دڵتێکچوون پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-22-20:51:00 - کۆدی بابەت: 7245
دڵتێکچوون پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دڵتێکچوون پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە حاڵەتێکی ئاساییە و لەگەڵیشیدا حاڵەتێکی بێزارکەر و ئازاربەخشە و چەند هۆکارێکی لە پشتەوەیە، ئاسایی بوونی ئەم حاڵەتە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی دیکە دەگۆڕێت، واتە ئەگەر خانمێک بەردەوام پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە دڵتێکچوونی هەبووە وەک نیشانەکانی تری سوڕی مانگانە ئەوە ئاساییە و بەڵام ئەگەر دڵتێکچوونی نەبووە و لەناکاو تووشی دەبێت دەکرێت ئاسایی نەبێت.

هۆکار

کۆنیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە

بەگشتی ٪٢٠ بۆ ٪٥٠ـی خانمان ٧ بۆ ١٠ ڕۆژ پێش دەستپێکی سوڕی مانگانەکەیان کۆمەڵێک نیشانە دەست پێ دەکەن کە یەکێکیان دڵتێکچوونە، هۆکارەکانی دروستبوونی کۆنیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانەش بریتین لە کەمبوونەوەی خۆراکی جەستە و کەمی ماددەی وەک کالسیۆم و مەگنسیۆم لە جەستەدا، یاخود کێشەکانی غوددە، و گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان و بۆماوەیی.

دووگیانی

ئەگەر خانمەکە شووی کردبێت چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکی سوڕی مانگانەکەی دڵتێکچوونی هەبوو کە پێشتر نەیبووبێت دەکرێت کە دووگیان بێت و هۆکارەکەی سوڕی مانگانە نەبێت، چونکە بەهەمان شێوە دڵتێکچوون نیشانەیەکیشە بۆ دووگیانی.

نەخۆشی دیکە یاخود هەوکردن

هەر هەوکردنێکی جەستە یاخود نەخۆشییەک کاریگەری دەبێت لەسەر سوڕی مانگانەی ئەو مانگەت، بۆ نموونە ئەگەر نەخۆشییەکی گەدەت هەبێت و پێشتر پێش دەستپێکی سوڕی مانگانە دڵتێکچوونت نەبووبێت لەم کاتەدا بۆت دروست ببێت.

(Endometriosis) بە منداڵدان بوونی دەرەکی

ئیندۆمیتریۆسز کاتێک ڕوودەدات کە کۆمەڵێک خانەی لێکچوو لە خانەکانی ناوپۆشی منداڵدان گەشە دەکەن و ئەستور دەبن لە دەرەوەی منداڵدان، دەکرێت بڵاوببێتەوە و بڕواتە بەشەکانی تری وەک هێلکەدانەکان و جۆگەی فالوپ، نیشانەکانی بریتین لە: ئازار و خوێنبەربوونی زۆر و تەنانەت بینینی خوێن بە درێژایی مانگەکە بەبێ ئەوەی کە لە سوڕی مانگانەشدا بیت، دەرکەوتووە کە ٪٨٥ـی ئەو خانمانەی کە ئەم حاڵەتەیان هەیە تووشی کێشەکانی گەدەش بوونەتەوە و دڵتێکچوون و سکچوون و ئازاری گەدە و قەبزییان هەبووە و لەماوەی سوڕی مانگانەشدا ئەمانە زۆر زیاتر دەبێت و ئیندۆمیتریۆسز هۆکارێکە بۆ دڵتێکچوونی پێش سوڕی مانگانە.

لە چ کاتێکدا دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت؟

هەر کاتێک لەکاتی دڵتێکچوونەکەتدا ئەم نیشانانەی دیکە هەبوو نابێت پشتگوێی بخەیت و دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت، نیشانەکان ئەمانەن:

  • بوونی ئەم نیشانەیە بۆ یەکەمین جار.
  • نەتوانینی خواردنی هەر جۆرە خۆراکێک کە پێشتر توانیووتە بیخۆیت.
  • ڕشانەوەی بەردەوام و دابەزینی کێشی جەستە.
  • وشکبوونەوەی جەستە و نەمانی ئاوی جەستە.
  • هەستکردن بە تینوێتی.
  • چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە بوونی ڕشانەوەی قورس.

ڕێنووێنی بۆ کەمکردنەوەی دڵتێکچوون

  • هەوای پاک هەڵمژە و لە شوێنی داخراودا مەبە.
  • سەهۆڵ بەکاربهێنە و لەسەر ناوچاوتی دانێ.
  • ئاو بخۆرەوە و جەستەت بە شێداری بهێڵەوە.
  • مۆز، برنج، سێو، چا.
  • ڕۆژانە ژەمی سووکی زۆر بخۆ تاکوو شەکری جەستەت جێگیر بێت.
  • وەرزش بکە ڕۆژانە، پیادەڕەوی بکە بۆ ماوەی ٣٠ خولەک.

چەند گیراوەیەکی سروشتی بۆ کەمکردنەوەی دڵتێکچوون

گوڵە بەیبوون

گوڵە بەیبوون ئارامی دەدات بە کۆئەندامی هەرس و دڵتێکچوون و ڕشانەوە کەم دەکاتەوە و هەروەها تایبەتمەندی دژە بەکتریای تێدایە و دژی هەوکردنە.
٣ بۆ ٤ کەوچک پاودەری گوڵە بەیبوون یان چەند گوڵێکی گوڵە بەیبوون بکەرە پەرداخێک ئاوەوە و با ٥ خولەک بکوڵێت و دواتر بیخۆرەوە.

نەعنا

نەعنا دڵتێکچوون و ڕشانەوە کەم دەکاتەوە و سوودێکی زۆری هەیە، دەتوانیت مشتێک نەعنا بکەیتە ٢ پەرداخ ئاوەوە و ٣ بۆ ٧ خولەک بیکوڵێنیت و دواتر بیخۆیتەوە.

ڤیتامین B6

خواردنی ڤیتامین B6 حاڵەتی دڵتێکچوون و ڕشانەوە کەم دەکاتەوە، لە توێژینەوەیەکدا کە ١٥ کەس تێیدا بەشداری کردبوو پیش بەکارهێنانی ڤیتامین B6 دڵتێکچوونیان هەبوو، دوای ئەوەی کە ڕۆژانە ئەم ڤیتامینەیان بەکارهێنا ڕێژەکە کەم بوویەوە بۆ ٨ کەس، هەروەها جگە لەوە بەکارهێنانی فۆلیک ئەسید، کالسیۆم و مەگنسیۆم و ڤیتامین D و E حاڵەتی دڵتێکچوون کەم دەکەنەوە.


سەرچاوەکان



1068 بینین