ڕەوشتە جیاوازەکانی مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-10-09-14:30:00 - کۆدی بابەت: 6837
ڕەوشتە جیاوازەکانی مرۆڤ

ناوه‌ڕۆك

کەسە هێمنەکان

ئەم جۆرە کەسانە بەوە جیا دەکرێنەوە کە زۆر درەنگ تووڕە دەبن و متمانەیان بە خۆیان زۆر بەرزە، هەروەها بە متمانەیەکی زۆر بە کەسانی چواردەوریان دەکەن بە شێوەیەکی خێرا، وە لە سیفەتەکانی ئەم کۆمەڵەیەش ئەوەیە کە حەزیان بە گاڵتە و گەپ و سوعبەت هەیە، لە پاڵ ئەمەشدا دڵێکی پاک و جوانیان هەیە، هەر ئەم کەسانە زۆر حەز بەوە دەکەن کە لەلایەن بەرامبەرەوە سوپاسیان بکرێت بە بەردەوامی، ژیانیان زۆر ڕێکخراو نییە، ژیانیان زیاتر بە هەڕەمەکی بەسەردەبەن و هەمیشە هەست بە ئارامی دەکەن، ڕەفتارکردن لەگەڵ ئەم کۆمەڵە کەسەدا زۆر ئاسانە، هەرگیز حەز بەوە ناکەن کە دەربارەی ژیانی تایبەتی و سۆزداری خۆیانەوە بدوێن.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە

مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانەدا زۆر ئاسانە، ئەویش بەوەی کە دابنیشیت و گوێیان لێ بگریت کاتێک کە قسەت بۆ دەکەن، پێویستە زۆر بە جدییەوە قسەیان لەگەڵ بکەیت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە لە گرنگیەتی کات و پاپەندبوون بە کۆبوونەوە و بۆنەکانەوە ئاگاداریان بکەیتەوە، پێویستە بە شێوەیەکی ڕوون و نەرم لەگەڵیان بدوێیت لەو بابەتانەی کە ئەوان حەزناکەن باسیان بکەن.

کەسە دڵڕەقەکان

ئەم جۆرە کەسانە بەوە دەناسرێنەوە کە لەگەڵ چواردەور و تەنانەت خۆشیان دڵڕەقن بە ئەندازەیەکی زۆر، ئەم کەسانە متمانە بە کەسانی چواردەوریان ناکەن، بەڵکو کاتێکی زۆریان دەوێت تاوەکو متمانە بە کەسانی دەوروبەریان بکەن، توانای تێگەیشتنیان لە هەستی کەسانی دیکە نییە، لەگەڵ ئەمەشدا زۆر گاڵتە بە توانا و لێهاتووییەکانی کەسانی چواردەوریان دەکەن، یەکێکی تر لە سیفەتەکانیان ئەوەیە کە ڕای کەسانی تریان پێ قەبوڵ ناکرێت و گوێی پێنادەن، ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاری و وەڕەسبوونی کەسانی بەرامبەر، زۆر جار هەوڵی ئەوە دەدەن ڕاوبۆچوونی خۆیان بسەپێنن بەسەر بەرامبەری خۆیاندا، ئەمەش بە جۆرێک بەرامبەر هەراسان دەکات کە حەزی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانەدا نامێنێت.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە

پێویستە ئەو کەسەی کە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانەدا دەکات زۆر هێمن و لەسەرخۆ بێت، بەتایبەت لەکاتی گفتوگۆ گردن لەگەڵیاندا، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە زۆر بەجوانی گوێیان بۆ ڕادێرێت لەکاتی گفتوگۆدا، پێویستە قسە نەکرێت دەربارەی ئەو بابەتانەی کە موناقەشە و قسەی زۆر و ڕاجییایی لێدەکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی بە دڵنییایەوە ئەو جۆرە کەسانە هەر ڕای خۆیان لا پەسەند دەبێت و هەوڵدەدەن کە ڕای خۆیان بەسەر بەرامبەردا بسەپێنن، پێویستە ئەو کەسەی کە لەگەڵیاندا دەدوێت بە جدییەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بکات، ئەمە لەگەڵ ئەوەی کە بەڕێزەوە و بەشێوەکی ئەکادیمی مامەڵەیان لەگەڵ بکات، وا باشترە ڕێنمایی و ئامۆژگاریان بدرێتێ لەسەر ئەوەی کە ڕێز لە ڕای کەسانی چواردەوریان بگرن و بەگرنگی بزانن.

کەسە دوودڵ و ڕاڕاکان

ئەم جۆرە کەسانە بەوە دەناسرێنەوە کە متمانەیان بەخۆیان نییە و ئازایەتی ئەوەیان نییە کە ڕاوبۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن لەبەرامبەر کەسانی دیکەدا، بەتایبەتتر لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکاندا، توانای بڕیاردانی ڕاست و دروستیان نییە، لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە کەسانە زۆر دوودڵ و ڕاڕان کاتێک دەربارەی شتێکی یەکلاییکەرەوەکان گفتوگۆ دەکرێت، هەمیشە  بەو چاوەوە سەیری کەسانی چواردەوریان دەکەن کە ئەوان لەمان باشتر و چاکترن، ئەم جۆرە کەسانە لە کاتی مامەڵەکردندا زیاتر حەزیان بەوەیە کە کار بە یاساکان بکەن، ئەم کەسانە لەکاتی بوونی چەند هەڵبژاردنێکی جۆراوجۆر توانای ئەوەیان نییە کە بڕیارێکی ڕاست و دروست بدەن، لەگەڵ ئەمەشدا ئەم کەسانە کاتیان بەلاوە گرنگ نییە و پاپەندنین بە کۆبوونەوە و ئامادەبوون لەکاتی خۆیدا.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە

هەوڵدان لەسەر ئەوەی کە کەسایەتیان بەهێز بکرێت و زۆر هانیان بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن کە ڕاوبۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن لەبەرامبەر کەسانی دیکەدا، ئامۆژگاری کردن و یارمەتیدانیان بەوەی کە بڕیاری ڕاست و دروست بدەن، لەگەڵ ئەمەشدا پێیان ڕابگەیەنرێت کە دوودڵی و ڕاڕایی زیان لە کەسایەتیان دەدات و هیچ سودێکی نیە بۆیان، پێویستە ڕابهێنرێن کە خۆیان بڕیارێکی ڕاست و دروست هەڵببژێرن بەبێ ئەوەی پشت بە هیچ کەسێکی دیکە ببەستن.

کەسە سارد و سڕەکان

ئەم جۆرە کەسانە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا زۆر قورسە، لەبەر ئەوەی زۆر سارد و سڕ و خاون، ئەم جۆرە کەسانە گوێ لە بەرامبەریان دەگرن زۆر بەجوانی بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ شتێک بڵێن، بەبێ ئەوەی کە یارمەتیان بدەن، توانای ئەوەیان نییە کە هەست بە بەرامبەرەکەیان بکەن، لەگەڵ ئەمەشدا ئەم جۆرە کەسانە خۆیان لەوەڵامدانەوە دەدزنەوە بەتایبەت کاتێک دەربارەی شتێکی دیاریکراو پرسیاریان لێدەکەیت.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە

گوێگرتن لێیان کاتێک کە دەربارەی شتێک دەدوێن، گرنگیدان پێیان و نیشاندانی ڕێز بۆیان، کاتێک کە پرسیارێکیان لێدەکەیت وا باشترە بەشێوەیەکی کراوە و گشتی پرسیارەکە بکەیت، ئەمەش بۆ ئەوەی کە ئەوان خۆیان لە وەڵامدانەوە نەدزنەوە و بتوانن وەڵام بدەنەوە.

کەسە بەرهەڵەستکەرەکان

ئەم جۆرە کەسانە بەوە دەناسرێنەوە کە ڕێز لە ڕای کەسانی بەرامبەریان ناگرن و ڕاکانیان قەبوڵ ناکەن، هەندێک جار ئەم کەسانە متمانەیان بەخۆیان لەدەست دەدەن و ناتوانن کە بەشێوەیەکی فراوان بیربکەنەوە، هەروەها ئەم جۆرە کەسانە لەو جۆرانە دەژمێردرێن بەکەسانێکی نەگۆڕ دەژمێردرێن و ناتوانن داهێنان و دەستپێشخەری بکەن، کاتێک کە گفتوگۆ دەکەن دەربارەی بابەتێک ئەوە ئەم جۆرە کەسانە گوێ لە کەسانی بەرامبەر ڕاناگرن، بەڵکو هەڵدەستن بە فەرزکردنی ڕای خۆیان بەسەر بەرامبەردا بە زۆر، زۆر دەترسن لە کەوتن و سەرنەکەوتن، هەندێک جار ئەم کەسانە بەشێوەیەکی زۆر توند پاپەندی یاسا و ڕێساکان دەبن.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە

پێویستە ئەو کەسەی کە لەگەڵیان دەدوێت ڕای جیاواز و داهێنانکارانە و تازەیان بخاتە بەردەست، ئارام گرتن و هێمن بوون لەگەڵیان، ئەمە لەگەڵ ئەوەی کە پێویستە گوێیان لێ بگرێت و قسەیان پێ نەبڕدرێت، کاتێک کە دەتەوێت بابەتێک بۆ ئەم جۆرە کەسانە بسەلمێنێت واباشترە کە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرات پێبێت بۆیان.

چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی خەڵکیدا

- یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی بەرتمبەردا ئەوەیە کە پێویستە ئەو کەسە بزانێت کە جیاوازی هەیە لەنێو کەسەکاندا و جڵەوی خۆی بگرێت و زاڵ ببێت بەسەر هەستەکانیدا لەکاتی بەرکەوتن لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی خەڵکیدا.

- نەرمی نواندن و توندبوون لە هەمان کاتدا بەپێی پێویست.

- زاڵبوون بەسەر هەستەکان و ڕەفتارەکاندا، پێویست ناکات ناخی هەستی بێتاقەتی یا دڵخۆشی بۆ کەسی بەرامبەر دەرببڕێت.

- هەستکردن بە ئازارەکانی کەسانی بەرامبەر بەوەی کە بە نەرم و نیانی لەگەڵیان بدوێیت و لەگەڵیان بیت لە خۆشی و ناخۆشیدا.

- پارێزگاریکردن لە خەندە و بزەی سەر لێوەکان، لەبەر ئەوەی ئەمە زۆر کاریگەری هەیە لەسەر کەسانی بەرامبەر.

- گرنگیدان بە کات و پاپەندبوون پێیەوە.

- وازهێنان لەو شتانەی کە پەیوەندی بە تۆوە نییە.


سەرچاوەکان



1097 بینین