حەمزەی کوڕی عەبدولموتەڵیب

له‌لایه‌ن: - ڕێژین محەمەد - به‌روار: 2021-12-21-16:33:00 - کۆدی بابەت: 7338
حەمزەی کوڕی عەبدولموتەڵیب

ناوه‌ڕۆك

حەمزەی کوڕی عەبدولموتەڵیب کێیە؟

حەمزەی کوڕی عەبدولموتەڵیب کە دەکاتە مامی پێغەمبەر ﷺ و هەروەها برای شیریەتی، حەمزەی کوڕی عەبدولموتەڵیب کوڕی هاشم کوڕی عەبدولمەناف کوڕی قوسەی، بە شێری خود ناسراوە، و پێغەمبەری خودا ﷺ فەرموویەتی (سەروەری شەهیدەکان حەمزەی کوڕی عەبدولموتەڵیبە)، چەندین کوڕی هەبووە: یەعلا و عامر لە هاوسەرەکەی کە کچی مولەی کوڕی مالکی کوڕی عیبادە بووە، و کوڕێکی بە ناوی عەمارە لە خەولەی هاوسەری کە ئەنساڕی بووە، و لە کچان ئیمامەی هەبووە لە سەلمای کچی عەمیس کە دەکاتە خوشکی ئەسمای خەسعەمی، بە نازناوی باوکی عەمارەش ناسراوە.

چیرۆکی مسوڵمانبوونی حەمزەی کوڕی عەبدولموتەڵیب

حەمزە (ڕەزای خوای لێبێت) لە دوای ئەوەی کە زانی ئەبی جەهل جنێو و قسەی بە محەمەد ﷺ وتووە و ئازاری داوە، حەمزە کە ئەمەی بیست زۆر توڕە بوو، و لەو کاتەدا بۆ ڕاوکردن چوو بووە دەرەوە، گەڕایەوە بۆ کەعبە بۆ شوێنی دانیشتنی قوڕەیشیەکان، ئەبو جەهل لە ناو خەڵک و پیاوەکانی قوڕەیش دانیشتبوو، حەمزە (ڕەزای خوای لێبێت) شمشێرەکەی دەستی بەرزکردەوە و کێشای بە سەری ئەبی جەهلدا، ئەبی جەهل نەیویست هیچ یەکێک لە پیاوەکانی قوڕەیش یارمەتی بدات بۆ هەڵستانەوە، و پێی وتن کە جنێوی بە محەمەد ﷺ داوە، و بۆیە حەمزە مسوڵمانبوونی خۆی بە بێ هیچ ترس و دوودڵییەک و لە بەردەم هەمووان دا ڕاگەیاند.

مسوڵمانبوونی حەمزە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر قوڕەیش هەبوو، چونکە بەمە باسی پێغەمبەر ﷺ و پەیامەکەی زیاتر لە ناو خەڵک دا بڵاوبوویەوە، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە سەرکردەکانی قوڕەیش پۆست و موڵک و پارەیان خستە بەردەم پێغەمبەر بۆ ئەوەی واز لە پایامەکەی بهێنێت بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و دەستی گرت بە بانگەشەکردنی بۆ یەکتاپەرستیی خودای گەورە، و ئەوە ڕاست نییە کە دەوترێت مسوڵمانبوونی حەمزە بەڕێکەوت بووە، بەڵکو فەرمایشتێک بوو لە فەرمایشتەکانی خودا، و هۆکارێک بوو بۆ سەرخستنی بانگەشەکەی پێغەمبەر درودی خوای لەسەربێت و بۆ پاراستن و بەرزڕاگرتنی پێغەمبەر و پەیامەکەی و شوێنکەوتووانی.

چیرۆکی جیهاد کردنی حەمزەی کوڕی عەبدولموتەڵیب

جیهادکردنی حەمزە لە شەڕی بەدر

یەکەم سوپاسالار بوو کە پێغەمبەر پێکی هێنا لەشاری مەدینە، پێغەمبەر لە نێوان هەموو هاوەڵانی دا ئەوی هەڵبژارد، بۆ ئەوەی بجەنگێت لە دژی سوارچاکەکان لە شەڕی بەدردا، لە لایەن بێباواڕانەوە عوتبەی کوڕی ربیعیە و براکەی و کوڕەکەی هاتنە پێشەوە بۆ دەستپێکردنی جەنگەکە، و داوایان کرد سێ کەسیش لە هاوەڵانی پێغەمبەر ﷺ بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی لە دژی یەک بجەنگن، بۆ ئەوەی بجەنگن لەدژیان، بۆیە سێ پیاو لەئەنساڕیەکان هاتنە پێشەوە، لێی پرسین ئێوە کێن؟ وەڵامیان دایەوە، ئەویش پێی وتن "ئێمە کارمان بە ئێوە نییە، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ کەسانێک شەڕ بکەین کە لە ئاستی خۆمان بن"، بۆیە پێغەمبەر محەمەد ﷺ فەرمووی: (حەمزە هەڵستە، عەلی هەڵستە، عوبەیدە هەڵستە)، حەمزە (ڕەزای خوای لێبێت) هاتە پێشەوە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی عوتبە، و جەنگی لەگەڵیدا هەتاکوو کوشتی، حەمزە بە بەهێزی و ئازایەتی ناسرابوو، و لە شەڕدا بە نیشانەیەک دەناسرایەوە، ئەویش پەڕی وشترمل بوو، بێباوەڕان ڕۆژێک لە نێوان خۆیاندا پرسیاریان دەکرد "ئەوە کێ بوو کە پەڕی وشترملێک بە سنگیەوە بوو؟ وتیان ئەوە حەمزە بوو هەندێکی تریان وتیان ئەوە ئەو بوو کە کەسانێکی زۆری لێ کوشتین".

جیهادکردنی حەمزە لە شەڕی ئوحود

حەمزە لەگەڵ پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت) جیهادی کرد، و لە شەڕی ئوحود بە دوو شمشێر شەڕی دەکرد، و لەم شەڕەدا زیاتر لە سی بێباوەڕی کوشتووە، و جێی سەرنجی بێباوەڕان بوو، و هەروەها بەشێک بوو لە پلانەکانیان لە شەڕی ئوحود دا جەبیری کوڕی موتعەم یەکێک لە بەندەکانی بە ناوی وەحشی حەبەشی هاندا بۆ ئەوەی حەمزە بکوژێت، و لە بەرامبەر ئەمە دا ئازادی بکات، و خەریکبوونی بە هەر شتێکی ترەوە لە شەڕەکە دا لێ قەدەغەکرد، هندی کچی عوتبە کە باوک، و مام، و کوڕەکەی، و براکەی لەدەستدا بوو لە هاندانەکەی زیاد کرد بۆ کوشتنی حەمزە بۆ ئەوەی تۆڵەی لێبکاتەوە، و بە پارە، و شتی گرانبەها حەبەشیی فریوی دا، حەمزە (ڕەزای خوای لێبێت) لەم شەڕە دا لەسەر دەستی حەبەشیی شەهید بوو.

چیرۆکی شەهیدبوونی حەمزە کوڕی عەبدولموتەڵیب

حەمزە (ڕەزای خوای لێبێت) بە هەموو هێز و توانایەکیەوە شەڕی دەکرد لە جەنگی ئوحوددا، و لە کاتی شەڕکردن دا پێی هەڵکەوت، و کەوتە سەر پشتی، و ئەو قەڵغانەی کە سکی دادەپۆشت کەوت، و لەم کاتدا وەحشیی حەبەشیی ڕمێکی هەڵدا بۆی، و ئەمە بووە هۆی شەهید بوونی، ئەمەش لە ڕۆژی شەممە، پانزەی مانگی شەوالی ساڵی سێیەمی کۆچی دا بوو، و تەمەنی لەو کاتە دا پەنجا و نۆ ساڵ بوو، و هەندێک دەڵێن پەنجا و چوار ساڵ بووە، و دەربارەی شوێنی ناشتنی لە شاری مەدینە نێژراوە.


سەرچاوەکان



1832 بینین