لاساییکردنەوە لای منداڵان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-21-21:00:00 - کۆدی بابەت: 7655
لاساییکردنەوە لای منداڵان

ناوه‌ڕۆك

لاساییکردنەوە

لاساییکردنەوە ڕەفتارێکە کە منداڵان لە ڕێگایەوە سەیری ڕەفتاری کەسێکی تر دەکەن و دووبارەی دەکەنەوە، لاساییکردنەوە دەبێتە هۆی گواستنەوەی زانیارییەکان بۆ چەند نەوەی یەک لەدوای یەک و سەرەتایەکە بۆ وێناکردن و خەیاڵکردن، لاساییکردنەوە کاتێک گرنگە کە هۆکارێک بێت بۆ فێربوونی منداڵ.

تەمەنی دەستکردن بە لاساییکردنەوە

توانای لاساییکردنەوە لە منداڵاندا لە سەرەتای لەدایکبوونەوە بوونی هەیە و منداڵان هەر لە سەرەتاوە بە توانای فێربوون لەڕێگای لاساییکردنەوەوە لەدایک دەبن، زانای بەناوبانگی بواری دەروونناسی منداڵ (جان پیاجێ) بڕوای وایە کە توانای لاساییکردنەوە هەر لەگەل لەدایکبوونەوە دەست پێدەکات و لە تەمەنی دوو ساڵی کە قۆناغی هەستی جووڵەییە دەگات بە لوتکە، منداڵانی یەک مانگ لاسایی جووڵەی ڕوخساری گەورەکان دەکەنەوە، وەک دەم کردنەوە، مندال لە 7 یان 8 مانگیدا دەتوانێت بە هەڵبژاردنی خۆی لاسایی بکاتەوە، منداڵانی یەک ساڵە لاسایی ئەو جووڵە و دەنگە نوێیانە دەکەنەوە کە دەیانبینن و دەیانبیستن، هەروەها زیاتر لاسایی ئەو ڕەفتارانە دەکەنەوە کە توانای ئەنجامدانییان هەیە، لاساییکردنەوە لە تەمەنی 1 تا 3 ساڵی زیاتر دەبێت، لەم ماوەیەدا منداڵ جگە لە کەسانی دەورووبەری خۆی لاسایی کەسایەتی و کارەکتەری ناو کارتۆنەکان دەکاتەوە.

قۆناغەکانی لاساییکردنەوە لای منداڵ

قۆناغی یەکەم، کاردانەوە: بۆ ئەوەی کە منداڵ بتوانێت لاسایی بکاتەوە پێویستی بە ئەزموونە. لەم قۆناغەشدا لاساییکردنەوەی منداڵ بەشێوەی کاردانەوەیە و دەبێتە ئەزموون بۆ منداڵ. بۆ نموونە بە دەنگی گریانی منداڵێک، منداڵێکی تریش دەست دەکات بە گریان. بەبێ ئەوەی هۆکار یان پاڵنەرێکی دەرەکی هەبووبێت بۆ گریان. 

قۆناغی دووەم، لاساییکردنەوەی هەڕەمەکی: لەم قۆناغەدا، لەبەر ئەوەی کە منداڵ ئەزموونی زیاتری پەیدا کردووە، لاساییکردنەوەکانی فراوانتر دەبێت، بۆ نموونە کاتێک منداڵێک دەگری، ئەگەر کەسانی دەورووبەری لاسایی گریان و ناڵە ناڵەکەی بکەنەوە، منداڵەکە گریانەکەی دەوەستێنیت و دووبارە لاسایی ئەوان دەکاتەوە. ئەم ڕەفتارە لە دوای یەک مانگییەوە دەبینرێت. 

قۆناغی سێیەم، لاساییکردنەوەی ڕێکوپێک: لەم قۆناغەدا منداڵ لاسایی ئەو ئاواز و دەنگانە دەکاتەوە کە لەو دەنگ و ئاوازانە دەچن کە خۆی دروستیان دەکات، بۆ نموونە منداڵێکی 7 مانگە هەوڵ دەدات هەندێ دەنگ دروست بکات، کە ئەم دەنگانە خۆی دروستیان دەکات.

گرنگی لاساییکردنەوە بۆ منداڵ

لاساییکردنەوەی منداڵ نیشانەی سەلامەتییەتی. توانای لاساییکردنەوە بۆ گەشەی منداڵ گرنگە. لێرەدا ئاماژە بە چوار لایەنی گەشە دەکەین کە لاساییکردنەوە کاریگەری لەسەریان هەیە: 

 •فێربوون: لاساییکردنەوە ئامڕازێکی بەهێزە بۆ فێربوون. بۆ نموونە فێربوونی زمان تا ڕادەیەک لەڕێگای لاساییکردنەوەیە و منداڵ پێش ئەوەی بتوانێت قسە بکات، لاسایی دەنگ و ئاوازی وشەکان دەکاتەوە. 
 •دەربڕینی هەستەکان و هاوبەشی هەستەکانی ئەوانی تر. 
 •وێناکردن و خەیاڵکردن: سەرەتا منداڵ لاسایی دەکاتەوە و دواتر لەگەڵ گەشەی منداڵدا ئەمە دەگۆڕێت بۆ وێناکردن و خەیاڵکردن. 
 •خودناسی: سەرنجدان لە ڕەفتارەکانی خۆی و بەراوردکردنت لەگەڵ ڕەفتاری ئەوانی تر تا بزانێ لەیەک دەچن، ئەمەش وادەکات بیر لە خۆی بکاتەوە

منداڵان بۆچی لاسایی دەکەنەوە؟ 

لاساییکردنەوە بۆ بەدەستهێنانی کاردنەوە: کاتێک منداڵێک لاسایی دایک و باوکی دەکاتەوە، و دایک و باوکیشی زەردەخەنەی بۆ دەکەن و هانی دەدەن. ئەم کاردانەوانەی دایک و باوک هانی لاساییکردنەوە دەدات لای منداڵەکە. 

•لاساییکردنەوە بەمەبەستی لێکچوون: هەر کە منداڵ دەچیتە سێیەم ساڵی ژیانییەوە بە مەبەستی ئەوە لاسایی کەسەکان دەکاتەوە تا لەوان بچێت. ئەو کەسانەشی کە زیاتر هەوڵدەدات لاساییان بکاتەوە و لەوان بچێت دایک و باوکن. 

•لاساییکردنەوە لە کاتی یاریکردندا: منداڵان لە کاتی یاریکردن لاسایی یەکتر یان لاسایی گەورەکان دەکەنەوە. بۆ نموونە کاتێک دوو منداڵی دوو ساڵان پێکەوە یاری دەکەن، یەکێکیان چالاکترە و ئەوی تر بێدەنگترە، ئەوەی کە بێدەنگترە لاسایی منداڵە چالاکەکە دەکاتەوە. 

 •  لاساییکردنەوە بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێک.


سەرچاوەکان



1169 بینین