ناوهڕۆك
ناساندن
پشکنینی شەکرەی خوێن (بە ئینگلیزی: Blood suger test or Diebetic test، بە عەرەبی; تحليل نسبة السكر في الدم) پشکنینی شەکرەی خوێن شیکارییەکی تاقیگەیە کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەکاردێت بۆ پشکنینی نەخۆشی شەکرە بە پێوانی ئاستی گلوکۆز (شەکر) لە خوێندا.
پشكنینى Blood Sugar Test
پشكنینى شەكرە بریتیە لە پێوانى ڕێژەى گلوكۆز لە خوێندا، گلوكۆز بریتییە لە جۆرێكى شەكر كە سەرچاوەیەكى سەرەكى وزەى لەشە بە شێوەیەك كاتێك هۆرمۆنى ئەنسۆلین یارمەتى جوڵاندى گلوكۆز دەدات لە ناو لوولەكانى خوێنەوە بۆ خانەكان، بۆیە زۆرى لە ڕێژەى گلوكۆز لە خوێن یان كەمى لە ڕێژەكەیدا لە هەردوو بارەكەدا حاڵەتێكى نائاساییە و ئەگەرى ڕوودانى حاڵەتى مەترسیدار لە تەندروستى لەشماندا هەیە. بەرزى ڕێژەى گلوكۆز پێى دەڵێن Hyperglycemia . نەخۆشى شەكرە مەترسیدارە و لە توانایدایە ببێتە هۆى تووشبوون بە نەخۆشییەكانى دڵ و كوێربوون یان پەككەوتنی گورچیلەكان و درەنگ ساڕێژ بوونەوەى برین و چەندان حاڵتى ترى نائاسایى. هەروەها كەمى ڕێژى گلوكۆز پێى دەڵین Hypoglycemia ئەمەش ئەگەرى ڕوودانى حاڵەتى مەترسیدار دروستدەكات بە تایبەت ئەگەر چارەسەر نەكرێت وەك تێكشكان و زیان بەركەوتن بە مێشك.
ئەم پشكنینە بۆچى ئەنجام دەدرێت؟
1- بۆ پێوانى ڕێژەى شەكرى (Sugar) لە ناو خوێن ئەنجام دەدرێت.
2- یارمەتیمان دەدات لە دەستنیشانكردنى نەخۆشى شەكرە.
3- بۆ چاودێریكردنى نەخۆشى شەكرە ئەنجام دەدرێت.
ئەم پشكنینە كەى ئەنجامدەدرێت؟
1- لە كاتى هەست كردن بە نیشانەكانى بەرزى یان نزمى ڕێژەى گلوكۆز پێویست دەكات ئەم پشكنینە ئەنجام بدرێت.
2- پێویستە لە ماوەى دووگیانیدا ئەم پشكنینە ئەنجامب درێت بە تایبەت لە نێوان هەفتەى 24 بۆ هەفتەى 28 ى سكپڕى، ئەو جۆرە شەكرەیە كە لەو ماوەیەدا ئافرەتانى دووگیان ئەگەرى توو بوونیان هەیە ناودەبرێت بە Gestational diabetes،
كە واباشترە 8 كاتژمێر پێش ئەنجامدانى پشكنینەكە هیچ خواردن و خواردنەوەیەك نەخورێت.
3- پێویستە ئەو كەسانەش ئەم پشكنینە ئەنجام بدەن كە لە خێزانەكەیاندا كەسى تووشبوو هەیە بە نەخۆشى شەكرە، بۆ دڵنیابوونەوە، چونكە مەرج نییە هەمووكات و لە هەمووكەسێكدا نیشانەكانى دەركەون.
4- پێویستە پێش ئەنجامدانى نەشتەرگەریش پشكنینى گلوكۆز ئەنجام بدرێت.
جۆرەكانى نەخۆشى شەكرە
شەكرەى جۆرى یەك: مرۆڤ تووشى ئەم جۆرە دەبێت كاتێك پەنكریاس تواناى دروستكردنى ئەنسۆلینى نامێنێت ئەوەش بە هۆى لەكاركەوتنى خانەى تایبەتمەند بە دروستكردنى ئەنسۆلین لە پەنكریاسدا. ئەم كارەش بەهۆى تێكچوونى بەرگرى لەشى كەسەكەوە دەبێت، چونکە خانەكانى كەسى تووشبوو هێرش دەكەنە سەر خانەكانى پەنكریاس و لەناویدەبەن ئەم كردارەش لەو كەسانەدا ڕوودەدات كە هۆكارى بۆ ماوەیى زاڵە تیایاندا، هۆكارى ژینگەیش دەكرێ یاریدەدەر بێت لە تووشبوون لە وانە تووشبوون بە ڤایرۆس و ژەهر. تو،شبو.انى ئەم جۆرە منداڵ یان گەنجن، واتە هەر لە سەرەتاكانى تەمەندا نەخۆشییەكە دەردەكەوێت. چارەسەرى جۆرى یەكى شەكرە بە وەرگرتنى چەند ژەمێك لە ئەنسۆلین دەبێت ڕۆژانە لە ڕێگەى دەرزى یان حەبەوە، هەروەها بە پارێزكردن و دووركەوتنەوە لە خواردنى ئەو خۆراكانەى كە گلوكۆزیان تێدایە.
شەكرەى جۆرى دوو: مرۆڤ تووشى ئەم جۆرە دەبێت كاتێك ئەنسۆلینی تەواو بوونى هەیە لە لەشدا، بەڵام ئەنسۆلین كاریگەرى نییە لەسەر خانەكان و تواناى یەكگرتنى نیىیە لەگەڵ گلوكۆزدا، ئەم جۆرەیان لە كەسانى قەڵەو یان كەسانێك كە نەخۆشییەكە لە بۆماوەێیاندا هەیە، دەردەكەوێت لە دواى تەمەنى 40 ساڵیەوە، دەكرێت كۆنتڕۆڵى نەخۆشییەكە بگیرێت بە گۆڕینى شێوازى ژیان، پارێزكردن، وەرزشكرن بە بێ بەكارهێنانى هیچ دەرمانێك، بەڵام لە بارە سەختەكاندا نەخۆش پێویست دەكات ئنسۆلین وەربگرێت.
شەكرەى جۆرەى سێ: ئەم جۆرە تەنها لە كاتى دووگیانیدا لە خانمان دەردەكەوێت هۆكارەكەى دەگەڕێتەوە بۆ تێكچوونى هۆرمۆنى دایكەكە، هۆكارى بۆ ماوەیى، هۆكارى ژینگەیی، لە داهاتوودا ئەگەرى تووشبوون بە جۆرى دووەمى شەكرە زیاد دەكات، پێویستە دایك 6 بۆ 12 مانگ دواى دانانى كۆرپەكەى پشكنین بكات بۆ دڵنیابوون بە تووشنەبوون بە جۆرى دووەمی شەکەرە.
نیشانەكانى بەرزى ڕێژەى گلووكۆز Hyperglycemia
1- زیادبوونى تینوویەتى
2- زوو زوو میزكردن بە تایبەتى لە شەواندا
3- تەڵخبوونى چاو و بینین
4- هەستكردن بە شەكەتى و ماندووى
5- درەنگ چاكبوونەوەى برین
6- سەرئێشە
7- هەندێک لە تووشبوان هەست بە هیچ نیشانەیەك ناكەن و بە ڕێكەوت لە ڕێگەى پشكنینى شەكرەوە دەستنیشان دەكرێن.
نیشانەكانى كەمى ڕێژەى گلووكۆز Hypoglycemia
1- نیگەرانى و ڕاڕایی و فشار
2- ئارەقكردنەوە
3- لەرزین
4- سەرشێواوى
5- برسیەتى
هۆكارەكانى بەرزى ڕێژەى گلوكۆز
1- نەخۆشییەکانی گورچیلە
2- بەرزى ڕژێنى پاراسایرۆرد
3- هەوكردنى پەنكریاس یان شێرپەنجەى پەنكریاس
هۆكارەكانى نزمى ڕێژەى گلوكۆز
1- نزمى ڕێژەى پاراسایرۆید
2- بەرزى ڕێژەی ئەنسۆلین
3- نەخۆشییەکانی جگەر
ڕێژەى ئاسایى پشكنینەكە
ئەگەر كەسەكە نانى نەخواردبێت ( FBS )
65 بۆ 120 mg/dl
ئەگەر كەسەكە نانى خواردبێت ( RBS )
70 بۆ 180 mg/dl
شێوازى ئەنجامدانى پشكنینەكە
ئەم پشكنینە بە سێ ڕێگا ئەنجام دەدرێت کە بریتین لە:
1- بە ڕێگەى ئامێرى شیكارە كیمیاییەكان: ئەم ڕێگەیە تەنها سیرەمى نە خۆشەكە ئامادە دەكەین و دەیكەینە ناو ئامێرەكەوە، ناوى نەخۆشەكە و پشكنینى شەكرەكە (Sugar) هەڵدەبژێرین و Start دەكەین پاش چەند خولەكێك ئەنجاممان دەدەنێ، باوترین ئامێرى شیكارە كیمیاییەكانیش بریتین لە ( Cobas c 111 و Reflotron و Slectra Pro S و Fujifilm )
2- بە ڕێگەى مانۆڵى: ئەم ڕێگەیان بە ئامێرى Spectrophotometer ئەنجام دەدرێت بەپێى ئەو پرۆسیجەرەى كە لەگەڵ كیتى Sugarـەكەیە هەنگاو بە هەنگاوى پرۆسیجەرەكەى ئەنجام دەدەین تاكو ئەنجاممان دەست دەكەوێت. ئەم ڕێگەیەشیان پێویستمان بە سیرەم دەبێت بۆ ئەنجامدانى پشكنینەكە.
3- ڕێگاى خێرا یان ڕێگاى ئامێرى بچووك: ئەم ڕێگەیە لە ڕێگەى ئامێرێكى بچووكەوە ئەنجام دەدرێت لەگەڵ Stripـێكى تایبەت بە پشكنینەكە، ئەم ڕێگەیەیان ڕاستەوخۆ بە خوێن ئەنجام دەدرێت پێویستمان بە سیرەم نابێـت.
ڕێگا و شێوازى ئەنجامدانەكەى بە ڕێگەى خێرا
1- سەرەتا Stripـەكە یان شریتەكە لە ناو ئامێرى پشكنینەكە دادەنێین، ئامێرەكە خۆى دائەگیرسێت و ئامادە دەبێت بۆ پشكنینەكە.
2- پاشان لە ڕێگەى دەرزى (Lancet)ـییەكەوە سەرى پەنجەى كەسەكە كوون دەكەین و خوێنى لێ دێنین، دڵۆپى یەكەم دەسڕین و دڵۆپى دواتر دەكەینە سەر ئەو Stripـەى كە لە ناو ئامێرەكە دامانناوە.
3- دواى چەند چركەیەك لە سەر شاشەى ئامێرەكە ئەنجامەكەى دەردەخات بە mg/dl یان mmol /L.
خۆپاراستن
پێویستە مرۆڤ هەردەم ئاگادارى خۆراكى بێت، زیادەڕەوى نەكات لە خواردنى چەورى و شیرینیدا و بە بەردەوامى وەرزش بکات، هەركات هەستت بە نیشانەكانى كرد زوو سەردانى پزیشك بكە و پشكنین بكە. بە تایبەتى ئەو كەسانەى هۆكارى بۆ ماوەیی زاڵە تیایاندا.