سوودەکانی خورما لە ماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-14-21:32:00 - کۆدی بابەت: 6880
سوودەکانی خورما لە ماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خورما میوەیەکی دەوڵەمەند بە جۆرەها ڤیتامین و ماددەیەکی خۆراکی بەسوودە، بە تایبەت بۆ خانمانی دووگیان، هەر لە سەردەمی کۆنەوە خورما بە خواردنێکی گرنگ دانراوە بۆ خانمانی دووگیان.

پێکهاتەکانی ناو خورما

پۆتاسیۆم

ئەم پێکهاتەیە یارمەتی هاوسەنگی نێوان خوێ و ئاو دەکات لە جەستەدا.

ڤیتامین K

یەکێکە لە ڤیتامینە بەسوودەکان کە لە کاتی لەدایکبوونی منداڵدا بە پێی پێویست نییە لە جەستەی منداڵەکەدا، دایکەکە بە خواردنی خورما لە ماوەی دووگیانیدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت تاکوو منداڵەکەش بڕێکی زۆر هەبێت لە جەستەیدا.

ترشی چەور

ترشی چەور زۆر گرنکە بۆ وزە و چالاکی خانمەکە و ماندوویەتی و بێهێزی کەم دەکاتەوە.

کالسیۆم

لە ماوەی دووگیانیدا منداڵەکە کالسیۆم لە جەستەی دایکەکەیەوە وەردەگرێت، بوونی کالسیۆم زۆر گرنگە بۆ ئێسک و ددانەکان.

سوودەکانی خورما لە ماوەی دووگیانیدا

لێکۆڵینەوەیەک ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە ٪٩٠ـی دایکانی دووگیان چوار هەفتەی کۆتایی دووگیانی ڕۆژانە ٦ دانە خورمایان خواردووە، لە ساتی گەیشتنیان بە نەخۆشخانە حاڵیان باشتر بووە و پەردەی سەراویان تەندروستر بووە و قۆناغی یەکەمی ژانی منداڵبوونی سروشتیش کەمتر بووە تێیاندا، هەروەها ئەو دایکانە ئەگەری بەکارهێنانی هاندەری منداڵبوونیشیان کەم بووە.

ڕێگریکردن لە کەمخوێنی 

کەمخوێنی کاتێک ڕوودەدات کە خڕۆکە سوورەکانی ناو خوێن بوونیان کەمە، کەمی ماددەی ئاسن یەکێکە لە هۆکارەکانی کەمخوێنی، لە ماوەی دووگیانیدا جەستە پێویستی بە ئاسنی زیاترە و ئەگەر نەبێت دایکەکە تووشی کەمخوێنی دەبێتەوە، خواردنی خورما دەبێتە هۆی زیادبوونی ماددەی ئاسن و بەمەش دایکەکە دوور دەبێت لە کەمخوێنی.

پێدانی وزە

خورمای وشک سەرچاوەیەکی باشی وزەیە، ئەو شەکرە سروشتییەی کە لە خورمادا هەیە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر وزەی جەستە زیاد بکات.

گەشەی منداڵەکە

مەگنیسیۆم لە خورمادا پێکهاتەیەکی زۆر سودبەخشە و زۆر گرنگە، یارمەتی گەشەی ئێسک و ددانەکانی منداڵەکە دەدات و ڕێگری دەکات لە گرژبوونی پێش وەختەی منداڵدان.

ڕێگریکردن لە کێشەی زگماکی

دەرکەوتووە کە فۆلیک ئەسید ڕێگری دەکات لە کێشەی زگماکی خورما و پرتەقاڵ و شلیک سەرچاوەیەکی باشی فۆلیک ئەسیدن.

نەمانی کێشەکانی هەرس

قەبزی لەماوەی دووگیانیدا کێشەیەکی قورسە کە تووشی زۆرینەی دایکان دەبێتەوە، بەڵام خورما بە هۆی ئەوەی کە فایبەری زۆری تێدایە دەتوانێت ڕێگا چارەیەکی زۆر باش بێت بۆ ڕێگریکردن لە قەبزی.

جێگرەوەیەکی باشی شەکرە

خورما شیرینە و خۆشە بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی خواردنی شەکر دەکەن و دەتوانن لەبری شەکر خورما بخۆن.

ئایا دەکرێت خواردنی خورما زیانی هەبێت لە ماوەی دووگیانیدا؟

هەموو خۆراکێک دەکەوێتەوە سەر جەستەی خانمی دووگیان و ئایا پێی دەکەوێت یاخود نا، خورماش بە هەمان شێوەیە، هەروەها زۆر خواردنی هەر شتێک و زیاد لە پێویست زیانت پێ دەگەیەنێت، خورماش بە هەمان شێوەیە.

شەکرە

خورما شیرینە و شەکر لە پێکهاتەیدا هەیە بۆیە زۆر بەکارهێنانی لەوانەیە ببێتە هۆی شەکرە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری ناو خوێن.

سکچوون

لەبەرئەوەی خورما دەوڵەمەندە بە فایبەر بۆیە ئەگەر زیاد لە پێویست بەکاربهێنرێت ئەگەری زۆرە ببێتە هۆی سکچوون و ئازاری گەدە لە خانمەکەدا.


سەرچاوەکان



3461 بینین