کۆریای باشوور

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-15-19:58:00 - کۆدی بابەت: 6591
کۆریای باشوور

ناوه‌ڕۆك

کۆریای باشوور

کۆریای باشوور (South Korea) کە بە شێوەیەکی ڕەسمی بە کۆماری کۆریاش دەناسرێت، وڵاتێکی هەڵكەوتەی ڕؤژهەڵاتی ئاسیایە لەوپەڕی گۆی زەوی، بەشی باشووری نیمچە دوورگەی کۆریا دەگرێتەوە و سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ وڵاتی کۆریای باکووردا، دانیشتووانی وڵاتەکە ٥١ میلیۆن کەس دەبێت کە لەم ژمارەیەش نزیکەی ١٠ میلیۆنیان لە پایتەختی ئەو وڵاتە کە شاری (سیئۆل)ە دەژین.

نیمچە دوورگەی کۆریا هەر لە سەردەمی زووەوە هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی چاخی بەدینی کۆن، بە یەکەم ئیمپڕاتۆریەت دانراوە لە نووسراوە مێژووییەکانی چیندا کە دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی ٧ پێش زایین، بەدوای ئەویشدا سێ ئیمپڕاتۆریەتی تر کە بریتی بوون لە سیڵا و بەڵهای و گۆگوریۆ.

ئیمپڕاتۆرییەتەکان بۆ ماوەیەکی زۆر حوکمی کۆریایان کردووە لەگەڵ ئەوەی زۆرکات داگیرکاری یەکتریان کردووە و ماوە هەبووە یەکێک لەوانە حوکمی هەموویانی کردووە، ئەم ئیمپڕاتۆرییەتە بەردەوامبوو لە سەدەی ٧ پێش زایینەوە تاکو سەدەی ٢٠ و ساڵی ١٩١٠ کە ئیمپڕاتۆرییەتی ژاپۆن خستییە ژێر ناوی ئیمپڕاتۆرییەتەکەی خۆیەوە، بەم جۆرە بەردەوامبوو تاکو دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و تەسلیمبوون و شکستهێنانی ژاپۆن و ئەڵمانیا بەرامبەر هێزەکانی هاوپەیمانان، بەم جۆرە لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٤٥ دا کۆریا دابەشکرا بەسەر هێزە براوەکانی جەنگدا و بوو بە دوو وڵات کە بەشی باکووری کەوتە دەست یەکێتی سۆڤیەت و بەشی باکووریشی بەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوت، دوای هەوڵێکی زۆر بۆ یەکخستنەوە سەرەنجام هەمووی فەشەلی هێنا و لە ساڵی ١٩٤٨ دا ئەم بەشەی ئەمریکا بوو بە کۆماری کۆریا و بەشی سەرەوەشی بەناوی کۆریای باکوورەوە ناونرا.

لە ساڵی ١٩٥٠ دا کۆریای باکوور خاکەکانی باشووری بەزاند و بەمەش جەنگی کۆریا دەستیپێکرد کە بۆ ماوەی سێ ساڵ و تا ساڵی ١٩٥٣ بەردەوامبوو، لەم ماوەیەدا ئەمریکا پشتگیری بەشی باشووری دەکرد و هێزێکی تایبەتی بۆ درووستکرد بەناوی "کۆماندۆی نەتەوە یەکگرتووەکان" و لەلایەکی ترەوە چین و یەکێتی سۆڤیەت پاڵپشتی کۆریای باکووریان دەکرد.

زانیاری گشتی

ناو کۆماری کۆریا
پایتەخت سیئۆل
زمانەکان زمانی کۆری
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٩٥.١ کۆری
  • ٪٤.٩ گرووپی ڕەگەزی تر
ئایین
  • ٪٥٦ بێ ئایین
  • ٪٢٨ مەسیحی
  • ٪١٥ کۆری بودی
  • ٪١ ئایینی تر
ڕووبەر ١٠٠ هەزار و ٣٩٣  کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان ٥١ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس (٢٠١٩)
چڕی دانیشتووان ٥٠٧/ کیلۆمەتر چوارگۆشە
داهاتی ساڵانە ١.٥٨٦ تریلیۆن دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٣٠.٦٤٤ هەزار دۆلار
دراو وۆن
کات UTC +9
شێوازی لێخوڕین لای ڕاست
کۆدی نێودەوڵەتی
+٨٢

جوگرافیا

وڵاتی کۆریای باشوور دەکەوێتە بەشی باشووری نیمچە دوورگەی کۆریا لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا و یەکێکە لە وڵاتە سەرەتاییەکانی ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی زەوی کە ڕۆژییان زوو لێ هەڵدێت، ئەم نیمچە دوورگەیە نزیکەی ١١٠٠ کیلۆمەتر دوورە لە خاک و وڵاتانی ئاسیا و دەریا لێکی دابڕیوون، نیمچە دوورگەیەکی شاخاوییە بە شێوەیەکی گشتی و لە بەشی ڕۆژئاوایەوە دەریای زەرد و لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە دەریای ژاپۆن بوونی هەیە، لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی ژاپۆن هەڵکەوتووە بەڵام سنوورێکی ئاوی زۆر لە نێوانیاندایە و ڕاستەوخۆ هاوسنوور نیین، ئەم وڵاتە سێ لای بە ئاو دەورەدراوە و تەنها یەک سنووری فەرمی هەیە کە ئەویش لەگەڵ کۆریای باکووری دراوسێیدایە.

وڵاتی کۆریا بە شێوەیەکی گشتی خاوەنی ٨٥ شار و شارۆچکە و ناوچەیە، سیئۆلی پایتەخت زۆرترین ڕێژەی خەڵکی لێ دەژی کە نزیکەی ١٠ میلیۆن کەسن هەروەها گەورەترین شاریشە لە ڕووی ڕووبەرەوە لە تەواوی کۆریای باشووردا، ئەم وڵاتە لە سێ هەرێمی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە دارستانە گەڵاوەریوەکانی کۆریای ناوەڕاست، دارستانە تێکەڵەکانی مانچوریان، دارستانە هەمیشە سەوزەکانی کۆریای باشوور، بەشی زۆری کۆریای باشوور لە چیا و ناوچەی شاخاوی پێکهاتووە کە خاکەکەی بەکەڵکی کشتووکاڵ نایەت و ناوچە نزمە سوودبەخشەکانی کە دەتوانن دانەوێڵە و بەرهەمەکانیانی تیا بڕوێنن بە هەمووی لە ٪٣٠ خاکی وڵاتەکە دەگرێتەوە.

بەهۆی ئەوەی هەرچواردەوری بە ئاو دەورەدراوە، ئەم وڵاتە خاوەنی نزیکەی سێ هەزار دوورگەیە، هەندێکی بێکەڵکە یاخود زۆر بچووکن، زۆربەی دوورگە گرنگەکان دەکەونە بەشی باشوور و ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە، دوورگەی ژیژو-دۆ کە دەکەوێتە باشووری وڵاتی کۆریای باشوورەوە گەورەترین دوورگەی ئەو وڵاتەیە و ڕووبەرەکەی ١٨٤٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی ١٠٠ کیلۆمەتر کەنار دەریای هەیە، هەروەها بەرزترین لووتکەی وڵاتیش دەکەوێتە ئەم ناوچەیەوە بەناوی هەڵاسان کە بەرزییەکەی بە نزیکەیی ١٩٥٠ مەترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە.

ئابووری

كۆریای باشوور له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا له‌ ده‌وڵه‌تێكی پاشكه‌وتووی ده‌رچووی جه‌نگ و وێرانه‌، توانیی ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی گه‌شه‌ كردووی خاوه‌ن ئابوورییه‌كی به‌هێز، كۆریای باشوور له‌ سه‌روه‌ختی دامه‌زراندنیدا یه‌كێک بوو له‌ هه‌ژارترین وڵاتانی دنیا، داهاتی ساڵانه‌ی تاک له‌ ٨٠ دۆلار تێپه‌ڕی نه‌ده‌كرد، وڵاته‌كه‌ وێران بوو له‌ نێو گێژاوی سیاسیدا ده‌تلایه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی كۆریا دابه‌شی سه‌ر باكوور و باشوور بوو، ئیدی ڕه‌وشی ئابووریی كۆریای باشوور به‌ جارێک داته‌پی، چونكه‌ جموجۆڵی ئابووری و بازرگانیی نێوان هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ وه‌ستا، سه‌رباری ئه‌و ڕه‌وشه‌ سه‌خته‌، شه‌ڕی كۆریاشی به‌ سه‌ردا هات (١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣) به‌م جۆره‌ زه‌ره‌ر و زیانی ٦٩ میلیار دۆلار به‌ر كۆریای باشوور كه‌وت، كه‌ ده‌یكرده‌ پێنج هێنده‌ی تێكڕای به‌رهه‌می ساڵانه‌ی ئه‌وسای ئه‌و وڵاته‌.

زیانی ئه‌و شه‌ڕه‌ بریتی بوو له‌ خاپوور كردنی چاره‌كێكی ژێرخانی وڵات، لە ٪٤٠ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون خاپووركران، نزیكه‌ی ٪٤٧ ی هێڵە ئاسنیینەکانی وڵات تێکچوو، جگه‌ له‌ وێران كردنی ٥٠٠ کیلۆمەتر دووجا لە ڕێگا و بان و پرد خانوو و پێداویستییە دەریاییەکان، هه‌روه‌ها ٪٨٠ ی وێستگه‌كانی به‌رهه‌م هێنانی كاره‌باشی تێك دا.

كۆریای باشوور‌ تا ساڵی ١٩٦٠، له‌ هه‌ژاریدا هاوشانی وڵاتانی ئه‌فریقایی وه‌ک سوودان و غانا بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ بێ ده‌رامه‌تی سروشت بوو، جگه‌ له‌وه‌ی ڕووبه‌ره‌كه‌ی كه‌مه‌ و به‌شی هه‌ره‌ زۆری وڵاته‌كه‌ش چیای سه‌خت و شاخاوییه‌، ئیدی به‌ ده‌وڵه‌تێكی سسته‌ گه‌شه‌ داده‌ندرا، به‌ڵام له‌ سایه‌ی پلان و به‌رنامه‌ڕێژییه‌كی پوخت بۆ گه‌شه‌ كردن، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری (دروست كردنی پاپۆڕ، كاڵای ئه‌لیكترۆنی، ئۆتۆمبێل، ڕستن و چنین، ئاسن و پۆڵا) كۆریا له‌ ساڵی ٢٠٠٦دا بوو به‌ ده‌یه‌مین گه‌وره‌ترین ئابووریی جیهان، لە ئێستاشدا ئه‌و به‌ گوێره‌ی تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی، خاوه‌نی پازدەیە‌مین ئابووریی بازاڕه‌ له‌ ئاستی جیهاندا، له‌ ڕووی توانای كڕینیشه‌وه‌ دوازدەیەمینه‌، به‌م جۆره‌ كۆریا له‌ نێو ڕیزی بیست ئابوورییه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كه‌ی جیهاندایه‌ و له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ٢١ یشه‌وه‌ به‌ خاوه‌نی خێراترین گه‌شه‌ی ئابووری داده‌ندرێت لە تەواوی جیهاندا کە ڕۆژ بە ڕۆژ داهاتی بە ڕێژەیەکی زۆر زیاد دەکات، كۆرییەکان ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ی وڵاته‌كه‌یان به‌ په‌رجووی (مووعجیزەی) ڕووباری هان The Miracle on the Han River ناودەبەن  کە یەکێک لە ڕووبارە گەورە و گرنگەکانی وڵاتی کۆریایە.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی کۆریا کەشوهەوایەکی شێدارە بەهۆی بوونی ڕووبەرێکی گەورەی ئاو لە دەریا و دەریاچەوە کە دەوری وڵاتەکەیان داوە، کە بەمەش بووەتە هۆی جیاوازییەکی گەورە لە پلەی گەرمی وڵاتەکەدا، لە وەرزی زستاندا کەشەکە سارد و بەفراوییە و لە هاوینیشدا کەشوهەوا گەرم و شێدارە، کاریگەری کەشی خراپی ئاسیای ڕۆژهەڵاتی بەسەرەوەیە کە پشت دەبەستێت بە هەریەکە لە زەریای هێمن و زەریای هیندی و زۆرکات بەفر و باران و تەرزە لە کاتە ناوەختەکاندا دەبارێن بەهۆی نزمە پەستانی ئەو دەریایانەوە، لە وەرزی زستاندا پلەکانی گەرمی بۆ نزیکەی ٢٠ پلە ژێر سفری سیلیزی دادەبەزن و کەشێکی زۆر ساردی هەیە بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، بەڵام سیئۆلی پایتەخت چ بەهۆی بوونی کارگەی گەورەی پیشەسازیی و زۆری دانیشتووانەوە کەشەکەی گەرمترە و نزمترین پلە کە بچێت ئەوپەڕی -٧ سیلیزییە، لە هاویندا کەشەکە زۆر گەرم و شێدار و بێزارکەرە و پلەی گەرمی دەچێتە ٣٠ پلەی سیلیزی.

وەرزی بەهاری ئەم وڵاتە لە کۆتایی مانگی سێ دەستپێدەکات تا سەرەتای مانگی پێنج، وەرزی هاوین لە ناوەڕاستی مانگی پێنج بۆ سەرەتای نۆ، پاییز لە ناوەڕاستی مانگی نۆ بۆ سەرەتای مانگی یانزە، هەرچی زستانیشە لە ناوەڕاستی مانگی یانزەوە دەستپێدەکات تا ناوەڕاستی مانگی سێ، بەم جۆرە هاوین و زستانە سەختەکەی درێژترە لەو دوو مانگەی تر کە پلەی گەرمییان بە شێوەیەکی گشتیی مامناوەندە.

کۆمەڵێک نەریتی و زانیاری تایبەت بە وڵاتەکە

  • چەند یاسایەک هەیە کە بووەتە کلتوور لە وڵاتدا و دەبێت دانیشتووانی کۆریای باشوور جێبەجێی بکەن، بۆ نموونە:
  • بەپێی یاسایەکەی کۆریای باشور، دەبێت تۆمەتبار لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکەی نمایشبکاتەوە، لەو کاتەشدا هەنگاو بە هەنگاو وێنەی بگیرێت و تۆماربکرێت.
  • کلتوری وڵاتەکە نووسینی ناوی کتێبی بە مرەکەبی سوور قەدەغەکردووە، چونکە بە بۆچوونی هاوڵاتیانی کۆریای باشور، ئەو ڕەنگە هێمایە بۆ گیانلەدەستدانی پێشوەختی ئەو کەسەی کتێبەکەی نوسیووە.
  • لە ٪٢٠-٣٠ خانمانی کۆریای باشوور نەشتەرگەری جوانکارییان بۆ کراوە، پیاوانیش گرنگییەکی زۆر بە ماددەکانی جوانکاری دەدەن.
  • کۆریای باشوور یەکێکە لەو وڵاتانەی کە دانیشتوانەکەی کەمترین رێژەی قەڵەویان تێدایە، کە ڕێژەی قەڵەو لە وڵاتدا لە ٪٣.٢ ە ئەمەش ڕێژەیەکی کەمە بە بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی جیهان.
  • تەمەنی کۆرییەکان جیاوازترە، بەوپێیەی ئەگەر لە دوای مانگی ٦ منداڵ لەدایک ببێت ئەوا تەمەنی ساڵێک زیاتر دەبێت، بۆ نمونە ئەگەر لە ١/٦/٢٠٠٠ لەدایک بووبێت، بۆ حسابکردنی تەمەنی ئەگەر ساڵی ٢٠٢١ هەڵبژێرین، لای کۆرییەکان بە ٢٢ ساڵ حسابە لەکاتێکدا لای وڵاتانی جیهان ٢١ ساڵە.


سەرچاوەکان



4859 بینین