خەوتن و پشوودانی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-11-20-19:40:00 - کۆدی بابەت: 7231
خەوتن و پشوودانی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی خەوتن و پشوودانی منداڵان

خەوتن یارمەتی وزەی جەستە و بیرهێنانەوەی زانیاری و بەهێزکردنی سیستەمی دەماری و بەرگری جەستەی منداڵ دەدات و ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لەسەر گەشەیان بۆ نموونە، جەستەی منداڵان لە کاتی خەودا هۆڕمۆنی گەشە بەرهەم دەهێنێت، لەبەر ئەمەش منداڵان لە قۆناغەکانی گەشەی خێرایاندا پێویستیان بە خەوێکی زیاترە، منداڵان لە هەموو قۆناغەکانی تەمەنیان پێویستیان بە ڕێژەی خەوی تەواوە تا بتوانن بە درێژایی ڕۆژەکە یاری بکەن و فێرببن و سەرنج بدەن.

ماوەی خەوی پێویست بۆ منداڵان و نەوجەوانان لە تەمەنە جیاوازەکاندا

کاتەکانی خەوتنی منداڵان و نەوجەوانان جیاوازن، هەروەها لەگەڵ گەورەبوون و گەشەکردنیان کاتەکانیش دەگۆڕێن، واتە هەرچەندە منداڵ تەمەنی گەورەتر بێت لە ڕۆژدا کەمتر و لە شەودا زیاتر دەخەوێت و بە گشتی لەگەڵ گەشەکردن کەمتر پێویستی بە خەوتن دەبێت.

  • (4 - 12) مانگ ←  12 بۆ 16 کاتژمێر
  • (1 - 2) ساڵ ← 11 بۆ 14 کاتژمێر
  • (3 - 5) ساڵ ← 10 بۆ 13 کاتژمێر
  • (6 - 12) ساڵ ← 9 بۆ 12 کاتژمێر
  • (13 - 18) ساڵ ← 8 بۆ 10 کاتژمێر

خەوتنی منداڵان لە ڕۆژدا

خەوتن لە ڕۆژدا پشوویەکی کورتە بەڵام بەسوودە بۆ منداڵان، هەندێک لە دایکان لەگەڵ خەوی نیوەڕۆدا نین و دەڵێن ئەگەر منداڵەکانیان بە ڕۆژ نەخەون ئاوا بە شەو زووتر خەویان لێدەکەوێت و دەخەون، ڕێگە بە منداڵەکانتان بدەن ئەگەر دەیانەوێت لە ڕۆژدا کەمێک پشوو بدەن، هەڵبەت لەگەڵ گەورەبوون کاتی ئەم خەوە کەمتر دەبێتەوە، یەکێک لە سوودەکانی خەوتن لە ڕۆژدا ئەوەیە کە منداڵان پشوو بە جەستە و مێشکیان دەدەن چونکە بە درێژایی ڕۆژ خەریکی یاری کردنن و کەمتر پاڵدەکەون، لەبەر ئەمەش فشارێکی زۆر لەسەر جەستە و جومگەکانی پشتیان هەیە و سوڕی خوێنیان خێرایە، خەوتن و پاڵکەوتن دەبێتە هۆی نەهێشتنی ئەم کێشانە، هەروەها بە داخستنی چاوەکان مێشکیش پشوو دەدات.

گۆڕانی کاتی خەو لە تەمەنێکی کەمدا

ئەگەر منداڵەکەی ئێوە دەچێت بۆ باخچە باشترە کە کاتی خەوی بۆ بگۆڕن، دەست بکەن بەو گۆڕانە بۆ ئەوەی بۆ قوتابخانەش ئامادەبێت، واتە گۆڕینی کاتی خەوی منداڵ پەیوەستە بە کاتەوە و دەبێت کەم کەم بگۆڕدرێت، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی کە کاردانەوە و گەشەیان زیاترە له تەمەنیان، کاتێک منداڵ توانای چوونە باخچەی هەیە واتە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ منداڵانی تر دروست بکات و کاری بە کۆمەڵ ئەنجام بدات، منداڵێکی ئاوا تەنانەت ئەگەر 3 ساڵیش بێت توانای جەستەیی ئەوەی هەیە کە تەواوی ڕۆژەکە بەڕێ بکات بە بێ خەو و پشوودان، لای ئەم منداڵانە ئەوە باشترە کە ئەو کاتەی تێیدا دەخەون زیاتر لە شەودا بێت، لێکۆڵەران باشترین ماوەی خەو کە بۆ ئەم منداڵانەیان داناوە نزیکەی کاتژمێر 9ی شەو تا 6ی بەیانی کە ماوەیەکی تەواوە.

گرنگی خوێندنەوەی کتێب پێش خەوتن بۆ منداڵان

یەکێک لە بەرنامە گرنگەکانی پێش خەوتن خوێندنەوەی کتێبە بۆ منداڵ، خوێندەوەیەک کە کارامەییەکانی بیرکردنەوە و زمانەوانی و ڕەفتاری منداڵ پەرەپێبدات و لەم ڕێگایەوە یارمەتی بەهێز کردنی مێشک و هۆشی بدات. لەگەڵ ناسینی جیهانی نوێی چیرۆکەکە و کەسایەتییەکانی، توانای خەیاڵ کردنیشی باشتر دەبێت و کاریگەری لەسەری هەیە و دەبێتە یارمەتیدەری گەشەی، جگە لەمانەش خوێندنەوەی کتێب پێش خەوتن لەلایەن دایک یان باوک (یان هەردووکیان) بۆ منداڵ چەند ساتێکی دوور لە سەرقاڵییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان دروست دەکات و پەیوەندی نێوانیان بەهێزتر دەکات و منداڵەکە بە مێشکێکی ئارامەوە دەخەوێت. 

فەراهەم کردنی بارودۆخی گونجاو

شێوازی خەوی هەر منداڵێک لەگەڵ منداڵێکی تر جیاوازە، بەهۆی بوونی وزەی زۆر لە منداڵەکاندا و توانای ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریاندا دروستی دەکەن و ئارەزووی ناسینی شتەکانی دەوروبەریان و دۆزینەی شتی تازە و حەزی زۆریان بۆ تەلەفزیۆن و ئایپاد و تەکنەلۆجیا وایکردووە کە منداڵان بە ئاسانی خەویان لێ نەکەوێت، مەگەر ئەوەی دایکان و باوکان بارودۆخ و شوێنێکی گونجاویان بۆ ئامادە بکەن، بۆ خەواندی منداڵەکان بە ئاسانترین شێوە پێویستە هەندێک بارودۆخ فەراهەم بکەن:

  • باشتر وایە کە دایک و باوک لە ماوەی ڕۆژەکەدا کەمێک وەرزش بە منداڵەکە بکەن یان بیبەن بۆ پیاسە کردن.
  • ئاگایان لە خواردنی منداڵەکانیان بێت تا نزیکی کاتی خەوتن زۆر نەخۆن و ئەو خواردنەوانە نەخۆنەوە کە کافاینی تێدایە.
  • ئامێرە ئەلکترۆنییەکان وەکوو تەلەفزیۆن و مۆبایل و کۆمپیوتەر لەکاتی خەودا دوور بخەنەوە و له شوێنی خەوتن کەلوپەل و ئامڕازی یاری دامەنێن.
  • هەندێک بارودۆخی وەکوو ڕووناکی کەم و مۆسیقایەکی لەسەرخۆ و دوور لە دەنگە دەنگی زیادە و بەرز و پلەی گەرمی گونجاو و ئارامی تەواو و پێویست بۆ ئەوەی منداڵ بەرەو خەو ببات.


سەرچاوەکان



605 بینین