دوورگەکانی گالاپاگۆس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-08-22:25:00 - کۆدی بابەت: 7531
دوورگەکانی گالاپاگۆس

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی دوورگەکانی گالاپاگۆس

دوورگەکانی گالاپاگۆس بە ئینگلیزی (Galápagos Islands)، بە ئیسپانی (Islas Galápagos)، ئەرخەبیلێکی یان گەلەدوورگەیەکی دوورگە گڕکانییەکانن کە دابەشبوون بەسەر هەردوو لای هێڵی یەکسانی زەوی لە زەریای هێمن، هەروەها بەشێکن لە کۆماری ئیکوادۆر کە دەکەوێتە 906 کیلۆمەتر (563 میل) ڕۆژئاوای کیشوەری ئەمریکای باشوور، لەگەڵ ئەوەشدا دوورگەکان بە ژمارەیەکی زۆر لەو جۆرە زیندەوەرە نيشتيمان نشينانە بەناوبانگن کە چاڕلز‌ داروین لەکاتی گەشتی دووەمی بە کەشتی ئێج ئێم ئێس بیگڵ (HMS Beagle) لێکۆڵینەوەی لەسەر کردوون، تێبینی و کۆکراوەکانی داروین بەشدارییان کرد لە دروستبوونی بیردۆزی پەرەسەندنی داروین لە ڕێگەی هەڵبژاردنی سروشتییەوە (ئەو کردارەی کە بوونەوەران بەھۆیەوە دەپارێزرێن چونکە باشتر دەگۆڕێن لەگەڵ گۆڕانی دەوروبەردا)، دوورگەکانی گالاپاگۆس و ئاوەکانی دەوروبەری پارێزگای گالاپاگۆس لە ئیکوادۆر، پارکی نەتەوەیی گالاپاگۆس و هێزی دەریایی یەدەگی گالاپاگۆس پێکدێنن، هەروەها زمانی سەرەکی لە دوورگەکاندا ئیسپانییە و ژمارەی دانیشتوانیان بە نزیکەیی زیاتر لە 25,000 کەسە، کۆی دوورگەکانی گالاپاگۆس 21 دوورگەیە و 18 دوورگەیان سەرەکین، بەرزی ئەم دوورگانە لە ئاستی دەریاوە 1,707 مەترە (5600 پێ) و پۆتانی ناوچەکە (0°30′S 90°30′W) یە، یەکەم سەردانی تۆمارکراو بۆ دوورگەکانی گالاپاگۆس بە ڕێکەوت بوو لە ساڵی 1535، کاتێک فرای تۆماس دی بێرلانگا (Fray Tomás de Berlanga)ی قەشەی پاناما، لە گەشتێکدا بۆ وڵاتی پیرۆ بۆ ناوبژیوانی کردنی ناکۆکی نێوان (فرانسیسکۆ پیزارۆ) و (دیێگۆ دی ئەلماگرۆ) سەرسام بوو بەو خاکە نەناسراوە، دی بێرلانگا لە کۆتاییدا گەڕایەوە بۆ ئیمپراتۆریەتی ئیسپانیا و وەسفی ڕەوشی دوورگەکان و ئەو ئاژەڵانەی کرد کە لە دوورگەکاندا نیشتەجێ بوون، هەروەها گروپێک لە دوورگەکان بە ناوی "Insulae de los Galopegos" (دوورگەکانی کیسەڵەکان) لە پەرتووکی نەخشەی زەوی (ئەبراھەم ئۆرتیلیۆس) ناونرا و نمایشکرا کە لە ساڵی 1570دا بڵاوکراوەتەوە، یەکەم نەخشەی سادەی دوورگەکان لە ساڵی 1684 بە دەستی چەتەی دەریایی ئەمبرۆس کاولی دروستکرا، کە ناوی دوورگە تاکەکییەکانی بەناوی هەندێک لە چەتەکانی هاوڕێی یان خێزانی شاهـ و خانەدانەکانی بەریتانیا ناوناوە، ئەم ناوانە لە نەخشە فەرمییەکانی دەریاگەری دوورگەکاندا لەکاتی ڕاپرسییەکەی بیگڵ لەژێر دەستی کاپتن ڕۆبێرت فیتزڕۆی ئامادەکرا و لە پەرتووکی بەناوبانگی داروین بە ناوی "گەشتی بیگڵ"ـدا بەکارهێنراون، کۆماری تازە سەربەخۆی ئیکوادۆر لە ساڵی 1832 دوورگەکانی لە پاشایەتی ئیسپانیا وەرگرتەوە و دواتر ناوی فەرمی ئیسپانیایان پێبەخشی، هەروەها لەڕووی ئیدارییەوە، گالاپاگۆس یەکێک لە پارێزگاکانی ئیکوادۆر پێک دەهێنێت کە لە سێ دەڤەر پێکهاتووە کە ناوی دوورگە هەرە ئاوەدانەکانی سان کریستۆبال (San Cristóbal)، سانتا کروز (Santa Cruz) و ئیزابێلا (Isabela) هەڵدەگرن.

ژینگەزانی

زۆربەی دوورگەکانی گالاپاگۆس بە گژوگیای نیمچە بیابانی داپۆشراون، لەناویاندا جاڕەدەوەنەکان، سەوزەڵان و دارستانە وشکەکان، چەند دوورگەیەکی کەم ناوچەی بەرزیان هەیە لەگەڵ ئەوەشدا پلەی گەرمییان نزمترە و ڕێژەی بارانبارینیان بەرزترە و نیشتیمانی دارستانە شێدارەکان و جاڕەدەوەنەکانن، هەروەها  ئەو ڕووەکە سەوزەڵانەی کە لە کێوەکان نیشتەجێن وەکوو پامپاس "کە گیایەکی بەرزە لە زەل دەچێت و گوڵێکی ڕیشاڵیی زەردکاری ھەیە" لە بەرزترین بەرزاییەکانن، نزیکەی 500 جۆر ڕووەکی ڤاسکولاری خۆماڵی لە دوورگەکان هەیە کە 90 جۆری ڕووەکی قەیتەران لەخۆدەگرێت و نزیکەی 180 جۆر ڕووەکی ڤاسکولاری نیشتیمان نشینی ناوچەکەن، دوورگەکان بەو جۆرە زیندەوەرە تایبەتانە بەناوبانگن کە نیشتیمان نشینن، لە نێوانیاندا کیسەڵە زەبەلاحەکان، چۆلەکەکان، تێرنەخۆرە نەفڕیوەکان "جۆرە باڵدارێکی دەریایی پەڕ ڕەشە" و مارمێلکە گەورە دەریاییەکان، کە بە تێپەڕبوونی کات لە پێناو مانەوەیان بە زیندوویی خۆیانیان لەگەڵ ژینگەی دوورگەکەدا گونجاندووە.

لەڕووی سیاسییەوە

دوورگەکان لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێن، لە 18ی شوباتی 1973 بە فەرمانی سەرۆک گولێرمۆ ڕۆدریگێز لارا بە پارێزگا کرا، ئەم پارێزگایە بەسەر چەند دەڤەرێکدا دابەشکراوە، هەرکامیان چەند دوورگەیەکی دیاریکراو لەخۆدەگرێت، (Puerto Baquerizo Moreno) پایتەختی گالاپاگۆسە.


سەرچاوەکان



565 بینین