چەند ڕێنماییەک بۆ پێدانی دەرمان بە منداڵەکەت

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-09-01:13:00 - کۆدی بابەت: 6536
چەند ڕێنماییەک بۆ پێدانی دەرمان بە منداڵەکەت

ناوه‌ڕۆك

پێدانی دەرمان بە منداڵ

کێشەیەک کە هەموو دایکان هەیانە بریتییە لە پێدانی دەرمان بە منداڵەکەیان، چونکە دەبێت بە زۆر پێیان بدرێت و دایکەکە ماندوو دەکەن، گرنگە دایک چەند ڕێگایەک بەکاربهێنێت تاکوو خۆی و منداڵەکەشی بەم هۆیەوە بێزار نەبن.

چەند ڕێنماییەک بۆ پێدانی دەرمان بە منداڵەکەت

- پێش ئەوەی دەرمانەکە بدەیت بە منداڵەکەت دەبێت ڕای پزیشک وەربگریت لەسەر پێدان و تەواوی زانیارییەکانی دەرمانەکە.

- دەرمانەکان دوور لە منداڵەکەت دابنێ و با دەستی نەیگاتێ.

- کاتێک شروب دەدەیت بە منداڵەکەت سرنج بەکاربهێنە تاکوو بڕێکی تەواو و ڕاستی پێ بدەیت.

چۆن دەرمان بدەیت بە منداڵەکەت؟

- ئەگەر بە تەنها و بە بێ یارمەتی هیچ کەسێک دەرمان دەدەیت بە منداڵەکەت، دەتوانیت سەرەتا دەرمانەکە بکەیتە سرنجەکەوە و منداڵەکەت بخەیتە باوەشتەوە و جێگیری بکەیت، دواتر دەرمانەکە بکەیتە ناوەوەی دەمییەوە و دواوەی دەم و بەرەو لای ڕوومەتەکان، چونکە لەم شوێنانەدا هەستی تامکردن بوونی نییە و منداڵەکە هەست بە تامی دەرمانەکە ناکات.

- ئەگەر منداڵەکەت هەر نەیخوارد دەتوانیت دەرمانەکە لەگەڵ کەمێک شیری خۆت یاخود شیری وشک تێکەڵ بکەیت و پێی بدەیت، بەڵام نابێت بڕی شیرەکە زۆر بێت.

- سرنج باشترینە بۆ پێدانی دەرمان و دوای ئەوە بە جوانی بیشۆ و لە شوێنکی پاکدا هەڵیگرە.

- هەوڵبدە زوو دەرمانەکە بدە بە منداڵەکە و خاوە خاو مەکە لە پێدانیدا

- ئەگەر هیچ چارەیەک نەبوو زۆر جار واباشترە دوو کەس دەرمان بدەن بە منداڵەکە، کەسێک لە باوەشیدا دەست و قاچی بگرێت و ئەوی دیکە دەرمانەکەی پێ بدات تاکوو نەڕژێت.

- لە کاتی پێدانی دەرمانەکەدا قسەی بۆ بکە یاخود گۆرانی بۆ بڵێ و چیرۆکی بۆ بخوێنەوە، با خەیاڵی بڕوات و زووتر دەرمانەکە بخواتەوە.

- بۆ پێدانی قەترەی چاو بەدڵنییایەوە دەبێت دوو کەس بن چونکە چاو هەستیارە و دەبێت بە هەمان بڕ بێت کە پزیشک دیاری کردووە، کەسێکیان منداڵەکە بگرێت و ئەوی دیکە قەترەکە بکاتە چاوییەوە، دوای ئەوەی کە قەترەکەت کردە چاوییەوە ماوەیەک سەری منداڵەکە بەرەو دواوە ببە تاکوو قەترەکە بڕواتە ناوەوە و نەڕژێت.

- لە کاتی پێدانی قەترە بۆ گوێ منداڵەکە بخە بە لادا و دوای ئەوەی قەترەکەت تێکرد دەبێت چاوەڕێ بکەیت تاکوو بە جوانی قەترەکە دەچێتە ناوەوە ئینجا منداڵەکە بجوڵێنیت.


سەرچاوەکان



826 بینین