زەبری دەروونی

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-14-02:17:00 - کۆدی بابەت: 7599
زەبری دەروونی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زەبری دەروونی (بە ئینگلیزی: Trauma) بریتییە لە وەڵامدانەوەی کەسێک بۆ کۆستێک یان ڕووداوێک کە زۆر فشارهێنە، بۆ نموونە کارەساتێکی سروشتی، پێکدادانێک یان جەنگێک. زەبری دەروونی زۆر نیشانەی جەستەیی و سۆزداری دروست دەکات.

مەرج نییە هەر کەسێک کە ئەزموونی ڕووداوێکی فشارهێن بکات، تووشی زەبری دەروونی ببێت. هەروەها زەبری دەروونی چەند جۆرێکی هەیە، کاریگەریی هەندێکیان دوای چەند هەفتەیەک نامێنێت و هەندێکیشیان کاریگەرییەکی درێژخایەنتر دروست دەکەن.

زەبری دەروونی چییە؟

بەگوێرەی کۆمەڵەی دەروونیی ئەمریکی (APA) زەبری دەروونی بریتییە لە وەڵامدانەوەیەکی سۆزداری یان جەستەیی بۆ ڕووداوێکی سامناک و جەرگبڕ، وەکوو ڕووداوێکی پێکدادان، کارەساتی سروشتی، دەستدرێژی سێکسی و ڕفاندن... هتد.

ئەو کەسەی تووشی زەبرە دەروونییەکە دەبێت کۆمەڵێک هەستی بۆ دروست دەبێت هەر لە کاتی ڕووداوەکە یانیش بۆ ماوەیەکی درێژ دوای ڕووداوەکەش. بۆ نموونە هەستی کاسبوون، لاوازی و شۆک، هەروەها زەبری دەروونی دەکرێت نیشانەی جەستەییشی هەبێت.

ئەگەر کاریگەرییەکانی زەبری دەروونی درێژخایەن بوون و بەرەو باشبوون نەچوون ئەوا سەر دەکێشێت بۆ حاڵەتێکی دەروونی کە پێی دەوترێت فشاری پاش زەبری دەروونی (بە ئینگلیزی: (PTSD) Post traumatic stress disorder) کە حاڵەتێکی درێژخایەنی فشارە و کاردەکاتە سەر ژیانی ڕۆژانەی تاک و پەیوەندییەکانی. 

جۆرەکان

  • زەبری دەروونیی کورتخایەن: ئەم جۆرەیان لە ئەنجامی تاکە ڕووداوێکی فشارهێن یان مەترسیدار ڕوودەدات.
  • زەبری دەروونیی درێژخایەن: ئەم جۆرەیان لە ئەنجامی بەرکەوتنی بەردەوام و دووبارەبووەوەی ڕووداوە زۆر فشارهێنەکان ڕوودەدات، بۆ نموونە حاڵەتەکانی خراپ بەکارهێنانی منداڵ، گێچەڵپێکردن و هەڕەشەکردن، توندوتیژیی خێزانی. 
  • زەبری دەروونیی ئاڵۆز: ئەمەیان لە ئەنجامی بەرکەوتنی کۆمەڵە ڕووداوێکی زەبردار دروست دەبێت.
  • زەبری دەروونیی لاوەکی یان دووەمی کە پێی دەوترێت زەبری دەروونیی شوێنگر، شێوەیەکی تری زەبری دەروونییە. لەم حاڵەتەدا کەسێک تووشی زەبری دەروونی دەبێت بەهۆی پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ کەسێک کە تووشی زەبری دەروونی بووبێت. ئەندامانی خێزان، تیمی شارەزای دەروونی و ئەو کەسانەی کە چاودێری تووشبووانی زەبری دەروونی دەکەن، زیاتر لە مەترسیدان بۆ تووشبوون بە زەبری دەروونیی شوێنگر. 

نیشانەکان

نیشانەکانی زەبری دەروونی دەکرێت لە نێوان نیشانەی سووک بۆ نیشانەی تونددا بن و ڕادەی سووکی و توندیی نیشانەکان بەندە لەسەر چەند هۆکارێک، کە بریتین لە:

  • تایبەتمەندییەکانی کەسەکە
  • هەبوونی نەخۆشیی دەروونیی تر
  • پێشینەی بەرکەوتنی ڕووداوی زەبردار
  • جۆری ڕووداوە فشارهێنەکە 

نیشانەکان بریتین لە وەڵامدانەوەی دەروونی و سۆزداری لەگەڵ وەڵامدانەوەی جەستەیی:

وەڵامدانەوەی دەروونی و سۆزداری

  • نکۆڵیکردن
  • تووڕەیی
  • ترس
  • خەمباری
  • شەرمەزاری
  • شڵەژان
  • دڵەڕاوکێ
  • خەمۆکی
  • بێهەستی
  • هەستکردن بە تاوان
  • بێهیوایی
  • بێزاری
  • زەحمەتی لە سەنجدان
  • دوورکەوتنەوە لە کەسانی تر
  • بیرهاتنەوە و گەڕانەوەی ڕووداوەکان بۆ نموونە لە مۆتەکە و خەودا، بە جۆرێک کە کەسەکە وا هەست دەکات ڕووداوەکە لە ئێستادا ڕوودەدات

وەڵامدانەوە جەستەییەکان

  • سەرئێشە
  • کێشەکانی کۆئەندامی هەرس
  • شەکەتی
  • لێدانی دڵ بەخێرایی
  • ئارەقکردنەوە
  • دەمارگیری (عەسەبی)
  • حاڵەتی وریایی بەردەوام و بێخەوی

هۆکار 

هۆکارەکانی زەبری دەروونی بریتین لەو ڕووداوە مەترسیدار و فشارهێنانەی کە لە ژیانی کەسێکدا ڕوودەدەن، ڕووداوە زەبردارەکان دەکرێت یەک جار بن یانیش دووبارە ببنەوە و بەردەوام بن. هەروەها دەشێت کەسێک تووشی زەبری دەروونی ببێت کاتێک دەبینێت کەسێکی تر ڕووداوێکی زەبرداری بەسەر دێت. 

بەربڵاوترین ڕووداوەکانی هۆکاری زەبری دەروونی بەپێی بڵاوکراوەی ڕێکخراوی دەروونیی خێرخوازی بەریتانی (Charity Mind) بریتین لە:

  • هەڕەشە
  • گێچەڵ
  • خراپ بەکارهێنان لە ڕووی، دەروونی، جەستەیی یان سێکسی
  • دەستدرێژیی سێکسی
  • ڕووداوی هاتوچۆ
  • منداڵبوون
  • نەخۆشیی کوشندە
  • لەدەستدانی لەناکاوی کەسێکی ئازیز
  • هێرشکرانە سەر
  • کردەی تیرۆرستی
  • کارەساتی سروشتی، وەکوو لافاو
  • جەنگ

زەبری دەروونی لە منداڵیدا

بەپێی توێژینەوەکان منداڵان زۆر لە مەترسیدان بۆ تووشبوون بە زەبری دەروونی چونکە مێشکیان هێشتا لە گەشەکردندایە. لەکاتی بوونی ڕووداوی مەترسیدار و نەخوازراو یان پشت گوێ خستن و خراپ بەکارهێنان، منداڵ هەست بە فشارێکی ئێجگار زۆر دەکات و جەستەی ئەو هۆڕمۆنانە دەردەدات کە پەیوەندییان بە ترس و فشارەوە هەیە. ئەم جۆرەی زەبری دەروونی لە منداڵدا دەبێتە هۆی تێکدانی گەشەکردنی ئاساییی مێشک، لە ئەنجامدا زەبری دەروونی بەتایبەتیش زەبری دەروونیی درێژخایەن بەشێوەیەکی بەرچاو کاردەکاتە سەر پڕۆسەی گەشەکردنی سۆزداری، دەروونی، جەستەیی و ڕەفتاریی منداڵ. هەروەها هەستی بێهیوایی و ترس لەو منداڵانەدا تاوەکوو تەمەنی پێگەیشتنیش هەر دەمێنێتەوە و مەترسی تووشبوونیان بە زەبری دەروونیی تر زیاد دەکات.

چارەسەر

چارەسەری دەروونی یەکەم هەڵبژاردەیە بۆ چارەسەری زەبری دەروونی، جۆرەکانی چارەسەری دەروونی کە بۆ ئەم حاڵەتە کاریگەرن بریتین لە:

چارەسەری هزریی ڕەفتار 

چارەسەری هزریی ڕەفتار (بە ئینگلیزی: CBT) یارمەتیی کەسەکە دەدات کە شێوازی بیرکردنەوەی بگۆڕێت بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی هەست و ڕەفتارەکانی. هەروەها بەڵگەکان ئەوەیان سەلماندووە کە چارەسەریی هزریی ڕەفتار کاریگەرترین چارەسەرە بۆ حاڵەتی فشاری پاش زەبری دەروونی. 

جووڵەی چاو بۆ لادان و دووبارە پڕۆسەکردنەوە

چارەسەری جووڵەی چاو بۆ لادان و دووبارە پڕۆسەکردنەوە (بە ئینگلیزی: EMDR) چارەسەرێکی تری دەروونیی باوە  بۆ زەبری دەروونی کە تێیدا چارەسەرکارەکە داوا لە کەسەکە دەکات ئەو ڕووداوەی تووشی زەبری کردووە بیهێنێتەوە بەرچاو و  مێشکی خۆی و تێیدا بژیت، لە هەمان کاتیشدا چارەسەرکارەکە پەنجەی بە ئاراستەی لای چەپ و ڕاست دەجوڵێنێت و داوا لە کەسەکە دەکات جووڵەی چاوی لەگەڵ ئاراستەی جووڵەی پەنجەی ئەو بێت، ئەمەش کاردەکاتە سەر ڕێکخستنەوەی یادەوەرییە زەبردارەکان لە مێشکی کەسەکەدا لەڕێی چەند پڕۆسەیەک لەناو مێشکدا، لە ئەنجامدا یارمەتی کەسەکە دەدات کە ئاسانتر بیر لە ڕووداوەکە بکاتەوە و کەمتر تووشی مۆتەکە و خەون بینین ببێت پێیانەوە، هەروەها شێوازی خەویش ڕێکدەخات. ئەم چارەسەرەش زۆر کاریگەرە بۆ زەبری دەروونی و فشاری پاش زەبری دەروونی. 

چارەسەری جەستەیی

چارەسەری جەستەیی (بە ئینگلیزی: Somatic therapy): بریتیە لە تەکنیکی جەستەیی بۆ یارمەتیدانی جەستە و مێشک تا زەبرە دەروونییەکە لابدات. بەڵام ئەم چارەسەرە کاریگەرییەکەی نەسەلمێنراوە وەکوو چارەسەرییەکانی پێشتر.  

دەرمان

دەرمان بە تەنیا ناتوانێت زەبری دەروونی یان فشاری پاش زەبری دەروونی چارەسەر بکات، بەڵام یارمەتی ڕێکخستنی نیشانەکان دەدات وەکوو دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و تێکچوونی خەو.

چاودێریی خود

چاودێری و گرنگیدان بە خود یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی نیشانە سۆزداری، دەروونی و جەستەییەکانی زەبری دەروونی، وەکوو:

  • وەرزش
  • تێڕامانی قووڵ
  • لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ کەسانی تر
  • شێوازی ژیانی هاوسەنگ، وەکوو خەو و خۆراک 
  • وەرگرتنی پاڵپشتی


سەرچاوەکان



2519 بینین