۆکارە جێگای پێکەنین بێت بەڵام ئەوە بزانە کە تۆ گەورەیت و ئەو منداڵەکە بۆیە وەڵامدانەوەتان بۆ هۆکارەکان وەک یەک نابێت، گاڵتەی پێ مەکە و مەڵێ کوا ئادەی خۆ هیچی لێ نییە، چییە تێکچووی کوا چی لێیە ترسنۆک، ئەم قسانە بارودۆخی منداڵەکەت زیاتر خراپ دەکەن.

چارەسەرکردنی بە یارمەتی وەرگرتن

کاتێک منداڵەکەت دەڵێت جنۆکەیەک لەوێدایە بڵێ وەرە پێکەوە بۆ هەمیشە بیکوژین تاکوو هەرگیز نەگەڕێتەوە، بە یارییەکان و دەمانچەکانی منداڵەکەت تەقەی لێ بکە و دڵنیایی بکەرەوە کە کوشتووتە، ئەمە وادەکات کە منداڵەکەت دڵنیا ببێتەوە کە ئەو هۆکارە نەماوە.


سەرچاوەکان



1740 بینین