ڕەفتاری گونجاو لەگەڵ کەسانی توشبوو بە لەبیرچوونەوە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-06-12:22:00 - کۆدی بابەت: 7104
ڕەفتاری گونجاو لەگەڵ کەسانی توشبوو بە لەبیرچوونەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەسانی توشبوو بە لەبیرچوونەوە (زەهایمەر) دوای ماوەیەک وردە وردە ئازیزان و کەسە نزیکەکانیشیان ناناسنەوە، هەندێک چیرۆکی ڕابردوو باس دەکەن کە ئەسڵەن بوونی نەبووە، دوور دەکەونەوە لە کۆمەڵگا و ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ژیانیان لەبیردەکەن، بەگشتی ئەم نەخۆشییە لە کەسانی بەتەمەندا ڕوودەدات و خێزانێک پێوەی گیرۆدە دەبێت و پێویستە بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسێکی ناو خێزانەکەیان دەکەن کە تووشبی زەهایمەرە.

ناسینی نەخۆشی زەهایمەر

نەخۆشی لەبیرچوونەوە جۆرە نەخۆشییەکە کە هیچ ڕێگایەکی نییە بۆ ڕێگریکردن لێی و هیچ چارەسەرێکیشی نییە، و لە کەسانی بەتەمەندا ڕوودەدات، لە کاتی دەستپێکردنی نیشانەکانەوە تاکوو کەسەکە لە دونیا دەڕوات نریکەی ١٠ ساڵ درێژە دەکێشێت، کەسی توشبوو بەم نەخۆشییە تووشی کێشەی زۆر دەبێتەوە وەک.

  • گۆڕانکاری کەسێتی.
  • بوونی کێشە لە بیرەوری کورتخایەندا.
  • بەهەڵە بڕیاردان و بڕیاردانی هەڵە.
  • بوونی کێشە لە قسەکردندا.

ڕەفتاری گونجاو لەگەڵ کەسانی توشبوو بە زەهایمەر

  • لەجێی وەڵامدانەوەی توند و هەڵە بەوپەڕی ڕووخۆشییەوە لێی تێبگە و یارمەتی بدە.
  • تەواوی خێزانەکە دەبێت زانیاری تەواویان هەبێت لەسەر نەخۆشییەکە و ئامادەبن بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی.
  • کەسی توشبوو بەم نەخۆشییە بەپێی کات بیری لە دەست دەدات بۆیە لەوانەیە پرسیاری دووبارە زۆر بکات، بەوپەڕی ئارامگرتنەوە وەڵامی بدەرەوە بە شێوەیەکی جوان چونکە ئەو وەڵامەکەی بیر نەماوە کە پێشتر پێت وتووە.
  • ئەو شوێنەی کە نەخۆشەکەی لێیە با بێدەنگ بێت و ژاوەژاوی زۆر تێدا نەبێت و هەروەها کەلوپەلی زۆر و مەترسیداریش لە ژوورەوە نەبێت، چونکە هەندێک جار بە توڕەبوونیان و زیاتر بوونی نەخۆشییەکەیان لەوانەیە بەهۆی دەنگی بەرزەوە بێزار ببن و هەندێک شت بشکێنن و زیان لە خۆیان و کەسانی چواردەورییان بدەن.
  • مشتومڕی لەگەڵد مەکە، بۆ نموونە ئەگەر دەیەوێت بچێت بۆ بینینی دایک و باوکی کە ساڵانێکی زۆر لەمەوپێش مردوون و پێداگیری دەکات کە ئەوان زیندوون ئەوا دڵی مەشکێنە و گاڵتەی پێ مەکە مەڵێ ئەوان دەمێکە مردوون تەنها بڵێ کە نەگونجاوە و ناتوانین سەردانیان بکەن.
  • ئاگاداری نیشانە جەستییەکانی بە بۆ نەخۆشی وەک، قەبزی، هەستکردن بە ماندوویەتی، هەوکردن و سووربوونەوەی پێست، ئازار، برسێتی و تونییەتی.
  • ئەم کەسانە زۆرجار بە خێرایی ئەو کارەی ئەو ساتە دەیکەن بیریان دەچێتەوە، بۆیە هیچ گونجاو نییە کە کەسێکی توشبوو بەو نەخۆشییە خۆی بە تەنها لە ماڵەوەدا بمێنێتەوە و چونکە زۆرجار ناتوانن غاز و کارەبا بکوژێننەوە یاخود ئاو بگرنەوە و هەروەها نازانن کە لە حاڵەتی زۆر پێویستدا چۆن مۆبایل بەکاربهێنن و پەیوەندی بکەن و کۆمەڵێک حاڵەتی دیکە.
  • پێویستە ئەم کەسانە بەردەوام پشوو بدەن و زۆر ماندوونەبن ڕۆژانە.
  • دەبێت خواردنی پڕ وزە بخۆن و دوورکەونەوە لە خۆراکە زیان بەخشەکان، خۆراکی وەک سەوزە و میوەکان و ماسی و شیرەمەنییەکان و ڤیتامینەکان و زەردەچەوە زۆر گرنگە بۆیان.
  • داوای یارمەتی لێ بکە، بۆ نموونە بڵێ یارمەتیم بدە پێکەوە جلەکانت کۆبکەینەوە یاخود پێکەوە مێز و کورسییەکەت بجوڵێنین ئەمە لە حاڵەتێکدا کە ئەو کەسانە پێیان ناخۆشە کەسێک یارمەتییان بدات و پێیان شەرم و قورسە.
  • کاتێک ڕەفتارێکی نەگونجاو و ناشرین دەنوێنێت بەرامبەرت بە واتای ئەوە نایەت لە تۆ بێزار بێت و ڕقی لێت بێت بەڵکوو ئەو کەسە خۆی بەو شێوەیەی لێهاتووە.
  • بەدوای هەر نیشانەیەکی نوێیدا بە و هەر شتێکی نامۆت تێدا بینی بە پزیشک بڵێ.
  • لەوانەیە ئەو کەسە ناوی تۆ لەبیر بکات بەڵام هەرگیز ڕەفتاری تۆی لەبیر ناچێتەوە، بۆیە تاکوو دەتوانیت ڕەفتارت جوانت بێت لەگەڵی و بەردەوام ڕووخۆش بە.
  • ئەگەر زۆر بەپەلە ناچار بوویت ماڵەوە جێبهێڵیت کەمێک و ئەویش بە تەنها بوو داوا لە دراوسێییەک بکە کە زوو زوو سەری لێ بدات و غاز و کارەباش بکوژێنەوە و کەلوپەلی وەک چەقۆ و چەرخ لەبەردەستدا نەبێت.
  • ڕۆژانە با کاتەکان گونجاو و ڕێک بن تاکوو نەخۆشەکە ئەوەنەی دیکە حاڵی خراپ نەبێت و شتی بیر نەچێتەوە، بۆ نموونە کاتی نانخواردن و خەوتن و خۆشۆردنی با لەیەک کاتدا بێت ڕۆژانە.
  • کتێب مەخوێنەوە بۆی بەڵکوو یارمەتی بدە هۆنراوە و گۆرانی لەبەربکات.
  • کاتێک زۆر توڕە دەبیت و ئارامت نامێنێت تاکوو ١٠ بژمێرە و هەناسەی قووڵ هەڵبمژە و هەرگیز لێی توڕە مەبە.
  • ئاگاداری خۆشت بە بەوەی کە هەموو ژیانت لەگەڵ ئەودا نەبێت و کاتەکانت ڕێکبخە کە بچیتە دەرەوە و کەمێک جیاوازی هەبێت لە ڕۆژەکانتدا ئەگینا خۆشت وردە وردە تووشی خەمۆکی دەبیت.


سەرچاوەکان



557 بینین