ڕووداوی خێڵی حەمە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-19-03:04:00 - کۆدی بابەت: 6926
ڕووداوی خێڵی حەمە

ناوه‌ڕۆك

ڕووداوی خێڵی حەمە

هێرشی خێڵی حەمە یان پەلاماری خێڵی حەمە، هێرشێکی گرووپی ئەنسارولئیسلام بوو بۆ سەر گوندی خێڵی حەمە لە ٢٠٠١/٩/٢٣ لەدوای دوانزە ڕۆژ لە هێرشی یانزەی سێپتەمبەر، لەو کارەساتەدا چەکدارانی ئەنسارولئیسلام ھێرشێکی لەناکاویان کردە سەر گوندەکە کە ئەوکاتە لەژێر دەسەڵاتی ھێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بوو و ٤٢ (هەندێک سەرچاوە: ٤٣) پێشمەرگە کوژرا و تەرمی ھەندێکیان شێواندن ئەویش بە سەربڕین و دەرھێنانی چاو و بڕینی قوڕگ، زمان، لووت و گوێچکەیان.

شەڕی ئەنسارولئیسلام و یەکێتی

ڕووداوەکە

ڕووداوەکە لە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ ڕوویدا. چەکدارانی ئەنسارولئیسلام لە سێ لاوە ھێرشیان کردە سەر ئەو ھێزانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەو گوندە جێگیرکرابوون. لەبەرئەوەی پێشمەرگەکانی یەکێتی پێشبینیی ھێرشێکی لەناکاوی ئەنسارولئیسلامیان نەکردبوو چەکدارانی ئەنسار گورزێکی کوشندەیان وەشاند. لەپاش ٣ کاتژمێر شەڕ، ١٥ چەکداری ئەنسارولئیسلام کوژران و لە ٤٢ پێشمەرگەی یەکێتیش پاش کوژرانی ھەندێکیان، ئەوانی تر بەدیل گیران و بەشێوەیەکی نامرۆییانە بە چەقۆ و تەوراس و گولـلە شەھیدکران و دواتر دەستگیرا بەسەر گوندەکەدا.

لەدوای ٢٤ کاتژمێر مانەوەی ئەنسارولئیسلام لە خێڵی حەمە و زیندانبوونی دانیشتوانی گوندەکە لە ماڵەکانی خۆیاندا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێرشی کردە سەر گوندی خێڵی حەمە و چەکدارەکانی ئەنسارولئیسلام ھەڵھاتن.

ساڵی ٢٠١٨ بەردی بناغەی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی خێڵی حەمە لە قەزای شارەزوور دانرا.

دانپێدانانەکان

سۆران عومەر لە تۆمارێکی دەنگیدا کە دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی ٢٠٠٠ـەکان دەڵێت: من بینیومن، ئەوان فتوایان پێبوو کە هەرکەسیان بینی سەری ببڕن، چەند کەسێکیشم بینی کە بەڵێ شمشێر هێنرابوو بە ملیاندا، هەشت کەس لە ژوورێکدا کوژرا بوون، دوانیش لە کولانەیەکدا کوژرابوون. 

ھەرچەندە سەرچاوەی کوردستانی نوێ ڕۆژنامەیەکی بێ لایەن نییە و نەبووە. بەڵام لە ڕووداوی خێڵی حەمە دا ھەندێک ناڕوونی ھەیە لە بارەی شێواندنی لاشەکان لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیی یەکێک لە فەرماندەکان کە دان بەوەدا دەنێت کە لەلایەن ھێزەکانی خۆیانەوە لاشەکان شێوێنراون و ئەوەی ئەو بینیویەتی بەوشێوەیە نەبووە. لە ساڵی ٢٠١٣ ئەو فەرماندەیە ڕەتی کردەوە کە بەرپرسیارێتی ئەو ڤیدیۆیە ھەڵبگرێت کە تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ھێزەکانی جندالاسلام دەستکاری لاشەکەیان کردووە و ڤیدیۆکەی بە دەستکاری کراو لەقەڵەمدا و ڕایگەیان کە ھێزەکانی پێشمەرگەی (ی.ن،ک) دوورن لەو کارانە. بەڵام بەھۆی کۆنی ڤیدیۆکە کە بە فۆرماتی ڤی ئێچ ئێس دەست کەوتبوو و فەرماندەی ناوبراو لە تەمەنێکی گەنجیدا دەردەکەوێت، دەستکاری کردنی فایلەکە ئەستەمە. لە ئێستادا ڕەخنە ھەیە لە گێڕانەوەی چۆنێتی ڕووداوەکە و زیاد لە چیرۆکێک ھەیە.

دروشم لە ساڵی ٢٠٢١

لە شوباتی ٢٠٢١ ئاسایشی شارەزوور تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد کە لە سەر دیواربەندی شەهیدانی خێڵی حەمە دروشمی گروپی تیرۆرستی ئەنسارولئیسلامی نوسیووە. لە لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا نابوو “لە ژێر کاری هەندێک ووتاری توند ڕەویدا فکرەی توندڕەوی وەرگرتووە”.


سەرچاوەکان



884 بینین