زارا محەمەدی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-07-16:00:00 - کۆدی بابەت: 7524
زارا محەمەدی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زارا محەمەدی (بە فارسی: زهرا محمدی، بە ئینگلیزی: Zahra Muhammadi) کچێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و خەڵکی شاری سنەیە، لە گوندی سەراوڵەی شاری دێولان لە پارێزگای سنە لەدایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی کارناسی باڵای جیۆپۆلۆتیکی زانکۆی بیرجەندە و ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری کۆمەڵەی نۆژینە لە سنە. زارا لە شاری سنە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ وانەی زمانی کوردی بە منداڵانی کورد وتووەتەوە و بەو هۆیشەوە لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی شاری سنەوە بە تاوانی دروستکردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

زیندانی

زارا لە ٢٠١٩ لەگەڵ دوو ئەندامی دیکەی کۆمەڵەی نۆژین دەستگیرکرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بە بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی ئێرانی ئازاد کرا. لەکاتی دەستگیرکردنیدا ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای دەستبەجێ ئازادکردنی چالاکە مەدەنییەکەی کرد.

دواتریش لە ساڵی شووباتی ٢٠٢١ دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای سنە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، سزای زیندانیکردنی ٥ ساڵی بەسەر زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی پشتڕاست کردەوە. دواتر بۆ ماوەی شەش مانگ سزاکە نێردرابوویە دادگای تێهەڵچوونەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان دوو دادوەری دادگاکە و نەبوونی بەڵگەی پێویست، دادوەرێکیان واژووی لەسەر بڕیارەکە نەکردووە، بۆیە وەزارەتی زانیاریی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەنای بردووەتە بەر دادوەری باری کەسایەتی و دادوەری باری کەسایەتی واژووی بریارەکەی کردووە، برای گەورەی زارا کە ناوی هەیبەتە وتی: لەدوای نەبوونی هیچ بەڵگەیەک لەسەر خوشکەکەی، وەزارەتی زانیاریی ئێران بە دوو تۆمەت زارای دەستگیرکردووە، یەکەمیان بەشداریکردنە لە بەخاکسپاردنی تەرمی شاعیری سنەیی جەلال مەلەکشا، دووەمیش ئەوەیە کە زارا محەمەدی بە جلوبەرگی کوردی لەناو شاری سنە گەڕاوە.

لە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/١/٣ دادگای تێهەڵچوونەوەی سنە حووکمی زیندانی زارای لە پێنج ساڵەوە گۆڕی بۆ ١٠ ساڵ و داوای لێکرد خۆی بەدەستەوەبدات. ئەم بڕیارە ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە چالاکانی مەدەنی و پارێزەرانی نێودەوڵەتی و ئێرانیش دژی وەستانەوە.


سەرچاوەکان



276 بینین