ئەبوو ئیبراهیم قورەشی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-05-17:23:00 - کۆدی بابەت: 7760
ئەبوو ئیبراهیم قورەشی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەبوو ئیبراهیم هاشمی قورەشی یان قورەیشی (بە عەرەبی: أبو إبراهيم الهاشمي القرشي، بە ئینگلیزی: Abū Ibrāhīm al-Hāshimi al-Qurashi)، دووەم خەلیفەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ـە لەدوای کوژرانی ئەبوو بەکر بەغدادی لە ٢٠١٩/١٠/٢٧. لە ٢٠١٩/١٠/٣١ و دوو ڕۆژ دوای کوژرانی سەرکردەی داعش لەلایەن شورای ئیسلامی ڕێکخراوەکەوە بە خەلیفەی دووەم هەڵبژێردرا. لە ڕۆژی ٢٠٢٢/٢/٣ بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە کوژرا.

ژیان

ئەبوو ئیبراهیم محەمەد سەعید لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٧٦ لە شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا لەدایکبووە. هەندێک سەرچاوەی تریش دەڵێن لە تەلعەفەر لەدایکبووە. جیا لەو ناوەی پێی ناسراوە هەریەک لە ناسناوەکانی (ئەبوو ئیبراهیم هاشمی قورەشی، ئەبوو عومەر تورکمانی، ئەمیر محەمەد سەعید سەڵبی، محەمەد سەعید عەبدولڕەحمان موەللا و حاجی عەبدوڵڵا)ـیشی بەکارهێناوە. بەپێی ناسناوەکانی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تورکمانەکانی عێراق و یەکێکە لە کەسایەتییە ناعەرەبەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی.

دوای ئەوەی ئەبوو بەکر بەغدادی ئەمیری پێشووی دەوڵەتەکە لە بۆردمانێکدا کوژرا. لە دوو ڕۆژ دواتر شورای ئیسلامی داعش بەیعەتیان بە خەلیفەی نوێ ئەبوو ئیبراهیم دا. دواتریش وتەبێژی فەرمی ڕێکخراوەکە (ئەبوو حەمزەی قورەشی) داوای لە هەموو موسوڵمانانی جیهان کرد بەیعەتی پێ بدەن. دوابەدوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی نوێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند بڕی دە ملیۆن دۆلار بەو کەسە دەبەخشرێت کە زانیارییەکی سوودبەخش دەربارەی ئەو بدات.

بەپێی سەرچاوەکان شارەزایی لە بواری سەربازی و زانستە شەرعییەکان هەبووە و بەپێی ناسناوەکەی بێت دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی قوڕەیشییەکان. خوێندنی لە زانکۆی مووسڵ تەواوکردووە و دەستێکی باڵای هەبووە لە کوشتاری ئێزیدییەکانی شنگال.

کوژرانی

شەوی چوارشەممە ٢٠٢٢/٢/٢ کۆمەڵێک هەلیکۆپتەری ئەمریکی لە جۆری ئەپاتچی لە نزیک شارۆچکەی ئەتمەی باکووری ئیدلبی سووریا بە هاوکاری کۆمەڵێک فڕۆکەی چاودێری تر نیشتنەوە. هێزەکان دەوروبەری ئەو ماڵانەیان گەمارۆدا کە زانیارییان بەدەست گەیشتبوو کەسانی گەورەی تیرۆرستی تێدایە و داوایان لە کەسانی نێو باڵەخانەکان کرد خۆیان بەدەستەوە بدەن بەڵام شەڕ لە نێوان هەردوولا دەستی پێکرد و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام بوو.

بەهۆی شەڕەکەوە یەکێک لە هەلیکۆپتەرەکان تووشی کێشەی میکانیکی بووەوە و بەهۆیەوە بە ناچاری نیشتەوە. دوای ئەو نیشتنەوەیە فڕۆکە چاودێرییەکان هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەری و تەقاندییانەوە و پارچەکانی لە ناحیەی جەندریسەی عەفرین دۆزرایەوە.

لەو شوێنەی شەڕ و پێکدادان ڕوویدا ١٣ کەسی تر جگە لە ئەبوو ئیبراهیم کوژران کە ژن و منداڵیان تێدابوو.

ڕۆژی دواتر لە پەیامێکدا جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە شەوی چوارشەممە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا هێرشێکیان ئەنجام داوە و سەرۆکی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی تێیدا کوژراوە. ئەبوو ئیبراهیم دوای ئەوەی گەمارۆ دەدرێت و ناتوانێت بەردەوام بێت لە شەڕکردن، بەهۆی ئەو پشتوێنە بۆمبڕێژکراوەی لەخۆی بەستووە خۆی دەتەقێنێتەوە و خۆی دەکوژێت.


سەرچاوەکان



319 بینین