عەلی وەردی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-15-13:30:00 - کۆدی بابەت: 6586
عەلی وەردی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی 

ناوی تەواوی عەلی حسێن موحسن وەردی، نازناوی وەردی وەرگرتووە بەهۆی ئەوەی باوباپیرانی لە دڵۆپاندنی ئاوی گوڵ کاریان کردووە وەکوو بۆن بەکاریان هێناوە، نووسەر و مێژوونووس و زانای کۆمەڵناسی عێڕاقی لە ساڵی 1913 لە ناوچەی "کازمییە"ی شاری بەغداد لەدایکبووە، لە ساڵی 1924 لە خوێندن دوورکەوتووەتەوە و دەستیکردووە بە کارکردن، هەر لە سەرەتای لاویەوە خولیای خوێندنەوە بووە، تەنانەت لەسەر کار دەرکراوە بەهۆی ئەوەی هەمیشە لە کاتی کارکردن سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێب و ڕۆژنامەکان بووە و کڕیارەکانی فەرامۆش کردووە، لە ساڵی 1931 دەستی کردووەتەوە بە خوێندن و پەیوەندی بە خوێندنی ئێواران کردووە، ئەم هەنگاوەی بووە دەستپێکی ژیانێکی نوێ، قۆناغەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی تەواو کرد و توانی لە کۆتا ساڵی خوێندنی ئامادەیی پلەی سێیەم بە دەست بهێنێت لە سەر ئاستی عێڕاق، بۆیە نێردراوە بۆ زانکۆی ئەمریکی لە وڵاتی لوبنان بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بە دەستهێناوە، دواتر لە ساڵی 1948 لە زانکۆی تێکساسی وڵاتی ئەمریکا بەردەوامی بە خوێندن داوە پلەی ماجستێری وەرگرتووە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر سۆسیۆلۆژیای ئیسلامی، لە 1950 لە هەمان زانکۆ پلەی دکتۆرای بە دەستهێناوە لەسەر تێۆرییەکانی ئیبن خەلدوون لەسەر زانست.

لە پاش تەواوکردنی خوێندن لە ساڵی 1951 گەڕاوەتەوە بۆ عێڕاق و وەکوو مامۆستا لە بەشی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی بەغداد کاری کردووە تاکوو ساڵی 1970، پاشان لەسەر داوای خۆی خانەنشین کراوە، لە کۆتایی تەمەنی خۆی تەرخانکرد بۆ نووسینەوەی یادەوەرییەکانی و بێدەنگی هەڵبژارد لەسەر بابەتەکانی ڕۆژ. 

شێواز و تایبەتمەندی نووسینی 

عەلی وەردی ڕابەر و بنیاتنەری زانستی کۆمەڵناسییە لە عێڕاق و هەموو جیهانی عەرەبی، لە نووسیندا زۆر کاریگەر بووە بە ئیبن خەلدوون (زانا و دانەری تیۆرییەکانی زانستی کۆمەڵناسی)، شێوازی نووسینی زانستی و بابەتییانە و هاوسەنگ بووە، دوور بووە لە هەست و سۆزی نەتەوەیی و ئاینی، هەمیشە دەسەڵاتداران و پیاوانی ئاینی دژایەتی و بەرهەڵستییان کردووە بەهۆی نووسین و بیروڕا بوێرەکانی و ڕەخنەگرتنەکانی لەسەر ئاین و کۆمەڵگەی عێڕاقی، بە عەلمانییەت تۆمەتبار کراوە.

بەرهەمەکانی 

عەلی وەردی 18 کتێبی نووسیوە، سەدان توێژینەوە و وتاری نووسیوە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاویکردووەتەوە، جگە لەوەی کە چەندان توێژینەوەی زانستی لەسەر نووسینەکانی کراوە و تا ئێستاش بەرهەمەکانی وەکوو پێوەر و بناغەی زانست بەکاردێت لە کۆمەڵناسی، گرنگترین بەرهەمەکانی ئەمانەن:

  • واعیزەکانی سوڵتان: لە ساڵی 1954 ئەم کتێبەی بڵاوکردووەتەوە، ناوەڕۆکی ئەم کتێبە باس لەو دژایەتییە بەردەوامەی نێوان دوو ڕێبازەکەی ئیسلام، سوونە و شیعە دەکات کە لەسەر جێنشی عومەر و عەلی ناکۆکن، بەڕای ئەو هەموویان لەسەر یەك ڕێباز بوونە، هەر بۆیە لەسەر ئەم کتێبەی دژایەتییەکی زۆر کراوە.
  • کەسایەتی تاکی عێڕاقی: لە ساڵی 1951 ئەم کتێبەی بڵاوکردووەتەوە، قەبارەیەکی بچووکی هەیە، بەڵام پڕ واتایە، زۆر بە وردی باس لە جۆری بیرکردنەوە و تێڕوانینی تاکی عێڕاقی کردووە، زۆر بە بوێرانە ڕەخنە و سەرنجەکانی دەخاتەڕوو سەبارەت بە تاکی عێڕاقی، وەردی پێی وایە تاکی عێڕاقی خاوەن دەروون و کەسایەتیەکی دووڕوون و هاوسەنگ نیین، ڕەفتاریان پێچەوانەی گوفتاریانە.
  • گاڵتەجاڕی عەقڵی مرۆڤ: لە ساڵی 1955 ئەم کتێبەی بڵاوکردووەتەوە و ئەم کتێبە زیاتر ناساندی و لە هەموو جیهانی عەرەبی ناوبانگی پێبەخشی.
  • خەونەکان لە نێوان زانست و بیر و باوەڕدا
  • لۆژیکی ئیبن خەلدوون 
  • لێکۆڵینەوەیەك لەسەر سرووشتی کۆمەڵگای عێڕاقی
  • وانەکانی ژیانم
  • ڕەوشت
  • هێزە کاراکانی نەست

ئەو بەرهەمانەی کە وەرگێڕانی زمانی کوردییان بۆ کراوە و لە ناوە کوردا زۆر باون

- واعیزەکانی سوڵتان 
- گاڵتەجاڕی عەقڵی مرۆڤ
- وانەکانی ژیانم
- کەسایەتی تاکی عێڕاقی

باری خێزانی

لەگەڵ خانمێکی سادە و نەخوێندەوار هاوسەرگیری کردووە، بوونەتە خاوەنی چوار منداڵ، کە هەر یەکێکیان پلە و پێگەی بەرزی لە خوێندندا بە دەست هێناوە، ئەوانیش دکتۆر حەسان، ئەندازیار جەعفەر، خانمە دەرمانساز سینا و وەرگێڕ فەیسەڵ. 

کۆچی دوایی 

لە 13ی تەموزی ساڵی 1995 کۆچی دوایی کردووە بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە لەوکاتە نەیتوانی لە عێڕاق چارەسەری پزیشکی وەربگرێت بۆیە سەفەری وڵاتی ئوردنی کردووە بەڵام سوودی نەبووە و گەڕاوەتەوە بۆ عێڕاق و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردوە. 


سەرچاوەکان



1252 بینین