گرنگی قسەکردن لەگەڵ منداڵ لەناو سکی دایکدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-12-14:38:00 - کۆدی بابەت: 6563
گرنگی قسەکردن لەگەڵ منداڵ لەناو سکی دایکدا

ناوه‌ڕۆك

قسەکردن لەگەڵ منداڵ لەناو سکی دایکدا

زۆرێک لە خانمان وادەزانن کە قسەکردن لەگەڵ منداڵەکەی ناو سکیاندا لە ماوەی دووگیانیدا ئەوەندە گرنگ نییە، چونکە وادەزانن کە منداڵەکە هیچ نابیستێت و هیچ کاردانەوەیەکی نابێت، منداڵ لەهەفتەی ٢٤ـەمەوە دەنگی دەوروبەر و دایکیان ببیستن، زۆر گرنگە کە دایک و خێزان بە گشتی لەگەڵ ئەو منداڵەدا قسە بکەن.

سوودەکانی قسەکردنی دایک و باوک لەگەڵ منداڵ لە سکی دایکیدا

- بە قسەکردن لەگەڵ منداڵەکەتدا لە ماوەی دووگیانیدا، یارمەتی دەدەیت بۆ گەشەکردنی مێشک و جەستەی، وە ڕێگایەکی کاریگەرە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵیدا، وە منداڵ زۆر جار بە جوڵان و لەقە هاویشتن وەڵامی قسەکان دەداتەوه.

- منداڵەکە بە بیستنی دەنگی دایکی زۆر دڵخۆش دەبێت و بەمەش دەست دەکات بە یاریکردن و دەسوڕێتەوە و ئەژنۆکانی دەچەمێنێتەوە.

- لە کۆتایی دووگیانیدا بستنی دەنگی دایک دڵەڕاوکێی منداڵەکە کەم دەکاتەوە

- لە هەفتەی ٣٦ـی دووگیانیدا، منداڵەکە دەتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان دەنگی دایک و دەنگی دیکەدا، هەروەها منداڵ هەستیارترە بە دەنگی بەرز وەک لە دەنگی دایکی، وەک دەنگی دەریا، مۆسیقا.

- دەنگی باوک بۆ منداڵەکە ئەوەندە کاریگەر و بەرزنییە چونکە دەنگێکی دەرەکییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیستنی دەنگی باوک گرنگە بۆ منداڵەکە.

- به گشتی لە شەودا منداڵان چالاکترن و بۆیە باشترە کە لە شەودا لەگەڵ منداڵەکەی سکتدا قسە بکەیت.

دەبێت چی بە منداڵەکەی ناو سکت بڵێی؟

- گرنگە کاتێک لەگەڵ منداڵەکەتدا قسە دەکەیت دەست بهێنیت بە سکتدا و بیلاوێنیتەوە تاکوو منداڵەکە هەست بە گەرما بکات.

- دەتوانیت باسی ڕووداوە باشەکانی ڕۆژ بکەیت بۆ منداڵەکەت و ئەوەی کە چیت بۆ کڕیووە و چۆن ژوورەکەیت بۆ چاککردووە و چ ئامادەکارییەکت کردووە بۆ هاتنە دونیاوەی.

- هەروەها دەتوانیت چیرۆکی بۆ بخوێنیتەوە یاخود گۆرانی بۆ بڵێیت، وە دەتوانن پێکەوە ئەمە لەگەڵ هاوسەرەکەتدا ئەم کارە بکەن.

- دەتوانیت گۆرانی و مۆسیقای گونجاوی بۆ بخەیتە سەر، گرنگە ئەمە دوای مانگی پێنجەم بکەیت کە گوێیەکانی منداڵەکە باشتر گەشەی کردووە.

سوودەکانی قسەکردن لەگەڵ منداڵی ناو سکی دایکدا بۆ دوای لەدایکبوونی

پەیوەندی منداڵ

قسەکردنەکان پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵەکە پتەوتر دەکەن، دواتر دوای لەدایکبوونی ئەمە وادەکات کە منداڵ هۆشیارتر بێت و کاردانەوەی زیاتر بێت بۆ دەنگەکانی دەوروبەری بە چاک و خراپەوە.

زیادکردنی تواناکانی منداڵ

دوای لەدایکبوونی منداڵەکە زووتر فێری قسەکردن دەبێت و تواناکانی زیاتر دەبێت.

خۆشەویستی منداڵ

ئەو منداڵانەی کاتێک لە سکی دایکیاندا بوون و دایکیان زۆر قسەیان کردووە لەگەڵیاندا دواتر هەستێکی تایبەتریان دەبێت بۆ دایکیان و زیاتر دایکیان خۆش دەوێت.


سەرچاوەکان



2986 بینین