هەستی خاوەندارێتی لە منداڵدا

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-29-22:00:00 - کۆدی بابەت: 7432
هەستی خاوەندارێتی لە منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

هەستی خاوەندارێتی لە منداڵدا چییە؟

یەکەم قوناغ بۆ گەشە و گۆڕانی ڕەفتاری منداڵ لە 20 مانگیدا دەستپێدەکات و لە تەمەنی 2 بۆ 4 ساڵی دەگات بە لوتکە، منداڵ بەپێی کات ئازاد دەبێت لە پەیوەستبوونەکانی و تاڕادەیەک سەربەخۆیی بەدەست دەهێنێت، لەم قۆناغەدا هەندێک ڕەفتار دەکات یاخود نیشاندەدات کە ڕەنگە ببێتە هۆی ڕەنجاندنی ئەوانی تر، یەکێک لەم ڕەفتارانە هەستی خاوەندارێتییە، منداڵان لەم قۆناغەی گەشەیاندا، زۆر هەستیار دەبن بەرامبەر ئەو کەلوپەل و شتانەی کە هی خۆیانە، لە هەندێک حاڵەتدا لەوانەیە کاردانەوە بۆ شتی کەسانی تریش نیشانبدەن، منداڵان کاردانەوەیان دەبێت بۆ ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەستی خاوەندارێتییانە وەکوو، گریان، کەلـلە ڕەقی، قیژە، بەرگریکردن، شێوازی هەڵسوکەوتی ڕاست بەرامبەر هەستی خاوەندارێتی لە منداڵدا بەگشتی دەبێت گرنگی پێبدرێت، ئەگەر کاردانەوە نەبێت بۆ هەستەکە و پشت گوێ بخرێت، هەستی منداڵ بۆ خێزان و چواردەوری تووشی گومان و نائومێدی دەبێت، زۆربەی دایکان و باوکان دەربارەی هەستی خاوەندارێتی منداڵانەکانیان نازانن و ئاگاداری نین، بۆیە لە ڕێگەی ڕەفتارە نا تەندروستەکانیانەوە زیانی دەروونی بە کەسایەتی منداڵەکە دەگەیەنن، بۆ چارەسەرکردن و مامەڵەکردنی تەندروست بەرامبەر ئەم نائارامییەی منداڵان باشترە منداڵ فێری بەخشندەیی بکرێت. بۆ ئەمەش سەرەتا منداڵ تێدەگەیەنین لە ڕاستی هەستی خاوەندارێتی، واتە منداڵ دەبێت دڵنیابێت کە هەندێک له کەلوپەلەکان هی ئەون و کەس بۆی نییە بەبێ مۆڵەتی ئەو دەستیان لێبدات و بیانبات، تێبگات لەوەی هەندێ شت تەنیا هی ئەون تا فێری دەستەواژەی " هی من" ببێت و لە مێشکیدا بچەسپێت، بە تێگەیشتن لەمە هەستکردن بە ئارامی لای زیاتر دەبێت، لەکۆتاییدا لەگەڵ تێپەڕینی کات تێدەگات لە دەستەواژەکانی (هی من) و (هی ئەو)، باشتر دەتوانێت کەلوپەلەکانی لەگەڵ ئەوانی تر بەش بکات، تێدەگات کەس بەزۆر شتێکی لێ نەبردووە و ئەو بە ویستی خۆی هاوبەشی پێکردووە لەگەڵیان، لێردا ئاماژە بە چەند ڕێگایەکی جیاواز دەدەین بۆ ڕەفتارکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەی هەستی خاوەندارێتییان هەیە:

  • فێرکردنی منداڵ: منداڵان لە تەمەنێکی بچووکدا وەکوو کاغەزێکی سپین کە هیچ شتێک نازانن دەربارەی ڕەفتاری ڕاست و هەڵە، بێگومان بە درێژایی ژیان پێویستیان بە ڕێنمایی و فێرکردنە لەلایەن دایک و باوک و چواردەوریانەوە، ئێوە وەکوو دایک و باوک باشترە فێری هەندێک شتی بکەن لەسەر یاریکردن لەگەڵ منداڵانی تر و هاوبەشی پێکردنی کەلوپەل، هەرکاتێک ڕەفتاری دروست دەنوێنێت بە هەر ڕێگایەک بێت هانی بدەن، بەو شێوەیە زیاتر بەردەوام دەبێت لەسەری بۆ نموونە، کاتێک منداڵ وەکوو پێشتری نییە و ڕەچاوی نۆرەی خۆی دەکات لە یاریدا، پشت گوێی مەخەن و بە شتێک پاداشتی بدەنەوە و خۆشحاڵی بکەن، پاشان ئەگەر منداڵ بەرامبەر کەلوپەل و شتەکانی خۆی زیاد له پێویست هەستی خاوەندارێتی هەیە لێی تێبگەن و بە گفتوگۆکردن لەگەڵی مۆڵەتی بیرکردنەوەی بدەنێ، بزانن هەرچەنێک لەسەرخۆتر و نەرمونیانتر لەگەڵ منداڵ ڕەفتار بکەن ئەنجامی باشتر وەردەگرن.
  • ڕێزگرتن لە هەستی خاوەندارێتی منداڵ: ئەوەتان لەبەرچاوبێت کە ئێوە وەکوو دایک و باوک پارێزەری هەستەکانی منداڵەکانتانن و هیچ کات نابێت ڕێگە بدەن کەس زیان بگەیەنێت بە هەستەکانیان، بە ڕێزگرتن لە خواستەکان و هەستەکانی منداڵ یارمەتی پاراستنی متمانەبەخۆبوونی دەدەن، لەوانەیە هەندێ کات منداڵ ئامڕازێکی یاری هەبێت کە نەیەوێت بیدات بە خوشک و براکەی تری، پێش هەر کاردانەوەیەک سەرەتا پرسیاری هۆکارەکەی بکەن و بزانن بۆچی حەزناکات لەگەڵیان بەشی بکات، هەرچۆنێک بێت نابێت منداڵ ناچاربکرێت بۆ کارێک کە نایەوێت بیکات و حەزی لێی نییە، لەم کاتانەدا بەوپەڕی ئارامییەوە داوای لێبکەن ئامڕازێکی یاری دیکە بدات بە خوشک یان براکەی کە بەلایەوە سەرنجڕاکێشە، بەم شێوەیە جگە لەوەی زیانێک بەر هەستی خاوەندارێتی منداڵەکە ناکەوێت، هەستی بەخشندەیی و هاوڕێیەتیشی بەهێز دەبێت.
  • کەلوپەلی هاوبەش لەگەڵ گروپی هاوتەمەن: بۆ ئەوەی منداڵ لە هەستی بەخشندەیی و هاوکاری و چاوەڕێ کردنی نۆرەی خۆی تێبگات، دەکرێت سوود لە یارییە بەکۆمەڵەکان وەربگیرێت، لەم شێوازی یاری بەکۆمەڵەدا بەگشتی منداڵان بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی هاوبەش هاوکاری یەکتر دەکەن، کەدەبێتە هۆی باشترکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتییان.
  • ڕۆڵی دایکان و باوکان لە هەستی خاوەندارێتی منداڵدا: لەو کاتەوەی کە منداڵێک لەدایک دەبێت دایک و باوکی یەکەمین سومبول و کاریگەرترین کەسن لە ژیانی منداڵدا، واتە منداڵ زۆربەی کاتەکاتی لەگەڵ دایک و باوک بەسەردەبات، لە ئەنجامدا ڕاستەوخۆ ڕەفتاری ئەوان کاریگەری لەسەر ڕەفتاری منداڵەکە دەبێت، ئەگەر ئێوە وەکوو دایک و باوک لە ژیاندا بەخشندە بن و هاوکاری یەکتر و کەسانی تر بن، بەپێی کات منداڵەکەش لەنێو کۆمەڵەکاندا و خودی خۆشی هەمان ئەو ڕەفتارانە نیشان دەداتەوە.


سەرچاوەکان



644 بینین