بۆیەی نینۆک

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-25-23:06:00 - کۆدی بابەت: 6714
بۆیەی نینۆک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆیەی نینۆک ماددەیەکی شلە کە دەتوانرێت بدرێت لە نینۆکی پەنجەی دەست یان پێی مرۆڤ بۆ پێدانی جوانی و پاراستنی بەشی دەرەوەی نینۆک، پێکهاتەی بۆیەی نینۆک بە شێوەیەکی بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دەهێنرێت بۆ باشترکردنی سەرنجڕاکێشی بۆیەکە و درەنگتر ڕووشان و لێبوونەوەی، بۆیەی نینۆک لە تێکەڵەیەکی ماددەی پۆلیمەری ئەندامی و چەند پێکهاتەیەکی دیکە پێکدێت بۆ پێدانی ڕەنگ و جوانی بە بۆیەکە، هەروەها بە هەموو تۆنێکی ڕەنگ بەردەستە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ کاری نینۆککاری و ڕێککردنەوە و جوانکردنی نینۆک.

مێژوو

بۆیەی نینۆک نزیکی ٣٠٠٠ ساڵی پێش زایین لە چین بەکارهاتووە، نزیکی ٦٠٠ ساڵی پێش زایین کۆشکی شاهانەی خێزانێکی شاهانە بە ڕەنگی زیوی و ئاڵتوونی نەخشێنرا، بەڵام دوای ماوەیەک ڕەنگەکەی گۆڕا بۆ ڕەش و سپی و ئەو دەرکەوتە شاهانەییەی ڕەنگی کانزاکانی زیو و زێڕ نەما، دواتر بۆیەی نینۆک لە تێکەڵەیەکی مۆم و سپێنەی ھێلکە و جەلاتین و ڕەنگی سەوزەوات و بنێشتی عەرەبی لە چین دروست دەکرا.
لە میسر کەسە پلە نزمەکان نینۆکیان زەرد هەڵگەڕابوو لە کاتێکدا کەسە پلە بەرز و خانەدانەکان نینۆکەکانیان بە خەنە دەکرد بە ڕەنگی سوور و مارۆنی.
گەشتیارێکی ئەوروپی لە ساڵی ١٨١٠ کاتێک گەشتی کرد بۆ یۆنان سەرنجی ئەوەیدا کە خانمە یۆنانییەکان نینۆکەکانیان ڕەنگ کردووە و تێگەیشت کە ئەوە نەریتێکی کۆنی یۆنانییەکانە، بەمەش بەکارھێنانی بۆیەی نینۆک وردە وردە بە جیهاندا بڵاوبوویەوە، لە کۆندا بۆیەی نینۆک لە پێکهاتەی سادەی وەک زەیتی لاڤێندەر و ڕەنگی سوور و ئۆکسیدی تەنەکە و ڕووەکی جۆری دێسێری هەرمێ دروست دەکرا.

جۆرەکانی بۆیەی نینۆک بە پێی پێکهاتە و بەکارھێنان

داپۆشەری بنچینەیی - Base coat

ئەم جۆرەی پێکهاتەی بۆیە بێڕەنگە یان ڕەنگێکی شیری یان پەمەییەکی چڵکنی هەیە وەک بنچینەیەک دەدرێت لە نینۆک پێش لێدانی بۆیەی نینۆک، مەبەست لە بەکارهێنانی ئەم جۆرەی پێکهاتەی بۆیەی نینۆک بەهێزکردنی نینۆک و گەڕاندنەوەی شێداری بۆ نینۆک و وەک یارمەتیدەرێکە بۆ لکانی بۆیە بە نینۆکەوە، هەروەها ڕێگری دەکات لە زوو تێکچوونی ڕەنگی بۆیە و کاتی مانەوەی بۆیە بە نینۆکەوە زیاتر دەکات، هەندێک جۆری داپۆشەر پێیان دەوترێت (بەربەست پڕکەر) و بە ئینگلیزی پێی دەوترێت (ridge fillers)، کە دەتوانن ڕووکارێکی ساف لەسەر نینۆک دروست بکەن و ئەو کەم و کوڕییانە لەسەر نینۆک ڕێکبخەن کە ڕێکنەخراون، هەندێک جۆری دیکە پێی دەوترێت (داپۆشەری بنچینەیی) توێکڵ و بە ئینگلیزی پێی دەوترێت (peel off base coats) کە یارمەتیدەرن بۆ لێکردنەوەی بۆیە لە نینۆک بە ئاسانی و بەبێ بەکارهێنانی توێنەری بۆیە (ئەسیتۆن).

داپۆشەری ڕووکار - Top coat

ئەم جۆرەی بۆیە بێڕەنگە و دوای لێدانی بۆیەی نینۆک دەدرێت لەسەر بۆیەی نینۆکەکە، ڕووپۆشێکی توند لەسەر بۆیە دروست دەکات و ڕێگری دەکات لە ڕووشان و تێکچون و لێبوونەوەی بۆیە، زۆربەی جۆرەکانی ئەم پێکهاتەیە لەسەریان نوسراوە (زوو وشکبووەوە) و بە ئینگلیزی پێی دەوترێت (quick-drying)، کە دەتوانن یارمەتیدەربن تاکوو بۆیەی نینۆکەکەی ژێریان زووتر وشک ببێتەوە، هەروەها ڕەونەقێکی جوان و خوازراو دەدەن بۆ بۆیەی نینۆک و یارمەتیدەرن تاکوو بۆیەکە زیاتر بە نینۆکەوە بمێنێتەوە.

جێڵ - Gel

بۆیەی جێڵ لە هەموو جۆرەکانی دیکەی بۆیە زیاتر بە نینۆکەوە دەمێنێتەوە، دەرکەوتەی لەسەر نینۆک وەک بۆیەی ڕەسەن وایە، بەڵام وشک نابێتەوە بەڵکوو پێویستە بە ئامێری تایبەت لە ژێر گڵۆپی سەروبنەوشەییدا وشک بکرێتەوە، لە کاتێکدا کە بۆیەی ئاسایی تەنها بۆ ماوەی دوو بۆ حەوت ڕۆژ بەبێ تێکچوون و ڕووشان لەسەر نینۆک دەمێنێتەوە، بۆیەی جێڵ دەتوانێت بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بمێنێتەوە بە ئاگا لێبوونەوە، بۆیەی جێڵ لێکردنەوەی قورسترە لە بۆیەی ئاسایی، پێوستە نینۆکەکە لەناو توێنەری ئەسیتۆنی خاوێندا نقوم بکرێت بۆ ماوەی ٥ بۆ ١٥ خولەک.

مات - Matte

بۆیەی ڕەنگ مات هەروەک بۆیەی ئەسایی وایە بەڵام ڕەنگێکی ماتی هەیە لەبری ڕەونەق، هەروەها جۆری داپۆشەری بنچینەییشی هەیە بە ڕەنگی جیاواز، هەندێک جۆری داپۆشەری ڕووکاریش لەم جۆرە ماتەی بۆیەن، داپۆشەری ڕووکاری ڕەنگ مات بێڕەنگە و بەسەر بۆیەی نینۆکی وشکبووەوەدا لێدەدرێت و بۆ کەمکردنەوەی ڕەونەقی بۆیە بەکاردێت و دەرکەوتەیەکی جیاوازی پێ دەبەخشێت، بۆیەی مات بەکارھێنانێکی زۆری هەیە لەم ساڵانەی دواییدا و بۆ دروستکردنی نەخش لەسەر نینۆک بەکاردێت، بە تایبەت لەو دیزاینی نەخشانەی کە پێویستی بە دەرکەوتنی ڕەونەق و مات هەیە بەیەکەوە.

توێنەری بۆیە - ئەسیتۆن

توێنەری بۆیەی نینۆک توێنەرێکی ئەندامییە کە زەیت و بۆن و ڕەنگیشی لەگەڵدا تێکەڵکراوە، زۆربەی توێنەری بۆیەکان لەناو بوتڵێکدان و پارچەیەکی نەرمی ئیسفەنجییان تێدا نوقمکراوە و بەکارهێنەر پەنجەی تێدا نقوم دەکات و بایدەدات تاکوو بۆیەکەی لێدەبێتەوە، یان قتوویەکە کە چەند پارچەیەکی کلێنسیی لە توێنەری بۆیەی نقومکراوی تێدایە و دوای لێکردنەوەی بۆیەکە فڕێ دەدەرێن، هەڵبژاردنی جۆری جیاوازی ئەم توێنەرانە دەکەوێتەوە سەر خواستی بەکارهێنەر و نرخ و کوالیتی توێنەرەکە، باوترین جۆری توێنەر بریتییە لە ئەسیتۆن کە هەموو جۆرەکانی بۆیە دەتوێنێتەوە.


سەرچاوەکان



825 بینین